حزبوڵڵا/ هوداپار Hüda Par ناسراو بە (حزبی کۆنترا)

هەندرێن هەورامی

 

حزبوڵڵا/ هوداپار Hüda Par (حزبی کۆنترا)، چۆن و لەکوێ و بە چ ئامانجێک دروست بوو و بۆ بەرگی ئاینی ئیسلامی بەبەردا کرا؟ چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئێران، دەوڵەتی قوڵی تورکیا، ئاکەپە، پەدەکە هەیە و تاوانەکانی چین؟ چ پێگەیەکی جەماوەری هەیە و بۆ دژایەتی کورد دەکات؟

ساڵی 1979 شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا و ڕووخانی دەسەڵاتی 2 هەزار و 500 ساڵەی شاهنشایی لێکەوتەوە. هەر زوو شۆڕشەکە لە لایەن ئایەتوڵا خومەینی کەسایەتیی ئاینی و لایەنگرانییەوە دەستی بەسەردا گیرا و کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە. لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیدا لایەنگەلێکی ئیسلامی سەریانهەڵدا. یەک لەوانەش؛ حزبووڵا بوو. بەگوێرەی رێنوێنییەکانی ئایتوڵا خومەینی، دەبوو ئەو حزبە پەلوپۆ بهاوێژێ بۆ سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر و جیهانی ئیسلامی. بەوش دەگوترا ‘هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران’. بەشوێنی ئەوەدا لە زۆر وڵات ڕەوتگەلێکی ئیسلامی سیاسیی سەریانهەڵدا. ئەوەش نیگەرانی وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزە جیهانییەکانی بەدواداهات. پاشان لە ساڵی 1980 تا 1988 شەڕی نێوان ئێران/ ئێراق دروست بوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ مەترسییەکانی هەناردەی شۆڕشەکە دەگەرێتەوە.

باکوری کوردستان و تورکیاش بەدەرنەبوون لە دەرهاویشتە و کاریگەریەکانی هەناردەکردنی ئەو جۆرە شۆڕشە و لەوێش ڕەوتێکی ئیسلامی دروست بوو کە پاشتر وەک حزبوڵا ناسێنرا. لە ساڵانی 1979 و 1980دا، کتێبخانەی وەحدەتی شاری ئامەد کە خاوەنەکەی عەبدولوەهاب ئکنجی بوو، کرایە شوێنی رێکخستنی ئەو ڕەوتە. لە ساڵی 1981دا، فیدان گونگۆر کە خاوەن باگراوەندی ئیسلامیی سیاسیی بوو، کتێبخانەی مەنزیل-ی دامەزراند و ئەوێ کرایە شوێنی سەرەکی ڕێکخستن. لە 1982 کەسێکی دیکە بەناوی حوسێن وەلی ئۆغلو کە خەڵکی باتمان بوو، هەر لە ئامەد کتێبخانەی ئیلیم-ی کردەوە. ئیدی هەر دوو کتێبخانەکە بوونە ناوەندی ڕێکخستنکردن و کار و چالاکی سیاسی. زۆری نەخایاند گونگۆر و وەلی ئۆغلو بەجیا دەستیان دایە ڕێکخستن و وەردە ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە. بەوهۆیەوە حوسێن وەلی ئۆغلو کتێبخانەکەی لە ئامەدەوە گواستەوە بۆ باتمان. لە ساڵی 1987دا پەیڕەوانی کتێبخانەی ئیلیم بەفەرمی خۆیان وەک حزبوڵا رایگەیاند و بەکارهێنانی وشەی ئیلیمیان قەدەغە کرد. بەشێک لە پەیڕەوانی ئیلیم دژی ئەوە وەستانەوە و ئەوەش شەڕێکی چەکداری توندی لە نێوان ئیلیم و حزبوڵادا هێنایە ئاراوە.

