کامەران مەنتک
وەك لە وتارەكەی پێشوومدا دەربارەی دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر باشوور پێشبینیمان كرد، دوێنی شەو لەكاتژمێر 9 ئێوارەوە چەندین كۆپتەرو فڕۆكەی شەڕكەری توركیا هێرشیان كردە سەر لوتكەی كوڕەژار ولینكێ،دواتر هێزە سەربازیەكانی توركیا دابەزێنرانە ئەو ناوچەیە و گەریلاكانی پەكەكە رووبەروویان بوونەوە ئەو شەڕە تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو، هیچ زانیاریەكی راستەقینەش لەگۆڕەپانی شەڕەكە نیە وەستان وئەنجامی ئەو شەڕە تا ئێستا بەراستی روون نەبۆتەوە، وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێت ئێمە ئامانجی هێرشەكەمان بەدیهێنا، گەریلاكانی پەكەكەش دەڵێن هێرشەكەی توركیامان تێكشكاند. لەهەموو حالەتەكاندا ئەمە واتای ئەوەیە گەریلاكانی پەكەكە وەڵامی ئەو هێرشەیان داوەتەوە و رووبەڕووی بوونەتەوە، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش خۆی لەخۆیدا ئیرادەو باوەڕێكی بەهێزی گەرەكە، لەبەرئەوەی هیچ بەرابەریەك لەنێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا نیە
شایەنی ئاماژە پێكردنە ئەو دوو لوتكەیە، شوێنێكی ئێجگار ستراتیژین ولەروانگەی سەربازیەوە ئەو هێزەی كۆنتڕۆڵی ئەو لوتكانە بكات باڵادەستی سەربازی خۆی دەسەپێنێتە سەر ناوچەكە بەگشتی و تا دەگاتە دەشتاییەكانی مووسڵ. چڕ بوونەوەی ئەو شەڕە سەرەتایەكە بۆ هێرشێكی فراوانتر، واپێدەچێت توركیا ئەو جارە بیەوێت بە پانتایی باشووری كوردستان پڕۆسە سەربازیەكەی بەڕێوە بەرێت، بەپێچەوانەی پڕۆسەكانی تر، كە لەسێ ئاڕاستە جیاوازەوە وهەرجارەی لە ئاڕاستەیەكدا هێرشی دەكرد، لەم چەند رۆژەی دادێت رەنگ بێت شەڕەكان بپەڕێتەوە ناوچەی برادۆست وخواكوڕك ودەشتی بەرازگر، كە ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەترسیدارە! هاوكات ئەگەری ئەوە هەیە شان بەشانی ئەو هێرشەی سەر باشوور پەلاماری رۆژئاوای كوردستانیش بدات، بۆئەوەی باشوور ورۆژئاوا بەیەكجاری لەیەكتر دابڕێت وزنجیرەكانی ناوچەی ئارام لەرۆژئاوا وباشوور بەیەكەوە بلكێنێت.
هەڵوێستی هێزەكانی باشووری كوردستان زۆر لاوازەو وتا ئێستا هیچ هێزێكی باشوور بوێری ئەوەی نەبووە تەنانەت سەركۆنەی ئەو هێرشەش بكات، ئەمەش جێگەی شەرمەزاریەو مێژوو لێیان نابورێت، خەڵكی باشووریش بە مەسەلەی لاوەكیەوە خەریك كراوە، تەنانەت وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر دەسەڵاتی كوردی، زۆرینەی خەڵك بایەخ بەدۆخەكە نادات و ئامادەن پێشوازی لە هەر داگیركەرێك بكەن، تەنیا بۆئەوەی لەكۆڵ ئەو دەسەڵاتە ببنەوە، ئەمەش سەرئەنجامی ئەو شەڕە رۆشنبیری ومیدیایی ودەروونییەیە، كە لەم بەشەی كوردستان دەگوزەرێت، هەموو ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن دۆخی كوردستان بەگشتی وهەرێم بەتایبەتی لەچاوەڕوانی قۆناغێكی سەخت دایە، سەرئەنجامی ئەو قۆناغەش دەوەستێتە سەر چارەنووسی داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی وهەرێمی، كە بەداخەوە بەگوێرەی گۆڕانكاریەكان پێناچێت لەبەرژەوەندی كورددا یەكلایی بێتەوە ووەك قۆناغی شەڕی سارد، كوردستان خەریكە دەبێتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی ودەكەوێتەوە نێوان بەرداشی زلهێزەكانەوە.