کورد وەک ئاوێنەی تورک!

رێبین ئەحمەد رەشید
لە کاتێکدا لەهەموو ئارێنا و یاریگاکانی جیهاندا بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی تورکیا خولەکێک یاری دەوەستێت، بەڵام لە یاریگاکانی تورکیا خۆیدا دژایەتی کورد دەکرێت، پۆستەری ئەو فڕۆکەوان و  جەلادانە بەرزدەکرێتەوە کە لەڕابردوودا کوردیان جینۆساید کردووە. دوێنێ لە شاری بورسا بە هاوکاری هاوپەیمانی خەڵک و پۆلیس و دەوڵەت، بە دڕندانەترین شێوە پەلاماری تیپی وەرزشی ئامەدسپۆر درا تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی کوردن و لە ئامەدەوە هاتوون. لە ئاماژە و جوێن و سوکایەتییەوە، بۆ پەلاماردان و لێدان و بتڵە ئاو تێگرتنی نێو یاریگا، لە شکاندنی جامی ئۆتۆبوس و کۆبوونەوەیان لە دەوری ئەو هۆتیلەی لێی دەمانەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی هاندەرانی یانەکە لە یاریگاکەدا ئەوەی لە دەستیان هات هاوپەیمانی ڕاسیست و دەوڵەت و پۆلیس درێخییان نەکرد. ئەمە سەرباری ئەوەی هەندێ جار یانەکە لەکاتی گەشتەکانی بۆ شارەکانی دیکە هۆتێلی مانەوەی پێنادرێت، یارمەتیی دارایی نادرێت وەک یانەکانی دیکە، گەر هەوادارانیش پیتاکێکی بۆ کۆبکەنەوە، حکومەت بە سزایەکی بێ پێشینە ئەو یارمەتییەیان لێ زەوت دەکات. سولەیمان سۆیڵو وەزیر ناوخۆی ئەو وڵاتە چەند مانگی پێشوو ڕایگەیاند یانەی ئامەد سپۆر یانەیەکی تیرۆرستییە، چونکە فەرمان لە جەمیل بایک و قەندیل وەردەگرێت. دەبێت لێرەدا پرسیارێک بکەین بزانین ئەم هەموو ڕقەی تورک لە کورد بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا هەر بەڕاستی ئەوان نایانەوێت کورد وەرزشیش بکات؟
بۆ من وا دەردەکەوێت ئایدۆلۆژیا قەومییەکان هەموویان لە یەک مەمکی فاشیست شیر دەمژن، بەڵام ئەوی تورک کەمێک فاشیستتر و جیاوازە، دەشێ دایەنی بۆ زۆرێک لە بێچووە فاشیزمەکان بکات وەک مۆدڵێکی سەرکەوتووی فاشیزم. عروبە ئینکاری هێزەکەت دەکات، وەک دەسەڵاتدار و حوکمڕان هەرگیز نانتناسێت، پێی وایە تۆ بۆ ئەوە دروستنەبووی دەسەڵاتت هەبێت، پێی خۆشە هەمیشە گەورە دەربکەوێت بەرامبەرت دەست بەسەرتدا بهێنێت و بۆ ئازارەکانت بگری. پانئێرانیزم “ئایدۆلۆژیای ئاریایی” بەنەرمی  ئینکاری فەرهەنگ و کلتورت دەکات، گەر دانیشی پێدا بهێنێت وەک بەشێکی تواوە لە خۆی دەتبینێت، لای ئەم ئایدۆلۆژیایە تۆ یا بێ فەرهەنگی یا بەشێکی لە فەرهەنگەکەی ئەو. مەرج نییە هەموو عەرەبێک باوەڕی بە عروبە و هەموو فارسێک باوەڕی بە ئایدۆلۆژیای ئاریایی هەبێت ئەوەی تورک لەم دووە جیا دەکاتەوە ئەوەیە بەدەگمەن تورکێک دەدۆزیتەوە باوەڕی بە فاشیزمی تورکچێتی نەبێت!
فاشیزمی تورکی ! وَما ٲدراکَ ما الترک! تورک و ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم لە دەسەڵات و فەرهەنگ گەڕێ کە ئەم دووەی هەردووکی بە تەحسیل حاسڵ وەرگرتووە، ئەو لە بنەڕەتدا ئینکاری بوونە بایەلۆژیی و مەعنەوییەکەشت دەکات، واتە پێی وایە تۆ ئەساسەن بوونت نییە، کە دەشتبینێت ناتوانێت لەبەر ئەم بیروباوەڕەی کە سەبارەت بە تۆ هەیەتی شێت پانیک و دەیری نەبێت، ناتوانێت ئازارت نەدات، کۆمەڵکوژت نەکات، نەتخاتە ژێر پۆستاڵەکانییەوە.
 واژە و پەندە تورکییەکان سەبارەت بە کورد دەڵێن: “کوردی باش بوونی نییە ئەوەی هەیە لەژێر خۆڵدایە” یان ” لە دار مەقاش و لە کورد فەرمانڕەوا دروستنابێت” یا ” کوردی برسی بە ڕاکردن بە دواتدا دێت” یان “کورد سەرەتا گڕی دەدا دواتر بیری لێدەکاتەوە” یان ” کوردی عاسی و کەللە شەق و شاخاوی”  دەقیق حیکایەتی ئەم باس و زیهنیەتە فاشیستە دەگێڕێنەوە.
لە زیهنیەتی دەستەجەمعی ئەودا تۆ هەر نیت تا فەرهەنگت هەبێت، سیاسەت بکەیت و هەوڵ  دەسەڵات بدەیت، ئایدۆلۆژیای تورکچێتی دەقیق دێت نیشانەی پرسیای وجودی لەسەر کەینونەی بونی تۆ وەک کورد دادەنێت.  ئەم دۆخەی کە تورکەکان تێیدەکەون دۆخێکی سایکۆ-کلتوری و سایکۆ-سیاسیی بیماری تەمام عەیارە. ئەوەندەی من لەگەڵیان ژیاوم و لێکۆڵینەوەم لە سیستمی بیرکردنەوەیان کردۆتەوە ئەوان لە بنەڕەتدا دژی تۆ نین، دژی خۆیانن، ئەوەی بە تۆی دەڵێن وەک کوردێک دەقیق حیکایەتی خۆیان و ڕابردوو و مێژوو و کلتوری ڕابردووی خۆیانە، چونکە تۆ وەک کورد بۆ ئەوان دەقیق ڕۆڵی ئاوێنەیەک دەگێڕیت، کە تەماشات دەکەن خۆیان و ڕابردووە دزێوەکەی خۆیان لەتۆدا دەبیننەوە، کە خۆشیان بەو جۆرەی کە هەن دەبیننەوە لەبری گەڕانەوە بۆ خۆیان و دەستکاریکردنی خۆیان دێن پەلاماری تۆی ئاوێنە دەدەن و دەتشکێنن، تفت تێدەکەن، نازانن هەموو ئەو هێرش و جوێنانە ناتوانێت ئاوێنە لە ئاوێنەبوونی و ئەوان لە بنەڕەتی خۆیان داببڕێت، بۆیە بەردەوام و بەردەوام لەم بازنە داخراوەی سوایەتیکردن بە ئاوێنە و شکاندنیدا دەسوڕێنەوە، عاقڵێکیان تێدا دروستنابێت بڵێت کێشەکە لە ئاوێنەکە نییە کێشەکە لێرەیە لای خۆمان. کە تورگوت ئۆزاڵ ئیرادەیەکی لەم شێوەیەی هەبوو دەرمانخواردیان کرد و کوشتیان.
تەماشا کۆمەڵە شوانکارەیەکی پەراکەندە و لێکدابڕاوی پێدەشت و چیاکانی  چین پێدەشتەکانی مەنگۆلیا کە ڕوودەکەنە خاکی ئانادۆڵی پیرۆز و بەپیت، ئیدی بڕیار دەدەن نەگەڕێنەوە. هەم ئاو و هەواکەی هەمیش لەوەڕ و پاوانەکانی ئانادۆڵ شیاوی بەراورد کردن نین بەوەی چین و مەنگۆلیا. ئەمە لە کاتێکدایە ئیمپڕاتۆری چین لێیان بە بیانووە بۆ تاروماکردن و دەرکردن و لەناوبردنیان. دیارە کەمی ژمارە و پەراکەندەیی و بێتفاقی ئەمان هۆکارێکە بۆ کۆچکردن بۆ ئانادۆڵ بۆ ژێر فەررمانڕەوایی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی. سەرەتا وەعدی ئەوە بە سوڵتان مەحمود دەدەن کە هەموو فەرمانێکی جێبەجێ بکەن و ساڵانەی سەرانە بدەن بە سەڵتەنەتەکەی سوڵتان بە مەرجی ئەوەی دەریاننەکات، دواتر کە زیاتر یەکدەگرن و تفاق پەیدا دەکەن. سەرەتا سەرانەی ساڵانە نادەن،بیانوو دەگرن، ڕێگری و چەتەیی دەکەن لە حکومەتەکەی سوڵتان مەحمود  تا وایان لێدێت بەردەوام پەلاماری سەڵتەنەتەکەی سوڵتان مەحموود دەدەن و لە کۆتاییدا تاروماری دەکەن. ئەمڕۆشی لەسەر بێت هەر وەک سەردەمی تورکەکانی سوڵتان مەحمود، کەسێتی و سایکۆلۆژیای تورک بەجۆرێک دیزاینکراوە کە ئیشی پێتە و دەزانێ دەرەقەتت نایە ئەوپەڕی کۆیلایەتی و بێ غیرەتی و لاوازی و زەبوونی خۆیت پیشان دەدات بۆئەوەی ئاوڕێکی لێبدەیتەوە، سواڵێکی پێ بکەیت تا وەک پەیژە پێتدا سەرکدەکوێت، یەک تۆز نینۆکی هات و زانی دەرەقەت دێت هەر بەو نینۆکانەی دەتبچڕێت کە خۆت پێتبەخشیوە، بچوکترین بەزەیی نییە بۆت. دەقیق کلێرەوە کۆتایی بە سوڵتان مەحموود دێنن.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەن شاهیدی هەمان بێ بەزەیی  بێ ڕەحمیانە دەرحەق نەک بە کورد بەڵکو بە هەموو گەلانی ناوچەکە، بەڵام بۆچی زیاتر لە کورد توڕە و داخدارن؟ چونکە کورد ئاوێنەیە، بەرەوام ئەوان نێشان خۆیان دەداتەوە، ئەوانیشبەردەوامن لە سڕینەوە و شکاندنی هەموو ئاوێنەکانی ئەم دونیایە.

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *