توندوتیژیی دژی ژنان زیادیان کردووە، بۆنمونە تەنها لە کۆیە و تەنها هەڕەشەی بڵاکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ژنان لە هەفتەیەکدا سێ حاڵەت تۆمارکراوە، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژییش دەڵێت، ژن هەیە بەهۆی ئەم کێشانەوە خۆی دەکوژێت، توێژەرێکی پسپۆڕیش هۆکار و چارەسەرییەکان دەخاتەڕوو.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان لە کۆیە وەرمانگرتووە، توندووتیژییەکان دژی ژنان لەم شارۆچکەیەی سەربە پارێزگای هەولێر زیادیکردووە، بەجۆرێک، ساڵی رابردوو لە مانگی ١ بۆ مانگی ٥، کەمتر لە ٧٠ سکاڵا تۆمارکراوە، بەڵام ئەمساڵ و لەم پێنج مانگەدا، زیاتر لە ٨٠ جۆر سکاڵا تۆمارکراوە.
یەکێک لەو حاڵەتانەی ڕووی لە زیادبوونە، هەڕەشەی پیاوانە لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژنان، دانا حاجی لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ئافرەتان لە کۆیە، بە ڕۆژنیوزی وت، تەنها لە هەفتەیەکی ڕابردوو سێ حاڵەتی بەم شێوەیە تۆمارکراوە.
دانا حاجی دەڵێت: زۆربەی ئەو جۆرە کەیسانە لە نێوان ژن و پیاوێک ڕوودەدات، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە دەبنە هاوڕێ و تا دەگاتە ئەوەی وێنەو ڤیدۆ بۆ یەکتر دەنێرن و دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکەن.
زۆربەی ئەو جۆرە کەیسانە ژنان دەبنە قوربانی، بەڵام وەک دانا حاجی وتی، حاڵەتیش هەیە “ژنان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە پیاوەکان دەکەن”.
زۆر جار ژنان دەوترێت خۆیان کوشت و کەیسەکانیان بە زووی دادەخرێن، بەڵام حاجی وتی، بەشێک لەوانەش خۆیان دەکوژن کەیسی هاوشێوەیان هەیە، هەربۆیە داوایکرد، هەرژنێک کێشەی وای هاتەپێش، سەردانی ئەوان بکات و ئەوانیش بەپێی یاسا کێشەکە چارەسەر دەکەن.
ڕجا حەمەڕەئوف، بەرپرسی لقی کۆیەی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی دەڵێت بۆ کێشەی ژنان تێڕوانینی ڕێکخراوەکان جیاوازن، ڕێکخراوەکەی ئەوان داوای دادپەروەری دەکەن و ڕێکخراوی دیکەش هەیە داوای یەکسانی دەکات، ئەوەشی وت، ئەوان و هەموو ڕێکخراوەکان هاودەنگ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژیی، بەڵام تێڕوانیان بۆ شێوازیی چارەسەرییەکان جیاوازیی هەیە.
ڕجا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان دەیانەوێت تاک هەر لە مناڵییەوە پێبگەیەنن کە چۆن داوای مافەکانی بکات، بەشێوازێک لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا بگونجێت و بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتە کە ڕووبەڕووی ژنانی کورد دەبێتەوە.
باسی لەوەشکرد، کە ئێستا خێزانی کورد لەژێر هەڕەشەی کلتوری وڵاتانی دیکەدایە، بە هێنانی کلتور و شێوازی ژیانی وڵاتانی دیکە، کە لەگەڵ دابونەریتیی کوردستاندا ناگونجێن.
دەربارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی توندووتیژیی دژی ژنان، د. محەمەد ناسر دەروونناس و توێژەری کۆمەڵایەتی دەدوێنین.
د، محەمەد کە هاوکات مامۆستای زانکۆی کۆیەیە، دەڵێت: زۆربوونی حاڵەتەکانی هەڕەشەکردن بۆ سەر ژنان لە هەفتەکدا سێ کەیس، لەوانەیە باندێک بێت، کە خەریکی ئەو جۆرە کارانەن، بەڵام گەر لە ڕووی دەروونی و پەروەردەییەوە سەیری بکەین، هۆکار گەلێک هەن ، بونەتە هۆی ئەم دیاریدانە.
دەربارەی هۆکارەکان د. محەمەد وتی: خراپبوونی ژینگە بە گشتی ، داڕمانی ژێرخانی ئابووری و زۆربوونی جیاوازی لە نێوان توێژەکاندا، بە جۆرێک هەندێک زۆر هەژارە و هەندێکیتر داهاتی زۆرە، هەروەها نەبوونی پەروەردەیەکی باش هەر لە باخچەی ساوایانەوە تاکو زانکۆ شتی باش و گرنگ فێری منداڵەکانمان بکات، جگە لەوانەش پەروەردە و پەیوەندی خێزان، کە جاران پتەو نییە.
د. محەمەد ناسر بۆ کەمتربوونەوەی توندوتیژییەکان، دەڵێت: پێویستە چاکسازی لە هەموو ئەو خاڵانەدا بکرێت کە دەبنە هۆکار بۆ توندووتیژی، چونکە گەر ئەو هۆکارانە بنەبڕ نەکەین، ناتوانین تاکێکی باش و تێگەیشتوو بنیادبنێین.