ئایا کورد مەرجەعی پێویستە؟

بڵێسە جەبار فەرمان

ئەم دەستەواژەیە دوای سەدان ساڵ ئاڵوگوڕی بەسەرداھات و تەنھا بۆ ئەھلی بەیت بەکارناھێنرێت، بەڵکو وەکو بەرزترین بڕوانامە تەماشا دەکرێت کاتێک خوێندکاریکی ئاینی لە حەوزەی قوم یا نەجەف بەدەستی بھێنێت.
خوێندن لەم دوو حەوزەیە بەچەندەھا قۆناغ و ئاستدا تێدەپەڕێت و بەرزترینیان «‌ئایەتوڵا عوزما» و «حوجەتول ئیسلام».
لە دوای ئەبو قاسم ئەلخوئی کە تا ساڵی ١٩٩٢مەرجعی شیعەکانی عیراق بوو، عەلی حسێنی سیستانی بوو بە مەرجەعی شیعەکانی ئەھلی بەیت.
عەلی حسێنی سیستانی تەمەنی ٩٠ ساڵی تێپەراندووە و باری تەندروستی ناجێگیرە، ھەربۆیە بیر لە قۆناغی دوای سیستانی و جێگرەوەی دەکرێتەوە. ئێستا سیستانی سێ جێگرەوەی ھەیە کە ھەرسێکیان شھادەی ئایەتوڵا یان ھەیە. ئەوانیش «ئیسحاق ئەلفەیاز» کە بە رەچەڵەک ئەفغانییە. بەشیر ئەلنەجەفی کە بە رەچەڵەک پاکستانیە. محەمەد سەعید ئەلحەکیم کە بە رەچەڵەک عیراقییە. ئەوەی دژی کاندیدکردنی ئەم سیانەیە ئەوەیە کە ھەرسێکیان تەمەنیان لە سیستانیەوە نزیکە و بەھەمان شێوەی ئەو باری تەندروستیان جێگیر نییە. ئەمەش وادەکات کە لە بازنەی دووەمدا بەدوای جێگرەوەیەک بگەرێن و کوڕی سیستانی لە جێگرەوەی باوکی نزیک ببێتەوە.
محەمەد رەزا حسێنی سیستانی، کوڕە گەورەی سیستانییە و ھەموو ئیش و کارەکانی باوکی رادەپەرێنێت. ھەموو کاروباری ئایینی و سیاسی باوکی گرتۆتە ئەستۆ بەو ھۆیەشەوە لە ساحەی سیاسی و ئاینی عیراقدا ناسراوە و بە شێوەیەک کاوربارەکانی باوکی گرتۆتە ئەستۆ کە دەوترێت ئەو ھەموو بڕیارەکان دەدات.
بەدەر لە محەمەد رەزای سیستانی، دوو خێزانی تری عیراقی لە ھەوڵی ئەوەدان ببن بە مەرجەعی شیعەکان. ئەوانیش ھەریەک لە ئالی حەکیم و ئالی سەدرە.
عەمار حەکیم کوڕی عەبدولعەزیز حەکیم-ە کە سەرۆکی مەجلیسی باڵای ئیسلامییەکانی عیراق بووە و ھەروەھا نەوەی ئایەتوڵا موحسین تەباتەبائی حەکیم-ە کە مەرجەعی شیعەکانی عیراق بووە تا ساڵی ١٩٧٠. ھەربۆیە لە ھەوڵی ئەوەدایە ببێت بە مەرجەعی شیعەکانی عیراق و ئەو پایە بگەڕێنێتەوە بۆ خێزانەکەی.
موقتەدا سەدر کوری محەمەد محەمەد باقر سەدرە. برازای محەمەد باقر سەدرە کە مەرجعی شیعەکانی عیراق بووە تا ئەو کاتەی لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارە دەدرێت.
موقتەدا سەدر مەرجعیەتی شیعەکان بە مافی خۆی دەزانێت و ھەموو ھەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئەو پلەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو خێزانەکەی.
ئێستا ململانێیەکی زۆر لە نێوان ئەم سێ کەسایەتییە بەدیدەکرێت.

ئەم خێزانانە و شیعە مەزھەبەکانی دوانزە ئیمامی عیراقی مافی خۆیانە باسی مەرجەع و گەڕانەوە بۆ بەرزترین دەسەڵاتی ئایینی بکەن و بۆ شەرعی بوون و نەبوونی ھەموو بابەتێک بگەڕێنەوە بۆ ئەو کەسە.

بەڵام پرسیاری جەوھەری لێرەدا ئەوەیە ئایا مەرجەعیەت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک و ھەرێمێک گونجاوە؟
ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا بەدیدەکرێت ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی مەرجەعیەتێک، لەکاتێکدا شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلەکەمان بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی بوو، سەرکەوتووترین و تازەگەرترین شێوازی حکومڕانیی لە جیھاندا سیستمی ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتی گەل و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە.

ئەم سیستمە بریتییە لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن. واتا بریتیە لە پەرلەمان و چەندەھا وەزارەت لە ھەموو بوارەکاندا. بەرنامەی کاری حکومەت لەلایەن حزبە براوەکانی ھەڵبژاردنەوە دەنووسرێتەوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانەوە جێبەجێدەکرێت و پەرلەمانیش چاودێری دەکات.

لە سیستمی دیموکراسیدا شتێک نییە بە ناوی مەرجەعییەت، ھەموو یاساکان دیموکراسییانە لەلایەن پەرلەمانەوە دادەرێژرێت و لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێت. بوونی مەرجەع و گەڕانەوەی ھەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکان بۆ شەخسێک دژ بە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی دانەبڕاوی سەدان ساڵەی گەلەکەمانە.

بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە ھەرێمی کوردستانی عیراقدا بەدیدەکرێت سەرباری بوونی چەندەھا ئۆرگانی تەنفیزی و تەشریعی بەڵام ھەموو ھەوڵەکان و چپەچپە ژێر بەژێرەکان بۆ ئەوەن شەخسێک بە مەرجەعی کورد بناسرێت.

ئەم رێکەوتنانەی کە ھەوڵدەدرێت بکرێت بۆ چەسپاندنی بودجە و مووچەی کوردستان و مافە دەستورییەکان نییە، بۆ مافی پێشمەرگە و مادەی ١٤٠ و گەڕانەوەی خاکی زەوتکراو و ھەموو ئەو کێشە ھەڵپەسێردراوانە نییە، بەڵکو تەنھا لە پای یەک خواستە ئەویش بوونی موقتەدا سەدر بە مەرجەعی شیعەیە، کە لەگەڵ سیستم و دیدی شیعەکان گونجاوە و خواستێکی تەندروستە و بوونی کەسێکی تر بە مەرجەعی کورد و گەڕانەوە بۆ ئەو. لە بوونی مەرجەع و گەڕانەوە بۆ مەرجەع چ پێوستیمان بەم ھەموو وەزارەت و وەزیر و پەرلەمانتارانە ھەیە؟

مەرجەعی ئایینی بابەتەکان لە رووی ئایین و مەزھەب و شەرعی بوون و نەبوونییەوە ھەڵدەسەنگێنێت. مەرجەعی نەتەوەیەک بابەتانە لە چ روویەکەوە دەبێت ھەڵبسەنگێنێ؟

ھەموو بڕیارێک وابەستە بە میللەتەکەمان و ھەرێمەکەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی گەلی کوردستان و حزبەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، نەک کەسێک کە ناوی خۆی ناوە مەرجەع

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *