کامیار سابیر
بەدەر لە کوردیی، ئەگەر چەند زمانێکی تر، نەزانین لە کێشەی ئەفغانستان، بەباشیی تێناگەین. بۆ دۆخی ئەفغانستان، گرنگە لای کەم یەکێک لەم چوار زمانە { ئینگلیزیی، عەرەبیی و فارسیی( یان پەشتونیی)}، بزانرێ چونکە ئەم سێ چوار زمانە، راستەوخۆ پێوەندییان بە کێشەی سیاسیی گرووپە جۆراوجۆڕەکانی ناو ئەفغانستانەوە هەیە. ئەوەی من مەبەستمە ئەمەیە کە رۆژنامەگەریی کوردیی، چونکە بەس شتی یەکتر بە کوردیی ئەخوێننەوە، ئەوەندە بچووک بووەتەوە، پێیوایە کە ئەوسەری دونیا ئەفغانستانە و ئەمسەریشی قەوارەی هەرێمی ئومەرا دزەکانی کوردایەتیین.لە لایەن مێنتاڵیتیی ئەم هەموو پاپارازییە کوردییانەوە کە زۆربەیان جگە لە کرمانجیی ناوە ڕاست، کرمانجیی سەرووش نازانن، ئامۆژگاریی و راوێژی زۆروزەبەند و دەرس پەند و عبیرەتی سیاسیی بە بنەماڵە سیاسییەکانی هەرێم ئەدرێت بۆ ئەوەی گەندەڵیی و دزیی و ناعەدالەتیی کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە دەردی ئەفغانستان نەچن!
١- تێگەیشتن لە رادەستکردنی دەسەڵات بە تاڵیبانێکی بیرازکراو و مۆدیفاید کراو، پێویستی بە وردبیینیی، دووربیینیی و تێگەیشتن لە لوعبە موخابەراتییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، تەنانەت وەزارەتی دیفاع و موخابەراتی بریتانیا و کانەدا و ئوسترالیاش کە نزیکتریین حەلیفەکانی ئەمێریکان، لە وردەکاریی ساتوسەودای ئەم رادەستکردنە نازانن.
٣-ئەمە نە سەرکەوتنی عەسکەریی و سیاسیی تاڵیبانە، نە شکستی عەسکەریی ئەمێریکاشە، بەڵکو ئیعادەی ئینتیشاری قواتی ئەمێریکییە لە بوعدە جیهانییەکەیدا( بەرامبەر بە چین). هاوکات، پێوەندیی بە گەندەڵیی و دزیی بەرپرسە ئەفغانییەکانەوە نییە کە ئەمێریکایان قەڵس کردبێت، مەگەر دز و گەندەڵە هەرە گەورەکانی عێراق و کوردستانیش، بە ئاگاداریی ئەمێریکا، سەروەت و سامان پێکەوە نانێن. لە هەمووی گرنگتر، سەرکەوتنی مۆدیلی شکستخواردووی ئیسلامی سیاسییش نییە، چونکە گرووپە فەندەمێنتالیست و ئایدیۆلۆژیستە دیینیەکان، بە کردەوە سەلماندوویانە کە بە کەڵکی حوکمڕانیی نایەن و کۆمەڵگە، بەرەو نابودبوون ئەبەن.
٣- تاڵیبان، لە دروستبوونییەوە تا ئێستا، هێزێکی پرۆکسیی موخابەراتی پاکستانیی بووە، لە لایەن سعودییە و قەطەر و هەندێ وڵاتی تریشەوە ناو بەناو تەغذییەی ئابووریی و ئایدیۆژیی کراون. رێک وەکو تیجاڕەتی کوردایەتییەکەی خۆمان کە سوود لە عاطیفەی نەتەوەیی و نەژادیی وەرئەگرێ، ئەوانیش سوود لە وەتەری حەساس و مەزڵومییەتی ئەهلی سوننەی پەشتونییەکان وەرئەگرن و طائیفییەتیان بەهێز کردووە.
٤- تاڵیبان، وەکالەتی پاکستان ئەکات، پاکستانیش عومقێکی ئیقتیصادیی قووڵی بە چاینەو رێگە ئاوریشمییەکەیەوە هەیە. چاینەش گرفتی ئۆغورییە تورک نەژادە موسڵمانەکانی هەیە و رۆژئاوا، تا رادەی جینۆسایدیش چاینە تاوانبار ئەکەن. قەطەر و تورکیا دەعمی تاڵیبان ئەکەن، هەردووکیشیان لە ژێر ریعایەی ئەمێریکییدان. روسیا و ئێران، لەگەڵ تاڵیباندا پێوەندییان باش بوو، چاینە پێشوەخت پێوەندیی لەگەڵ تاڵیباندا باش بووە، کەواتە بە کورتیی کێشەکان، رەهەندی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیی وەرگرتووە و کێشەی دوو قوطبی گەورەی ئابوورییە کە ئەمێریکا و چاینەن.
٥- رادەستکردنی ئەفغانستان بە تاڵیبان، لە ژێر ریعایەی ئەمێریکا و قەطەر و پاکستان و تا رادەیەکیش تورکیادا بووە. بنکە سەربازییە گەورەکان و چەکە قورسەکان، لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو ریعایەتی رادەستکردنەدایە. لە ئاییندەدا، بازاڕی چەکفرۆشتن، کۆنترۆڵی سامانە سروشتییەکان و جیۆسیاسیی ناوچەکە، بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و لەسەروو هەموویشیانەوە کێبڕکێ و تەحەداکانی چاینە بۆ ئەمێریکا و بە پێچەوانەیشەوە، ئاراستەی ئەم رادەستکردنە، روون ئەکەنەوە. ناکرێ لە یەک کاتدا تاڵیبان، بەرژەوەندییەکانی چین و ئەمێریکا لە ئەفغانستاندا، رابگرێ. ئەم شەڕی جەمسەرگییرییە، ئەبێ بە لایەکدا ساغ بێتەوە کە مەعلومە روسیاش وێڕای خیلافاتەکانی لەگەڵ چیندا، بەڵام تەحەدای ئەمێڕیکا ئەکات و روسیای ئێستایش، سۆڤێتی گەڕوگولی هەشتاکانی چەرخی رابردوو، نییە. چینیش ئەو وڵاتە زەبەلاحە گەورەیەیە کە گەشە و قەبارەی ئابوورییەکەی بە کەمتر لە دە ساڵی تر، پێش ئەمێریکا ئەکەوێت و تا دێت ئەم صیراعانەی نێوان ئەمێریکا و چین، توند و توندتر ئەبنەوە. قوربانییەکانیش لەم نێوەندەدا، خەڵکی ئەفغانستان و ئەو وڵاتانەن کە ئەم گرفتانەیان تێدایە.