کام ڤاکسین دەبێتە ھۆی خوێن مەیین؟

د.عارف گۆران

 

لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێت، ئەوانیش سینۆفارم، ئەسترازێنیکا و فایزەر. لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاکسینەکان بووە باسی ھەموو جیھان و میدیا و سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد. حەزدەکەم لەم چەند خاڵەدا بە کورتی ڕاستییە زانستییەکان بخەمەڕوو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە  ئێستاو داھاتوودا لە کوردستان بەکاردەھێنرێت.

١-دیارەی خوێن مەیین پێش سەرھەلدانی کۆرۆنا و ڤاکسینەکان ھەر ھەبووە و ئێمەی دکتۆر ڕۆژانە حالەتی خوێن مەیین دەستنیشان و چارەسەر دەکەین، دیارە ئەوەی تێبینی کراوە دوای ڤاکسین کێشەی خوێن مەیین لە ھەندێک ئەندامەکانی لەش روویداوە، بەڵام ئەوەی زیاتر باس دەکرێت کێشەی خوێن مەیینی یەکێک لە خوێن ھێنەرەکانی مێشکە، ئەو حاڵەتە پێش کۆرۆناش ھەر ھەبووە، ھەنووکە ئەو ئامارانەی کە لە ژێردەستن وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو حاڵەتە لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، ھەندێک زیاترە بە بەراوردکردن بە دۆخی ئاسایی، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردەی خوێن مەیینە پەیوەندی بە ڤاکسینەکان ھەبێت.

٢-لە ئەوروپا و ئەمریکا گرنگییەکی یەکجار زۆر بە ئامارەکان دەدرێت، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاکسین زۆر بە ووردی چاودێری دەکرێت. لە ئەگەری ھەر کێشەیەکی لاوەکی یاخود مردن بە ووردی تۆمار دەکرێت، لەبەر ئەوە ئامارەکان جێگای باوەڕی خەڵک و ناوەندە زانستیەکانن. ئەوەی تاکوو ئێستا تێبینی کراوە لەھەر ملیۆن کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرن، پێنج کەس تووشی خوێن مەیین دەبن لە مێشک. سەرەتا وا نیشاندرا کە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنھا لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بوونی ھەیە، بەڵام لە چەند رۆژی ڕابردوو دەرکەوت ھەمان کێشە لە ڤاکسینی فایزەریش تێبینی کراوە بە ڕێژەیەکی تۆزێک کەمتر. ھەرچەندە داتای وورد و باوەڕپێکراو بۆ ڤاکسینی سینۆفارم بەردەست نییە، بەڵام وا دەردەکەوێت کە کێشەی خوێن مەیین زۆر کەمتر بێت بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینەکانی تر.

٣-دیارە لە ئەگەری ڕوودانی خوێن مەیین، چارەسەریی ھەیە، بۆیە ڕێژەی مردن بە ھۆی کێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریارییەی لەژێردەستە لە ھەر ملیۆن کەسێک تەنھا یەک کەسە.

٤-ڤاکسینەکان کاریگەرن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە ڕێژەی جیاجیا، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە ھەموو ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردوونەوی ڕێژەی تووشبوون بە توندی بە پەتاکە. وا دەبینرێت ئەو کەسەی کە ڤاکسین وەردەگرێت لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. ھەرچەندە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمریکا وا نیشان دەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیش وەردەگرن بۆی ھەیە بە توندی تووشی پەتاکە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبێت، بەڵام بە بەروارد لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی خەلک کە لە ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە، مردن بە ھۆی پەتاکە زۆر دەگمەنە دوای ڤاکسین وەرگرتن.

٥-لە ئەمریکا ھەردوو ڤاکسینی فایزەر و مۆدێرنا بەکاردەھێنرێت، کەچی لە بەریتانیا بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بەکارھاتووە، ھەندێک لە لێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە کەسانی بەتەمەن کاریگەرترە و برێکی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو کەسانە بینراوە کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینی فایزەر، لە ڕاستیدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زیاتر لەھەر ڤاکسینێکیتر بەکارھاتووە لە سەرانسەری جیھان. تەنانەت ڕێکخراوی تەندرووستی جیھانی دەزانێت کە ئەسترازێنیکا ڕۆلی سەرەکی دەبێت بۆ رووبەروبونەوەی ئەو پەتایە.

ڕۆژانە ھاووڵاتیانی کوردستان پەیوەندیم پێوەدەکەن، پرسیار دەکەن کام جۆری ڤاکسین باشەو کامیان بەکاربھێنم؟. لە وەڵامدا دەڵێم ھەموو ڤاکسینەکان باشن و کاریگەرن. کێشەی خوێن مەیین دیاردەیەکی یەکجار کەمە، تەنانەت لە ئەگەری ڕوودانیش چارەسەری ھەیە. بۆیە دەبێت ھەر کەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ڤاکسینەکان وەرگرێت، چونکە لە چاوەڕوانی ڤاکسینێکی دیاریکراو بۆی ھەیە تووشی پەتاکە بیت و لە کاتانەدا کێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤایرۆسەکە بە ھیچ شێوەیەک لەگەل ڤاکسینەکان بەراورد ناکرێت. لە ئەگەری ئەوەی کە ھەموو ڤاکسینەکان لەھەمان کاتدا لەبەر دەستبێت، دەکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تەرخان بکرێت بۆ کەسانی سەروو تەمەن شەست ساڵی، چونکە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەیین ڕوونادات و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڤاکسینەکە کاریگەرتر بێت. ڤاکسینی سینۆفارم بدرێت بە کەسانی خوار ٤٠ ساڵی، چونکە وادەبینرێت کە کیشەی خوێن مەیین لەو ڤاکسینە زۆر کەمە. ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە کەسانی چل بۆ شەست ساڵ. من خۆم بڕوای تەواوم بە ھەموو ڤاکسینەکان ھەیە و لەو باوەڕەدام کە ھەر جۆری ڤاکسینێک لەبەردەستە دەبێت بەکاربھێنرێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ئەگەری بەرکەوتنیان زۆرە یان ھەلگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن.

تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دراوە بە خەڵک لە سەرانسەری جیھان، بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، کە کێشەی خوێن مەین دەگمەنە و تا دێت ئەو مەترسییە بەرامبەر ڤاکسینەکان كەمتر دەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بووترێت، کە لە مێژووی ڤاکسینەکاندا ھیچ کێشەیەكی تەندرووستی لە ماوەی درێژ دوای ڤاکسینەکان بەدی نەكراوە، دیارە  ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناش ھیچ جیاوازیەکی لەگەل ڤاکسینەکانیتر نییە، ئەو پروپاگەندانەی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەكرێت، کە لە ماوەی درێژخایەندا کێشەی تەندروستی دەنێتەوە، ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە. کوردستانیانی خۆشەویست، پێویستە ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانیتر پێشوازی لە ڤاکسینەکان بکەین و دوودڵ نەبین لە ڤاکسین وەرگرتن، جا ئەو ڤاکسینە ھەر جۆرێک بێت.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *