ناشرینیەكی گەورەیە بۆ دنیای دیموكراسی و بە تایبەت فەڕەنسا

لەتیف فاتیح فەرەج
رۆژی 9ی 1-2013لە ناو سەنتەری پاریس ساكینە جانسز”سارا” لە گەڵ هەردوو هاوڕێكەیدا فیدان دۆغان “رۆژبین” و لەیلا شایلەمەز”روناهی” تیرۆر كران، كوشتنی ئەو سێ‌ خاتونە كوردە ئازادیخوازو شۆڕشگێڕە وێڕای ئەوەی كێماسی و ناشرینیەكی گەورەیە بۆ دنیای دیموكراسی و بە تایبەت فەڕەنسا، ئەو وڵاتەی خەڵك بۆ گەیشتن بە ئازادی ڕووی تێدەكات .هەڕەشەیەكی ئاشكراش بوو بۆ سەر هەموو ئەوروپا، ساكینە یەكێك لە خاتونە هەرە ئازادیخوازو بە جەرگەكانی كورد بوو كە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەكەكەوە لە باكوری كوردستان و توركیا تێكەڵ بەو رێكخراوە بوو، هەروەها لەو پێناوەشدا ئازارو چەرمەسەری زۆری بینی، ساكینە بۆ ئازادی دەكۆشا، بەڵام لە نزیك دەروازەی ئازادی لە پاریس تیرۆر كرا، فەڕەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە رۆژی دابەشكردنی كوردستانەوە لە دوای روخانی دەوڵەتە نەخۆشەكە ئۆباڵی هەر دڵۆپە خوێنێكی رژاوی كوردی لە ئەستۆیە، ئەمە پێویستی بە راستكردنەوەی دیرۆكە، فەڕەنساو بەریتانیا لە رێكخستنی سنوری ئەم ناوچەیەدا هاواری كوردیان لە بیر كرد، ساكینە هاوارێكی تاساوی ترە لە بری ئەوەی لە كوشت و بڕی دەرسیم دەربچێت لە 2013و لە پاریس دەردەچێت، فەڕەنسا ناكرێت وەك بەزەیی هاتنەوەو وەك قوربانی سەیری كورد بكات، ئەو پێویستە بەو جۆرە سەیری كورد بكات كە مرۆڤن، ئازادی زمان و چارەنوس و خوێندنیان هەیە، تێگەیشتن لەم ئازارە هەندێك لە خەمی كورد بە بادەدات.
فەڕەنسیەكان بە سروشت بەو جۆرەن كە لە بەرانبەر هەڵەو كەم و كوڕی هەست بە ئازاری ویژدان دەكەن، من لە زۆر سەركردەو بەرپرسی فەڕەنسی ئەوەم بینیوە، تەنانەت خاتونێكی هەرە مەزنی مرۆڤایەتی ” دانیاڵ میتران ” بەشێك لە خەمی بەرانبەر بە كورد دەچێتە خانەی ئەو هەستكردنەوە، كورد لە بەرانبەر وەها هەستكردنێكا بێئەمەك نین، دانیاڵمیترانیان ناوناوە دایكی كوردان، بەڵام هەر ئەم هەستكردنە بەس نیە دەوڵەتی فەڕەنسا دەكرێت بەرپرسیارەتی زیاتر هەڵبگرێت، بە تایبەت لە پرسی كوردا كە هەموو دنیا زۆر باش دەزانن تورك و فارس و عەرەب ستەمیان لێدەكەن و پێیان باشە هەروا پەرت و پرش و بڵاو بن، مەترسی گەورە بۆ سەر ناوچەكە ئەوە نیە دەوڵەتێكی كوردی لەم ناوچەیەو لە سەر خاكی كوردستان دروست بێت، مەترسی گەورە ئەوەیە دەوڵەتی وەك توركیا هەمیشە بەو جۆرەی ئێستا هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكەو دنیاش .
تازە نە ساكینە دێتەوە نەهاوڕێكانی، تازە ئەو خوێنە هەرگیز بیر ناچێتەوە كە تورك لە پاریس ڕژاندی، بەڵام خۆ دەكرێت چی دی خوێنی كورد نەلە پاریس نەلە هیچ كوێی تر بڕژێت، فەڕەنسا لە ڕوی ئاكاری دیموكراسیەوە دەبێت نەهێڵێت خوێنی تر بڕژێت، هەڵبەت ئەوەی لە سەر ئاستی دنیا بە سەر كورد هاتوە بە سەر هەر نەتەوەیەكی تر هاتبا ئێستا توندو تیژترین و هەترەشبەر ترین مرۆڤی سەر گۆی زەوی دەبوون، بەڵام ئەوان وانین، ئایە ئەمە بەس نیە، هەرچەند ئێستا وەك جاران كۆشنەرم لە بەردڵان نیە ،لێ‌ دەزانم كورد پێویستی بە كۆشنەرێكی ترە بۆ ئەوەی لە سەری بێتە دەنگ، فەڕەنسیەكان دەتوانن سەدان كۆشنەر لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی خۆیاندا بەرهەم بێنن، ئەو جۆرەی كە بە فەڕەنسیەكان بڵێت ئەفەریقی و كوردیش مرۆڤن، مرۆڤیش شایانی بەزەیی نیە شایانی رێزە .
ساكینەو هاوڕێكانی خەباتیان بۆ ئازادی مرۆڤ دەكرد، ئەوان لە پێناوی بەڕێخستنی ئەو خەباتە شاخ و بەندەنی كوردستانیان تاقیكردبوەوە، لێ‌ ویستی خەبات ئەوانی گەیاندبوە پایتەختی دیموكراسی ترین وڵاتی دنیا، وڵاتێك كە شانازی بە دیرۆكی دیموكراسی و نافی مرۆڤ و فەلسەفەی تولەرانس و ئازادیەوە دەكات، لەوێ‌ لەپایتەختی ئەو وڵاتە دوژمنەكانی ئازادی و مافی مرۆڤ ئەوانیان شەهید كرد، من هیوادارم رۆژێك بێت دەرهێنەرێكی فەڕەنسی ژیانی ساكینە بۆ فەڕەنسیەكان بكات بە فیلم ،بۆ ئەوەی لە پاكی و بێگەردی ئەو خاتونە كوردە بگەن كە دەوڵەتی ستەمكار لە بەر كورد بوون تیرۆری كرد .

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *