ئه‌وانه‌ی چاویان گه‌وره‌یی په‌كه‌كه‌ نابینێ

هێشتا پیرۆزبایه‌كانی ٤٣مین ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامن، جۆش و خرۆشی ئه‌مساڵ له‌ساڵان زیاتر نه‌بێ كه‌متر نه‌بوو، واتا په‌كه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌ زیند و چالاك و به‌هێز و مۆڕاڵ كه‌وته‌ ٤٤مین ساڵی.

هێشتا پیرۆزبایه‌كانی ٤٣مین ساڵیادی دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامن، جۆش و خرۆشی ئه‌مساڵ له‌ساڵان زیاتر نه‌بێ كه‌متر نه‌بوو، واتا په‌كه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ره‌ زیند و چالاك و به‌هێز و مۆڕاڵ كه‌وته‌ ٤٤مین ساڵی، ئه‌مه‌ش بۆ ئازادیخوزان و ژنان و گه‌نجان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانی، مایه‌ی خۆشبه‌ختی و ئارامی و دڵشادیه‌. بۆ خیانه‌تكار و به‌كرێگیراو و نۆكه‌ر و دوژمنان و داگیركه‌ران جێگه‌ی كابوس و نه‌فره‌ت و پیلانگێڕی و گه‌له‌كۆمه‌ و درۆو ده‌له‌سه‌ و شه‌ڕی تایبه‌ت و دژایه‌تی كردنه‌.

ئه‌وه‌ی مۆری خۆی له‌م سه‌رساڵه‌ی دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌دا ئه‌ویش هه‌ڵمه‌تی ده‌رخستنی په‌كه‌كه‌ بوو له‌ لیستی داگیركه‌ر و ئیمپریالیست و هێزه‌ هه‌ژموونگه‌را و سته‌مكاره‌كانی هه‌رێمی و جیهانی بوو كه‌ پێی ده‌ڵێن لیستی تیرۆر. به‌درێژای مێژوو هێزه‌ شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و دیموكراته‌كان، به‌ باڕباڕ و تێكده‌ر و تیرۆر و ره‌ش ده‌ناسێندرێن. به‌ڵام له‌ كۆتایدا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ تیرۆر و باڕباڕ به‌ناو كراون، له‌بنه‌مادا ئه‌وانه‌ن كه‌ هێزی سه‌ره‌كی گۆڕانكاری كۆمه‌ڵگه و وه‌رچه‌رخانی دیموكراتیانه‌ بوونه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ په‌كه‌كه‌یان گووتوه‌ تیرۆریست گه‌وره‌ترین تیرۆری ده‌وڵه‌تی و هه‌ژموونگه‌رایان كردووه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌زگا سیخوڕی و پۆلیسی و نهێنیه‌كانیان. ئه‌و راستیه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ رۆژانه‌ به‌ سه‌دان مرۆڤ له‌سه‌ر داواكردنی بچوكترین مافیان، به‌كوشتن و تیرۆر و زیندانی كردن و چه‌وساندنه‌وه‌ وه‌ڵامده‌درێنه‌وه‌. بۆیه‌ش سه‌رجه‌م مرۆڤه‌ ئازادیخوازه‌كان ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان گه‌یشت به‌ میدیای دیژیتاڵ یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌رفه‌تیان هه‌بوو توانیان بانگی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی “نه‌خێر بۆ هه‌بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ لیستی ره‌شی تیرۆر” و “په‌كه‌كه‌ گه‌له‌ و گه‌لیش ناكرێ له‌ لیستی تیرۆردابێ”، نیشانیاندا كه‌ حه‌قیقه‌تی په‌كه‌كه‌ حه‌قیقه‌تی ئازادی كوردستان و پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئاشتی و دیموكراتی.

به‌داخه‌وه‌ له‌باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ هاتنی مانگی بیره‌وه‌ری دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌، باشوور رووبه‌ڕووی دوو قه‌یرانی گه‌وره‌ بوویه‌وه‌ ئه‌ویش، قه‌یرانی كۆچكردنی خه‌ڵك له‌ كوردستان و عاسی بوونیان له‌ سنوره‌كانی بلاڕووسیا و پۆله‌ندا و زۆر رووداوی كه‌ره‌ساتباری له‌گه‌ڵ خۆی هێنا، هه‌رچه‌ند باوه‌ڕناكه‌م هیچ مرۆڤێك بیه‌وێت له‌سه‌ر ئا‌و و خاكی خۆی بڕوات و له‌ وڵاتی غه‌ریبی و بێ كه‌سی به‌رده‌وامی به‌ژیانبدات، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم وایان نه‌شێواندوه‌ كه‌ مرۆڤ بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و به‌ ئارامی ژیانی ئاسایی خۆیان به‌رده‌وام بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ماوه‌ی ٣٠ ساڵدا به‌ ده‌هان هه‌زار مرۆڤ له‌كوردستان كۆچ بكه‌ن، له‌به‌ر خراپی ئیداره‌دانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌، دواین رووداویش نقومبوونی به‌له‌می كۆچبه‌ران له‌ ده‌ریایی نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و وه‌ك ده‌گوترێ دیسان چه‌ندین كه‌سی كورد له‌ناویدا ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

قه‌یرانی دووه‌میش كه‌ زۆری له‌سه‌ر گووتراو شیكار و شیرۆڤه‌ی جیاجیای بۆ كرا ئه‌ویش؛ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی خوێندكاران بوو بۆ داواكردنی بچوكترین مافیان ئه‌ویش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مه‌ ده‌رماڵه‌یه‌ بوو كه‌ تا ٢٠١٤ پێیان ده‌درا و له‌وكاته‌وه‌ له‌ژێرناوی قه‌یرانی ئابووری لێیان بڕاوه‌. خوێندكار و قوتابیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ زاخۆوه‌ تاكو خانه‌قین هه‌مان مافیان داواده‌كرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات وه‌ك پیشه‌ی هه‌رجاره‌یان له‌جیاتی به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی داواكاری خوێندكاران، به‌لێدان و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و زانكۆكان كردنه‌ كامپی سه‌ربازی و به‌ده‌یان ئاسایش و كاسه‌لێس بخه‌نه‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دامركێنه‌وه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌مڕۆ خوێندكاران بێده‌نگ بكه‌ن به‌زه‌بری هێز، به‌ڵام ناتوانن تا سه‌ر بێده‌نگیان بكه‌ن، چونكه‌ خوێندكاران خوێن گه‌رمترین نه‌وه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و ناتوانێ به‌ئاسانی سه‌ربۆ ده‌سه‌ڵات شۆڕ بكات و له‌مافی خۆی بێده‌نگ بێت، له‌لایه‌كیتریش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێم سه‌رمایه‌ و داهاتوو و پاره‌و موڵك و هه‌موو شتێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ده‌ستدایه‌ و قۆرخی كردووه‌ و بۆ خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی پێده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش زه‌قه‌ی چاویه‌تی، هه‌تا وای لێهاتووه‌ مێرمنداڵه‌كانیشیان بوونه‌ته‌ خاوه‌ن زانكۆ و بیره‌ نه‌وت و بانك و سه‌رمایه‌یی ملیاران، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ڤێلا و موڵك و ماڵ له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا. بۆیه‌ نه‌ك ده‌رماڵه‌ بۆ خه‌ڵك ناگێڕنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ڵێن؛ له‌كوێ بووه‌ خوێندكار ده‌رماڵه‌ی هه‌بێ!!

له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له‌و قه‌یران و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌بێ یه‌ك و دوو ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌ده‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی روویان سوور ببێته‌وه‌ له‌ درۆ كردن یه‌كسه‌ر په‌نجه‌ی تاوان بۆ په‌كه‌كه‌ راده‌كێشن، ده‌ڵێن؛ په‌كه‌كه‌ هۆكاره‌ خه‌ڵك كۆچ ده‌كات، ده‌ڵێن؛ په‌كه‌كه‌ هۆكاره‌ خوێندكار ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕێ، ده‌ڵێن؛ په‌كه‌كه‌ هۆكاره‌ خه‌ڵك خۆپیشاندان ده‌كات. ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قسه‌ و لێدوانی زۆر كۆمیدین، هه‌مانكات پێویستیان به‌ راوه‌سته‌ كردن له‌سه‌ر هه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و لێدوان و تاوان هه‌ڵبه‌ستنانه‌ هه‌ر له‌خۆیانه‌وه‌ نییه‌و ئه‌قڵی دوژمنانه‌ و ناشیرینكردن و تاوانبار كردنی له‌پشته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌باشی شیكاری بۆ بكرێت.

ئه‌وه‌ ده‌زاندرێت كه‌ په‌ده‌كه‌ به‌ده‌ستی كۆنسول و میتی تورك له‌گه‌ڵ ده‌زگای پاراستن هه‌ڵده‌سوڕێ و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانیش وه‌ك ده‌مامك بۆ شاردنه‌وه‌ی رووی خۆیان به‌كاردێنن. حیزب و لایه‌نه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ك یه‌ده‌كی خۆیان هه‌ڵسوكه‌وتیان پێ ده‌كه‌ن و كردوونیان به‌ جه‌ماعه‌تی ئه‌شه‌د و مابیلا. بۆیه‌ش هیچ رۆڵیان نه‌ماوه‌و به‌ئاسانی له‌به‌رامبه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ ژهراویه‌كانیان بێ ده‌نگ ده‌بن و نقه‌یان لێوه‌ نایه‌ت، ده‌ڵێن؛ ئه‌وه‌ كێشه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌ و پارتیه‌. له‌ راستیدا هیچ كێشه‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ به‌كرێگیراویه‌تی و نۆكه‌رایه‌تی‌ په‌ده‌كه ‌یه‌ بۆ داواكاریه‌كانی میت و كۆنسوڵی تورك، ئه‌گه‌رنا په‌كه‌كه‌ چی له‌گه‌ڵ په‌ده‌كه‌ ئه‌ی به‌ستێته‌وه‌.

په‌ده‌كه‌ ده‌ڵێ، ده‌بێ په‌كه‌كه‌ خۆی راده‌ستی دوژمن بكات و چیتر له‌ كوردستان به‌رخودانی نه‌كات، په‌ده‌كه‌ ده‌ڵێ، من چی بڵێم ئه‌و راسته‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ نابێ په‌كه‌كه‌ قسه‌ بكا و نابێ په‌كه‌كه‌ بۆ هیچ شتێك تێڕوانینێكی هه‌بێ، په‌ده‌كه‌ ده‌ڵێ، كوردستان چۆن چوار پارچه‌ بووه‌ ده‌بێ هه‌روا به‌رده‌وام بێ و نابێ كه‌س له‌به‌ر ئه‌و زوڵم و زۆرداریه‌یی داگیركه‌ران ده‌یكه‌ین بڵێ له‌ل. واتا په‌ده‌كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ژموونگه‌رای ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك و داعش به‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان بسه‌پێنێ، بۆیه‌ش م.م.م.بارزانی له‌ كۆنفرانسی به‌ناوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دهۆك ده‌یگووت، ده‌بێ رۆژئاوای كوردستان له‌ په‌كه‌كه‌ دووركه‌وێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا پێكبێن، به‌ڵام نه‌یگووت توركیا رێگره‌ له‌ ئاشتی و چاره‌سه‌ری رۆژئاوا، چونكه‌ عه‌فرین و جه‌رابلوس و باب و گرێسپی و سه‌رێكانی داگیركردووه‌. هه‌مان كه‌س له‌ كۆنفرانس مه‌نامه‌ی به‌حرێنیش گووتی، رۆژئاوا ناتوانێ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق به‌ته‌نها كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، واتا ده‌بێ له‌گه‌ڵ چه‌ته‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه پێكه‌وه‌ بڕیار بده‌ن. نه‌یگووت، چه‌ته‌كانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ئیشیان چیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ته‌كانی تورك له‌ عه‌فرین و سه‌رێكانی و گرێسپی داگیركراودا، بێگومان ده‌سه‌ڵاتداران و راگه‌یاندنه‌كانی په‌ده‌كه‌ ناڵێن هه‌رێمی داگیركراو له‌ رۆژئاوا، به‌ڵكو ره‌وایه‌تی پێده‌ده‌ن و ده‌ڵێن هه‌رێمی كۆنتڕۆڵ كراو له‌لایه‌ن توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی لایه‌نگری. ئه‌مه‌ش بێگومان ره‌وایه‌تیدانه‌ به‌و داگیركه‌ریه‌یی ده‌وڵه‌تی تورك و چه‌ته‌كانی له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی رۆژئاوا به‌ڕێوه‌ی ده‌بن.

سه‌باره‌ت به‌باشوور، له‌ ٤٣ له‌ دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌دا له‌ ساڵی ١٩٨١وه‌ په‌كه‌كه‌ له‌گه‌ڵ باشوور و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی له‌په‌یوه‌ندی دابووه‌، به‌رده‌وامیش هه‌وڵی داوه‌ به‌ڕێگای دانوستاندن و رێكه‌وتن و هاوپه‌یمانی دروست كردن به‌بێته‌ هاوكار له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و له‌وباره‌شه‌وه‌ یه‌كه‌م رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ په‌ده‌كه‌ كردوه‌ له‌ ١٩٨٣. په‌كه‌كه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌و قه‌یران و ئاڵۆزیه‌یی ئه‌و ٤٠ ساڵه‌ی رابردوو بتوانێ ده‌سكه‌تی زیاتری لێ به‌ده‌ست بخا، له‌وباره‌شه‌وه‌ گووتاری یه‌كێتی و یه‌كریزی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز كردۆته‌وه‌و زۆرترین فیداكاریشی كردووه‌، تاكو گه‌لی كورد به‌گشتی و باشووریش به‌تایبه‌تی به‌بێته‌ خاوه‌ن هێز و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی.

له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌ی رابردوو، ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌ده‌كه‌ هاوشانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر هه‌موو هێزو توانای خستۆته‌ خزمه‌ت ده‌زگای میتی تورك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێكه‌وه زیاترین گورز له‌ كادیر و ئه‌ندام و سه‌ركرده‌و گه‌ریلای په‌كه‌كه‌ بده‌ن، ئاماره‌كانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستن، دواترینیشیان كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی خه‌لیفانه‌ كه‌ ١٠ گه‌ریلا بوونه‌ته‌ قوربانی. په‌كه‌كه‌ له‌ كوردستان و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ جیهانیش له‌پێناو ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیان زۆرترین قوربانی و فیداكاری كردووه‌، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌ته‌كانی داعشیش له‌ عه‌فرین تاكو جه‌له‌ولا ئه‌و راستیه‌مان بۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌. په‌كه‌كه‌ له‌سیاسه‌ت منداڵ نییه‌ داری ژێرپێی خۆی ببڕێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ی گه‌ل و ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندایه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی دووباره‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ئاشتی و به‌ پێداگری به‌شێوازی دیموكراتیانه‌ ده‌توانرێ بگه‌ین به‌ ئامانجه‌كان، چاوپۆشی له‌ زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵاتداران نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام پشت و په‌ناش بووه‌ بۆ باشوور بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی داگیركه‌رانی بپارێزێ، زۆرترین كات په‌كه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی دۆستانی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ داخۆ بۆچی ده‌ست ناخاته‌ ناوكاروباره‌كانی باشوور، به‌ڵام به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان له‌ باشوور ده‌رباز بكرێن و خه‌ڵكی باشوور خودی خۆی كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی په‌ده‌كه‌ ده‌یكه‌ن له‌ رێگای هه‌ردوو ده‌زگای میت و پاراستنه‌وه‌، بێ هیچ گوومانێك سیاسه‌تێكی دوژمنانه‌و راده‌ست كردنی باشووره‌ به‌ داگیركه‌ر، بۆیه‌ به‌رده‌وام پاساو دێنه‌وه‌ بۆ هێرشه‌كانی داگیركه‌ران و به‌رخودانی په‌كه‌كه‌ش به‌ تاوان ده‌زانن. هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی سلێمانی بێگومان په‌كه‌كه‌ نایه‌وێت وه‌ك هه‌رێمه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌ده‌كه‌ ببنه‌ لانه‌ی میت و ده‌زگا سیخوڕیه‌كان، به‌ڵام به‌ مافی خۆشی نازانێ كه‌ ده‌ست بخاته‌ كاروباره‌كانی، جا ئه‌وا چ خۆپیشاندانه‌كان ده‌بن یان هه‌ر پرسێكیتر له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، به‌ڵكو په‌كه‌كه‌ هێزێكی مه‌عنه‌ویی و باوه‌ڕی و ئاشتی و ئارامیه‌ له‌پێناو به‌ڕێوه‌به‌رایته‌كی دیموكراتیانه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن هێز و باوه‌ڕی و خۆشگوزه‌ران، له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆڕی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی. واتا په‌كه‌كه‌ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵاتی باشوور نیه‌، هه‌مانكات هێزێكی جێگره‌وه‌ش نیه‌، به‌ڵكو هێزێكی ئه‌خلاقی و خاوه‌ن رێنمای دیموكراتیه‌ له‌پێناو پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی و بۆ ئه‌مه‌ش خۆی ئه‌ركدار ده‌بینێ.

بۆیه‌ ٤٤مین ساڵوه‌گه‌ڕی په‌كه‌كه‌ وه‌ك چۆن بۆ سه‌رجه‌م كوردستان و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، هۆكاره‌ بۆ پێشخستنی ئیراده‌ی به‌رخودانی و سه‌رخستنی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ی دیموكراتی به‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنان و گه‌نجان، بێگومان ئه‌و هێز و باوه‌ڕیه‌ به‌شێكی زۆرتریشی بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی باشوور و دیموكراتیزه‌كردنیه‌تی. په‌كه‌كه‌ ٤٠ ساڵه‌ خزمه‌ت به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور ده‌كات، بێگومان هه‌تا سه‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی باشووردایه‌ و هیچ دژه‌ پڕوپاگه‌نده‌ و ره‌شكردنێك په‌كه‌كه‌ له‌ خزمه‌تكردن ناوه‌ستینێ

هەروەها چێکی بکە

گه‌نجۆ ژیندا سه‌د ساڵی رابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی له‌ باشووری كوردستان به‌رده‌وام هه‌بووه‌، هه‌ر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *