کێشەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتیی نیین

ململانێکانی ناوچەکە و جیهان تا دێت گەورەتر و وێرانکەرتر و خوێناوتر دەبن، کێشەی حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ ئەو ململانێ و کێشمەکێشانە، نەک هەر بۆ گەلانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان نیە، بەڵکو هەتا دێت ئەدگار و ناوەڕۆکێکی شەخصی و بنەماڵەیی وەردەگرن، بەمەش باری سەرشانی خەڵکی تا دێت قوڕستر دەبێت لەهەموو ڕوویەکەوە، بەتایبەتیش لە ڕووی ئابووری.
سەرانی حکومەتی هەرێم بێ هیچ پلانێکی پێشوەختە بوونەتە بەرەی شەڕ و سەنگەرگیری بۆ ئەموئەو دەکەن، بەزووترین کات پێویستە پاشەکشێ بکەن لەو تەرەفگیریە ئاشکرایە لە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا. دەبێت خەتی خۆیان دیاربکەن و نەچنە خەتی دوژمنی خۆیانەوە، بەڵکو خەتی سێیەم هەڵبژێرن، وەکو تاکە بژاردەی چارەسەری. خەتی یەکەم و دووەم، دیارە و هیچ دەستکەوتێک بۆ گەلی کوردستان بە ڕەوا نابینن و بە ڕوونی باس لەوە دەکەن کە ئەوان هیچیان بۆ چارەسەری پرسی کورد و گەلان پێنیە و بەڵکو دوژمنایەتیشی دەکەن. بۆیە هەردوو بەرەکان بۆ کورد جگە لە زیانێکی زۆر هیچیتریان پێنیە..
ئەو هێرشانەی کە ئێران بۆ سەر شاری هەولێر ئەنجامیان ئەدات، هۆکارێکی ئەوەیە کە ماڵی بارزانی بوونەتە بەردەبازی تەرەفێکی دیاری شەڕ، هەر پێرێ بوو نێچێرڤان بارزانی چوو بۆ تورکیا، لەوێ لەگەڵ ئەردۆغان دانیشت. دیارە کە ئەمە سەری گەلەکەمان بە قوڕێکی خەستدا دەبات و هاوشێوەی ئۆکرانیا هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکارێکی شەڕێکی بێسەروبەر، ئەگەر بەخۆیاندانەچنەوە. دەستەڵاتدارانی هەرێم هەمیشە دەبنە لایەنداری شەڕێک کە بە هیچ جۆرێک ئەرکی ئێمە نیە و گەلەکەمان قازانجی تێدا ناکات نەک پڕیشکی ئەو ململانێیانە بەر خەڵک و خاکەکەمان بکەوێت، بەڵکو ئاگر بەردەداتە نێوماڵی کورد و کوردستان، بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا. دووبارەی دەکەینەوە دوو هێزی شەڕکەر لەناوچەکەدا ململانێیەکی مێژووی و قووڵیان هەیە، لەوێدا هیچ پلانێ بۆ کورد یان دەستکەوتێک بوونی نیە و نابێت.
ئێمە، لە تەڤگەری ئازادیی سەرزەنشتی هەموو جۆرە هێرش و پەلامار و کوشتن و وێرانکاری و داگیرکاریەک دەکەین، لەهەرلایەکەوە بێت، تورکیا بێت یان ئێران وەیان هەر دەوڵەتێکی تری فاشیست. بە هیچ شێوەیەکیش دروشمی سواوی پۆپۆلیستانە کۆمەکی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ناکات و نابنە قەڵغانی پاراستنی گەلەکەمان.
جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستان، سەختی و زەحمەتی خۆی هەیە، ئەوە لەسەر هەموو لایەکی فەرزدەکات، کە بە وردی و دیققەتێکی زۆرترەوە لە پڕۆژەی سیاسی خۆیان بڕوانن، کەس ناتوانێ ئەو جیوپۆلەتیکە پڕ لە هەستیاریە بگۆڕێت، ناچار دەبێت خۆمان بگۆڕین، زۆرتر تەرکیزی دۆخەکە بدەین.
دوای ئەوەی دۆسیەی نەوت و گاز لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە سەودایەکی مەترسیداری پێوەدەکرێت، لە نیوەشەوی ١٢/١٣-٣-٢٠٢٢ هێرشێکی مووشەکی لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، کرایە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە توندی سەرزەنشتی ئەو هێرشە دەکەین و داواش دەکەین کە سیاسەتە تاک-لایەنیەکانی حکومەتی هەرێمیش کۆتایی پێبێت و وازبێنێت لە ئامانجە لێڵەکانی.
لەسەر ڕێبازی هێڵی سێیەم دەتوانین پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتیمانی و نەتەنەییەکانمان بکەین
ئێمە، پشتگیری سیاسەتی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان ناکەین، خۆمان خاوەنی پارادیگما و ڕێبازی دیموکراتین و دەتوانین لەو چوارچێوەیەدا پارێزگاری لە بەرژەوەندی میللەتەکەمان بکەین شەڕ و ململانێی دەوڵەتان لە کوردستان بۆ لێدانی بەرژەوەندی گەلی کورد و وێرانکردنی وڵاتەکەمانە، دەوڵەتە داگیرکەرەکان بێڕەچاوکردنی هیچ پێوانە و پرەنسیپێکی مرۆیی و دیموکراتی دەست لەگەڵ هەمو هێزێکدا تێکەڵ دەکەن ئامانجێکی تریان دەیانەوێت کوردستان بکەن بە شوێنی شەڕ و ململانێکانی خۆیان هێزی خیانەتی کوردیش باشترین یارمەتیدەرە ڕێگای چارەسەر هەمو هێزە کوردیەکان دەست بخەنە ناو دەستی یەکتریی و واز لە وابەستەیی و پشت بەستن بە هێزی دەرەکی بێنن و واز لە خیانەت و گەندەڵی بێنن و بەرژەوەندی باڵای خەڵک بە بنەما وەربگرن.

 

تەڤگەری ئازادیی کۆمە‌ڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٠٢٢/٣/١٤

هەروەها چێکی بکە

“ژن هۆگری سروشتە و پارێزگاری لە ژینگە دەکات”

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەیی باسی لەوەکرد، کە چۆنیەتی بەکارهێنان و پارێزگاریکردن لە ژینگە و سروست …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *