بەرز و پڕشکۆبێت یادی شەهید شەماڵ
لە یادی دووەمین ساڵەی شەهید كردنی هەڤاڵ مامۆستا شەماڵ، سەری ڕێز لەبەردەم گڵكۆی شەهیدی پێشەنگ و عاشقی ئازادیی و دیموكراتییدا دائەنەوێنین. هەڤاڵی شەهید کە بە درێژایی تەمەنی، هەمیشە سوربووە لە تێكۆشان تاسەرکەوتن، هەتا لە ژیان دا بوو، هەمیشە بە هیوا و ئومێدەوە دەیڕوانییە پرسەكان. بە دڵ و بە گیان، هەوڵی چارەسەركردنی بۆ ئەدا، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كرایە سەر گیانی مامۆستا شەماڵ، ھێرش بوو بۆ سەر هەموو بەها نیشتیمانیی و ئەخلاقیی و دیموكراتییەكان، ئەو هەمیشە لە غەمی ئەوەدا بوو كە چۆن ئاشتیی و برایەتیی، لە نێوان نەتەوە و هەموو پێكهاتەكاندا بچەسپێنێت، بەڵام هێزە دەسەڵاتخواز و شۆڤێنییەكان، ئەم پەیامە پیرۆزەیان پێ قبوڵ نەكرا و بوو بە ئاگرێك لە هەناویاندا، چونكە دەسەڵاتە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنییەكان، هەرگیز پەیامی مرۆڤی ئاشتییخواز و دیموكراتیخوازیان پێ قبوڵ ناكرێت. مامۆستا شەماڵ دڵ و دەرون و مێشكی، تەنها جێگەی ئازادیی و خۆشەویستیی مرۆڤ و پێکەوەژیان و ژینگەدۆستیی تیادا دەبووەوە، ئەمەیش لە ژیان و تێكۆشانیدا ڕەنگی دابوویەوە و لەسەر ئەم ڕێبازە تاكی كۆمەڵگەی پەروەردە دەكرد. لە ڕوی مۆراڵ و مەعنەوییاتەوە، هەمیشە لەو پەڕی باوەڕ و ئومێدەوە دەیڕوانییە پێشەرۆژ، ئەو تەنها لە بواری سیاسیی و ئایدیۆلۆژیدا تێینەدەكۆشا، بەڵكو لە بواری جیۆگرافیا و كولتوورییەوە، هێندەی دەزگایەكی گەورە و مەزن، خزمەتی بە فەرهەنگی كوردیی كردوە.
بەداخەوە، دوژمنانی ئازادیی و دیموكراتیی و پێکەوەژیان، خۆیان پێ ڕانەگیرا، لە بەرامبەر هەڵوێست و كەسایەتیی ئەم مرۆڤە مەزنە و لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٨/٢٨ بە شێوەیەكی دڕندانە و تیرۆریستانە شەهیدیان كرد، ئەمە گەورەتریین هێرش بوو بۆ سەر نرخ و بەهای نەتەوەیی و دیموكراتیی.
هاوکات لەلایەكی ترەوە، شەرمەزارییە بۆ ئەو ڕێكخراو و هێزانەی کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیموكراتیی دەکەن، لە لایەكی دیکەوە هاوكاریی دەوڵەتێكی شۆڤێنیی و ڕەگەزپەرستی وەک دەوڵەتی توركیا دەكەن كە هاوكار و پشتیوانی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی وەكو داعشە. ئەم دەوڵەتە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە، هەڕەشەی لە ناو بردنی گەلی كورد دەكات، ئازادییخوازان تیرۆر دەکات و سڵ لە ھیچ کردەیەکی نامرۆڤانە ناکاتەوە، بەڵام دەوڵەتە بەناو دیموكراتیخوازەكان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بێ ھەڵوێست و بێ دەنگن، لە بەرامبەر ئەم هەموو كارە تیرۆریستیی و دڕندانەیەی ئەو دەوڵەتە شۆڤێنیی و عەقڵ نەخۆشە دا .
لە بەرامبەردا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە پێناو مافی ڕەوای گەلی كورد و پێكهاتەكانی تری عێراق و سیستمێکی دیموکراتییک دامەزراوە. مامۆستا شەماڵیش كە ئەندامێكی دامەزرێنەری ئەم تەڤگەرە بوو، وەكو شورایەكی پۆڵاین لە بەرامبەر ھەر دەستدرێژیی و پەلامارێكی داگیركەران خەباتی دەكرد، دژی گەندەڵیی و خیانەت و تیرۆر دەجەنگا، ھەر بۆیە دوژمنانی ئازادیی و پێکەوەژیان، لە رێگەی بەكرێ گیراوانی دژ بە ئازادیی، هەر ڕۆژێک بە پیلانێکی قێزەون، ڕووبەڕووی تەڤگەرە ئازادییخواز و تێکۆشەرەکانیان دەبنەوە، هاوکات بەر لە دوو ساڵ و لەم ڕۆژەدا، ئەو دەستەڕەشە تێکۆشەر و نووسەرێکی ڕۆشنگەری کوردستانی بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆر کرد .
لە دوای دوو ساڵ لەو تیرۆرە، بڕیار لەسەر قەدەغە کردنی بزووتنەوەکەی مامۆستا شەماڵ و ئازادییخوازانی هاوڕێی دەدرێت،بەڵام نە کارە تیرۆریستییەکان کە بووە ھۆی شەھیدبوونی مامۆستا شەماڵی سەرکردە و پێشەنگ، نە بڕیاردان دژی تەڤگەرەکەمان، ھەرگیز لە تێکۆشان ساردمان ناكاتەوە! خەسڵەتی تەڤگەرەکەی مامۆستا شەماڵ، بە شێوەیەکە خوێنی ھەر شەھیدێک باڵای زیاتری پێکردوە، هەر ئاستەنگیی و فشارێک قەڵەمبازێکی نوێ و تێکۆشانێکی نوێ دەئافرێنێت. بێگومان شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و دیموكراتیی، دەبنە مۆراڵ و هێز بۆ ئێمەی هەڤاڵی شەهید، چونكە شەهیدان لە دڵی مرۆڤی خۆڕاگر و ئازاددا دەژین.
شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی نیشتیمانن
تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان – دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
٢٠٢٤/٨/٢٨