دوو دز لە سەر ماڵێکی بێخاوەن شەڕیانە

محەمەد حسێن

لێدوان و زانیاریەکانی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لەسەر دزی و قاچاخچێتی حیزبەکانیان لە حکومەت و خاڵە سنوریەکاندا بەلای زۆرەوە راستە. ھەرێمی کوردستان بۆتە ماڵێکی بێ خاوەن و ئێستا شەڕەکە گەیشتۆتە ئەوەی کە داھاتەکانی ئەم ماڵە بێخاوەنە بەشی ئەوە ناکات حکومەتی پێ بەرنەرێوە و ھاوکات قاچاخچیەکانیش تێربکات.
ئەمە پڕۆژەی جەولەیەکی تری شەڕی ناوخۆیە گەر ھەل و مەرجە ھەرێمایەتیەکان و فشاری ھاوپەیمانان ڕێگەی پێ نەگرتایەن. کرۆکی ئەم ناکۆکیەش لەناو مۆدێلە سیاسی و ئابوریەکەی ھەرێمی کوردستاندایە، زیاتر لەوەی کە پەیوەندی بە گرێ مێژوویەکانی نێوان جەلالی و مەلاییەوە ھەبێت.
چۆن لەم ھاوکێشەیە تێبگەین؟
لەو مۆدێلە ئابوریانەی بە کرێ-خۆر ناسراون، ئەوەی کە دەوڵەت بە کرێ و داھاتی سامانە سروشتیەکان دەژی (rentierism) گەمە سیاسیەکان بەزۆری سەر دەکێشێت بۆ جۆرێک لە بەریەک-کەوتن کە لە زمانی زانستە ئابوری و سیاسیەکاندا وەک ململانێ لەسەر سەرچاوەکان (conflict over resources ) ناسراوە. رێک ئەوەی کە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە رێگای پەرلەمانتارەکانیانەوە کردیان.
سروشتی ئەم ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٠ەکانەوە تا ئێستا ھەر وەک خۆیەتی ئەگەرچی کات و ناولێنانەکانیان گۆڕاوە. جاران لەسەر گومرکی ئیبراھیم خەلیل بوو، ئێستا لەسەر داھاتی نەوت و ئینجا خاڵە گومرکیەکان، بە ئیبراھیم خەلیلیش-ەوە.
کێشەی ئەم مۆدێلە ئابوریە ھەر ئەوە نیە کە پارتی و یەکێتی داوە بە گژ یەکتردا، بەڵکو وایکردووە ئەم حیزبانە توانای بەردەوامی و مانەوەیان ھەبێت بێ ئەوەی ھیچ ریفۆرم و گۆڕانکاریەک بکەن. پارەی نەوت و گومرک کردونی بە خاوەن ھێزی چەکداری و ئەمنی و تەنانەت دەرفەتی ئەوەیشی داونەتێ کە کارمەندانی دەزگا حکومیەکانیش بەکار بھێنن بۆ پڕکردنی قاسەی سەرکردەکانیان ئەگەرچی دۆخەکە تەواو لە دژی ئەو کارمەندانەی حکومەتە کە بەشدارن لەم تاڵانکاریەدا. تەنانەت لە دژی ئەندامانی ئەم دوو حیزبەیشە.
ھەڵبەتە دروست نیە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بە تەنھا بخرێتە ئەستۆی بنەماڵە حوکمڕانەکانی ناو ئەم حیزبانە (بارزانی و تاڵەبانی). خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ئەو کەمینە ھەلپەرستەی کە پشتگیری ئەم بنەماڵانە دەکەن سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتی و ھەژاری و کولەمەرگیەی بەسەریاندا ھاتووە بەھەمان شێوە بەرپرسن.
ئەو زۆرینە بێ دەنگەی خەڵک کە بەھەر ھۆکارێک بێت ناتوانێت و نازانێت خۆی رێکبخات و ھێزێکی سیاسی کاریگەر دروست بکات لەبەرامبەر ئەم دۆخەی پارتی و یەکێتی خوڵقاندویانە ھەر بەرپرسن. ئەو ھێز و لایەنە سیاسیانەی تا ئێستاش چاویان لەوەیە لە سێبەری پارتی و یەکێتیدا کورسی پەرلەمانی ببەنەوە ھەر بەرسن.
بە گشتی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان کەم و زۆری پارە و سامان و موچە نیە. بەرزی و نزمی نرخی نەوت نیە. بەڵکو بوونی ئیرادەیەکی سیاسیە بۆ ھێشتنەوەی کوردستان لە ژێر رەحمەتی چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیدا، نەک حکومەتێکی دامەزراوەیی و حوکمڕانیەکی دروست و ھاوچەرخ. ھاوکات خەڵکیش، جگە لەکەمینەیەکی ناکاریگەر، ئەم دۆخەی قبوڵە.
بەڵام دەرەنجامی ئەم گەمەیە چی دەبێت؟
ئەم مۆدێلە ئابوری و سیاسیەی پارتی و یەکێتی قابیلیەتی بەردەوامی نیە (unsustainable). ئەمە گەیشتۆتە بنبەست و ترسی ئەوە ھەیە لە دواجاردا ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە ھەمووان تێک بدات. تەنھا گەمژەیی و ناماقوڵیەکانی ناو ئەم سیستەمە خۆی بەسە بۆ ئەوەی توشی داڕمانی خۆبەخۆی بکات.

بۆنمونە، ئەوەی کە ئەمڕۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤ شاردا ١ ملیۆن ٢٠٠ ھەزار موچەخۆری ھەیە بەرەنجامی ئەم ململانێی پارتی و یەکێتی-ە، بەڵام تەماشاکەن زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی دامەزران و موچەی خانەنیشینیان بۆ بڕاوەتەوە لەبەر ئەوەی ببنە ئەندامی ئەم حیزبانە، لە ٦ ساڵی رابردوودا ھەر خەریکی خۆپیشاندان و جنێودان بوون بەم حیزبانە، چونکە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نەیتوانی بەردەوام موچەیان بداتێ.
کەواتە ئەم مۆدێلە ئابوریەی پارتی و یەکێتی ھەر بەھۆی ناماقوڵی و ناکۆکیەکانی ناوخۆیەوە ھەرەس دێنێت (زوو بێت یان درەنگ ) گەر چارەسەرێکی ریشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە. بەڵام ئەم چارەسەریە بە پارتی و یەکێتی خۆیان نادۆزرێتەوەو جێبەجێناکرێت. ئەوان تا دوا رادە توشی دەردو نەھامەتیەکانی سیستەمە کرێ-خۆریەکەیان بوون. ئەگەر فشارێکی سیاسی و جەماوەری رێکخراویان لەسەر دروست نەکرێت زۆر زەحمەتە بتوانن لەم داڕوخانە خۆبەخۆیە دەرباز بن.
پرسیاری ئەوەی لە ئێستادا ئەم فشارە چۆن دروست دەکرێت و کێ دەتوانێت بیکات بە من وەڵام نادرێتەوە، بەڵام ھەرگیز دۆخی کوردستان بەم ئەکتەرانەی ئێستاو بەم مۆدێلە سیاسی و ئابوریەی بارزانیەکان و تاڵەبانیەکان چارەسەر نابێت.
زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش بەم ھەژاری و نەھامەتیانەی ئەمڕۆەوە دەناڵێنن تا ئەو رۆژەی ھێزێکی سیاسی رێکخراو بۆخۆیان دروست دەکەن و بە فشارو کاری دەستەجەمعی دۆخەکە لەبەرژەوەندی خۆیان دەگۆڕن.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *