وەهاب ئیشکلی
سەرمایەداریی مۆدێرنیتە(هاوچەرخ)، هەبوونی خۆی قەرزداری دەسەڵاتدارییە و بە تەواوەتی سیستمێکی نایەکسانییە، بە سەپاندنی نایەکسانیی لەسەر ژن، کۆمەڵگا و ژینگە درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات، بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نەخۆش، برینێکی سەرکراوەی لەناو ژینگەدا خولقاندووە و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نایەکسانیی لەناو کۆمەڵگا داناوە، بە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا قەیرانێکی سیستماتیک روویداوە، بەڵام بە هۆی ئەو نایەکسانییەی کە هەیە، لەسەر هەموو چینێکی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکسان کاریگەریی دانەناوە، لەگەڵ ئەوەی چێنێک خۆیان لەماڵ کەرەنتینە کردووە، چینی هەژار لە بەر ناچاریی بە بێ گوێدانە ڕێکارەکانی تەندروستیی، ناچارن بڕۆنە دەرەوە و بۆ بژێوی ژیانی خۆیان ئیش بکەن، لێرەدا هاوتەریب لەگەڵ کێشەی بێکاریی و نەخۆشییەک، کە سەرچاوەی خۆی لە پاک و خاوێنی دەگرێت لە هەمووان زیاتر، ئەم پەتایە بەرۆکی چینی هەژار، کەمدەرامەت و کرێکارانی گرتووەتەوە.
دوای ئەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئاستی جیهاندا بڵاو بووەوە، نوێ بووە جێگەی باس و گفتوگۆ، ئەو پەتانەی کە لە وڵاتانی داگیرکراو لە لایەن سەرمایەدارانەوە سەریانهەڵداوە هەتاکو ئێستا کەس باسیان لێوە ناکات، لە سایەی کۆرۆناوە سەرنجەکان بۆ لای ئەوانیش ڕاکێشران، بە پێی ئامارەکان لە وڵاتی نەیجریا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بەهۆی نەخۆشی ترۆپیک ستمە، کۆلێرا و هەروەکی دیکە ژیانی ١٠٠ملیۆن کەس لە ژێر مەترسیی جدییدایە، بە هۆی ئەوەی ئاوی پاک بەدەستیان ناگات مەترسییەکان زیادتر بوون، تاکو ئێستاش بایەخ بە جۆگرافیای ئەفریقا و دۆخی گەلانی ئەو کیشورە نەدەدرا، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهان (WHO)، لە وڵاتی بەریتانیا لە هەر ١٠٠ کەس، زیاتر لە ١٣کەس ڤاکسێنی دژە کۆڕۆنای کوتاوە، بەڵام لە ناو وڵاتانی ئەفریقادا تەنها لە وڵاتی گینە ئەویش تەنها بۆ ٢٥کەس ڤاکسێن کوتراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەتایە، لە لایەک لە بواری گەیاندنی خۆراک و لە لایەکی دیکەشەوە تەندروستیی خۆراک لەم وڵاتانەدا جێگە باسە و پاکژیی و تەندروستی ئەو خۆراکانەش کە دەدرێن شیاوی ئەوەیە لێپێچینەوەی لەسەر بکرێت.
بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەشێکی زۆر لە خەڵک لە گەورەشارەکانەوە گەڕانەوە گوندەکانیان و دەستیان بە بەرهەمهێنان کردەوە، ناچارمان کە یان خواردەمەنی ئامادەکراو لە دەرەوە بێنن بۆ خواردن یان پێداویستییەکانیان لە ماڵی خۆیان بەرهەمبهێنن، بەم بۆنەشەوە ئەوانەی کە گرنگییان بە خۆراک دەدا ڕووبەڕووی قەیرانی جدیی بوونەوە، چونکە بینیان ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە هەیە، بە دەستکاری و دەرمانی کیمیاوی بەرهەم هاتوون و پیشەسازی کشتوکاڵ ژیانی ئەوانی سەروبن کردووە.
ڕێکخراوەی جیهانی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لە ٥٥وڵاتی جیهان ئاشکرا کردووە، لەناو ١٠ وڵات، کە لە دۆخی هەرە خراپدان، وڵاتی یەمەن هەیە کە ١٥ملیۆن دانیشتوانی هەیە، دوای یەمەن وڵاتی کۆنگۆی دیموکراتیک و وڵاتانی دیکەی کیشوەری ئەفریقا جێگا دەگرن، ئەو وڵاتانەی کە لە ڕیزبەندیی خراپترین و هەژارترین وڵاتاندا جێگان گرتووە ئەو وڵاتانەن کە بەهۆی شەڕ و نەوتەوە لەناو ئاڵۆزییدان یان لە لایەن دەوڵەتانی سەرمایەدارەوە داگیر و ئیستعمار کراون.
ساڵی ٢٠٢٠ لە یادگای مرۆڤەکاندا کاریگەرییەکی باشی دانەناوە، لە هێرشی کولەکانەوە بگرە هەتا پەتای کۆرۆنا، بە بیابان بوون و هەستانی لافاو هەموویان ڕۆژگاری ئەمڕۆیان بۆ مرۆڤایەتی کردووەتە ڕۆژی قیامەت، هەستانی لافاو و دیاردەی بە بیابان بوون هەموویان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کە ئێستا ڕووبەڕووی قەیرانێکی کەشوهەوا بووینەتەوە، هۆکاری ئەمانەش پیشەسازییە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ڕێکخراوەی گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە هەمووان زیاتر ئەو گرووپ و کۆمەڵگانەی کە وابەستەن بە خاکەوە، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری کردووەتە سەریان.
لەبەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە لە پەیمانی کەشوهەوای پاریسدا بەشدار نین، جۆبایدن سەرۆکی نوێ ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەو پەیمانە و هاوکاتیش دەست بە بەرهەمهێنان دەکات بە شێوەی پیشەسازی کە وەکو” سیستمی سەوز” ناوی لێکردبوو، لە ئەنجامدا ئەمەش دیسان دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرنیتە، پیشەسازیی لەگەڵ ئابووریی تێکەڵ بە یەک کراون و لەلاێکی دیکەشەوە پێداگریی لەسەر داگیرکاریی و ئیستعمارگەریی، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم کێشەیە بەتەواوەتی سیستماتیکە، کێشەکە تەنها پەیوەندیدار بە پەیمانی کەشوهەوای پاریسەوە نییە و دەبێت سیستمەکە بگوڕدرێت، چونکە بە لەناوچوونی ئەم سیستمە، جیهانێکی گەورەش لەناو دەچێت.