لە باکوری کوردستان و تورکیا پارتی کارگەرانی کوردستان پەکەکەش، خۆی بەرێکخستن کردبوو و بە هەموو شار و ناوچەکاندا تەشەنەی کردبوو. لە 90کاندا تێکۆشانی مەیدانی و جەماوەریەکەی گەیشتبووە لوتکە. لە زۆر شوێن سەرهەڵدانی جەماوەری هەبوو و ئامادەکاری بۆ سەرهەڵدانی مەزنتری سەرتاسەری دەکرا. ئەوەش ڕژێمی تورکیای تۆقاند. بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە، ڕژێم چەند رێکخستنێکی کۆنترای دروستکرد کە یەکێکیان دەزگای هەواڵگریی جەندرمە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ( ژیتەم)، بوو. ئیدی بە شێوازی بەرنامەبۆکراو کوشتنی وڵاتپارێزانی کورد دەستی پێکرد. ئەو کات لایەنگرانی کتێبخانەی ئیلیم بوونە جێی سەرنجی ژیتەم و لە رێگەی کەسێکەوە بەناوی زەکەریا یاپجی ئۆغلو کە ماوەیەک لە شاری ئیزمیز کۆماندۆی سوپا بووبوو و تێکەڵیشی لەگەڵ دەوڵەتی قوڵدا هەبوو، پەیوەندی لەگەڵیان دروست کرد. ناوبراو لە 15ی ئاداری 2023دا، لە تەلەفزیۆنێکی تورکیدا دانی بەو پەیوەندییەدا دانا بوو و پەسنی خۆشیدا بوو کە هەمیشە لە بەرەی دەوڵەتدا بووە.

ئیلیم، تاقمێکی چەکدار و کوژەر و درندە بوو. هەر بۆیە ڕژێمی تورک کەوتە بەکارهێنانی لە دژی پەکەکە و وڵاتپاریزانی کورد. ئەو تاقمە کە لە نێو کورداندا وەک حزبی کۆنترا و هاوکاری ژیتەم و دامودەزستگاکانی دیکەی دەوڵەت ناسرابوو، لە سەرتاسەری باکوری کوردستان هەزاران ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەوان، پێشەوەر و کەسایەتیی دیار و ناوداری ڕەشەکوژ کرد. پاش ئاشکرابوونی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دژە مرۆییە، هەندێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حوسێن وەلی ئۆغلو و سەر بە تاقمی ئیلیم، وەک نارەزایەتییەک جیابوونەوە. بەڵام ئەوانیش کرانە ئامانج و بەشێکیان ڕەشەکوژ و بێسەروشێن کران. 

بەگوێرەی هەندێک بەڵگە، ئەندامانی دەستپێکی حزبوڵا، لە ئێران پەروەردەی سەربازی و هەواڵگریان بینیبوو. پاش ئەوەی کە ڕژێمی تورکیا بڕیار دەدات لە دژی پەکەکە بەکاریان بهێنێت، جارێکی دیکە ئەندامانیان لە ناوەندەکانی دەوڵەت دەخرێنەوە بەر پەروەردە و راهێنانی چڕی سەربازی، هەوڵگری و ئیدۆلۆژیک. لە رووی لۆجستیکیشەوە هەموو پشتیوانیەک دەکران و رێنوێنێ بە سەرجەم دامودەستگاکانی دەوڵەت درابوو تا هەموو جۆرە هاوکاریەک بکرێن. ئەوەش لە 16ی شوباتی 1992دا، لە گۆڤاری “بەرەو 2000″دا بەم مانشێتە ئاماژەی پێدراوە: “ئەندامانی حزبوڵا لە ناوەندەکانی تیمە تایبەتەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازی دەوڵەتی تورک کە بە چەڤیک ناسراون، پەروەردە دەکرێن”. دوو ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئامادەکاری هەوڵەکە رۆژنامەوان هالیت گونگەن لە لایەن ئەو تاقمەوە کوژرا. جەنگیز ئاڵتوون، پەیامنێری رۆژنامەی یەنی ئولکە چەندین دۆسیەی لەسەر حزبوڵا بڵاو کردەوە بەکارهێنانی حزبی کۆنترا لەداهێنانی ئەو بوو. لەسەر ئەوەش لە ڕۆژی 24ی شوباتی ساڵی 1992دا تیرۆر کرا.
لێکۆڵەر و رۆژنامەوان حافیز ئاکدەمیر، کە لە سەر حزبی- کۆنترا لە دۆسیەیەکی دەکۆڵییەوە، لە 8ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، لە ئامەد لە لایەن ئەو تاقمەوە تیرۆر کرا. لە 20ی نۆڤەمبەری ساڵی 1992دا، هەر لە شاری ئامەد، نامیق ترانجی، بەرپرسیاری گۆڤاری گەرچەک کاتێک دەچووە نوسینگەی گۆڤارەکەی, لە لایەن هەمان تاقمەوە تیرۆ کرا. هۆکاری تیرۆرکردنەکەشی بڵاوکردنەوە دۆسییەک بوو سەبارەت بە تاوانەکانی ئەو تاقمە و پەیوەندیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک. بەگوێرەی دۆسیە و هەواڵێلگەلیکی هاوپێج بە بەبەڵگە کە رۆژنامەوانان لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاویان کردنەوە، حزبی- کۆنترا، بەر لە بەئامانجگرتنی کەسێک، لە لایەن ئۆرگانەکانی دەوڵەتەوە هاوکاری کراون و زانیاریان پێدراوە. لە سەر چۆنیەتیی بە ئامانجگرتن و کوشتن یان بێسەروشوێنکردنی کەسەکان و پەردەپۆشکردن و بەلاڕێدابردنی تاوانەکەش لەگەڵ دەوڵەتدا هەماهەنگیان هەبووە. زۆربەی جاریش تاوانەکان بە ئاشکرا ئەنجام دەدران و ئەنجامدەرانیشیان دیار بوون. هەر بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە دەستیگر دەکران، بەڵام لە چەند کاتژمێرێک زیاتر لەلایان نەدەمانەوە و بە دەستێوەردانی دەوڵەت ئازاد دەکران.

حزبوڵا کە دواتر وەک هوداپار خۆی ناساند، سەرەتا کەسەکانی ڕووبەڕووی سوکایەتیی و ئەشکەنجەی دژوار دەکردەوە و پاشان زۆر دڕندانە و بە ئازارەوە دەیکوشتن و بە دەمانچەی ماکارۆڤ گولـلەیەکیشان بە ناوەڕاستی چاڵایی پشتملیانەوە دەنا، کە ئەوەش ببووە هێمایەک بۆ ناسینەوە تاوانەکانی ئەو تاقمە.  تاقمەکە مزگەوتەکانیان وەک مۆڵگە و ناوەندی کارە چەپەڵ و دژ مرۆییەکانیان بەکاردەهێنا و لە پاش ئەنجامدانی هەر تاوانێک لە ناویاندا خۆیان حەشار دەدا. تاقمەکە زۆر جار بەڕۆژی ڕووناک و بەبەرچاوی خەڵک و هێزە ئەمنیەکانەوە تاوانەکانی بە ساتور و چەک ئەنجام دەدا. لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان هیچ پەرچە کردارێکیان نەدەنواند. دوای ئەوەی قوربانییەکان تەسفیە دەکران دەخرانە ژێر خاکەوە و بە چیمەنتۆ دادەپۆشران. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت هەموو ئۆرگانەکانی خستبووە خزمەتییانەوە، بەڵام هەندێک جار تاوانەکانی هوداپار هێندە دڕندانە و ئاشکرا بوون، نەدەکرا بکەرانیان دەستگیر و دادگایی نەکرێن. لە هەندێک لەو دادگایانەدا ئەندامانی ئەو تاقمە بەشانازییەوە ئەنجامدانی تاوانەکانیان دەگرتە ئەستۆ و لەسەر بنەمای ئەوەش زۆر گۆڕ هەڵدرانەوە کە قوربانییەکانی نێویان بە شێوازی نامرۆڤانە لە ناوبرابوون.

حزبووڵا یان هوداپار لە ناو خەڵکدا ئەندامەکانی وەک پەلەپیتکەکێشی دەوڵەت بەناو دەکران. دەوڵەتی قوڵ و ئۆرگانەکانی هەرچەندەش هەوڵیاندەدا پەردەپۆشی تاوانەکانیان بکەن و نەبنە رۆژەڤی ڕای گشتیی و حکومەت، بەلام گەورەیی قەبارەی تاوانەکان ڕێگر بوو لەوە. عارف دۆغان، دامەزرێنەری ( ژیتەم)، وتبوی: حوسەین وەلی ئۆغلوو بە پشتیوانی من حزبوڵای دامەزراند و بەرێوەشیبردوە. ئەوەش هێندەی دیکە پەیوەدنی ئەو تاقمە تاوانکارە و دەوڵەتی قوڵی کردەوە بە ڕۆژەڤ. دانپێدانانەکان لەوەش زیاتر چوون. عیسمەت سەزگین، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی تورکیا و وتی: ئێمە حزبوڵامان لە دژی پەکەکە دروست کرد.  

هەموو ئەوانەش وای کرد تا حزبوڵا ببێتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچاوانی دەسەڵاتدارانی تورکیاوە. هەر بۆیە دەیانویست هەر چۆنێک بووە خۆیانی لێقوتار بکەن. لە پاش پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی دژ بە ڕێبەر ئۆجالان و بەتایبەتیش لە دوای ساڵی ‘دوو هەزار’ەوە، تێکۆشانی پەکەکە دەربازی قۆناغێکی دیکە بوو. دەوڵەت پێویستی بە حزبوڵا نەمابوو و وردە وردە سەرچاوەی دارایی و هاوکارییەکانی دەبڕین. هەر بۆیە ئەو تاقمە بۆ بەدەستخستنی پارە، دایە چەتەگەری و رفاندنی هاوڵاتیان و باج و سەرانە سەندن لە خەڵکی. لەو چوارچێوەیەدا لە شاری ئەستەنبوڵ ژمارەیەک بەرپرس و کارمەندنی دەوڵەتیان ڕفاند و لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا پارەیەکی زۆریان وەک سەرانە لە کەسوکاریان و دەوڵەت وەرگرت. ئەوەش دەوڵەتی ناچار کرد لە 17ی مانگی چلەی ساڵی ‘دوو هەزار’دا، لە ئەستنبوڵ ئۆپەراسیۆنێک لەدژیان ئەنجام بدات کە لە میانیدا حوسەین وەلیئۆغلو سەرکردەی تاقمە حزبوڵا کوژرا و ئەدیب گوموش و جەمال توتار دوو لە گەورە بەرپرسانی ئەو تاقمەکەش دەستگیر کران. ئیدی لە سەرتاسەری تورکیا هەڵمەتی دەستگیرکردن و ڕاوەدونانی بەرپرسان و ئەندامانی حزبوڵا دەستی پێکرد و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکران و دانیان نا بە هەزاران تاوان و چارەنوسی سەدان کەسی بێسەروشوێنکراویش ڕوونبوویەوە.  ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ و کەسیی و ناوەندی ئەنجامدانی تاوان و ئەشکەنجەدانی ئەو تاقمەش ئاشکرا بوون.

دۆسییەی لێکۆڵێنەوە و دادگاییکردنی ئەندامانی تاقمی حزبوڵا پێکهات و 9 ساڵی خایاند و لە ساڵی 2009دا کۆتایی پێهێنرا. لە ژێر گوشاری ڕای گشتییدا، زۆرێک لە بەرپرسان و ئەندامانی ئەو تاقمە سزای زیندانی قورسیان بۆ بڕایەوە. بەڵام  لە 4ی چلەی ساڵی 2011دا بەشێک لە دەستوری تورکیا هەموارکرایەوە و ئەوەش ئازادکردنی 25 لە سەران و ئەندامانی کارای حزبی- کۆنترای بەدوادا هات کە دەستیان سوربوو بە خوێنی سەدان کەس.

بەشێکی دیکە لە ئەندامانی حزبووڵا لە چوارچێوەی پارتێک بەناوی هودا-پار خۆیان ڕێکخستەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە وەک درێژکراوە تاقمی ئیلیم دەبینرا و یەکەمین سەرۆکیشی پارێزەر مەحەمەد حوسەین یاڵماز بوو کە لە دادگاکاندا پارێزەری بۆ ئەندامە تاوانبارەکانی حزبوڵا کرد بوو. ناوبرا لە ساڵی 2007ـەوە تا 2010، سەرۆکی کۆمەڵەی توندەڕەوی مەستەزعەف- دەر بوو کە لە ساڵی 2010دا لە لایەن دەوڵەتەوە قەدەغە کرا. لە 28ی حوزەیرانی ساڵی 2013دا، زەکەریا یاپیجی ئۆغلو پارێزەرێکی دیکەی دۆزی حزبووڵا بە سەرۆکی هودا- پار هەڵبژرێردرا. هەموو ئەمانەش وای کرد، گەلی کورد وەک حزبوڵا لە هودا- پار بڕوانێت. لە باکوری کوردستان و تورکیادا هەمووان دەیانزانی کە دامەزارندنی هودا- پار لە چوارچێوەی پیلانێکی ڕژێمی تورکیادایە کە بە ‘پلانی چۆکدادان’ ناسراوە و لە ساڵی 2012دا کاری بۆکراوە. پیلانەکەش بەو شێوەیە بوو هودا- پار وەک پارتێکی ئیسلامیی نیشانی کۆمەڵگەی کوردی بدرێت و سۆزیانی بۆ رابکشێن و لە دژی پەکەکە و تەڤگەری ئازادی کوردستان بەکاری بهێنن. بەڵام هەر لە دەستپێکەوە دەستەکەی دەوڵەت و حزبوڵا لە لای کورد ئاشکرا بوو و بەڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت خەڵکیان پێی فریوو نەدرا. چونکە هەمووان باش دەیانزانی هودار- پار و ڕژێمی تورک دوو ڕووی یەک دراون. ئەوەش لە سەرهەڵدانی ڕۆژانی “6-7-8″ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2014دا باشتر دەرکەوت کە بە سەرهەڵدانی کۆبانێ بەناوبانگ بوو، تێیدا چەتەکانی هوداپار و هێزەکانی ڕژێم هێرشیان کردە سەر گەلی سەرهەڵدێری باکور و 43 وڵاتپاریزیان شەهید کرد و دەیانی دیکەشیان بریندارکرد. زیاتر لە دوو هەزار کەسیشیان دەستگیر و زیندانی کرد. هودا-پار  واخۆی نیشان دەدا کە دژی ئاکەپە-ن و بۆ خەڵەتاندنی خەڵک کەسایەتیی و هێما ئایینیەکانی کوردیان بەکار دەهێنا، لەوانە: شێخ سەعیدی پیران. بەڵام هەرگیز خۆیان لە قەرەی لایەنە نەتەوەییەکەی ئەو کەسایەتیی و هێمایانەی کورد نەدەدا.

لە دوای کودەتاکەی شەوی 15 لە سەر 16ی تەمووزی ساڵی 2016ی تورکیا، ئیدی هودا-پار دەربازی قۆناغێکی نوێ بوو و بە ئاشکرا چووە بەرەی ئاکەپە-وە و لە هەر شوێن و بۆنەیەک پشتیوانی بۆ پارتەکەی ئەردۆغان دووپات دەکردەوە. لە بەرامبەریشدا، ئاکەپە هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەت و میدیاکانیانی خستە خزمەتی هودا-پار-وە و سەرانی ئەو رێکخستنە کۆنترایەش ڕاستەڕاست کەوتنە دژایەتیی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و بەبێ سڵەمینەوە بەرگریان لە تاوانەکانی سەردەمی حزبوڵاش دەکرد. کاتێکیش لە 14ی ئایاری 2023دا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا راگەیاندرا، یەکسەر چووە بەرەی ئەردۆغان و ئاکەپەوە و پشتیوانیان لە هاوپەیمانی کۆمار کرد و بەناساندنی چەند کاندیك بەفەرمی بوونە بەشێک لە هاوپەیمانییەکە و کەوتنە پڕوپاگەندە بۆ ئەردۆغان و دژایەتی کورد و هاوپەیمانییەکانی دیکە. وەک پاداشتێک بۆ ئەوە لە 3ی ئایاری 2023دا، محەمەد ئەمین ئاکسۆی. ئەندامی باڵای هوداپار و تاوانبار بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی، بە بڕیارێکی سەرۆکایەتیی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەبیانوی چوونە تەمەنەوە ئازاد کرا.

لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری ساڵی 2019شدا، هودا- پار پشتیوانی لە ئاکەپە کرد بوو. لە بەرامبەر ئەوەشدا ئاکەپە لە 2019 تا 2022 سەدان تاوانباری حزبوڵای ئازاد کرد کە دەستیان بەخۆینی ڕۆڵەکانی کورد سوربوو. بەو شێوەیە زیندانەکان لە تاوانبارانی ئەو تاقمە خاڵی کرانەوە.
لەبارەی هێز و دەنگی پارتەکەیان سەرۆکی تاقمی هودا-پار بانگەشی کردوە، کە گوایا لە هەڵبژاردنەکانی 2023دا، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ بۆ هاوپەیمانیی کۆمار کۆبکەنەوە. ئەو بانگەشەش لە کاتێکدایە کە تائێستا ئەو تاقمە بەشداریی لە چوار هەڵبژاردندا کردووە و وێرای ئەوەی هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتی خراوەنەتە خزمەتییە، بەڵام نەیتوانیوە یەک کاندیدیش ڕەوانەی پارلەمان بکات. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە لە حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، سەرەڕای ساختە، کڕینی دەنگ و بەخشینەوە پارە، 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنابوو، کە دەیکردە لە سەدا سفر و کۆما سی و یەکی “0.31%”ی دەنگەکانی تورکیا. ئەوەش دەریدەخات بانگەشەی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ کە خەون و سەرابێک زیاتر هیچی دیکە نییە.
بەگشتی هەموو ئەمانە پەردەیان لەسەر ڕووی ڕاستینە حزبوڵا و هودا-پار کە وەک حزبی- کۆنترا ناسراون هەڵماڵی و دەرکەوت کە تا کە ئامانجیان دژبەریکردن کورد و تەڤگەرە ئازادیخوازەکەیەتیی و بەدوورن لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی و ئاینیی و چاوەڕوان دەکرێت ئەم جارەش وەک جارەکانی دیکەی گەلی کورد لە سەر سندوقەکانی دەنگدان سزای ئەو تاقمە و ئاکەپە و ئەردۆغانی سەرچەتەیان بداتەوە.

وێڕای کوشتن و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزار کەس لە لایەن هوداپار و دەوڵەتی قوڵەوە کە بەشێکی زۆریان بە تاوانەکانی بکەری نادیار ناسراون، کەچی پەدەکە و سەرکردایەتییەکەی پەیوەندییەکی توندوتوڵی لەگەڵ هوداپار و ڕژێمی تورک هەیە. لە دوای ساڵی 1991وە کە گەل و پارتە شۆڕشگێرەکان باشوری کوردستانیان ڕزگار کرد و پەدەکەش چووە سەر حازری، ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕتر بووە و نوێنەرایەتییان لە هەولێر و دهۆک بۆ کراوەتەوە. لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئێستای تورکیاشدا ئەو پەیوەندییە گەیشتووەتە لوتکە. بۆ سپیکردنەوە رووی ڕەشی ئەو تاقمە دژەکوردە و ئاکەپە، میدیاکانی پەدەکە خراونەتە خزمەتیانەوە.
وەک هوداپار و ئاکەپە، مێژووی پەدەکە و بارزانییە دەسەڵاتدارەکانیش پڕە لە تاوان بەرامبەر کوردانی باشوری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان. لەو سۆنگەشەیەوە دەتوانرێت ناوی هوداپار و حزبی کۆنترای باشوری کوردستان لە پەدەکە-ش بنرێت. 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …