حەقیقەتی میزۆپۆتامیا، ژن و ژیانێکی هونەرئاسا

پانزەھەزار ساڵ ڕۆڵی دایک دەبینێ و ھەموو شتێک بۆ مرۆڤایەتی دەخوڵقێنێ، دواتریش دەکەوێتە ڕەوشی بەندەیی بێتوانا و بێچارەوه‌!

عەبدوڵلا ئۆجالان

 

ئەو واقیعەی لە میزپۆتامیا دەگوزەرێت:

پانزەھەزار ساڵ ڕۆڵی دایک دەبینێ و ھەموو شتێک بۆ مرۆڤایەتی دەخوڵقێنێ، دواتریش دەکەوێتە ڕەوشی بەندەیی بێتوانا و بێچارەوه‌! ئەو وڵاتە بێت کە بۆ یەکەمین جار خوداوەندە ژنەکانی خوڵقاند و ھەموو پێویستییەکی مرۆڤایەتی بخوڵقێنێ، دواییش وەک پارچە قوماشێک بەکار بھێنرێت و فڕێ بدرێتە گۆشەیەکەوە! تەواوی مەزنایەتی و خوداوەندەکان بخوڵقێنە، دواتریش ببیتە بەندەیەکی بێچارەی ئەم خودایانە! تەواوی ئەو پیشانە دەخوڵقێنی کە جیھان تێر دەکات، دواتر خۆت بە برسێتی دەمێنیتەوە! ھەموو شوێنێک دەکەیتە ئاوەدانی، دوایی خۆت دەبیت بە لانەواز! دەبیت بە چرا و ھەموو کەسێک ڕۆشن دەکەیتەوە! كه‌چی تا ئێستاش لە تاریکایی ڕزگارت نابێت! بۆ ھەموو کەسێک دەبیت بە دەنگ، مۆسیقا و شیعر بخوڵقێنە؛ دوایی ببیت بە کەڕولاڵ! زانست و ڕێزگرتن و ئامراز بۆ ھەموو کەسێک بخوڵقێنە، دواییش بە نەزانی بمێنیتەوە! کۆشک و دیوەخان بۆ ھەموو کەسێک دەخوڵقێنی، دواییش پێویستیت بە بستێک خاک دەبێت! بەڵێ، شارستانییەتی ڕۆژھەڵاتی ناوین ناوی ئەم ناکۆکییە تراژیدییە گەورەیەیە. ھۆکاری سووتان و بوون بە خۆڵەمێش لە چیرۆکەکانی خۆشەویستیدا، لەم ناکۆکییەدا شاراوەیە. لەمیانەی تەواوی ئەم بەھایانەوە گەورە دەبێت، دواییش دەبێت بە بستەباڵا. ئەمە تەنها لەمیانەی سووتانەوە پاک دەبێتەوە. بۆ یەکەمین جار بەیەکگەیشتنی خودای ژن و پیاو دەخوڵقێنێ، دوایی دەبێت بە ژن و پیاوێک کە کەوتوونەتە نێو سووکترین ڕەوشی سواڵکەرییەوە! ئەمەش تەنها بە سووتان پاک دەبێتەوە.

گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین زۆر دەگرین. بێگومان دوای لەدەستدانی تەواوی ئەو بەھایانەی خوڵقاندوویەتی، دەگریه‌ت. لەم ھەزار ساڵەی دواییدا ڕۆژھەڵاتی ناوین لەسەر بێدەنگیی مردن دەگریه‌ت. بانگدان، گۆرانی و ئاوازە مۆسیقییەکان پڕ لە خەمگینین و بانگەوازی مردن دەکه‌ن. ئەمانەش ھیچ یەکێکیان ڕێکەوت نین؛ گوزارشت لە ڕووداوەکان دەکەن. ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمە ئەنجام درابایە، بێواتا دەبینرا. لێرەدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە بۆچی ئەو گۆڕانکاری و ڕووداوانەی لە جیھاندا ڕوو دەدەن، ڕۆژھەڵاتی ناوین پێیان کاریگەر نابێت. ئەوانەی بناخە و گۆڕەکانیان ھێندە گەورە و قووڵە؛ ناشێ لە کەسانی دیکە تێ بگەن. چونکە بەبێ خواردنەوە بەردەوام سەرخۆشن، یانیش بە مردوویی لە دایک بوون. ناشێ ڕابوردوویەکی بەم جۆرە لێی ببوررێ. ھۆکاری لێخۆشنەبوونیش دیارە. نابێ ئەم شارستانییەتە بە فڕێدراوی بەجێ بھێڵرێ. ئەوانەی بەجێی دێڵن، لە نێو خیانەتی ھەرە مەزندان. ئەوانەی لە نێو خیانەتێکی ھێندە گەورەدان، لێیان نابوررێ. خیانەتکردن لە شارستانییەت تاوانێکی گەورەیە و زۆرن ئەوانەی خیانەتیان کردووە. ھەر بۆیە جوڵانەوەکانی تۆڵەسەندنەوەش مەزن و زۆرن. بەڵام ئەمە چی ڕزگار دەکات؟ کوشتن و کوژران، لە گەورەکردنی گۆڕستان زیاتر ھیچ سوودێکی ھەیە؟ لە ڕۆژھەڵاتی ناوین لەژێر بیانووی کێشمەکێشی ئایینی و بنەماڵەیی و مەسەلەی نامووس و موڵک و تەنانەت گەلێک بیانووی بچووکی ھێندەی ناوکە ھەنجیر، جۆگەلەی خوێن دەڕژێنرێ. تەواوی ئەمانەش بڕوبیانوون. شکستی گەورە و خیانەت بناخەی ئەم خوێنڕشتنانە پێک دێنن. نەریتی تۆڵەسەندنەوە شتێکی سانا نییە، چونکە ڕەگەکەی بۆ ڕابوردوویەکی لەم جۆرە درێژ دەبێتەوە. گەلێک تاوان ڕوو دەدەن کە بۆ ڕاستینەی داب و نەریت دەگەڕێنەوە. دیسان بناخەکەی ئەم مێژووە نەفرینلێکراوەیە. تەواوی بەھاکانی شارستانییەت زەوت کراون و نامووسەکەی پێشێل کراوە. ھەر وەک چۆن ئەم ڕاستینەیه‌ لەسەر گەلێک شت پەیڕەو دەکرێت، بەڵام لە مەسەلەی کچ و ژندا کراوەتە سیمبۆل. ئەگەر شتێک لە سیمبۆل بێت، واته‌ پیرۆزی مەزن پیس کراوە. ھەر بۆیە سزاکەی ھێندە گران دەبێت و بە شێوازێکە پەسه‌ند ناکرێت. تراژیدیا سەرچاوەی خۆی لەم مێژووەوه‌ وەردەگرێت.

ڕۆژھەڵاتی ناوین گۆڕە لە ناو گۆڕێکی دیدا، گرێیە لە ناو گرێدا. جیھان دەگۆڕێت، بەڵام ئەو ناگۆڕێت. ناچارە وەک خۆی بمێنێ. داربەڕووە، بەردەوام ڕەگەکەی ئەستوور دەبێ. ھەرچەندە لقەکانی ببڕرێت، دیسان بە خۆی دەمێنێتەوە. ھیچ کاتێک ئومێد بۆ سەوزبوونەوەی نابڕێت. ڕۆژھەڵاتی ناوین مۆڵگەی ئومێدە. تەنیا ئومێد بە دەست ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە ماوە. لە کاتێکدا نەریتەکە بێبەزەییانە و جێگه‌ی لێنەبوردنە و بەردەوام ئومێد چاوەڕوانی چەکەرەکردنی ڕەگی داربەڕووە. ژیان تەنها وەک ئومێدێکی مەزن ماوەتەوە.

ئازادیی کۆمەڵگە پەیوەستە بە ئاستی ئازادیی ژنه‌وه‌:

گرێدانی ئاستی ئازادیی کۆمەڵگەکان بە ئاستی ئازادیی ژنەوە، دەستنیشاکردنێکی ڕاستە. کاتێک لە لایەنی ئیستاتیکاوە تەماشای بابەتەکە بکەین، دەبینین ئەوەی ئازاد نەبێت، ئیستاتیکا (جوانناسی)ی نابێت. ھەر بۆیە ژیانێکی جوان نەبێت، لە سنوورەکانی ناکامیدا بەدی دێت. تەماشاکردنی دیاردەی ژن وەک دیاردەیەکی ھونەری، زیاتر واقیعی و ژیانییە، نەک وەک موڵک-موڵکایەتی یاخود کارکەر-گوندی. بینینی ژن وەک پارچەی ھەرە بزۆک و ھەستیاری سروشت، ھەستکردن بەوەی پیرۆزییەکی دیاریکراو لە خۆی دەگرێت، نه‌دوان له‌گه‌ڵی بە زمانی پیاوسالاری، دەرککردن بە زمانی پڕ لە نھێنیی ژیان، سەبارەت بە ژیانێکی جوان زۆر گرنگە. خراپترین کرداری کۆمەڵایەتی کە بەسەر ژندا دەسەپێنرێ، پیاوسالارێتی، خۆپەرستیی پیاوە. ھیچ شتێک وەک ھەڵوێستی ئەو پیاوە ناقۆڵایە قەدەرگەرا نابێت کە بەسەر ژنی بێچارەدا سەپێنراوە. بەگوێرەی من، بەھێزترین و دیموکراتترین پیاو ئەوەیە کەوا پێگەیشتووە، ھەستیارە، لە ئازادی و یەکسانی تێ دەگات، گرێدراوی ئەو پێوانانەیە کە پێناسەمان کرد و دەزانێ پێداویستییەکانی بخوڵقێنێ. ئەو کۆمەڵگەیەی بێڕادە ژن بچووک دەکاتەوە، ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لە ناو کۆیلایەتیدا قووڵ بووه‌تەوە. ئەو کۆمەڵگەیەی ژیانێکی ھەڕەمەکی لەگەڵ ژن پەسه‌ند بکات، ھیچ لە واتای ژیانی تێ ناگات. دیسان خراپترین و بێھەستیارترین ژیانی دوور لە جۆش و تێگەیشتن، ئەو ژیانەیە کە لەگەڵ ژنێکی کوێلەدا پێکەوەی بنێت.

ژن نەک وەک ڕەگەز، بەڵکو وەک مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سروشتی دابڕێنرا و مەحکومی کۆیلایەتییەکی گشتگیر کرا. تەواوی کۆیلایەتییەکانی دیکە گرێدراو بە کۆیلایەتیی ژن پێش دەخرێت. ھەر بۆیە تا کۆیلایەتیی ژن شی نەکرێتەوە، کۆیلایەتییەکانی دیکەش شیتەڵ ناکرێن. کۆیلایەتیی ژن تێ نه‌پەڕێنرێت، کۆیلایەتییەکانی تریش بەلاوە نانرێن. ژنی بلیمەت و بەتوانای کۆمەڵگەی سروشتی بە ھەزاران ساڵ لە ناو کولتووری خوداوەند – دایکدا ژیاوە. ئەو بەھایەی بەردەوام شکۆدار کراوە خوداوەندە – دایکە. لە دۆخێکی وەھادا بەرفراوانترین و درێژخایەنترین کولتووری کۆمەڵگە چۆن سەرکوت کرا و کرا بە بولبولە جوان و ڕەنگاوڕەنگەکەی ناو قەفەس؟ دەشێ پیاوان لەپێناو ئەم بولبولەدا لە ھۆشی خۆیان بچن، بەڵام ئەو ژنە دیلێکە تا وەک ئەم دیلێتە درێژخایەن و قووڵە تێ نه‌پەڕێنرێت، ھیچ سیستەمێکی کۆمەڵگە ناتوانێ باسی یەکسانی و ئازادی بکات. ئەو حوکمدانە ڕاستە کە دەڵێ: ئاستی یەکسانی و ئازادیی ژن، ئاستی ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵگە دیاری دەکات. تا ئێستا مێژوویه‌کی ڕاست و دروستی ژن نەنووسراوە، لە ھیچ زانستێکی کۆمەڵایەتیدا بە شێوەیەکی ڕاست و واقیعی شوێنی ژن دەستنیشان نەکراوە. تەنانەت ئەوەی دەڵێ ڕێزێکی زۆرم بەرامبەر ژن ھەیە بەو ڕادەیەی ژن ببێتە ئامرازێکی پێکھێنانی حەسرەتەکانی، ئەمە وەک حوکمێک دیار دەکات. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، لە دەرەوەی لایەنی زایەندی (سێکسی)، ھیچ پیاوێک ژن وەک دۆست نابینێ و پەسەندی ناکات. دۆستایەتی تەنها لە نێوان پیاواندا پەیڕەو دەکرێت. بە ژنێک بڵێی دۆست، واتە ڕۆژی دووەم سکانداڵی سێکسییە، دۆزینەوە یان خوڵقاندنی پیاوێک كه‌ ئەم جۆرە ھەڵوێستەی تێ پەڕاندبێت، دەبێ وەک یەکێک لە ھەنگاوە سەرەکییەکانی ئازادی ھەڵسەنگێنرێ.

ژنانی چاخەکانی ناوەڕاست دوو چاری دووەم شکاندنەوەی کولتووریی کۆمەڵگەی ڕەگەزگەرێتی هاتنەوە. یەکەمین شکاندنەوەی گەورەی کولتووری، لە سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەتی کۆیلایەداریدا، لە بەرامبەر کولتووری خوداوەندێتیی ئینانا-ئیشتاردا دەبینرێت. شکاندنەوەی کولتووریی بەرامبەر ژن لە سیستەمی ئایینە تاکخوداییەکاندا لە نموونەکانی مەریەمی خوشکی مووسا، مەریەمی دایکی ح.ز. عیسا، ئایشەی هاوسەری ح.ز محەمەد، بە شێوەیەکی ڕوونتر دەبینرێت. ئیتر هیچ شوێنەواری خوداوەندی نییە، تەنانەت نیشاندانی بچووکترین هەڵوێست، دەیکاتە شەیتان. لە دیدێکەوە لێی دەڕوانرێت کە هەر ساتێک دەتوانێ ڕۆحی خۆی بە شەیتان بفرۆشێت. لە هەر ساتەوەختێکدا دەشێت پیاو بە لاڕێدا ببات. دۆخی جادووگەرێتییەکەی پێویستی بەوەیە کە بە زیندوویی بسووتێنرێت. کولتوورێکی کۆمەڵکوژی لە ئارادایە کە کچانی منداڵ زیندەبەچاڵ دەکرێن، لە لاقەی سێکیسیەوە تا دەگاتە ڕووداوەکانی وەک بەردبارانکردنی بەکۆمەڵ. لە کۆمەڵگەدا، دۆخی خراپترین کۆیلایەتی کە هەزاران ساڵە گەمارۆ دراوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە تێگەیشتنی زەحمەتە. لە ڕاستیدا تا کۆیلایەتیی ژن چارەسەر نەکرێت، شیکاریی بۆ نەکرێت، ئاستی کۆیلایەتیی سیستمەکەش مایەی تێگەیشتن نابێت. ئەو بازن و زنجیرانەی بە هەموو شێوەیەک پێوەی کراون، کەلوپەل و ئامرازەکانی ڕازاندنەوە ڕەنگدانەوەی کولتووری کۆیلایەتین. وەک چۆن زمانی بڕراوە، بێ بیرکردنەوە ماوە. دایکایەتییەکی وشک و کێڵگەیەک کە پیاو دەتوانێت بە دڵی خۆی بەکاری بهێنێت. لە مێژە کراوە بە شت (ئۆبژە).

هەڵوێستی هەرە ڕاست بەرامبەر بە ژن ئەوەیە کە وەک شۆڕشێکی کولتووری تاوتوێ بکرێت. لە ناو کولتووری هەنووکەدا چەندە نیازپاک بیت و هەوڵیش بدرێت، بە هۆی کێشەى خودی دیاردەکە و پێکهاتەى پەیوەندییەکانیەوە چارەسەرییەکی واتادار و ئازادیخوازانە بەدی نایەت. ڕادیکاڵترین و ئازادیخوازترین ناسنامە لەمیانەى نزیکبوونەوە لە ژن یاخود دەرککردنی تەواو بە سیستەمی پەیوەندیی نێوان ژن – پیاو فەراهەم دەبێت. دەبێ باش بزانرێ کە لەمیانەى هاوسەرگیریکردن لەژێر ناوی نەریتدا، لە لایەکی تر بەپۆڕنۆکردن لەژێر ناوی مۆدێرنیزمدا، تۆزقاڵێک بەرەو پێشەوە ناچێت. بە ئەندازەى قووڵایی کۆیلایەتیی ئەم بوارە، ئەوا قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە ئازادی و کردنی بە ئیرادەیەک پێویستییەکە. ئەوانەی لە بواری ئازادیی ژن و خۆئازادکردندا مەودایان نەبڕیوە، دەبێ باش بزانن کە لە هیچ گۆڕەپانێکی ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ناتوانن ببنە هێزى چارەسەر و گۆڕانکاری. دەبێ ئەمە وەک سەرەکیترین پێوانەکانی ئازادی بە بنەما بگیرێت كه‌ هەر هەوڵ و کۆششێکی ئازادی دوالیزمی پیاوی باڵادەست – ژنی کۆیلەى تێ نه‌پەڕاندبێت، ناتوانێ ناسنامەیەکی ڕاستەقینەى ئازادی بە دەست بێنێ. تا پەیوەندیی موڵکایەتی – دەسەڵاتی سەر ژن کۆتایی پێ نەیەت، پەیوەندیی ئازادانەى نێوان ژن – پیاو پێش ناکەوێت.

تەواوى شێوەکانى هونەر وەک ددانپێدانانى عەشقى بێ ئاکامە، تەنانەت ئایینەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆنترین شاکارەکانى هونەرن کە بە شێوەیەکى بەهێز لە خواست و ئارەزووە یەکلایەن یان بێئاکامەکانى پەیوەندىی نێوان نێر خوداوەند – مێخوداوەند کاریگەر بوون. بزووتنەوە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان، ئەگەر پەیوەندییان لەگەڵ ئەدەب و تەنانەت لەگەڵ هونەردا نەبێت، تا ئەو کاتەی بە سەرنجی هونەرمەندێک ئاگادار دەکرێنەوە، بەڕێوەبردن کەموکوڕییەکی گەورە هەڵدەگرن، نەخۆش دەبن. حەقیقەت تەنها بە میتۆدی ئایدیۆلۆژی و زانستی ڕوون ناکرێتەوە؛ بشکرێت کەم دێنێت.

وێژە و مۆسیقا دەزگاکانی نیۆلیتیکن:

مرۆڤ لە ڕێگەی هونەرەوە گەردوونێكی تایبەت بە خۆی ئافراندووە. تەنها لەمیانەی داهێنانەكانی بوارە سەرەكییەكانی لە جۆری دەنگ، وێنە، بیناسازی و…هتد، بەردەوامی بە کۆمەڵگە دەدرێت. ئایا دەشێت بیر لە کۆمەڵگەیەكی بێ مۆسیقا، بێ وێژە و بێ بیناسازی بكرێتەوە؟ داهێنانەكانی سەرجەم ئەم بوارانە بە واتای میتافیزیك دێن. ئەم داهێنانە بۆ بەردەوامیی کۆمەڵگە دەستلێبەرنەدراون. هونەر تەواو وەك وێناكردنێكی میتافیزیك، پێویستیی ئیستاتیكبوونی مرۆڤ جێبەجێ دەكات. چۆن مرۆڤ لەمیانەی هەڵبژاردەی چاك – خراپه‌وه‌ واتا بە ڕەفتارە ئەخلاقییەکەی دەبەخشێت، هەروەها لەمیانەی داوەریی جوان – قێزەونیشەوە مانا بە ڕەفتاری هونەری دەبەخشێت.

دەشێت سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەدەبیات و مۆسیقاش بۆ قۆناغی بەدەزگابوونی نیۆلیتیک بگەڕێنرێتەوە. مۆسیقای دێرین هەر وەك بڵێی ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەیە. بلوێری شوان و دەهۆڵ و زووڕنا، تەنانەت ئەمڕۆش ئاوازە خەمناك و بەجۆشەكانی ئەو سەردەمانەمان بۆ دەگێڕنەوە. ئەو ئامێرانە وەك باپیرە و داپیرەی مۆسیقا وان. لە کۆمەڵگەی سۆمەردا شێوە و ناوەڕۆكی مۆسیقا زیاتر په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌رێت. لە پەرستگاكان و كۆشكی پاشاكاندا مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژان شوێنێكی گرنگیان هەیە.

داستانە زارەكییەكان بە ڕەوانبێژییەكی بەهێز باسی پیرۆزیی یەكەمین ناسنامەی خێڵ و حەسرەتەكانی ژیانی ئازاد دەكەن. ئەمانە سەرچاوەی سەرەكیی داستانە نووسراوەكانن. داستانی گڵگامێش یەكەمین دەقی نووسراوی مێژووە. لەوانەیە سەرچاوەی بنەڕەتیی ئەدەب و دەقە پیرۆزەكانیش بێت. چەندین دەقی ئەدەبی و ئایینیی سۆمەر تەنها سەرچاوەی ئیلهامی ئەدەب و باسە تیۆلۆژییەكانی گریك (یۆنان) نین؛ داستانەكانی یۆنان، لە سەرووی هەمووشیانەوە تەواوی وێنا میتۆلۆژییەكان، نموونەیەكی تری ئەوانەی سۆمەرن كە بە ڕێگەی ئەنادۆڵدا گوزەریان کردووە و گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە. کولتووری مۆسیقا و ئەدەب كە لە یۆنان گۆڕانكارییەكی دیاری بە خۆیەوە بینی، لە کۆمەڵگەی بۆرژوازیی ئەورووپادا لە ڕێگەی ڕۆماوە بە دوایین ڕێڤیزیۆندا تێ پەڕی، دەكرێت بە شێوازی پۆپ و پیشەسازیی کولتووری، بەم جۆرە، ئەفسوون و پیرۆزیی سەرەتای لە دەست دەدات، وەك هونەرەكانی دیكە بە شێوەی كاڵای ساكاری بەكاربردن ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە. ئەگەر کۆمەڵگەکان هەبوونی مێژوویی بن، ماناکەشیان مێژووییە. واتا، لە سروشتی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە دێت. دەشێ وەک ئامانج، ڕۆح و عەقڵ پێناسە بکرێت. حەقیقەتیش؛ خۆگەیاندنە دەربڕین و گوزارە لەخۆکردنی ئەو واتا میتۆلۆژی، ئایینی، هونەری، زانستی و مەعریفییانەیه‌ کە بوون بە کۆمەڵگەی مێژوویی دەبەخشن.

واقیع و ڕاستینەی کورد هەم بەرهەمێکی ئەو پرۆسە مێژووییە مەزنەیە، هەم هەڵگری نیشانە بەهێزەکانی ئەو کولتوورەیە کە بە هەڵواسراوی تێیدا ماوەتەوە. ناشێت سووربوونی کورد لەسەر مانەوەی لە دۆخی گەلی خێڵ و هۆزە‌ کولتوورییەکاندا، تەنها بە ڕەوشی خۆپاراستن بەرامبەر هێزەکانی شارستانییەته‌وه‌ ببەستینەوە. ئەگەر خودی ئەو کولتوورە ڕەگوڕیشەی زۆر قووڵی نەبێت، یان خۆی دەبێت بە شارستانییەت، یان لە ناو بۆتەی ئەو شارستانییەتانەدا دەتوێتەوە کە یارمەتیی گەشەکردنیان داوە. هەزاران نموونەی جڤات (کۆمەڵگە)ی خێڵ و هۆزمان هەیە کە بەو شێوەیە تواونەتەوە. لەم بوارەدا کۆمەڵگەی کورد جڤاتی گەلێکی بێنموونەیە. وەک حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژی، ئەگەر کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی ڕیشەیی بە شۆڕشێکی مێژووییدا تێ بپەڕێت، ئەوا زەحمەتە ئەو کۆمەڵگەیە لە ناو ‌خۆیدا ڕێبەرایەتیی دووەمین گەورە شۆڕشێکی جیاواز بکات. باڵادەستیی شۆڕشەکەی خۆی بەسەر دونیای زیهنی و بونیادە دامەزراوەکانیدا ڕۆڵی لەو دۆخەدا هەیە. چونکە شۆڕشێکی دیکە پێویستی بە دامەزراوە و زه‌ینییەتێکی دیکە هەیە. ئەو شۆڕشەش تەنها بۆ ئەو کولتوورانە ڕێک دەکەوێت کە بە بەراورد لەگەڵ ناوەندی کولتووری بەهێز، لە دۆخی کەنار و کولتووری دووەمدایە. سەرجەم پێدراوە مێژووییەکان پیشانمان دەدەن کە نەک تەنها شۆڕشی سێسەد هەزار ساڵەی هۆمۆساپیانس، بەڵکو شۆڕشی کشتوکاڵیی چواردەهەزار ساڵیش کاریگەریی هەمیشەیی کردووه‌تە سەر کولتووری جێگیری کوردان. نەخشە بۆماوەیی (جینی – بۆهێلی)یەکانیش دەیسەلمێنن کە هەم جۆری هۆمۆساپیانس و هەم شۆڕشی کشتوکاڵی، لە ناوەندی ئەو کولتوورەوە بۆ دەوروبەر و جیهان بڵاو بوونەتەوە. هەرچی پاراستنی کوردانە بۆ بوون و ‌خەسڵەتە کولتوورییەکەیان‌، سەرچاوەکەی بۆ هێزی ئەو کولتوورە مێژووییە دەگەڕێتەوە کە پشتی پێ دەبەستن. هەر بۆیە مەحاڵە هەڵبژاردنی ژیانی کولتووری بەرامبەر بە ژیانی شارستانییەت وەک کۆنەپارێزییەکی ساویلکە یاخود سەرەتاییبوون‌ باس بکرێت‌. چونکە ئەو کولتوورەی تێیدا دەژین، کولتووری شار، چین و دەوڵەتێک نییە، بەڵکو کولتوورێکە کە لە ناو خۆیدا جێگه‌ی دەسەڵات و جیاوازیی چینایەتی ناكاته‌وه‌ و جه‌خت لەسەر دیموکراسیی خێڵ – قەبیلە‌ دەکات. بە ئاسانی جڵەونەکردنی کورد و ملنەدانی بۆ زەبت و ڕەبت،‌ پەیوەندیی بەو دیموکراسییە کولتوورییەیانەوە هەیە.

گورزخواردنی نەریتی زەردەشتی لە سەردەمی باڵادەستیی ئیسلامیدا، کۆیلایەتییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. واتە هۆکاری سەرەکیی د‌وژمنایەتیی ئیسلامی دەسەڵات بۆ نەریتی زەردەشتی، بۆ ئەو دیاردە وشکەی کۆیلەکردن و جیاوازیی چینایەتی دەگەڕێتەوە کە بنەمای ئیسلام پێک دێنێت. هەر بۆیە پەیبردن بەو خاڵە زۆر گرنگە کە بە ڕادەی تێکەڵبوون و تەڤلیبوونی کوردان بۆ ئیسلامی دەسەڵات بوونەتە بەندە و کۆیلە. چونکە لەمیانه‌ی ئیسلامی دەسەڵاتەوە ئیرادەی ژیانی ئازادی کولتووری کوردان د‌ووچاری شکانێکی گه‌وره‌ هاتووە. لە بەرامبەردا ئەو بەرخودانەی لەسەر بنەمای عەلەوێتی و ئێزدێتی پیشان دراوە، پەیوەندیی بە نەریتی زەردەشتیی کۆنەوە هەیە. ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دەستبەردارنەبوون لە ژیانی ئازاد‌ و کولتوورەکەیدا هەبووە کە دەرفەتی پێ داوە. هەروەها ئەو مەزهەب و تەریقەتانەی لە ئیسلامی دەسەڵات د‌وور دەکەوتنەوە، بەو ڕادەیەی د‌ووچاری نەخۆشیی دەسەڵات نەدەبوون، ڕۆڵ و بەشدارییان لە ژیانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و ئەخلاقی هەبووە. ئەمانە جۆرێک لە ڕێکخراوەکانی بەرگریی خۆیی چەرخی ناوین بوون. لە بنەڕەتدا کولتووری کورد لەو د‌وو ڕێگه‌یەوە لە چەرخی ناویندا هەم بوونی خۆی پاراستووە، هەمیش لە قووڵاییدا کۆیلایەتی نەژیاوە و درێژەی بە تامەزرۆیی و وابەستەبوون بە ئازادی داوە. هەرچی ئەو جینۆسایدە کولتوورییانەن کە لە ئاستی دونیادا ڕوو دەدەن، کردەوەگەلێکن بەردەوام لەپێناو کارابوونی ئەو سیستەمەدا پەیڕەو دەکرێن. جینۆسایدی کولتووریی کوردان لە سەر‌ووی ئەو نموونانەوە دێت کە ئەو ماهییەتە وجودییەی سیستەم ئاشکرا دەکات. وەک مەزەندە دەکرێت، جینۆساید لە هیچ یەکێک لە دیاردە نەتەوەییەکانی تورک، عەرەب، یەهودی و هتد سەرچاوە ناگرێت کە هەریەکەیان دیاردەیەکی کۆمەڵناسین. جینۆساید دیاردەیەکی پەیوەست بە شێوازی قۆستنەوەی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییە، بەڵام لە ڕوخساردا بە جۆرێک پیشان دەدرێت وەک بڵێی دیاردەیەکە لە ئاستی نێوان نەتەوە مۆدێرنەکاندا بەدی هاتووە. چونکە کولتوورەکان تا ئاستی جینۆساید بە گژ یەکتردا نەکرێن، ئەوا مەیلی بەدەستهێنانی زۆرترین قازانجی تایبەت بە سەرمایەداری کارا نابێت.

پێویستە ژنان باوەڕیان بە خۆیان بێت:

دەزانم ژنان شوێنم دەکەون. ژنان پێویستیان بەوەیە باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، دەتوانن بە خۆیانەوە بەس بن، دەبێ هیوایەکی زۆریان بەپیاو نەبێ ئەگەر منیش بم، دەبێ خۆیان لەوانە نزیک نەکەنەوە کە کەسایەتیی خۆیان لە فیۆداڵی پاک نەکردبێتەوە، خۆیان لە فیودالیزم ڕزگار نەکردبێت.

پێویستە باش بزانرێت هونەریش بابەتی شەڕە. پێویستە بزانرێت کە ئەنجامەکانی بە خوێن و ئارەقە بە دەست دێن. جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوان سازی هونەرمەندێک و چەکی جەنگاوەرێکدا هەیە. هەردووکیان بانگەوازی شۆڕش دەکەن، ئاگر بەسەر دوژمندا دەبارێنن. پێویستە باش مایەی تێگەیشتن بێت، لاوازی کارەکانمان لەسەر کولتووری شۆڕشگێڕانە، لەسەر بنەمای دووری لە هونەری شۆڕشگێڕییەوەیە و هەلپەرستە. پێویستە بزانێت چۆن تێی بپەڕێنێت. گۆرانییەکانمان، وەک دەنگی فیشەکەکان، گەل هۆشیار دەکه‌نەوە و بانگەوازی شەڕ دەکەن. شانۆکانمان وەک شێوازی بزاوتی گه‌ریلان، پێویستە بەو شێوەیە هەڵسەنگێنرێت. لەم قۆناغەدا ڕۆڵەکەی ئەوەیە. ئەگەر بگەڕێن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، دەردەکەوێت کە ئەم حەقیقەتە لە سروشتی هونەری کۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی هەیە. خەسڵەتەکانی لە جووڵە، بەرخۆدانی و شەڕدان. لێکۆڵینەوە بکەن و خۆتان دەیبینن.

ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت هونه‌ر مۆدێرن بكه‌نه‌وه‌، بیهێننه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی هاوچەرخی گه‌لان، ته‌نها به‌ ده‌ستنیشانكردنی سروشته‌كه‌ی و سه‌ركه‌وتن له‌ گه‌شه‌كردنیدا ده‌توانێت پەرە بە هونه‌ر بدات. جگە لەمەش، بە هیچ شێوازێکی تر ناتوانرێت. بیرمان نەچێت لەم بابەتەدا هونەر ئەوەندەی کە خزمەتەکەی بەجێ دەهێنێ، مانای دەبێت. واتە شێوازی سیاسەتی شۆڕشگێڕانە، وڵاتپارێزیی شۆڕشگێڕیی، ڕێکخستنی چالاکییەکەی، شۆڕشی هونەرییشی بە هەموو شێوەیەک گەشە دەکات. بە چ شێوەیەک؟ ئەدەب و مۆسیقا و فۆلکلۆر و بابەتەکانی وەک ئەمانە خزمەت بە شۆڕش دەکەن. لەسەر بنەمای ڕزگاریی نەتەوەیی دەبن. ڕزگاریی نەتەوەیی ئاسانتر، خێراتر و یارمەتیدەر دەبێ لە ڕێکخستنەکەیدا.

هونەر بەرهەمی خەیاڵی مرۆڤە، یان بۆ باشتر ژیانی واقیعی ژیانی سەختی مرۆڤە. بە واتایەکی تر، مرۆڤ هونەری داهێناوە یان ڕووی لە هونەر کردووە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێسا سەختەکانی سروشت و ئەو ڕێسایانە بكات کە ژیانی کۆمەڵایەتییان وەستاندووە. هەر بۆیە هونەر بەقەد کۆمەڵگە کۆنە و کۆمەڵگەبوونیش هەندێک هونەرئاسایە. واتە هەمیشە ڕاستی و خەیاڵی لە خۆ گرتووە. خەیاڵ هەمیشە هونەر تیمار دەکات، خەیاڵیش هەمیشە بۆ نەرمکردنی توندی واقیع بەکار دەهێنرێت. سەپاندنەکانی واقیع چین؟ زۆرتر ڕاستییەکانی سروشت و کۆمەڵگە؛ بۆ کەمکردنەوەی فشارە توندەکان، جووڵەی گەورەکردنی مرۆڤ. هونەر شێوەی دواکەوتوو و ڕەهەندگەلێکی داخراویشی هەیە، بەڵام ئەمەش بۆ هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەو هونەرەی پێشکەوتن دروست دەکات، لەو جۆرەیە، هەموویان ئامرازن بۆ ئاسانکردن و باشترکردنی ژیان.

هونەر تەنها هیی چەند کەسێک نییە، پێویستە هەموو تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕ خاوەن چەمکی هونەری شۆڕشگێڕانە بن. پێویستە بزانیت چۆن لە چاوی تێکۆشەرێکی شۆڕشگێڕەوە سەیری شۆڕش بکەیت. نەک قەبە، دڕندە، خەمسارد و بێباک، دەبێت بزانێت چۆن بە هەڵوێستێکی هونەرییانە سەیری شۆڕش بکات. نیگارکێش چۆن هەست بە سروشت دەکات، کەسێک چۆن هەست بە مۆسیقا دەکات، نووسەر چۆن هەست بە ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات، شۆڕشگێڕ دەبێت بزانێت چۆن هەست دەکات. ئەوانەی ناتوانن وەها بڕوانن، ناتوانن لە تایبەتمەندیی قەبە و بێئسلوبانە ڕزگاریان بێت. دیدی جوان، ڕه‌وانبێژیی جوان و نووسینی جوان، یەکێکە لە بەشە حەتمییەکانی شۆڕش.

خەباتی شۆڕشگێڕانەمان لەم بابەتەدا پێویستی بە زەمینەسازی هەیە. پێویستە تێکۆشەرانمان لەو لایەنەوە دەستپێشخەری بکەن. لای ئێمە سیاسەت و هونەر، شۆڕش و هونەر دەبێ هەمیشە تەواوکەری یەکتر بن. ئەم دوو دیاردە کۆمەڵایەتییە دەبێت بە شێوەیەکی هونەری تێکەڵ بکرێن. شۆڕش هونەر مومکین دەکات، یان بوار و کەشی بۆ دەکاتەوە. هەروەها هونەر شۆڕش جوانتر و ناسکتر دەکات. دەرفەتی ڕەزامەندبوون، ناوەکیکردن و پێگەیشتنی دەکاتەوە. بەو پێیەی هێندە پەیوەستە بەیەکەوە، ڕێبازە کڵێشەیی و دۆگماتیکییەکان نابنە هۆی داهێنانێکی ئەوتۆ. لەم بابەتەدا لاوازییەکانی ڕێبازی تێکۆشەران زەمینە دەکاتەوە بۆ کڵێشەگەری.

دەمێنێتەوە بزانین ئەمە چۆن عینادییەکی لێ دەکەوێتەوە. هونەر دەبێ نەک تەنها لە خۆیدا وەک هونەر، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕانەدا ببینرێت و پیشان بدرێت. بەڵام بە هۆی نەبوونی دەرفەت، ئەوانەی بە کێشەی سیاسی و سەربازیی جدییه‌وه‌ سەرقاڵن، نابن بە نووسەر و شاعیری گەوره، بەڵام بێبەشیش نابن لەوەی پشکی خۆیانی لێ نەگرن. بۆ ئەوەی ڕێ لەسەر هەستی باش و گەورە بکرێتەوە، پێویستە بەشداری لە هونەردا بکرێت. چونکە هەستە باشەکان و گرنگیی هەستە هونەرییەکان گوڕیان پێ دەدات، پێکەوە لە پەیوەندییەکی توند و تۆڵدان. بۆیە پێویستە ئەم شتانە پێکەوە ببینین.

دەبێ ژیان لەگەڵ ژنێکی ئازاددا بەختەوەری بێت. بەڵام تێڕوانینی من بۆ ژیان لەگەڵ ژندا، ژیانێک نییە لەگەڵ ڕەگەزێکدا، ژیانێکە بە سەیرکردنی ژیانی کولتووری کە لە تەوەری ژندا بونیاد نراوە. ژیان لە تەوەری ژندا گۆڕاوە بۆ بیابان، پێویستە ژیان لە تەوەری ژندا واتادار بکرێ. لە ژیانتدا پێداگر بە. پەیوەندییەکان زۆر سادەن، وەک ئەوەی دۆیەک بخواتەوە، پەیوەندی دروست دەکات. بەو شێوەیە نابێت. دۆخی شەرەف جیاوازە. بەرخۆدانیان شایەنی ئەوەن بڕوای پێ بکەن، دەتوانن بیکەن. کە بەرگەی تەنیایی و ئازار بگرن، ئەوە دەتوانن لە ئیرادەدا خۆڕاگر بن، کە پیاو دەستی لێدای ئەگەر گوڵیش بیت، وردتت دەکات و هەڵتدەپچروقێنێ. پابەندبوونی من بە ژنەوە جیاوازە. هەموو کارەکانم پەیوەست بە ژنان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتییەکی تا کۆتایی كرد. ئەگەر پیاوەکانتان بێدەسەڵات، خراپ، زاڵم و درۆزنن، تا دوایی لە بەرامبەریان ڕاوەستن. لای ئێمە چالاکیی شۆڕشگێڕی هەیە، هەروەها بناغەی دروستکردنی هونەری شۆڕشگێڕانەش. پەرەسەندنی چالاکیی شۆڕشگێڕانە گەرەنتیی دروستبوونی هونەری شۆڕشگێڕانە دەکات، ئامرازەکانی بنیاد دەنێت و هەندێکیش ئامرازەکانی پەرەپێدانی بەرهەمی هونەری دەپارێزێت. واتە پەیوەندیی نێوان هونەر و ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان زۆر تۆکمەن. هونەری گەل، دەربڕینی گەلە؛ بۆ ئەوەیە سەرنج بخەیتە سەر دۆخەکە، ئەو چالاکییانەیە کە گەل بەئاگا دێنێتەوە. دەتوانین بڵێین خۆگەیاندن بە چاو، گوێ و بیرکردنەوەشیه‌تی. ئەو کاتە گرنگە. ئێمە گردبوونەوەکانیان بە بچووک نازانین، بەڵام لەم بابەتەدا نیشانی دەدەین کە کولتوری نەریتی چەندە گرنگە. بەڵام بەس نییە.

شێواز و میتۆدی شۆڕشگێڕانەی لێ بار دەکات، هونەری گەل کە لە ئاستێکی نزیکی سۆسیالیستبووندایە، پێویستە ئەرکی کۆمەڵایەتیکردن لە فۆرم و ناوەڕۆکدا سەربخرێت. ئەمانە ئەو ئەرکانەن کە دەمانەوێت لەم بوارەدا پەرەیان پێ بدەین و بیگۆڕێن بۆ بەرەیەکی بەهێزی شۆڕشگێڕی.

سەرهەڵدانی دینامیزمی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان؛ سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی هونەری. زۆر ڕوونە ئەو چالاکییە هونەرییانەی بەبێ شۆڕش دەکرێن، گوزارەیەکی ئەوتۆیان نییە. هەندێك بەرهەمی ئەدەبی چاپ كران، هەندێك كتێب نووسران، بەڵام ئایا كەس هەیە وەك بەرهەمی ئەدەبی وەریان بگرێت و بیانخوێنێتەوە؟ نا! چونکە بە مردوویی دروست بوون. چونكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه نییە کە شۆڕشی لەسەر بەرپا کراوە، واتە بەرهەمێک سەرچاوەی خۆی لە شۆڕشەوە نەگرێت، مردووە. هونەرێکی بەو شێوەیە نە بەهایەکی ئەدەبیی هەیە، نە بەهای وێنەیی، هیچ بەهایەکی دەنگیی نییە. ئەوانەی هەن، کلاسیکن. ئەرکەکانی خۆیان لە ئاست شۆڕشدا جێبەجێ ناکات. کوێراییەکی قووڵ هەیە. ئەو کاتە هونەر لە کوردستاندا هەم لە ڕووی شکڵەوە لاوازە، لە لایەکی تر لایەنە کلاسیکییەکانی خۆی بە تەواوی لە دەست نەداوە. بۆیە ئەوەندەی دەتوانین بزانین، هونەر ڕۆڵی خۆی ناگێڕێت.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *