ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بڵاوکرایەوە

ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسی ژنان لە لوبنان بڵاوکرایەوە و بە ئاماژەدان بە تێکۆشانی هاوبەشی ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی، جەخت لەسەر ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرایەوە.

ڕۆژانی ١٨-١٩ی ئاب، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی” بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان” بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ژن، لە ١١ وڵاتە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆش لە کۆتا ڕۆژیدا، ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە.

بە ئاماژەدان بە ناوەڕۆکی ئەو گفتوگۆیانەی لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا، لە چەند خاڵێکدا ئەنجامنامەکە بەمشێوەیە خرایەڕوو؛

١/ پاڵپشتیکردنی بەرخۆدانی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی و ئێرانی و کورد و فەلەستینی بەتایبەتی و سەرجەم ژنە چالاکوان و بەرخۆدێرەکانی ناوچەکە بەگشتی لەدژی ئەو هێزە تاریکانەی، کە لە بیری تاریکییدا هاوشێوەن و گەلان و کۆمەڵگاکان بەگشتیی و ژنان بەتایبەتیی دەکەنە ئامانج.

٢/سود وەرگرتن لە ئەزمونە جیاوازەکانی ژنانی کورد بەمەبەستی ئەوەی ببنە نمونەیەک بۆ ژنان و گەلانی ناوچەکە، هەروەها کارکردن لەسەر پەرەپێدانی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی.

٣/ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی ناوچەیی ژنان بە ئامانجی هەماهەنگیی و پەرەپێدانی خەباتی هاوبەشی ژنان و یەکخستنی ئەزموونی ئێستای ژنان وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستنی ژنان بەرامبەر ئەقڵییەتی پیاوسالاری بە هەموو دامودەزگا و ئامرازەکانییەوە، هەروەها سیاسەت و پراکتیکەکانی لە ڕێگەی پێکهێنانی ناوەندە تایبەتمەندەکانەوە رێکبخات بەئامانجی هێنانەکایەی بەرەیەکی هاوبەشی ناوچەیی ژنان.

٤/ دامەزراندنی پەیماننامەیەکی هاوبەشی هەرێمیی ژنان بۆ کۆکردنەوەی دیدگاکان جیاوازەکان، سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە زاراوە سەرەکییەکان بکرێت بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەیان لەگەڵ دیدگایەکی هاوبەشی ژنان، لەم چوارچێوەیەشدا سوود لە زانستی ژنۆلۆژیی وەربگیرێت و کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی بکرێت.

٥/ پێکهێنانی لیژنەی مافی مرۆڤ و دەستپێکردنی هەڵمەتە ستراتیژییە ناوچەییەکان بۆ داوای ئازادکردنی بیرمەندی ئەنتەرناسیۆنالیستی کورد و دیلی بیری ئازاد و دۆستی ئازادیی ژن، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، که هەمیشه پێی وابووه خەباتی ژنان زامنی ئاشتی بەردەوام و دیموکراسی ڕاستەقینەیە.

٦/ پێکهێنانی تۆڕێکی ناوچەیی بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم دەستگیرکراوانی سیاسی بەگشتیی و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەتایبەتی، چونکە ئەوان نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادە و ناسنامەی گەلەکەیان دەکەن.

٧/بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەویی ئایینی بە هەموو فۆرم و ڕەوتەکانییەوە و دژایەتیکردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی ژنان و هەموو سیاسەت و پراکتیزە ستەمکار و پاوانخوازەکان، کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن بژی خەباتی هاوبەشی ژنان.

بژی ئیرادەی ئازادیی ژن

ژن – ژیان – ئازادیی

 

هەروەها چێکی بکە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ بڵاوکرایەوە

کتێبی ‘ژن ژیان ئازادیی” لە ئاگری شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا’ لەلایەن ئنستیتوی ژنۆلۆژی ئاندریا وۆڵف بڵاوکرایەوە. …