“کوردستان بووەتە چەقی ململانێی داگیرکاران بۆیە پرسی کورد ونە”

شاناز هیرانیی، نووسەر و وەرگێڕ، دەربارەی دۆخی ژنان و بەردەوام تیرۆرکردنی ژنی ئازادییخواز ئاماژە بەوەدەکات بە شێوەیەکی گشتیی دۆخەکە لە بارێکی نا ئارامدایە و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، تا ئێستا ئەم کۆمەڵگەیە نەیتوانیوە لەو کولتوور و ئەقڵیەتە بچێتە دەرەوە، کە پێی وایە ژن دەبێت هەمیشە ببێتە قوربانیی هەموو دۆخەکان و بە پلەی یەکەمیش پرسی شەرەف و دۆخی سیاسیی دێت.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ژنێک لە رووی سیاسییەوە خەبات بکات و دەربکەوێت و خاوەن دەنگی خۆی بێت، هەمیشە چاویان دەکەوێتە سەری زیاتر هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی ئازادییخواز بەرز نەبێتەوە، وتیشی: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بووەتە چەقی ململانێی داگیرکاران، هەر بۆیە بەتەنها ژنان نەبوونەتە ئامانجی سەرەکیی، بەڵکو تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتیی دڵنیاییان نییە لەسەر ژیانی خۆیان.

“دەبوو باشووری کوردستان ناوچە ئارامەکەی کوردستان بووایە”

ئەوەشی خستەڕوو، باشووری کوردستان هەستی بەوە دەکرد لە ژێر سەقامگیریی سیاسیی و ئابوورییدا دەژیا، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەمانە کەتوونەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە دەبیندرێت ڕۆژانە هێرش و بۆردوومانەکان لەلایەن درۆنی دوژمنانەوە دەکرێتە سەر شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و لە ڕۆژئاواوا بیگرە تا دەگاتە باشوور، ئەمانەش هەمووی لە ژێر بیانوو و پلانی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو نووسەرە ئەوەشی ڕوونکردەوە، لە باشووری کوردستان بۆشاییەکی سیاسیی بوونی هەیە، ئەمەش وایکردوە پەرتەوازە بن، دەشڵێت: ڕاستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە سەروەریی خاک بپارێزن، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە ئاسمانی بپارێزێت و ڕێگە نەدات سنورەکانی پێشێل بکرێت، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسیی وایکردووە بە بەردەوامیی بکەوینە بەر لێشاوی هێرش و داگیرکاریی.

“پەرتەوازەیی سیاسەتمەنداران بووەتە ڕێگەخۆشکەر بۆ هێرشی دوژمنان”

شاناز هیرانیی دەشڵێت، هێرش و بۆردوومانەکان لە شاخ و گوندەکان دەرچووە و ناو جەرگەی شارەکان بۆردوومان دەکرێت، باشووری کوردستان دەبوو ئەو جێگە ئارامە بێت کە ببێتە پاڵپشتێک بۆ تەواوی کوردان، بەڵام بە پێچەوانەوە لە باشووری کوردستانەوە ئازادییخوازان تیرۆر دەکرێن و لە پایتەختەوە بەهۆی بۆردوومانی داگیرکارانەوە کورد دەکوژرێت، هۆکاری سەرەکییش پەرتەوازەیی گەلی کوردە.

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، ئێستا لە قەیرانی ژنی چالاکوان و ئازاد داین، کاتێکیش هەوڵ دەدرێت ژنێک ببێتە پێشەنگ، لەلایەن دوژمنانەوە چاو دەکەوێتە سەری و تیرۆری دەکەن، دەشڵێت: ژن دەتوانێت بەشداریی جەنگ بێت و بەرگریی بکات، بەڵام کولتوور و ئەقڵییەت هەمیشە ڕێگەی لێدەگرێت و هەوڵی کپکردنی دەنگی دەکات، چونکە لە دەنگی ژنان دەترسن، چونکە دەزانن ئەگەر ژن ئازاد بێت، کۆمەڵگە ئازاد دەبێت و نەوەکانی دواتر ئازاد دەبن، بۆیە ڕێگریی لە ئازادیی ژن دەکەن.

هەروەها چێکی بکە

ئه‌ردۆغان و ئاو و په‌كه‌كه‌

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج هه‌ركه‌سێك ڕووكه‌شانه‌ سه‌یری هاتنه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكات بۆ به‌غداو ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی رێكه‌وتن …