لە وڵاتی تاوانبارانەوە بۆ وڵاتی قوربانیان

عەلی مەحمود محەمەد

 

هەموو سیاسییەك, سەركردەیەك, تەنانەت سستەم و حوكمڕانیەك رۆژی روتكردنەوەی دێت, پۆشاكی تەلێسم و پیرۆزی لەبەر بكرێتەوە, چۆنە ئاوا نمایش بكرێت, پێویستە سیاسیەكانی كوردیش روت بكرێنەوە لە بەردەم دادوەری, ئەوەی كردویانە لە وێنای ئەوانەوە نمایش بكرێن, پێویستە هەموویان وەك خۆیان بە روت و قوتی ببینین, تا بزانین ئەمانە لە دنیای راستیدا چۆنن.

تۆڵە لە مێژوو
چۆن 3ی ئابی 2014 بۆ كوردستان, مێژووییكی جیای لە رابردووی بە دنیا بەرهەم هێنا, لە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و ئێزیدییە كوردەكان و پێكهاتە ئاینیەكانی دی لەناو خۆی كۆمەڵگای كوردستان, ئیتر لەو مێژووە بەدواوە داگیركردنی خاك و كوشتن و كۆیلەكردنی ژنانی ئێزیدی و غەیرە موسڵمانان بۆ پیاوانی موسڵمانی كورد, پیرۆزیی و رەوایی نەما, بۆتە شەرمەو نەنگی, لایەنگرانیشی ناوێرن بە ئاشكرا ئیدعای پیرۆزی بۆ بكەن, تەنانەت كەوتونەتە بەر داگای مێژوو, لە ئاستی جیهانیش كوشتنی جۆرج فلۆید لە 25ی ئایاری 2020 لە شاری مینیابۆلیسی ئەمریكا, مێژووی پێنج سەدەی رابردووی رۆژئاوای هەڵتەكاند, 25ی ئایار كودەتایەكی شۆڕشگێڕانە بوو بەسەر مێژوودا, ئەمە سەرەتایەكە بۆ پێداچونەوە بە رابردوو و هەڵسەنگاندنی نوێی پیرۆزی ورەوایەتیەكانی رابردوو, تەواو رۆژئاوای روت كردەوە, هەموو ناشرینیەكانی خستە بەردەم خەڵك, لە 16ی حوزەیران لەگەڵ دوا بڕیار لەسەر دادگایی ئەفسەری پۆلیس دیریك شۆفین, یەكجاری سستەمی دادوەری و وڵاتی خەونی ئازادی روت دەكرێتەوە, دیاردەی جۆرج فلۆیدەكان لە كات و شوێنی جیای جیهان بەردەوام دەبن, بە كۆیانەوە مێژوویەكی نوێ بۆ مرۆڤایەتی دەنووسرێتەوە, مرۆڤانەتر و راستتر لەو مێژووەی كە تا ئێستا دەسەڵاتداران نوسیویانەتەوە, مێژوویەك هیچی لەبەردا نەبێت روت و قوت و بێ جوانكاری درۆزنانەی دەسەڵاتداران. كوشتنی جۆرج فلۆید, بووە فاكتەر بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رابردووی سستەمی كۆیلەداری و داگیركاری بكرێتەوە, لە لوتكەی ئەمانەشدا رۆڵی كەسە مێژوویەكان لەو تاوانانە دیاریكرا, كە لای رۆژئاواییەكان هێمای سەروری بوون, هەموویانی خستە ژێر پرسیارەوەو روتیانی كردەوە, هەموو ئەو مۆنمێنت و پەیكەرانەی پەیوەندییان بە رەگەز پەرستی و كۆیلەدارییەوە هەبوو, لە ناكاودا هەمووخۆیان لەناو زبڵدانەكان بینییەوە, تەنها لە بەریتانیا 60 پەیكەر دیاریكرا بۆ شكاندن, لە بەرامبەردا رستگەرا نەتەوەییەكان وەك نایجل فاراج دژ بەم كارە وەستایەوە و رایگەیاند ئەوانە ئینتمایان بۆ بەریتانیا نییە, لە ئەمەریكاش بە بەهانەی ئینتیماوە دژ بە بزووتنەوەكە وەستایەوە.
ئەفلاتون و ئەرستۆ دوو ناوە گەورەكەی فەلسەفەو رۆشنبیری كۆیلەداریان پیرۆز كردووە, بۆیە دەكەونە بەر تیغی مێژووە نوێكەو رزگاریان نابێت, گاندی سەر بە چینی براهما بووەو باوەڕی بە سستەمی كاستاتی هیندۆسی هەبوو, چەندە ئاشتی خواز بێت, چەندە روت و قوت و لاوازو چاوی كز بێت, چەندە گۆچانەكەی باریك بێت.چڵە زەیتوونەكان دەستی چەندە سەوزو زۆر بن, خۆشەویستی و بەرگی پیرۆزی براهمایی دادی نادات و دەبێت بچێتە بەر دادگاییكردنی سستەمی زاڵمانەی كاستاتی هیندۆسی, پەیكەرەكەی لە حەرەمی زانكۆی غانا لادرا, بەهۆی ئەوەی ناوبراو بە ئەفریقیەكانی وتووە دواكەوتوون. لە بالتیمۆری هەرێمی ماریلاندی ئەمەریكا خۆپیشاندەران پەیكەری كریستۆفەر كۆڵۆمبسیان شكاند و فڕێیان دایە ئۆقیانووسی ئەتەڵەسییەوە, كۆڵۆمبسێك رۆژئاوای كردە كەڵەگای جیهان, سەرچاوەی نیعمەت و خشڵ و زێڕو خاكی پان و بەرین و بەبەرەكەتی تازە دۆزراو بوو بۆیان, كەچی ئەمڕۆ پەیكەرەكان وەك شێرە بەفرینە لەبەردەم نەوەی كۆیلەكان دەتوێتەوەو بێڕیزی پێ دەكرێت, تەنانەت ئاڵای ئەمەریكاش سوتێنرا لە سەردەمی هێزی یەكەمی ئەمەریكا دا. وێڵسن سەرۆكی 28ەمینی ئەمەریكا, لە كاتی خۆی زۆرترین رێزو خۆشەویستی هەبوو, كەچی لە رێكەوتی 27-6-2020دا زانكۆی برینستۆن لە ولایەتی نیوجیرسی ئەمەریكا ناوی لەسەر بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان هەڵگیرا, بەهۆی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر بە رەش پێستەكان. تاوانی راستیزم چەرچڵیشی گرتەوە, نە سەركەوتنەكانی جەنگی جیهانی دووەم و نە نۆبڵی ئەدەبەكەی فریای نەكەوت, چونكە پشتیوانی داگیركاری هیندستانی كردووە. لە شاری ئەنتۆرپنی بەلجیكاش پەیكەری لیبۆلدی دووەم لادرا, كە لە ساڵانی 1865 بۆ 1909 حوكمی وڵاتی كرد, چونكە لە نێوان ساڵانی 1885 بۆ 1909 زیاتر لە 10 بۆ 15 ملیۆن كۆنگۆیی لە ماوەی دەسەڵاتیدا كوژران, پەیكەرەكەی بە پەیكەری یاریزانێكی تۆپی پێی ناوداری شارەكە بەناوی تۆبی ئەلدرۆیلد گۆڕایەوە. كۆڵۆمبییەكان لە رێكەوتی 28-4-2021 پەیكەری سیباستیان دی بیلالكازار لە شاری سانتیاغو دی كالی , سێیەم گەورە شاری وڵات روخاند, كە بنیات نەری شارەكە بوو لە ساڵی 1536ی زاینی, وەك هێمایەك بۆ داگیركاری ئبیسپانەكان سەیر دەكرا. بەم شێوەیە لە زۆر وڵات وەك رمانی پولی دۆمینە, پەیكەرو ناوی لایەنگرانی سستەمی كۆیلایەتی و راسستەكان داڕمان, هێشتا ناوێكی زۆری دی ماوە, بە چاوی سوكەوە سەیری رەش پێستەكانیان لە قالبی ئاینیدا كردووە, بچنە ئەو فەرهەنگە نەفرەتییەوە. هاوكات هەموو هێماكانی حكومەتی كۆنفدرالی باشوری ئەمەریكا لادران, چونكە دژ بە هەڵوەشاندنەوەی سستەمی كۆیلەدری بوون لە ساڵی 1861 دا, ئاڵای كۆنفدراڵی لە ولایەتەكانی باشور هەموو داگرتران. ئەمانە بە پراتیك نووسینەوەیەكی نوێی مرۆڤانەی مێژوو بوو, نەك وەك ئەوەی ترامپ وتی” وێران كردنی مێژوو”. سەرۆكی فەڕەنساش دەستخۆشی لە تانەر ئەكچام مێژووناسی تورك كرد كە لە پەرتوكێكدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان, ناوبراو لە پەرتوكەكەیدا فەرمان و بڕیارەكانی خەلافەتی عوسمانی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بڵاو كردەوە, وەك سەلماندنی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بە نەخشە لە لایەن دەوڵەتەوە. ئەم شێوە نووسینەوە مرۆڤانەیەی مێژوو دەبێتە رێبازو قوتابخانەی داهاتوو, نەك تەنها مێژووە دەستكردەكانی چینە باڵادەستەكان, بەڵكە تەواوی ئەفسانە پیرۆزەكانیش رادەماڵێت. ئێمەش رۆژێك دەبینە بەشێك لەو قوتابخانە مرۆییەی مێژوو, بۆیە چەندە زوو پێی بگەین, زووتر مێژوو رزگار دەكەین لە درۆ, تا مێژوو لە درۆ رزگار نەكەین ناتوانین بۆ پێشەوە بڕۆین, بە مێژووی درۆوە كە سیاسییەكان نووسیویانە, داهاتوومان نابێت, ئەم رزگارییە تەنها بە روتكردنەوەی سیاسییەكان دەبێت لە بەردەم ئاوێنەی دادوەری, بۆ ئەوەی وەك هەن نیشان بدرێن, نەك وەك ئەوەی خۆیان نمایش دەكەن. دەستەبرژێری سیاسی كورد لە مێژوو دەترسن, دەیانەوێت بە سەركوتكردن بەرەو روی دەرخستنی راستییەكانی ببنەوە, بە یاداوەری نا راست خۆیان لە هەڵەو تاوان و پێشێلكارییە زەقەكانی رابردوو پاك بكەنەوە.
لەم روانگەیەوە وەك بەشێك لە خێزانی مرۆڤایەتی, دەتوانین مێژوویەكی نوێ بۆ كوردستان بنووسینەوە, لەسەر پایەی راستییەكانی رابردوو و مێژوو, لە سەرەتاوە بە دیدێكی مرۆیانە بڕوانینە كارو كردەوەی بزوێنەرانی ئەو مێژووە, كە خۆی لە ئەكتەرە چالاكەكانی كۆمەڵگا كە بە سەركردە سیاسییەكان ناو نراون دەبینێتەوە, چۆن ولسن و كۆڵۆمبس و گاندی و چەرچڵ و فرانكۆو …. چۆن جارێكی دیكە لە دیدێكی مرۆڤانەتر لە رابردوو خوێنرانەوە, بزانین ئەم ئەكتەرانەی كوردیش پەپولە بوونە یان تاوانكار؟, لێرەوە دور لە رق و قینەو سۆز بۆی بچین, بە حەقیقەتی خۆیانەوە تەسلیم مێژوویان بكەین, كارەكانیان بخەینە بەردەم لێكۆڵینەوەی وردو پشكنینی یاسایی و روتیان بكەینەوە لەبەردەم ئاوێنەی رابردوو, تا ئەم راستیە دەرنەخەین, ئەوا مێژوو زوڵم لە قوربانیانیان دەكات, یاداشتە درۆیینەكانی ئەوان دەبنە راستی مێژوویی, پێویستە ناچار بكرێن بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە رابردوو قەبوڵ بكەن.
تاوان یەك پێوەری هەیە ئەویش دادوەرییە, بەو پێوەرە حەقیقەتی یاساییەكەی دیاریدەكرێت و دەپێورێت لە ئاستی جیهانی, ئەگەر سزاكانیش جیاواز بن, جیاوازی ناكات لە ناسنامەی بكەر لە هەموو روەكانەوە, گرنگ كەسی تۆمەتبار پاش ساغبونەوەی تۆمەتەكان لە سزا رزگاری نەبێت, لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە, لەسەر نەبوونی جیاوازی لە نێوان پێگەی تۆمەتبار دەسەڵاتدار بێت یان ئۆپۆزسیۆن, تەنانەت ئەگەر دەسەڵات نەفرەت لێكراویش بێت بۆ وڵاتانی باڵادەستی جیهانی ” هاشم تاجی سەرۆك پێشوی كۆسۆفۆ و سەرۆكی سوپای رزگاری كۆسۆفۆو سێ لە هاوڕێكانی, رابەرایەتی خەباتی چەكداری گەلی كۆسۆفۆی كرد, بۆ گەیشتن بەوەی پێی گەیشتن, تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرەو رویان كرایەوە, كە خۆی لە 100 تاوان دەبینێتەوە, لە نێوان ساڵانی 1998 و 1999 ئەنجامی داون, لە كوشتن, بێسەروشوێنكردن, چەوساندنەوەو ئەشكەنجەدان, لە 6ی نۆڤەمبەری 2020ەوە لە زیندانی دادگای تایبەت بە كۆسۆفۆیە لە وڵاتی هۆڵەندا, چاوەڕوانی دادگاییكردنە, نموونەی دووەم لە ڕۆژی دووشەممە 18-5-2009 بەحر ئیدریس ئەبوقردە, سەرۆكی بەرەی بەرگری یەكگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاهای هۆڵەندا, ناوبراو لەگەڵ دوو سەركردەی دارفۆری دیكە كە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە” ئای سی سی” تۆمەتبار كران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی هێزەكانی ئاشتی پارێزی سەر بە یەكێتی ئافریكا لە دارفۆر لە ساڵی 2007, كە لەو پەلامارەدا 12 كەس لە هێزەكانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختكردووە, لە تشرینی دووەمی ساڵی 2008, داواكاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆكامبۆ بڕیاری دەستگیر كردنی سیان لە سەركردە سەربازیەكانی دارفۆری دەركرد بە تاوانی هێرشی ناوبراو, هێرشی بۆ سەر هێزەكانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە ناوزەد كرد, دواتر لە پرۆسەی دادگاییكردنەكە قردە بێ تاوان دەرچوو, ئازایانە چووە بەردەم دادگا”, مەبەست لەم دوو نموونەیە جیاوازی نەكردە لە نێوان بەرهەڵستكاری و حكومەت لە سزای تاوان, لە هەردوو وڵاتەكە سەرۆك كۆمارەكانیان لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە تۆمەتبار كرابون” میلۆسۆفیج و عومەر بەشیر”, كەچی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەك یەك مامەڵیان لەگەڵدا كراوە بەرامبەر بە گومانی تاوانەكان و دادپەروەری, كە جەنگ دەستی پێكرد, نەك دادپەروەری كۆتایی نایات, بەڵكە دادوەری چاوەكانی تیژتر دەبن, جەنگیش یاسای خۆی هەیە, دەبێت بە پێی یاساو پێوەرەكانی خۆی هەڵسوكەوت بكرێت نەك یاسای جەنگەڵ.

پایەی دادپەروەری جیهانی
پایەی دادپەروەری جیهانی لەسەر سێ كۆڵەكە راوەستاوە, ئەوانیش بریتین لە” دادپەروەری, راستی, قەرەبووكردنەوە”, دادپەروەری لە لێكۆڵینەوە لە هەموو تاوانەكان بێجیاوازی و لێپرسینەوە لە هەموو گومانلێكراوانی تاوانەكان لە دادگایەكی دادپەروەردا بێ چاوپۆشی لە كەس, كە مافەكانی هەردوولا پارێزراو بن بێ لاسەنگی, بە مەرجێك لە كۆتایی پرۆسەكە تاوانبار لە سزا رزگاری نەبێت. هەرچی راستیەكانە, پێویستە قوربانیەكان و كەسوكارەكانیان و كۆمەڵگەش هەموو راستیەكان سەبارەت بە تاوانەكان كە بەرامبەریان كراوە بزانن, هاوكات دەسەڵات پێویستە هەموو راستیەكان و گوتەی هەموو لایەنەكانی تاوانەكان بە فەرمی لە كەناڵەكانی بڵاو بكاتەوە وەك راستی دانیان پێدا بنێت, دان نەنان بە راستیەكان وەك مۆتەكە وایە متمانە ناهێڵێت و حەقیقەتەكان دادەپۆشێت, كۆمەڵگا دەخاتە بواری نا جێگیرییەوە. لە كۆتادا قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و خێزانەكانیان لە روی مادی و مەعنەوەیەوە بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی ژیانیان و لە بیر بردنەوەی تاوانەكان بەشێكی گرنگی پرۆسەكەیە, بێ قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوی دادپەروەری لاسەنگ دەبێت.
دادپەروەری یەك پاكێجە لە جیهان, تاوانە گەورەكان یەك پێناسیان هەیە, لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دی ناگۆڕێت, یەك پێوەری ستانداردی جیهانیان هەیە, كە پایەكەی لەسەر بنەماكانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و رێكەوتنامەی جنێف و مافی مرۆیی جیهانی راوەستاوە, ئیبراز كردنی كۆمەڵكوژیەك و فەرامۆش كردنی دانەیەكی تر، بە پێی هێزو فاكتی بەرژەوەندی ئەو لایەن و دەوڵەتەی لە پشتی وەستاوە, پێچەوانەی دادپەروەرییە, هاوكات كارێكی نا ئەخلاقیشە, نموونە كورد و ئیگۆر لەمڕۆی جیهان.
كولانەوەی برین
باسكردنی تاوانە زەقەكانی رابردووی كوردستان, بەشێك نییە لە كولاندنەوەی برین وەك لایەنگرانی تاوانكاران ئاماژەی پێدەدەن, برینەكەی ئەوان لە پێناو دەرباز بوونە لە سزا, باس نەكردن و رێگا گرتن لە باسكردنی تاك بە تاكی تاوانەكان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری, بۆ خۆی بەشێكە لە تاوان و برینە راستەقینەكەیە, نەبوونی دادپەروەری برینێكی قوڵە لە جەستەی دەسەڵات, مرۆڤەكان لە كەرامەتدا یەكسانن باوەڕو پێگەی چینایەتی و پلەو پۆستیان هەرچیەك بێت, بۆیە پێویستە بێجیاوازی لە هەموو تاوانەكان رابردوو بكۆڵرێتەوە, كەرامەت بۆ قوربانیان بگەڕێنرێتەوە, دادپەروەری دژ بە ئاشتەوایی نییە, بەڵكە ئەوە ئاشتەواوی كۆمەڵایەتییە بێ دادپەروەر نایاتە دی, نرخی مرۆڤەكان و سزای تاوانەكان لەسەر بنچینەی ئینتمای سیاسی و ناوچەیی و حیزبی و عەشیرەتی دیاری ناكرێن, بەڵكە هەموو لەهەمبەر یاساو دادوەریدا دەبێت یەكسان بن, هیچ كەسێك لەوانەی لە تاوانەكاندا دەستیان هەبووە لە لێكۆڵینەوەكان بەدەر ناكرێن, بەهۆی پێگەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و پۆستی سیاسی و حیزبیەوە, رابردوو لەسەر شانۆی هەنووكەیە, تاوانەكان ناسڕێنەوە بەهۆی پۆست و پارێزبەندی سیاسیەوە, دەبێت دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, هەر كەسێك و هەڵگری هەر ئاین و بیروباوەڕێكی سیاسی بێت قوربانی, حەرامیش نییە و بگرە ئەركی چالاكوانانی مافی مرۆڤە بێجیاوازی لە نێوان بكەرەكان و پێگەی سیاسی و جەماوەری ئێستایان دۆسیەكان بجوڵێنن, لێ بەش بەش كردنی تاوان كارێكی نا ئەخلاقییە, نابێت هیچ لاپەڕەیەكی تاوانی رابردوو لە تاریكیدا بمێنێتەوە, لە كاتێكدا مێژووی 6 دەیەی رابردوومان تژییە لە تاوانی زەقی سیاسیەكان تا ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆسایدیش لە هەندێك كاتدا, زیاتر لەوەی هاشم تاجی ئەنجامی دابوو, كارەساتی گەورە شاردنەوەی برینە بەناوی نەكولانەوە, وە درێژكردنەوەی تەمەنی برینەكانە تا ئاستی شێر پەنجە و مەرگ, تا ئاشتی لە گەڵ رابردو رانەگەیەنرێت, دوا رۆژ بنیات نانرێت, نابێت دادوەری لە ژێر دەسەڵاتی سەركەوتوواندا بێت, سیاسەت رۆڵ ببینێت لە یەكلاكردنەوەی دادوەری بە قازانجی براوەكان, جیاكاری بكرێت لە نێوان كەیسەكان, دادوەری بە یەك دوورایی لە هەمووانەوە بێت, وەك یاسای نێو دەوڵەتی دیاریكردووە , تاوانە زەقەكان كات و شوێن نابێتە رێگر لەبەردەم داواكردنی سزادانی بڕیاردەران, بكەران و هاندەرانی, بەشدارانی.
دەسەڵاتی كوردستان, نایەوێت دەرگای هیچ لێپرسینەوەیەك لە رابردوو بكرێتەوە, بەناوی ئاشتەواییەوە, ئەمەش پێشێلی مافی قوربانیانە, پێویستە گوێ بۆ قوربانییەكان رابگرترێت, رۆشنبیری لێپرسینەوە پشتیوانی لێبكرێت, راستییەكانیان بۆ ئاشكرا بكرێت, قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوە, تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت. دیارە سستەمی دادوەری بەهێز نەبێت , تاوانكار لە سزا دەربازی دەبێت, تاوانەكان چەندە كۆن بن, گرنگە وەبیر بهێنرێنەوە , كۆمەڵگا ل گەڵ رابردوو ئاشت بكرێنەوە, ماف بۆ زۆرلێكراوان بگەڕێنرێتەوە, چونكە ئەگەر تاوانكار لە سزا رزگاری ببێت, ئەوا لە داهاتوودا بەردەوام دەستی بۆ تاوانی دیكە دەخورێت. مانەوەی برین و چارەسەرنەكردنی نەخۆشی, یانی بەرداوامیدان بە كولانەوەو پەروەردە كردنی میكرۆبی زیان بەخش لە جەستەی گەلدا, كەسی تاوانكار هەڵگری میكرۆب و ڤایرۆسی كوشندەی تاوانە, چونكە تا برین بوونی هەبێت لە جەستەدا كولانەوەش بەردەوام دەبێت, گوزارشتە لە نەخۆشی جەستە, جەستە بۆ خۆی برینی كوشندەی تێدا نەبێت, كولانەوە بوونی نابێت, كولانەوەو برین جوتەن, بێ یەكتری هەڵناكەن, باشترین رێگا چارەسەركردنی برینە لە رێگای دادپەروەرییەوە, بوونی برین دەریدەخات مرۆڤەكە تەندروست نییەو توانای گەشەی نییەو بەرەو مەرگ دەڕوات, وە چارەسەری ئەمەش لای خەڵكی نییە, بەڵكە لای دادپەروەرییە, چەپڵە تاوان ناسڕێتەوە, تەنها دادوەرییە دەیسڕێتەوە, دورینەوەی دەمەكان و هەڕەشەی باس نەكردنی نەخۆشیەكە چارەسەر نییە, بەڵكەچارەسەر لای سزادانی ئەو كەسەیە تاوانی ئەنجامداوەو نەخۆشی تاوان لە جەستەیایەتی و هەڵگری ڤایرۆسی تاوانە, نابێت بوونی چەند تاوانكارێك ببێتە هۆی نەخۆشی گەلێك, باشترین چارەسەر بڕینەوەی نەخۆشیەكەیەو لە بنەڕەتەوە دەرهێنانێتی, كە خۆی لە دادگایی یاخود لە نەرمترین شێوەیدا لێبوردەیدا دەبینێتەوە. لێبوردەییش لە نەرمترین شێوازیدا بێبەری نییە لەوەی تاوانكار وەك خۆی كە تاوانكارە نیشان بدرێت لە كۆمەڵگادا و دان بە راستیەكاندا بنێت و داوای لێبوردن بكات, لێبوردەیی لە نەرمترین شێوازیدا هەموو ئەم پرۆسانەی لە گەڵدایە, دان نان بە تاوان و داوای لێبوردنكردن و بڵاوكردنەوەی هەمووو راستیەكان. ئەگەر قوربانی ژیانی لێ سەندرابێتەوە, ئەگەر كەسوكارەكەی دادوەرییان بۆ نەگەڕابێتەوە, تاوانكار لە پێگەی تاوانبارییەوە دانی بەراستیەكاندا نەنابێت و داوای لێبوردنی نەكردبێت, ئەوە تاوانكار بەردەوام لەبەردەم چەقۆی گەڕاندنەوەی دادپەروەری و سزا داندا دەبێت, كە ئەمەش كەمترین هەنگاوە بنرێت, بە مردنیش ئەم تارماییە لە كۆڵی نابێتەوە, چونكە دادپەروەری هەر دەگات بە راستیەكان و لە مێژوودا وەك ئەوەی هەیە تۆمار دەكرێت, وێڕای ئازاری ویژدان و دەرونی, تاوانكار خۆی دەزانێت چەپڵەی لایەنگرانی نەزان چەندە زۆر بێت, پیاهەڵدانی گەمژەكان تژی بێت و كۆمەڵگای داگرتبێت, هێزی زەبلاحی هەبێت, هژمۆنیای لە قوڵایی ئاسماندا بێت, نووسینەوەی یاداوەری درۆینە تاوان ناسڕیتەوە, بچوكە لە ئاست قوربانیەكی بێدەسەڵاتدا, بەردەوام تارمایی تاوانەكە راوی دەنێن, حەقیقەت بە دوای وەڵام نەدراوەكاندا دەگەڕێت, تەنها بە پیادەكردنی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و وەرگرتنی سزاو و قەربوكردنەوەی قوربانیان وكەسوكارەكانیان و دان نان بە هەقیقەت چ وەك چۆنیەتی تاوانەكە وە چ وەك حەقیقەتە یاساییەكە و داوای لێبوردن كردن لە قوربانیان و زیانلێكەتووان ئازارەكە سوك دەبێت نەك كۆتایی پێ بێت, كۆتایی هاتن نییە لە روی تۆماری مێژوو لە سیڤی كەسی تاوانباردا, تاوان هەقی بەسەر ئەوەوە نییە كێ ئەنجامی داوە, پێگەی چییە لە ئێستادا و چی دەكات لە داهاتوودا, بەڵكە هەقی بەسەر كردەوەكانی رابردوەوە هەیە, تاوان كاری رابردوون, وەلێ سزاكەیان كاری ئایندەیە, كەسێك ببێتە بكەری تاوان ئەوا تاوانبارە ئیتر هەر كێیەك بێت, لەگەڵ كردارەكەدا نازناوەكە هەڵدەگریت, نكۆڵیكردن لە تاوان و پیرۆز كردنی تاوانبار بۆخۆی بەشێكە لە تاوان.

دان نان بە راستیەكان و رزگار نەبوون لە سزا
سیاسیەكانی كوردستان ویستیان لە گەڵ دان نان بە راستییەكاندا نییە, نایانەوێت روت بنەوە, دان نانی ئەوان بە راستیەكانی رابردوودا ئەستەمە, نەخوازەلا داوالێبوردن كردن و ئامادەیی بەردەم دادگا, داوای لێبوردنكردن بەرپرسیارێتی ئەخلاقییە, ئەوان فێری نەبوونە, مرۆڤ كە داوای لێبوردن دەكات خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ كارێكی ناڕەوا كە لە رابردوو ئەنجامی داوە, دان نانە بەو زیانانەی كە داوێتی, وە دەربڕی ئەوەیە لە داهاتوو دوبارەیان ناكاتەوە, كە نەیكرد یانی هەمووكات ئامادەیە بۆ دوبارە كردنەوەی ئەگەر هەلی بۆ رێك بكەوێت. بۆ ئەوەی لەگەڵ رابردوودا ئاشت بنەوە هەموو ئەوانە پێویستن, نابێت بەسەر هیچیا باز بدرێت, بە هیچ جۆرێك نابێت لێبوردن بۆ تاوانی تاوانە گەورەكان دەربچێت, دەریشبچێت یاسایی نییەو ناكۆكە لە گەڵ پرنسیبە جیهانیەكان, دەبێت دان بە یاسایی تاوانەكاندا بنرێت بە پێی یاسای نێو دەوڵەتی. گەریلاكانی فارك لە كۆڵۆمبیا دانیان بە راستیەكاندا ناو داوای لێبوردنیان لە قوربانیەكانیان كرد, ئەوانیش لە چیاو لەناو جەنگەڵەكاندا بوون, راستیەكانیان دەرخست و ئامادەی قەرەبوكردنەوەشن.
هەنگاوی یەكەمی چەسپاندنی حوكمی یاسا لەهەر وڵاتێكدا سەرەتا بە دادگاییكردنی ئەمانە دەست پێ دەكات, نەك لە دەرەوەی دادوەری بن و هاوكات ئاڵای یاساخوازیش بەرز بكەنەوە, دادوەری ئاورتەیی تێدا نییە, كەس لە دەرەوەی بازنەكەی نییە, پارێزبەندی نادات بەكەس, خۆ هیتلەر لە وڵاتی فەیلەسوفاندا جەماوەریترین كەس بوو, بینۆتشەو سەدام حوسێن و فرانكۆ خەڵك سەرەتا دەیان ویستن, وڵاتەكانیان پێش خست, بەهانەیان بۆ تاوانەكانیان هەبوو ” فرۆید دەلێت “ئەگەر بێت و زۆر لە تاوانبار بكۆڵینەوە دەبینە لایەنگری، چونكە ستەمكار‌ بیانویەكی بە ‌دەستەوەیە بۆ تاوانكردن”.نوسینەوی بیرەوەری و كورد و نامۆبوون بە مێژوو-دانا مەنمی‌ “. غۆنتر غراس نۆبڵی وەرگرت, وەلێ لایەنگری لە نازی لە قۆناغی لاویدا لە بیر نەكرا. كەس ناتوانێت لەژێر پەردەی حیزب و حكومەت و شەڕدا تاوانەكان خۆی بشارێتەوە, بە پێی پرنسیب و یاساكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا جیهانیەكان كەس تاوانبارە نەك حیزب و حكومەتەكان, بەرپرسیارێتی تاوان لە ئەستۆی تاكە, بۆیە كەس ناتوانێت لە ژێر ئەو پەردانە خۆی بشارێتەوە, لە دارفۆر عومەر بەشیر لە پاڵ ئەحمەد هارون وەزیری ناوخۆو عەلی محەمەد عەلی فەرماندەی جانجوید تاوانبارن نەك سودان و پارتی كۆنگرەی گەل, نموونە لەم بوارەدا زۆرن, هەموو كەیسەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەم پێوەرەن, بۆیە ئەوانەی لە رابردوو لە كوردستان تاوانیان ئەنجامداوە كەسەكانن نەك پارتەكان”بڕیار دەران, بانگەشەكەران و هاندەران”راگەیاندن كاران”, جێبەجێكاران, بەشداران”, دیاریكردنی ئەمانەش لە رێگای تۆمەت بەخشینەوە نابێت, بەڵكە لە رێگای لێكۆڵینەوەو دادگاییكردنەوە دەبێت, رێگریكردنیش لە دادگاییكردن ئەوەش بۆخۆی تاوانە, دادگاییكردن وەك كوشتنی بەزەیی وایە, ئازاری نەخۆش كەمدەكاتەوە, كەسی تاوانبار هەمیشە ئازاری دەروونی هەیە, پێویستە لە رێگای دادگاو سزاوە رزگار بكرێت لەو ئازارە دەرونییە, تا ئەمانە سزا نەدرێن لە دادگادا و قەربوی بنەماڵەی قوربانیان نەكرێتەوە, روفاتی قوربانیان نەدرێتەوە بە بنەماڵەكانیان, مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروست نەكرێت, دادپەروەری ناگەڕێتەوەو برینەكانیش بێ چارەسەر هەر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبن لە كولاندنەوەو ئازارەكان لە گەڵ تەمەندا دێن, روحی تاوانەكان هەمیشە وەك مۆتە بەسەریانەوەیە وەك تارمایی دەمێنێتەوە, كۆمەڵگاش بە دەم ئەم برینە ئەبەدیانەوە دەتلێتەوە.
بە پێی كات سزای تاوان و تاوانكار ناگۆڕێت, چونكە تاوانەكان ئەوانەی رویانداوە لە رابردوو و بەردەوامیشە, تا ئاستی تاوانە گەورە جیهانیەكان دەڕۆن, ئەوانەی لە خەمی نەكولاندنەوەی برینەكاندان پێویستە داوای زوو جێبەجێكردنی دادپەروەری بكەن نەك شاردنەوەی, دەبێت تاوانباران دان بە رابردووی خۆیاندا بنێن, دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, بە رێگا گرتن لە دەربازبوون لە سزا, تا دادپەروەری نەگەڕێتەوە بۆ تاوانەكانی رابردوو, ناتوانین دوا رۆژی باشتر بەدی بێنین, تا یاسا نەبێتە هێڵی جیاكەرەوەی تاوانكار و قوربانی, ئەوا ئاشتەوایی بەدی نایات, دادوەری دادپەروەر, دادوەرە لە نێوان قوربانی و تاوانكاردا, ئەوە سنوریان جیا دەكاتەوە, نەك پۆست و دەسەڵات و هێزو باوەڕی سیاسی, بێلایەنكردنی دادگاكان و داماڵینیان لە هەژموونی سیاسەت. كەڵتووری لێبوردەیی و دادپەروەری و بەهێزكردنی داواكاری گشتی هەنگاوی یەكەمە لەو بوارەدا, كەواتە با بەفلاش باكی گومانەوە بگەڕێنەوە بۆ دواوە, كۆمەڵگا لەو درم و ڤایرۆسە پاك بكەینەوە, كە بۆتە هۆی فێڵكردن لە مێژوو, مێژووییەكی لەرزۆك, بە یەك هەناسەی جۆرج فلۆیدێك تەلاری هەڵەتەكێت.

دۆسیەكان رابردوو هێشتا خوێنیان لێ دەتكێت
لە هەموو بارگرژییەك لە نێوان لایەنەكان وەك ئاگر بەردان لە پەرێز, دۆسیەكان رابردوو كڵپە دەسێنێتەوە, تاوانەكان زەق دەبنەوەو دێنەوە مەیدان, تارمایەكانیان بەردەوام بەسەر كۆمەڵگاوە دەبێت, وتەی هەموو لایەنەكانیش بەرامبەر نەیارەكانیان لە ژماردنی تاوانەكانیان لە راستیەوە نزیكەو حەقیقەتێك هەیە لە ئەنجامدانی, تا دادگا یەكلای دەكاتەوە, ئەوا هەر مۆتەكەی بە راستی دەمێنێتەوە, تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش زیاتر خەڵك لە ناوەڕۆكەكانی ئاگادار دەكاتەوە. هیچ بەهانەیەك بۆ هیچ كەسێك, لە ژێر هەر ئاڵایەكدا بێت نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان, چونكە یاسا ودادپەروەری لەو چركە ساتانە كۆتاییان نایات كە بەهانەی تاوان دێنە پێشەوە لە شەڕو ململانێی سیاسی, بەڵكە لەو چركە ساتانە چاوەكانی تیژتر دەبن. لە هیچ بارودۆخێكدا مرۆڤەكان دەست كراوە نین بۆ ئەنجامدانی تاوان, ئەگەر هەڕەشەشی لەسەر بێت و لایەنی بەرامەریش پەلاماردەرو هەڵەو تاوانباریش بێت تا ئاستی خیانەت وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن, هەموو لایەنەكانی شەڕ دەبێت ڕێز لە یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بگرن, بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان مامەڵە بكەن, دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەك ئاست لەبەرامبەر لێپرسینەودان, كە چویتە شاخ, یان چەكت بەناوی بزاڤی نەتەوایەتیەوە هەڵگرت, یان نەیارەكەت دڕندەو بێزلێكراو بوو لە ئاستی جیهانی, یان و یان رێگا بە تۆ نادات, لە دەرەوەی پرنسیبەكان تاوانی قەرەقوشیانە ئەنجام بدەیت, لە كوشتنی دەرەوی دادگا, تیرۆر, ئەشكەنجە, كوشتنی دیل, ئەشكەنجە دانی هاوڵاتیان, بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیان لە كاتی شەڕی ناو لادێ, شوێنبزركردن, چەكداركردنی منداڵان, ڕفاندن و كوشتنی هەڕەمەكی, نرخ دانەنان بۆ ژیانی مەدەنیەكان، هێرشی مەرگهێنەرانە‌ لە ناوچەكانی دانیشتوان كە خەڵك تیایاندا كوژراون و برینداركراون, كردنی وڵات بە نێوجەرگەی شەڕی وڵاتان, رێگا گرتن لە دەرباز بوونی خەڵك لە ناوچەكانی شەڕ, رێزنەگرتن لە سەروەت و سامانی خەڵكی, نە پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتیان و بێبەشكردنی مرۆڤ لە ئازادی وە سەپاندنی مەرج, ئەشكەنجەدان, چارەنوسی رفێنراو دیلەكان, هەڵسوكەوتی توندو پێشێلی كەرامەت, دو خستنەوەو زەبروزەنگی سێكسی, تیرۆری پەنابەران و تەسلیمكردنەوەیان, تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی سڤیل……… لە رابردوودا هەموو ئەو جۆرە تاوانانە لە كوردستان ئەنجام دراون, هەموو قوربانیەكانیان پێویستیان بە دادپەروەری, راستی, قەرەبوو كردنەوە هەیە, هەموو قەرەبووكردنەوەیەكیش مۆنمێنت و یاداوەری وە بیرهێنانەوەی لە گەڵدایە. تاوانەكان هێندە زۆرن دوای قۆناغی دادپەروەری وڵات دەبێتە وڵاتی یاداوەری و مۆنمێنت و وەبیرهێنانەوە. لە پشت ئامارە خەمبارەكانەوە رووناكیەك هەیە, ئەویش كردنەوەی دەرگاكەیە, هەرچەندە نایانەوێت ئەم دەرگایانە بكرێنەوە, وەلێ جیهان بەرەو ئەوە دەڕوات, ئەوان لە ڕووی كەلتووری سیاسییەوە لە جێی خۆیان نەجووڵاون وەك نەرێت, دەستەواژە رۆژئاواییەكان كاریگەری نەبووە لە سەریان, دەكرا دانپێدانانی ئاشكرا بە تاوانە ئەنجامدراوەكان و بە داوای لێبوردن كردن, تارمایی رابردوو لە ملی خۆیان بكەنەوە, وەلێ ئەوان لە روت بوونەوە زارەتروك بوونە.
ئەگەر چی ئەمانە نەك راستیەكان بڵاو ناكەنەوە, وە دەرگای دادوەریان لەبەردەم قوربانیان داخستووە, بگرە ئامادە نین بچوكترین هەنگاو كە دان نانە بە تاوانەكان و داوای لێبوردن كردنە بنێن. هیچ سیاسیەك و بەرپرسێك لە وتەیەكی نابەجێ و كردەیەكی بەدی رابرووی خۆی پەشیمان نییە و بەرپرسیارێتی هیچ دەرئەنجامێكی خراپیشی هەڵناگرێت كە لە رابردوو ئەنجامیان داوە, ئەوان وشیاری پەشیمانیان نییە, پەشیمانی و داوای لێبوردن كردن بە نەنگی دەزانن لە كاتێكدا لە روی بانگەشەی سیاسییەوە ئیدعای مەدەنیەت و حوكمی یاسا دەكەن, لە كاتێكدا پەشیمانی و داوای لێبوردنكردن ئەخلاق و بەرپرسیارێتییە نەك تەنها بەرامبەر رابردوو, بگرە بۆ داهاتووش, بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانەكان. شەرمكردن لە تاوان و هەستكردن بە گوناح بەشێكن لە هەستكردن بە مرۆڤ بوون. ئەگەر تاوان وەك حەرامی كۆمەڵایەتی بكرێتە كلتور, ئیتر ئەم ملهوڕییە جێگایان لە كۆمەڵگادا نامێنێتەوە, دەبێت لەو قۆناغە دەرچین داوای لێبورد كردن كفری سیاسی بێت, دەبێت بكرێتە بەشێك لە سیاسەتی باو, كلتوری باو, سەردەمی پیرۆز ناساندنی دڕندەیی تۆقێنەر بەسەر چووە, ئاڵای دادپەروری و لێبوردەیی جێگای دڕندەیی گرتۆتەوە.

مێژوو پێویستی بە رزگاركردنە
دۆسیەكان رابردوو پێویستی بە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو دادگای بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات و یەكلای بكاتەوە, هەر چووە پرۆسەی پشكنین و دادگاییەوە, دوای ساغبوونەوە و سەلماندن و بە بەڵگەكردنی رووداوەكان, ئەوا دەبێتە بەشێك لە مێژوو, ئەوجا پێویستە رووداوەكان بە بێلایەنی و زانستی لەسەر بنچینەی راستیەكان بنووسرێنەوە, بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەوەكانی داهاتوو ناچار نەبنەوە دەستكاری مێژوو بكەنەوە.
ئەوان بۆ نەمركردن و جوانكردن و رەوایەتیدان بە خۆیان, هەموو مێژوویەكیان ساختە كردووە, یاداشتەكانیان پچڕ پچڕە, وێڕای بەسەرهاتی تاوانەكان, ناو, شوێن , ساڵ و رۆژی لە دایك بوون , خێڵ و عەشیرەت, هەموو بە پیرۆز دەزانن, دەست لێدانیان قەبوڵ ناكەن, بۆیە دەبێت هێما پیرۆزەكان هەڵتەكێنرێن و روت بكرێنەوە, هەموو مێژووەكان سەر لە نوێ بنووسرێنەوە, بەمەش هەندێك خراپ لە داهاتوودا باش دەبن, هەندێك باشیش خراپە بن, هەندێك ئازایەتی ئەمڕۆ سبەی دەبنە تاوان, هەندێك ترسنۆكی ئەمڕۆش دەبنە چرای داهاتوو. كاتێك مێژوو و رەوایەتی لە دیلی ئایدۆلۆجیا و ئەفسانەی نەتەوایەتی و ئاینی رزگاریان دەبێت, ئەوكات پێویستمان بە مێژوویەكی نوێ دەبێت, بە ئازاد بوونی مێژوو لە كۆت و بەندی فەرمانڕەوایان و پیرۆزی و ئایدۆلۆژیا, ئیتر سەرتاپای ئەو مێژووە دەگۆڕێت. دەسەڵاتداران و پەیڕەوكەرانی ئایدۆلۆژیا و ئاینەكان بۆ بە پیرۆز كردنی مێژووەكەیان نووسیویانە, مێژوییەك قسە كردن لەسەری بۆتە كفر. ئێستا دەبێت مێژوو لە روانگەی بەها دادپەروەریەكان ئازاد بكرێت, مێژوو لە پیشەسازییەوە بكرێتە حەقیقەت, لە ویستی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندییانەوە بكرێتە نووسینەوەی راستییەكانی رابردوو. بنچینەی فەلسەفەی مێژوو بریتییە لە پشكنین و گەڕان بەدوای دوو وەڵامدا, كەی و چۆن رویاندا؟, كێ و لە كوێ ؟, چۆن و كێكانمان هەموو درۆن, مێژوو پڕە لە درۆی كەسانی تاوانبار و دزو ترسنۆك و بوغزاوی ئەژدیها ئاسای فێڵباز. مرۆڤ لەو رۆژەوەی لە دایك دەبێت مێژووەكەی دەست پێدەكات، بە چاك و خراپیەوە, نابێت كەرت كەرت بكرێن, مێژوو ئاوێنەی هەموو كردارەكانیەتی, بە ئارەزووی خۆی و هەواداران نانوسرێتەوە, بەڵكە كردارەكان وشەكان كە پێكهاتەی مێژووەكەن دیاریدەكەن, هاوكات مێژووی دوێنێ لەمرۆ جیاناكرێتەوە, هەموو پێكەوە یەكەیەكی دانەبڕاون, نابێت مێژوو پیرۆز نیشان بدرێت, دەبێت پیرۆزیی لێ وەربگرترێتەوە, تەنانەت پیرۆزی لە ئەفسانەكانیش وەربگرترێتەوە, رەوایەتی پێ بدرێت و تەسلیم بە راستیە زانستیە سەلماوەكان بكرێت, مێژوو ئاوێنەی ژیانی رابردووە.
كەواتە ئەوەی هەیە و نووسراوەو ناو نراوە مێژوو, حەقیقەتەكانی هەموو رێژەییەو لە گۆڕانە, ناتوانرێت راستیەكان تا كۆتایی بشاردرێنەوە, ئەگەر دەرگای راستیەكانی مێژووش داخرابێتن بە زەبرو ستەمكاری, لەودیو دەرگاكانەوە راستییەكان خۆیان رزگار دەكەن و سەردەردێنن.
نموونەكان چیمان فێر دەكەن

لە رێكەوتی 24-3ی 2021 یادی كودەتای ساڵی 1976 ی ئەرجەنتین كرایەوە, بە ناوی رۆژی راستی و دادپەروەری, بە ئەندازەی ژمارەی قوربانیان داریان چاند لە ژێر ناوی یاداوەری دەچێنین, هەرچەندە قوربانیان لەم وڵاتە لە رابردوودا, بەشێك لە دادپەروەرییان بۆ گەڕاوەتەوە, وەلێ بەردەوامن لە بەزیندویی هێشتنەوەی یاداوەرییەكان, كەچی لە وڵاتی ئێمە نە دادپەروەری گەڕاوەتەوە, نە یاداوەریش رێپێدراوە, قوربانیان بەرەو روی سەركوتی تیرۆری جەستەیی و مەعنەوی دەبنەوە, كەرامەتیان پارێزراو نییە, ناوێرن ئازادانە یادی قوربانیانیان بكەنەوە نەك داوای دادپەروەری بكەن.
دوای 44 ساڵ لە دەسەڵاتی دكتاتۆری فرانكۆ لە ئیسپانیا, تەرمی فرانكۆ لە گۆڕستانی تایبەتی فرانكۆییەكان لە دۆڵی لە شەهیدان بەناوی «فالی دی لوس كایدوس» دەرهێنراو لە دەرەوەی شاری مەدرید لە پاڵ كەسوكارەكەی لە گۆڕ نرایەوە, هاوكات مۆنمێنتەكانیان تێكدەدرێت, بانكی دی ئێن ئەی دروست دە كرێت, تەرمی قوربانی\یەكان دەردەهێنرێنەوە و دەناسرێنەوەو دەنێژرێنەوە بە مەراسیم, بە پێی ئامار زیاتر لە 110 هەزار قوربانی هەیە, گۆڕەكانیان دیار نین, هەروەها گۆڕستانەكەش دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی ئاسایی, هاوكات هەموو پەیكەرەكانی فرانكۆ لابردران, ناوی ئەو شوێنانەی بەناوییەوە بوون گۆڕان, سێشەممە رێكەوتی 23-2-2021 دوا پەیكەری فرانكۆ لە شاری ملیلیە شكێنرا و شوێنەوارەكەشی پاككرایەوەو تەعقیم كرا. جێگیری سەرۆك وەزیرانی ئیسپانی كارمن كالفۆ وتی ” دان پێنان, قەرەبوو, كەرامەت و دادپەروەری بۆ قوربانیان”, هاوكات بڕیار وایە قوربانیان قەرەبوو بكرێنەوە. بەرامبەر بەم كارانە دیسانەوە راستڕەوەكان حكومەتی چەپیان بە كولاندنەوەی برینەكانی رابردوو تۆمەتبار كرد, لە كاتێك هیچ نەكراوە, بەشێك لە مافی قوربانیان بۆیان گەڕاوەتەوە.
مێژوو پڕە لە خوێن و كوشت و بڕ, زوحاك لە چاویانەوە فریشتەیە, زوحاكەكانی ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە زوحاكە ئەفساناویەكانی رابردوو تاوانیان كردووە, لە بری ئەوەی ئەژدیها لەسەر شانیان بڕوێت, خۆیان بونەتە ئەژدیهای حەوت سەرە. لە مێژووی نوێدا ئەژدیها ئەژدیهایە نەك پەری دەریا, كەواتە كار بكەین بۆ نووسینەوەی مێژوو لە بەر رۆشنایی دادوەری دادپەروەریدا, پێویستە پەری و ئەژدیها لەیەكتر جیابكەینەوە. پێش هەموو كارێك پێویستمان بەو جیاكردنەوەیە هەیە, پێویستمان بە دەستنیشانكردنی زاڵم و زوڵمەكان رابردوو هەیە, بۆ ئەوەی لە رێی ئەو زاڵم و ئەژدیهایانەوە نەبینە دێو, پێویستە زڵم و زوڵمەكان پێكەوە چەسپ بكەین, هەموو زوڵمەكان بلكێنینەوە بە زاڵماكەنەوە.
چۆن ئەمان لە دەرەوەی دادگایی روكەشدا ژیانیان لە قوربانیان سەندەوە, یان هۆكار بوون, ئێستا پێویستە كرادارو بڕیار و دادگاییەكان رابردوو دادگاییبكرێنەوە, تاوانەكان سەرلەنوێ بپشكنرێنەوە, پێویستە تاوانباران دوای دادگاییكردن و ساغبونەوە, هەموو ئیمتیازاتەكانیان وەك رێزلێنان و مەدالیا و و نازناوەكانیان لێ بسەنرێتەوە, ئەو مۆنمێنت و دەزگایانەی بە ناویانەوە كراوە, لێیان وەربگرترێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ حكومەت, لە گۆڕستانە تایبتیەكان دەربهێنرێنەوە, ناوی ئەو شوێنانەی بەناویانەوەیە بگۆردرێن بە ناوی قوربانیان, لە شوێنی پەیكەرو مۆنمێنت و مەرقەدەكانیان, یاداوەری قوربانیان دروست بكرێت, لەو سەروەت و سامانەی بە ناڕەوا پێكیانەوە ناوە, قەرەبووی قوربانیان بكرێتەوە, تیرۆری جەستەیی و مەعنەوی قوربانیان و نكۆڵیكردن لە تاوانەكان وەك تاوان سەیر بكرێن و سزای بۆ دابندرێت, قوربانی و تاوانبار مەوقعیەتی خۆیان پێ بدرێت, كوردستان لە وڵاتی تاوانبارانەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتی قوربانیان, واتا هەموو روت بكرێنەوە بۆ نوسینەوەی سەرلەنوێی مێژوو .

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *