شەڕ بنێرەوە و  خۆتی لێ بێدەنگ بکە

سود وەرگرتن لە ئەزمون و بەراوردکاری گرنگ و پڕ بایەخە. کاتێک مرۆڤ ئەزمونەکان دێنێتە لای یەکتر و بەراوردیان دەکات، تێدەگات چاک و خراپ، جوان و ناشرین، دۆست و دوژمن، تاریک و ڕون، دەستی شاراوە و گوماناوی. ئەوانە دوانەکانی ئەمدیواو دیوی ڕوداوە و دیاردە ئەرێنی و نەرێنیەکانن. ئەگەر ناشرینی نەبێت، جوانیت بۆ جیاناکرێتەوە. ئەگەر تاریکی نەبێت بەهای دەورانی سوڕی ژیان تێناگەیت

بێگومان بۆ تێکۆشانی گەلی کوردیش، ئەگەر ئامانجی ئازادیت بەیان نەکردبێت، مانای خیانەت، تەسلیمیەت و سیخوڕی و کەوتنە خزمەتی داگیرکەر تێناگەیت. کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاری دوو لایەنەدا تێدەپەڕێت و دەگوزەرێنێت. گەلێک لە ڕاستای ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاریدا هەستاوەتەوە و لەسەر پێیانە، بەنرخی گیان تێکۆشان و جەنگاوەری دەکات. ئاسۆ و ئامانجی تێکۆشانی ناسنامەی کوردی ئازادە، ئەو کوردەی نەک بێ ڕۆح ژیان کردن! بەڵکو بە ئازادی و هوشیاریەوە بەڕێوەبردن. لەم ئامانجەدا دۆز ناسنامەی کوردی ئازادە، نەک بەرگ و زمانێکی بێ ڕۆحی کوردانە و نائازاد.

شەڕێکی گەورەی قڕکەر لە ئاستی جینۆساییددا لە دژی ئەم گەلە بەڕێوەدەبرێت، بەرخۆدان و تێکۆشانی ئەم گەلەش لە ئاستی هەرەمەزن و ئامانج دیاریکراودا نەک بەردەوامی هەیە، بەڵکو دوژمنی تەنگاو و بێ چارەکردوە. ئاستی تێکۆشانی بەرەو وەرچەرخانی بەدەستهێنانی ناسنامەو پێگەی ئازادی نەتەوەی دیموکراتیک گەیاندوە. کاتێک ئەم دۆخە هەیە و دەبینین، دوژمنیش بێ هۆو بێ کاریگەر ناوەستێت، لەبەرئەوەی دۆخی داگیرکەری سەر کوردستان وەک هەرداگیرکەرێکی تر نیە. بۆیە بە دۆخی شەڕێکی مان و نەمان دەستنیشانی دەکات. ئەو چەمکە چەمکی داگیرکەری کوردستانە. لەبەر ئەوەی خۆی لەسەر بنچینەی قڕکردنی ئەوانی تر و نەهێشتن دامەزراوە، وای نیشان دەدات کە شەڕی کوردانیش لەسەر پرسی نەهێشتنی داگیرکەری تورک دامەزراوە.

لەکاتێکدا، لای کوردان پرس ناسنامەیە! بەبێ ئەوەی دەست بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئەوانی دی ببات. بەڵکو ناسنامە جیاوازەکان دەناسێت و پێکەوە لە سیستەمی پێکەوەژیان و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا، دەیانهێنێتە پاڵ یەک. لەم بیرکردنەوەیەدا، سڕینەوە، بالادەستی و نەتەوەی دڵخوازنیە. بەڵکو نەتەوە و بونە جیاوازەکان بە ناسنامەی ئازادیانەوە هەیە. ئەو چەمکە لەدژی چەمکی داگیرکاری پاکتاوکەری قڕکەرە. بۆیە لەبەردڵانی سیستەمی داگیرکەری دەوڵەت نەتەوە و یەک ڕەنگ نیە. بێگومان بەهەموو شێوەیەک داگیرکەر لەدژی ئەو ئامانجە ئازادیەی گەلی کورد دەوەستێتەوە و تەواوی توانای، سەربازی، سیاسی، دبلۆماسی، ڕێکخستنی، ئابوری و مرۆیی خۆی دەخاتە گەڕ و لەهەوڵی پەلکێشکردنی ئەوانی تریشدایە بۆ هاوکاری و دژایەتی و بەشداری شەڕ لەدژی گەلی کورد.

بۆ ئەوەش سود لە هێڵی تەسلیمیەت، خیانەت و سیخوڕی ناو کوردان وەردەگرێت. ئەم هێڵە لەبەرئەوەی هێڵێکی بەرژەوەندپەرستی دەرەکیە و پەیوەندی بە دۆزی کوردەوە نیە و بەگوێرەی بەرژەوەندی داگیرکەر بۆ دژایەتی ئازادی گەلی کورد دامەزراوە، بە باشترین شێوە خزمەتی سیاسەتە قڕکەرەکانی داگیرکەر دەکات. بۆیە کارەساتە گەورەکانی کوشتن، سوتانی دارستان و ڕەزو باخ، تێکدانی ژینگە، ژنکوژی نایجوڵێنێت! بەڵام مەرحەبای کارمەندێکی داگیرکەر دەیهێنێتە سەما، یان مەرگی سەربازێکی کوژەری داگیرکەر دەیکاتە دوژمنی  باوەکوشتەی کوردی ئازاد.

لێرەوە دەکرێت مرۆڤ ئەو شەڕەی ئەم ڕۆژانەی دێرەزور و کەرکوک و گەڕانە دبلۆماسیەکانی سەرانی تورکیای فاشست بەراوری سەر ئاکامەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە و ئەنجام و لایەنگیری و دژبەریەکانی بکات. ناتوانین، ئەو تێکەڵاوی و پەیوەندیەی سەرانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەران و دەوڵەتمەدارانی تورکان بێ هۆو بێ ئەنجام نادیدە بگرین. ناکرێت ئەو ڕق و کینەی دەوڵەتی تورکیش بەرامبەر خۆرئاوای کوردستان و ئەو شەڕەی دێرەزور بەراورد نەکەین. ناکرێت کوشتن و لەناوبردنی گەنجی باشور لە کەرکوک بەراورد نەکەین لەگەڵ گیانبازی پاراستنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی کورد لە سوریادا. ناکرێت، گەنج بەو خوێنە گەرمەیەوە هانبدرێت بۆ شەڕی بەرژەوەندی داگیرکەری تورک و لەگەڵ موناتە خۆجێیەکەیدا بکرێتە دوژمن، بەڵام بۆ دوژمنەکەی بکرێتە سوتەمەنی بەرژەوەندیەکانی داگیرکەران و ئەو جیاوازیە بەرچاو تاریک بکات.

ئامانج ئەگەر شاراوەش بێت، کاتێک دوالیزمی تێکۆشانی ئازادی و بەکرێگیراوی دەبینیت، دەتوانیت جیاوازی کردارەکان دیاری بکەیت.

ئەوەی لە کەرکوک دەگوزەرێت، دەرئەنجامی دیدار و یەکبینین و پێکەوە بەڕێوەبەری سیاسەتی داگیرکەری تورکە بۆ باشوری کوردستان. بۆیە کۆمەڵگەی کوردی و گەنجانی باشوری کوردستان پێویستە هوشیار و یاگاداربن، بە دۆخی بەکارهێنانی هەستی سۆزدارانەی نەتەوەیی کوردایەتی. کوردایەتی پەیوەندی بە کوردبونەوە نیە. کورد نەتەوەیەکی فرە پێکهاتەی هەبوە، بۆیە بە سیاسەتی یەک ڕەنگ کردن و وەک “ئەوەی من وتم و کردم، تۆش وابڵێ و وابکە” بەڕێوەناچێت.

ئەو سیاسەتەی حیزبی باڵادەستانه باشور بەڕێوەی دەبەن، هەمان چەمکی سیاسی داگیرکەرانی کوردستانی قڕکەری یەک ڕەنگە. پێویستە گەنجانی کورد نەبنە سوتەمەنی سوتانی خۆتان و خزمەت بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی سەر کوردان نەکەن.

ڕێگری لە بەشداری نەکردن لە پێکدادانەکانی کەرکوک و ناوچە ناوهێنراو بە جێناکۆکەکان، باشترین خزمەت بە کوردی ئازاد و ڕێگری لە داگیرکاری و پێکدادانە نەتەوەییەکانە و بەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەپارێزرێت. پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی سیاسەتی دەستێوەردان ڕادەگرێت، هێڵی خیانەت بێ بنەما دەکات و چارەسەری کێشە و قەیرانە دروستکراوەکان دەکات و دۆستایەتی دێرینەی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە دەپارێزێت و پەرەی پێدەدات بۆ سیستەمی بەڕێوەبەری هەرێمی و خۆبەڕێوەبەر و پێکەوە ژیانی گەلان.

کورد، عەرەب، تورکمان پێویستە وەک کۆمەڵگە بێنە لای یەک و گفتوگۆی دۆخی پێکەوەیی سیاسی و وەک یەکی بکەن و لەچوارچێوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و دەستورێکی دیموکراتیکدا پەیوەندیەکان بەڕێکخستن بکەن. بەوە ڕێگری لەترس لەیەک، دوژمنایەتی و گۆڕینی دیموگرافی و زۆرینە و کەمینە دەگیرێت و دەکرێت. بۆیە ئەوەی شەڕی نایەوەو فوی بە کەڕەنای دوبەرەکی ئاژاوەدا کرد و خۆیشی لەدورەوە تەماشاچی بوو، لەناو ناز و نیعمەتی دەسکەوت و خۆشگوزەرانی و ڕابواردندا بوو، بەچەند دینارێک هەست و سۆزی جوڵاند بزانە لەدژی هەر گیانێکە، بۆیە پێویستە هەرکەس بەهوشیاریەوە هەڵسوکەوت بکات و نەبێتە سوتەمەنی لەدورەوە هاندەرەکان.

لە کاتێکدا هەموان باسی مەترسی سەر هەرێمی کوردستان دەکەن، نە مەترسی دیاری دەکەن، نە هێزی وەڵامدانەوەی مەترسیەکان و نە بەشداری کۆمەڵگە لە ڕووبەڕوو بونەوەی مەترسیەکان بەهێند وەردەگرن. نەک بە هێندی وەرناگرن، بەڵکو دەبنە هۆکاری قوڵکردنەوەی قەیران و گەیاندنی کێشەکان بە ئاستی پێکدادان و کوشتار. کێ زەرەرمەندی دۆخی کوشتار و پێکدادانە؟ ئەو کلتورە پێکەوەییە مێژوییەی پێکەوەبونی نەتەوەو ئەتنیکە جیاوازەکانی ناوچەکە، کوردان، گەنجان، شکاندنەوەی بەسودی تورکیا و هێڵی خیانەتی داگیرکەران.

بێگومان هوشیاری و بەراوردی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و هێڵە سیاسی ڕێکخستنیەکەی لە خۆرئاوای کوردستان و سەرکەوتنەکانی بەسەر هێرشی داگیرکەراندا، پێویستە لەبەرچاو بگیرێت و کۆمەڵگەی باشوریش خۆی بەرپرسیاری هۆشیاری کۆمەڵایەتی ڕێکخستنی ئازادی بێت.

بەری ئاسمانی شار بە تاریکی ناگیرێت، ئەگەر خۆمان تاریکی نەکەین!

هەروەها چێکی بکە

ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات   حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی …