زاگرۆس هیوا
ته‌شریفتان هێنا بۆ ئه‌م ئاو و خاكه، بۆ خاكی كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن و ئاشوور و سریان و كه‌لدان و توركمان، بۆ خاكی موسڵمان و ئێزدی و كاكه‌یی و یه‌هودی و كریستیان، بەخێربێن، پا و قه‌ده‌متان به سه‌ر سه‌ر و سه‌ر چاو، ڕێزی بێ پایان. ئێمه هه‌میشه قه‌دری میوان ده‌گرین… بەڵام!، به‌ر له قه‌داسه‌تی جه‌نابتان میوانێكیتر لێره بوو. ئه‌گه‌ر له بیرتان مابێت ٣٠ ساڵ به‌رله‌وه‌ی كه قه‌داسه‌تی جه‌نابت ته‌شریف بفه‌رموون، هاوكیشێكی جه‌نابتان كه مام ‘بووش’یان پێده‌گوت، به بێ ئه‌وه‌ی له دەرگا بدات، به تۆماهۆك و فڕۆكه و تۆپه‌وه خۆی كرد به ژووردا. هه‌روه‌ك جه‌نابتان ئه‌ویش له هه‌مان رۆژ و به‌رواردا هاتبوو، پێنج رۆژ زووتر یان ده‌رنگ جیاوازییه‌كی وه‌های نییه. وه‌ك ئێوه، ئه‌ویش هه‌ر له شاری ئۆره‌وه ده‌ستی پێكرد. به‌ڵام نه به ویرد و ئایینه‌وه، به‌ڵكو به شه‌ڕوشوره‌وه. چی هه‌بوو ته‌ختی كرد. ده‌یگوت به دوای بۆمبی ئه‌تۆمدا ده‌گه‌ڕێم، له بۆمبی ئه‌تۆم خراپتری پێكرد. وه‌ك بڵێی ئه‌مه‌مان به‌س نه‌بوو، كوڕه‌كه‌ی له‌و خراپتری كرد، سه‌د ڕه‌حمه‌ت له بابی. كه‌می مابوو بڵێی ئه‌مه شه‌ڕی خاچپه‌رستانه. پێم وابێ وتیشی.
كه بینیتم له موسڵ ئاوا له په‌نای كه‌لاوه خاپووره‌كان دوعا ده‌خوێنیت، ترسام. ترسام له‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێره ده‌یده‌ن به وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، ده‌سه‌ڵاتدارانی لای ئێوه‌ش هه‌مان ڕۆڵیان به قه‌داسه‌تی جه‌نابت دابێت. چونكه ده‌تناسم، بینیم چۆن له كاتی داگیركردنی عه‌فریندا، له سه‌ر ناوی ترامپ و پۆتین مه‌دالیای “فریشته‌ی ئاشتی”تان خەڵاتی ئه‌ردۆغان کرد.
ترسام بووش و بلێر و ترامپ ئێوه‌یان بۆ ئه‌م ئه‌رکە ناردبێت: “ئێمه كۆمەڵکوژمان کردن، تۆش بڕۆ فاتیحایهك به سه‌ریاندا بخوێنه، به سه‌ر موسڵ و نه‌ینه‌وا و حه‌له‌بدا، به سه‌ر عه‌فرین و سه‌رێكانی و شه‌نگالدا”. فاتیحایهك دوای ٣٠ ساڵ له شه‌ڕ و وێرانكاریی. ئه‌وه‌نده‌ی له بیرم بێت كاتی خۆی لای ئێوه‌ش شه‌ڕێك هه‌بوو، ئه‌ویش هه‌ر سی ساڵی خایاندبوو. با باسی هه‌ولێر نه‌كه‌م، ئاخر قه‌سابی عه‌فرین هه‌فته‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی قه‌داسه‌تی جه‌نابتان قه‌ده‌م ڕه‌نجه فه‌رموون، بە فەرمانی ئەردۆغان، له‌سه‌ر هه‌مان فه‌رشی سوور بە هەمان وەفدەوە پێشوازی لێ‌کرا! ناتانەوێت ئایینێکیش لە شەنگال بەڕێوەببەن؟ یان چاوەروان دەمێنن خاوەنی مەدالیای “فریشتەی ئاشتی” هاوشێوەی عەفرین سورەتی “فەتحی” بۆ بخوێنێت، ئەمجا قوددوسی بەڕێزتان تەشریف ببەن و فاتیحای کۆتایی بە سەریاندا بخوێنن؟.
با كاتتان نه‌گرم، ڕاستی، پرسیارێك!!!؟
ئێوه له‌وپه‌ڕی دونیاوه هاتن بوونه میوان، سێ ڕۆژ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌م ئاو و خاكه له خزمه‌تی قه‌داسه‌تی ئێوه‌دا بوون. ئه‌ركمانه، منه‌تی ناوێت. خۆشه‌ویستی میوان لای ئێمه هه‌موو شتێكه. ئه‌گه‌ر له بیرتان مابێت ٢٣ ساڵ له‌مه‌وپێش میوانێك لێره‌وە بۆ لای ئێوه هاتبوو. ئه‌ویش رۆڵه‌یه‌كی ئه‌م ئاو و خاكه بوو. ناوی ئۆجا‌لان بوو. له ده‌ستی فیرعه‌ونه‌كانه‌وه په‌نای هێنابووه به‌ر ماڵه‌كه‌ی ئێوه. ئه‌ویش وه‌ك ئێوه كۆتری ئاشتی به‌ده‌سته‌وه بوو. په‌یامی بۆ قه‌داسه‌تی ئێوه‌ش ناردبوو. ئه‌و په‌یامه‌تان هاته به‌ر گوێ؟ ئه‌ی وڵامتان چی بوو؟ ئاخۆ له بیرته چیتان به‌سه‌ر هێنا؟ ناردتانه ئه‌فریقیا، له‌وێ له خاچتاندا و ته‌سلیمی فیرعه‌ونه‌كانتان كرده‌وه. كه لێره بووی هیچ ئه‌وت وه‌بیرهات؟ هیچ گوتت ئه‌و ٢٣ ساڵه ئۆجا‌لان له ژوورێكی تاریكه و تا ئێستاش دڵی بۆ ئازادیی و ئاشتی لێده‌دات؟ ئه‌ی ناته‌وێ په‌یامێك بۆ ئه‌ویش بنێری؟ یان هاتبووی ئۆجالانمان له‌بیر ببه‌یته‌وه؟هەرگیز…!!.
پاپا مه‌ڕۆ، ئێره ماڵی خۆته، ماڵی پێغه‌مبه‌رانه. لێره بمێنه‌وه، عیسا لێره‌یه، ئه‌وه‌تا له ئیمرالی له خاچیان داوه. له ناو هه‌مان ئه‌و ئاوه‌ی كه ‘یونس’یان فڕێدایە ناوی. سه‌ردانێكی چیاكانی كوردستان بكه، پڕن له مه‌ریه‌م، به خوێنی گه‌شیان ئازادی ده‌ئافرێنن. موساش هه‌ر لێره‌یه، قه‌ومه ئینكاره‌كه‌ی نابینی!؟ به‌ڵام ئه‌و سه‌بری ئه‌ییوبیشی پێیه و پێکەوەژیانی مه‌دینه بۆنیاد دەنێت.
ئه‌گه‌ریش ده‌ڕۆیت، به‌خه‌یر بچیت. سڵاومان بگه‌ینه عه‌زیز پاوڵ و گالیله و ئه‌دۆرنۆ. گرامسچی له بیرت نه‌چێت.
ئه‌گه‌ر جارێكی دی ته‌شریفت هێنا بۆ ئه‌م ئاو و خاكه، له ‘ئور’ـەوە نا، له ئورفاوه وه‌ره، له ماڵی ئیبراهیمه‌وه وه‌ره و ببه میوانی ئۆجا‌لان. خه‌مت نه‌بێ، ناونیشانه‌كه ڕاسته. شه‌رم مه‌كه، ئه‌و لێبورده‌یە.