تاوانێکی ژینگەیی لەسەر شاخی پیرەمەگروون

خالد سلێمان

کۆمپانیای دوبەی هاوس Dubai House دوبەی هاوس لەڕێگەی پەیجی خۆیەوە لەسەر تۆڕی فەیسبوک ڕێکلامی بۆ ڤێلایەکی جیاواز لە پارێزگای سلێمانی لە سەر شاخی پیرەمەگرون کردووە. کۆمپانیاکە نووسیویەتی کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان ڤێلایەک بەم شێوەیە دیزاین بکرێت. (هەڵبەتە پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ یەکەمجارە وێرانکاریی لە کوردستانداو، بەم شێوەیە دیزاین بکرێت)

با جارێ، پێش هەموو شتێک بزانین ئەم پرۆژەیە چیەو چۆن جێبەجێ دەکرێت و بۆ لەسەر شاخی پیرەمەگروون؟ بەگوێرەی ئەوەی لەسەر پەیجی کۆمپانیاکە نووسراوە، هۆکاری هەڵبژاردنی شوێنەکە دەگەرێنەوە بۆ تایبەتمەندێتی شاخی پیرەمەگرون لە رووی کەش و هەوا و فۆرمەکەیەوە، کە بەسەر سلێمانیدا دەڕوانێت.

پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری ( 14,000مەتر دووجا ) دیزاین کراوە. کۆمپانیاکە نووسیوەتی کە: هەموو بەشەکانی دیزاینەکە ژیانێکی شاهانە و ئاسودە دابیندەکات (هەموو وێرانکارییەکیش لە شاهانە بوونەوە دەست پێدەکات). کارەبای پرۆژەکە بە وزەی هەتاو دابین دەکرێت، هاتوچۆ تەنها لەرێگەی کۆپتەرەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جگە لە شوێنی نیشتنەوەی کۆپتەر، گەراجی ئۆتۆمبێل لە دیزاینەکەدا هەیە.

کۆمپانیاکە بەشانازییەوە نووسیویەتی: سیاجی پڕۆژەکە بە جۆرێک دیزاین دەکرێت کە هیچ ئاژەڵێک ناتوانێت نزیک ببێتەوە بەهۆی بوونی تەزویەکی کەمی کارەبایی کە دەبێتە هۆکاری دوور خستنەوەی گیانداران. جگە لەوە باسی دروست کردنی سیاجێکی کۆنکرێتی بەهێز دەکات لە پشت پڕۆژەکەوەو بە بەرزیەکی گونجاو بۆ پاراستنی لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو وەک (داڕمان بەهۆی بوومەلەرزەو باران)ەوە. لە خاڵێکی تریشدا نووسراوە کە لە پڕۆژەکەدا ڕێژەیەکی زۆری سەوزایی بەکار هێنراوە بەهۆی نەبوونی سەوزایی لە سەر شاخی پیرەمەگرون.

وەک لە ڕێکلامەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکە لەسەر کۆنسێپتی هەڵوەشانەوە واتە Deconstructivism کار لەپرۆژەکەدا دەکات، چونکە ئەمجۆرە دیزانە بەتێگەیشتنی ئەوان، شێوەی ڤێلاکە لە هەموو دیزاینەکانی تر جیاواز دەکات، چونکە فۆڕمی ڤێلاکە گونجاوە لەگەڵ سروشتداو هەروەها ئەو کەرەستانەی کە تێیدا بەکار دەهێنرێن لەگەڵ سروشتی ناوچەکەدا هاوشێوەن.

لەهەر خاڵێکەوە قسە لەسەر ئەم پرۆژەیە بکەین لە وێرانکاری زیاتر هیچی ترمان بۆ نامێنێتەوە. لێرەدا لەهەڵبژاردنی شێوازی دیزاینەکەوە دەست پێدەکەم کە شێوازی هەڵوەشاندنەوەیە واتە Deconstructivism، چونکە ئەم ڕێبازە فەلسەفەیەکی قوڵی تەلارسازیی لەپشتەوە نیەو شێوازێکە بۆ یارکردن بەو شوێنەی کاری تیادەکرێت و بەئارەزووی ئەندیازیارەکە بەبێ ڕەچاوی هیچ پرانسیپێکی ژینگەیی. ئەوەش بەناوی هەڵوەشاندنەوەو نوێخوازییەوە. بۆ نموونە دانانی تۆڕێکی کارەباو تەزوویەکی بەهێز لەسەر ڕووبەری 14 هەزار مەتری دووجا، ئەمە خۆی لە خۆیدا بەشێکە لەو خەیاڵە تاوانکارییەی ئەندیازارانی کۆمپانیا کاری لەسەر دەکەن، چونکە دژی هەموو پرانسیپێکی هونەری تەلارسازیی نوێیە کە تیایدا سیستمی ژینگەیی ڕەچاودەکرێت. لێرەدا بەبێ داتاشینی هیچ بوختان و تومەتێک، پشت دەبەستین بە خەسڵەتەکانی خۆدی پرۆژەکە کە جگە لەوەی 14 هەزار مەتری دووجا لە جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ مەحروم دەکات، بەچواردەوری ئەو ڕووبەرەشدا، بە تەزووی کارەبا هەموو جۆرەکانی لە ژینگەی سروشتیی خۆیان دوور دەخاتەوە، یان دەیانکوژێت و لەناویان دەبات.

جگە لەوانەش ڕووبەری 14 هەزار مەتری دووجا لە خاک کە لە 25%ی جۆرەکان لە خۆی دەگرێت لەناو دەبات. دەتوانین باس لەناوبردنی دەیان هەزار جۆر بکەین. بۆیە دەکرێ وەک ڕێکلامێکی بکووژی دژی سروشت و هەمە-چەشنی و مرۆڤایەتی تەماشای ئەم پرۆژەیە بکەین و هیچی تر.

ئەم پرۆژەیە نەک تەنها پێوەری ژینگەیی ڕەچاو نەکردوە، بەڵکو دژی هەموو پرانسیپێک کاردەکات کە زیان بەژینگە دەگەیەنێت. بۆ نموونە یەکێک لە پێوەرەکانی گەشتوگوزاری ژینگەیی Ecotourism دەستکاری نەکردنی سروشتە، هەروەها نەکردنەوەی رێگەی پێشکەوتووی وەک جادەو بان لەسەر زەوی و لە ئاسمان، ئەویش لەپێناو تێکنەدان سروشتی شوێنەکەو پیس نەکردنی ژینگەکەی و پاراستنی ژیانی هەمە-چەشنی تیایدا. خاڵێکی تری گەشتوگوزاری ژینگەیی بریتییە لە بەشداریکردنی دانیشتوانی لۆکالیی ناوچەکەدا، ئەویش لەپێناو ئەوەی پرۆژەکە لە ڕووی ژینکۆمەڵایەتی Ecosocial پتەو بێت، هەروەها لە ڕووو ئابوورییەوە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

لە خاڵێکی تردا کۆمپانیا باسی سەوزکردنی پیرەمەگروون دەکات، بەڕاستی ئەم جێگەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینە، چونکە پیرمەگروون شاخێکی ڕووتەڵە نیەو ئیکۆ-سیستمێکی خۆی هەیە، چەندە جۆری ڕووەک و گیانەوەری تیایە، ئێوە بەچی پێوەرێکی زانستی و ئەخلاقییەوە قسەی وا دەکەن؟

بەگشتی پرۆژەکە نەک تەنها ئەو خاڵانەی سەرەوەی تیانیە، بەڵکو زیان بە سیستمی ژینگەیی، خاک، هەمە-چەشنی و دانیشتوانیش دەگەیەنێت. بەکورتییەکەی، پرۆژەکە دەرگای دۆزەخ بەسەر شاخی پیرەمەگرووندا دەکاتەوە. ئەو پیرەمەگروونەی کەشتیەکەی (نوح)ی لێجگیر بوو، ئەو پیرەمەگروونەی هەموو جۆرەکانی ناو کەشتییەکە، لافاوی گەورە بێهوای نەکردن و چاوەڕوانی وشکانیان دەکرد، ئەمڕۆ دەکەوێتە دەستی هەندێ چاوچنۆک و بێڕەحمانە ژینگەی هەزاران ساڵی تێک ئەدەن.

لێرەوە داوا لە ئەکادیمی و چالاکوان و شاخەوانان و مرۆڤدۆستان و ژن و پیاوان و گەنجانی وڵاتەکەم ئەکەم، رێگە نەدەن، خەڵکانێکی چاوچنۆک کە هەموو کوردستان دەکەنە قوربانیی پارەو سەرمایە، وڵاتەکەمان لەوە زیاتر وێران بکەن، با ببینە دیوارێکی ئەستوورو پیرەمەگروون بپارێزین، ئەگەر وا نەکەین نەوەکانی داهاتوومان نەفرەتمان لێدەکەن. ئەگەر حکومەتی هەرێم و خۆجێیی سلێمانیش لەبەرامبەر ئەم تاوانە ژینگەییەدا بێدەنگ بن، ئەوا بەبێ شک بەشدارن لەم تاوانە ژینگەییدا. زۆر گرنگە ناوی ئەو کەسە چاوچنۆکانە ئاشکرا بکرێت کە لە پشت ئەم پرۆژە وێرانکارییەوە وەستاون.

لینکی زانیارییەکان لەسەر پەیجی کۆمپانیای دوبەی هاوز: https://www.facebook.com/…/pfbid0aQoyFLHJT9yED6gaoTnAQf

هەروەها چێکی بکە

ژنێکی عەدالەتخواز

کەمال چۆمانی ژنێکی عەدالەتخواز توڕەیییەکانی خۆی دژ بە مەسرور بارزانی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی لە رووداوی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *