دەوڵەتی تورکیا، ئاوی خواردەنەوەی لە ٤٥٠ گوند و شارۆچکە و کامپ، لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان گرتووەتەوە.
پارێزگای حەسەکە، لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا هەڵکەوتووە، شەش ناحیەی ھەیە و سەنتەری شارەکە ٢٥ گەڕەکی ھەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی یەک میلیۆن کەسە.
سێ کامپی ئاوارەکان لە پارێزگاکەدا هەیە، کە نزیکەی ٥٠ ھەزار کەسیان تێدایە، چەند ھەفتەیەکە دەوڵەتی تورکیا ئاوی وێستگەی عەلوکی لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایەی رۆژئاوای کوردستان گرتووەتەوە، بەوھۆیەوە پێنج ناحیە و ٢٥ گەڕەک و ٤٢٢ گوند و سێ کامپی ئاوارەکان بێئاون.
دوای داگیرکردنی شارۆچکەی سەرێ کانی لەلایەن تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٩ دەستی بەسەر وێستگەی ئاوی عەلوکدا گرت، لەوکاتەوە ئاو وەک چەکێک دژی دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە بەکارئەھێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ئاستی ئەو پێشێلکارییە بێ دەنگن.