جیک: نابێت گەلەکەمان فریوی ئەو کەسانە بخوات کە ئایین بۆ هەڵبژاردن بەکاردەهێنن

سەرۆکی “جیکحافز ئەحمەد تورهاللی رایگەیاند، ئاکەپە ٢١ ساڵە ئایینی بەکارهێناوە، بەم جۆرەش لەسەر حوکم ماوەتەوە و وتی”دەبێت گەلەکەمان فریوی ئەو کەسانە نەخوات کە ئایین بۆ هەڵبژاردن بەکار دەهێنن و سیاسەتی لەسەر دەکەن“.

سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) حافز ئەحمەد تورهاللی ئاماژەی بەوەکرد هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا یەکلاکەرەوەن و گرنگە خەڵک بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن و بڕیارێکی ئەرێنی لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

تورهاللی ئەوەی بەبیری هێنایەوە کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە ئاکەپە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات، لەو ماوەیەشدا لەسەر ناوی ئایینی زیانی گەورەی کۆمەڵایەتی گەیاندووە و وتی: “دەسەڵاتداری ئەمسەردەمە لە کوردستان و ئاناتۆلی سات و سەودا و بازرگانی بە ئیسلامەوە دەکەن و مرۆڤەکانی پێ فریودەدەن. ئەمەش دۆخێکی خراپ و قێزەونە. هەربۆیە دەبێت گەلەکەمان و مسوڵمانە راستەقینەکان وریا بن. ئەگەر ئەو مرۆڤانە ئیسلامیان خۆش بویستایە بازرگانیان پێوەنەدەکرد. ئەگەر ئەوانە بەهاکانی ئارامی و دادپەروەریان پێشکەش بە کۆمەڵگا بکردایە پێویستی نەدەکرد بە ناوی ئایینەوە بازرگانی بکەن. ئەمجارەشیان پلانیان داناوە تا لەم هەڵبژاردنەدا بازرگانی بە ئایینەوە بکەن، بۆیە دەبێت گەل سەرنجی لەسەر کردەوەکانی حزبەکانی دەسەڵات بێت و بە گوێرەی ئەو کردەوانە مامەڵە بکەن. کردەوەکانیشی بە بەرچاوەوەیە. ئەم هەڵبژاردنە گرنگە و دەبێت مسوڵمانان ئاگادار و وریا بن، دەبێت فریوی ئەوانە نەخۆن کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن و سیاسەتی لەسەر دەکەن”.

تورهاللی ئەوەشی راگەیاند، ئەو هاوپەیمانێتیانەی بۆ هەڵبژاردن دەبەسترێت پێویستە لەسەر بنەمای ماف و دادپەروەری بن و ئەوەشی خستەڕوو کە “لەماوەی رابردوودا هەوڵ دراوە هاوپەیمانێتیەکەی ئاکەپە وەک هاوپەیمانێتی ئیسلامی بە کۆمەڵگا بناسێنرێت، بەڵام ئەمە فریودان و لەخشتەبردنە. ئەو هاوپەیمانێتیە لەدەرەوەی ئیسلامە و پەیوەندی بەو ئایینەوە نییە. هاوپەیمانی ئیسلامی ئامانجی ئارامی و یەکسانیە، ئاخۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی ئاکەپە شتێکی لەو جۆرەی تێدایە؟ کاری ئەوان کوشتنە، نەژادپەرستیە، کارەکەیان دزیە. پێغەمبەری ئیسلام هەموو جۆرە نەژادپەرستیەکی رەتکردووەتەوە، ئەمە چۆن دەبێت کە تۆ بێیت و هاوکاری نەژادپەرستێکی وەک مەهەپە بکەیت و دواتر بەخۆشت بڵێی مسوڵمان. ئەوەی مێشکی هەبێت دەزانێت کە ئەوە مسوڵمانێتی نییە“.

وتیشی: “گەلی کورد باوەڕمەندە، خاوەن بڕوا و ئایینێکی کۆمەڵایەتی و ئاشتیانەیە، بۆ ئەوەی گەلی کورد لەخشتە ببەن سیاسەتێکی چەپەڵ گیراوەتەبەر، بەڵام چیتر گەلی کورد بڕوایان پێناکات. ئەوەی بەرژەوەندی تایبەت و حزبی هەبێت شوێنیان دەکەوێت، بەڵام مرۆڤە بڕوادارەکان لە کردەوەی حزبەکان دەڕوانن، با گەلی کورد و مسوڵمانان چیتر بڕوا بەو حزبانەی دەسەڵات نەکەن. هەموومان دەیبینین، جگە لە بازرگانی ماددەی هۆشبەر، سوود وریبای بانکەکان و شەڕ هیچ کارێکی تر ناکەن. بە وتنی ئەوەی کە ئێمە مسوڵمانین ئیتر نابنە مسوڵمان، ئەوان خەریکی فریودانن و سیاسەتی ئەوانیش فریودانە. پێغەمبەرمان فەرمویەتی ‘ئەوەی ئێمە دەخەڵەتێنێت لە ئێمە نییە’ ئەو سیاسەتەی دەیگرنەبەر بە گوێرەی بەرژەوەندی گەل نییە”.

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *