تەڤگەریی ئازادیی لەبارەی رووداوی پارێزەرەکەی هەولێرەوە هاتەدەنگ و رایدەگەیەنێت، داوا دەکەین ئەگەر یاسا لەم هەرێمە بوونی مابێ، بکەرانی ئەم تاوانە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر و بە سزای خۆیان بگەن.
دەستەی یاسا و مافپەروەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەبارەی رووداوی پارێزەرەکەی هەولێر کە شەوی ڕابردوو، پارێزەر محەمەد یابە سۆفی دوای ڕفاندنی لەلایەن چەند كەسێكەوە، ئەشكەنجە دەدرێت و سەری دەتاشرێت و لەبەردەم ماڵی خۆیدا فڕێیدەدەن، لەو بارەیەوە راگەیاندراوێکی بۆ رایگشتیی بڵاوکردەوە ئەمەی خوارەوە دقەکەیەتی:
لەسەر هەر خاکێک یاسا سەروەر نەبوو ئەوە گومانی تێدانییە کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر بەڕێوەی ئەبات
ڕفاند ن و ئەشکەنجەدانی پارێزەرێک لە پایتەختی هەرێم، بەڵگەیەکی ترە بۆ دیکتاتۆریەتی ئەو دەسەڵاتە، ئەگەر پارێزەرێک کە پارێزبەندی یاسای هەبێ بەم شێوەی لەگەڵ بکرێ ئەبێ هاوڵاتیەکی ئاسایی هەتا چەند پارێزراو بێ.
پارێزەران دەبێ بەیەک دەنگ و یەک هەڵوێست لەبەرامبەر ئەم تاوانە بێ دەنگ نەبن و بەرگری لە هاوپیشەکیان بکەن، چونکە هێرشکردنە سەر پارێزەرێک، هێرشکردنە بۆ سەر یاساو و دادگا و سەرجەم پارێزەران و تەواوی شکۆی تاک بەتاکی کۆمەڵگا، ئەو کردەوە شەرم ھێنەرانە کە دوور لە ھەر رەوشت بەھایەکی کۆمەڵایەتیە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەتایبەت لەژێر سایەی دەسەڵاتدارانی ھەولێر، گومانیشی تێدانیە بکەرانی ئەو تاوانانە لەژێر سێبەری حیزب و کەسە دەست رۆیشتوەکانیانەوە ئەو کارە قێزەونانە ئەنجام ئەدەن، سزانەدانی شەق وەشێنەکان و ئەوانەی دەست درێژیان کردە سەر مێرمنداڵان و چەندین کردەوەی نامرۆڤانەی دی، شایەدی ئەوە ئەدەن ئەو دەسەڵاتە لەھەموو پرانسیپ و بەھایەکی ئەخلاقی داماڵراوە، پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەوە سنوری بۆدابنرێت، لەسەر ئەو بنەمایە وەک دەستەی یاسا و مافپەروەریی بەتوندی ئیدانەو شەرمەزاری ئەم تاوانە قیزەون نامرۆڤانەیە دەکەین، داوا ئەکەین بکەرانی ئەم تاوانە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بکرێ و بە سزای خۆیان بگەن ئەگەر تۆسقاڵێ یاسا بوونی مابێ لەم هەرێمە.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی یاسا و مافپەروەریی
٢٠٢٣/٤/١٥