تورکیا لە ڕووی سەربازیی و ئابووریی و ئاوییەوە بەردەوامە لە شەڕی ئاشکرای دژی عێراق، سەرەڕای کۆبوونەوە سیاسییەکان و کۆبوونەوەی دۆستانە لە نێوان دەسەڵاتدارانی بەغداد و ئەنقەرە و پڕۆژەی زەبەلاح بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا.
لایەنە شیعەکانی عێراق باس لەوەدەکەن، تورکیا رێبازێکی دوژمنکارانە بەرامبەر عێراق دەگرێتەبەر و بەردەوامە لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق، بەبێ ئەوەی گرنگیی بە لێدوانی توندی ئیدانەکردن و ناڕەزایەتی بدات.
جاسم عەتوان نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی، بە ماڵپەڕی مەعلومەی ڕاگەیاند: حکومەت دۆسییەی پێشێلکارییەکانی تورکیا، بەتایبەتی پێشێلکارییە سەربازییەکان، لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێداوە، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنی تورکیا.
وتیشی، ئەنقەرە هەوڵدەدات پاساو بۆ لەشکرکێشیی سەربازیی و بۆردومانە بەردەوامەکانی بهێنێتەوە بە بوونی هێزی چەکدار کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی دەکات کە وەک بیانوویەک بۆ درێژەدان بە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنێت.
هەروەها پەرلەمانتار محەمەد سەعدون بە مەعلومەی ڕاگەیاند، تورکیا دوای بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانیی بە ئاشکرا سەروەریی عێراقی پێشێل کردووە.
هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەم جۆرە شوێنانە شایەتحاڵی بوونی خەڵکی سڤیلن”، جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستیی “محەمەد شیاع سودانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشلکارییەکانی سەروەریی عێراق لەلایەن تورکیاوە ئەخاتەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، رەعد تەمیمیی ئەندامی هاوپەیمانی ئەلفەتح دەڵێت: نەبوونی سیستمێک کە توانای پاراستنی ئاسمانی عێراقی هەبێت بە مانای پێشێلکاریی و هێرشی زیاتر دێت، هەروەها ئەو بۆردومانە بەردەوامانەی کە لە هەرێمی کوردستان روودەدەن، لە ئەنجامی نەبوونی سیستمێکی بەرگرییە کە کۆتایی بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی لەلایەن ئەنقەرەوە دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمریکا سێ جار ڕێگری لە هەوڵەکانی بەغداد کرد بۆ کڕینی سیستمی ئێس 400ی ڕووسیی، ئەمەیش هۆکار بوو لە لاوازبوونی توانای بەرگریی ئاسمانیی عێراق بۆ چەندین ساڵ”.
ئەوەشی خستەڕوو “پێویستییمان بە کڕیینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەیە بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە هەر هێرشێک بۆ سەر سەروەرییەکەی”