ڕووی خیانەتی ناوخۆیی!

 ئاتاکان ئارارات

 

حکومەتی تورک لە چوارچێوەی لکاندنی هەرێمی کوردستانی کوردستان بە تورکیاوە، سەدان گوندی ناوچەکەی لە هاووڵاتیان چۆڵ کردووە. لە کاتێکدا کە ڕۆژانە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ ناوچەی ئامێدی دهۆک دەگوازرێنەوە، سوپای تورک بۆ پاراستنی خۆی و مانەوەی لە ناوچەکە هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچە و گوندانەی کە تێیدا جێگیر بووە. لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە ١٠٠ گوند چۆڵکران، زیاتر لە٦٠٠ گوندی دیکەش لەژێر هەڕەشەی چۆڵکردندان. بارزانیییەکان کە هەرێمی کوردستانیان بۆ داگیرکردن و خستنەسەر تورکیا  ئامادە کردووتەوە، لەناو خۆیاندا شەڕ بۆ پۆست و مەقام دەکەن.

“شەڕ و ململانێی نێوان بارزانیییەکان”

لە کاتێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕۆڵی پێشەنگ لە سیاسەتی داگیرکاریی و لکاندنی هەرێمی کوردستان بە تورکیاوە دەگێڕێت، ئیتر ناتوانرێت ڕەنگدانەوەی هەوڵە خیانەتکارییەکانی نێوخۆ و نێو پارتی بشاردرێتەوە. شەڕی دەسەلاتخوازەکانی نێو بنەماڵەی بارزانیی لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد گەیشتووەتە خاڵی نەگەڕانەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانیی. یەکێک لە دوا کێشەکان، کۆبوونەوەی مەسعود بارزانیی لە بەغداد وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرکەوت.

“سوپای تورکیا بۆ پاراستنی دەسەڵات و مانەوەی پارتی نەهاتووە”

پێدەچێت توانای حکومەتی ئەردۆغان بۆ سەربەست بوون لە جوڵەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی تەنانەت لە ناوچە مەدەنییەکانییشدا، هاوتای سیاسەتی ناوچەیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بێت کە پشتبەستنە بە دوژمن. لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهەزاران سەرباز و سەدان تانک و زرێپۆش ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کراون و لە زۆر شوێن بنکەی سەربازیی نوێ دروستکراون. دەسەڵاتی سەربازیی حکومەتی تورک کە لە ئەنجامی گەڕان بەدوای خەلافەتێکی نوێدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیر بووە، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەرفەتەکانی بەفیڕۆ نادات. بە پێچەوانەی ئەوەی کە بیری لێدەکرایەوە، لە کۆتاییدا تورکیایەکی نوێ بە داگیرکردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە دیزاین دەکرێت.

“هەنگاو بە هەنگاو دەبنە هێزێکی نیمچە سەربازیی”

بارزانیی دەیەوێت بە لەناوبردنی پە*کە*کە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بۆ ئەم خواستەی دەبێتە هۆی پێشکەشکردنی دهۆک و هەولێر بە دەوڵەتی تورک. پێشهاتەکانی ناوچەکە نیشاندەری ئەوەن کە سوپای تورک بەکردەوە لە بواری ئیدارییەوە دەسەڵاتی بەسەر ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پێشکەشی کردووە بەدەست هێناوە. ئەم دۆخە بە مانای بوون بە هێزێکی نیمچە سەربازیی تورکیایە لەو شوێنانە.

“لە شەڕی نێوان نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانییدا تەسفیەکردن دەستیپێکرد”

لەگەڵ گەشەکردنی ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانیی و مەسعود-مەسرور بارزانیی کە شەڕ لەسەر دەسەڵاتە، هەوڵی باوک و کوڕیش بۆ تەسفیەکردنی نێچیرڤان بارزانیی پەرەی سەندووە.

شەڕی نێوان بارزانییەکان کە ناوبەناو دەبێتە بابەتی هەواڵەکان، بە کوشتنی موحسین ڕەشید، یەکێک لە کادیرە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق شەڕەکەی زیاتر گەرمکردوە. لە کاتێکدا باس لەوە دەکرا کە لایەنی نێچیرڤان بارزانیی دژ بەم بابەتە کەوتووتە هەوڵدانەوە، دەرکەوت کە مەسرور بارزانیی و دەوروبەرەکەی کەسانی نزیک لە نێچیرڤان بارزانیی لە ناو پاراستن (دەزگای هەواڵگریی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق) پاکتاو دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا لە نێو ئەو زانیارییانەی کە دەست کەوتووە، هەندێک کوشتنی سیاسیی لە شاری هەولێر ئەنجامدراوە کە لە رایگشتیی دەشارنەوە.

“مەسعود بارزانیی وەک سەرۆکی هەرێم دەچێت بۆ بەغداد…”

لەلایەکی دیکەوە بڕیاری مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆ چوونە بەغداد و بەسەر کردنەوەی بەرپرسانی حکومەتی ناوەندیی عێراق، وەک سەرۆکی هەرێم هەنگاوێکی دیکە و بەرچاوە لەو چوارچێوانەدا. لە نێو ئەو شاندەی کە لەگەڵ بارزانیی چوون بۆ بەغدا؛ ڕێبەر ئەحمەد بوو لە کاتێکدا وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانە و ئومێد سەباح سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها زۆرێک لە بەرپرسانی حکومیی لە گەڵ بوون، سودانیی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی دا ڕایگەیاند: “بەدڵنیاییەوە هەنگاوێکی باشە بۆ دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێمە حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا” لە بەیاننامەکەی دا سەبارەت بە کاریگەریی گەشتەکەی بارزانیی بۆ بەغداد باس کراوە. پێشبینیی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قەیرانەکان بەهۆی سەردانەکەی بارزانییەوە بۆ بەغداد قووڵتر ببنەوە.

“نێچیرڤان بارزانیی داوای پشتیوانیی کرد”

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نێچیرڤان بارزانیی، لە دژی کارەکانی مەسعود بارزانیی، داوای پشتیوانیی لە زلهێزە نێونەتەوەییەکان کردوە. هەروەها هەندێک ناوەندیش ئاماژە بەوە دەکەن کە زلهێزە نێونەتەوەییەکان زیاتر لە نێچیرڤان بارزانییەوە نزیکترن.

“مسۆگەر کردنی مانەوەی خۆی لە ڕێگەی پە*کە*کەوە”

لە لایەکی تریشەوە هەوڵی هەردوولایەنی بارزانیی، هەوڵ دەدەن بە دژایەتیی لەگەڵ پە*کە*کە خۆیان بسەلمێنن ئەمەش نموونەیەکی ڕوونە نیشاندەری ئەوەیە کە چەندە گێژاوی خیانەت نێوان بارزانیییەکان قووڵ بووەتەوە. پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە بە بەشێک لە دامودەزگاکانی عێراق بۆ بە فەرمیی بەئامانجگرتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پە*کە*کە سەبارەت بە پرسی ئاگر کەوتنەوە لە بازاڕەکان، یەکێکە لەو نموونە گرنگانەیە کە پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دەربڕینی هەڵوێستی توندی یەکێتی بە وتنی، “وێنە و ڤیدیۆی کەسانێکی داعشمان لایە کە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان” بووە هۆی ئەوەی نێچیرڤان بارزانیی لەو پرسە بکشێتەوە. هەر دوای ئەم لێدوانە، بارزانیی لەبەردەم کامێراکان دەرکەوت و وتی: “هیچ بەڵگەیەک نییە کە یەکێتیی تێوەگلابێت، بەڵکوو کاری پە*کە*کەیە کە ئاگرکەوتنەوەکانی ڕێکخستووە”، هەوڵی تاوانبارکردنی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە ئەنجامی  ئەم سیاسەتە سەری هەڵداوە. بەم قسەیە نێچیرڤان بارزانیی هەوڵیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قازانجی خۆی ڕابکێشێ.

دیسان لۆبیگەریی مەسعوود بارزانیی لە بەغداد لە بەرژەوەندیی داگیرکاریی حکومەتی تورک وەک پێشهاتێکی جیاواز دەردەکەوێ کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە. مەسرور بارزانیی هێزی تایبەتی خۆیان بە ناوی پارستن و گوڵان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا جێگیر کردوە، هەروەها هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی شەنگال دەدات، بەمەش ئەوەی لە باوکی مەسعوود بارزانییەوە ماوەتەوە دەیەوێت تەواوی بکات.

 

هەروەها چێکی بکە

لە سێ وڵاتی دیکەی ئەوروپا تەڤگەری ئازادیی یاداشتی ناڕەزایی دابە بەڵوێزخانەکانی عێراق

 شاندەکانی تەڤگەری ئازادیی لە ئەوروپا، یاداشتی ناڕەزایی لە بارەی داخستی تەڤگەری ئازادیی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە …