یادی شەهید بوونی هەڤاڵ ڤیان جاف دەکرێتەوە

بڕیاروایە سبەی پێنج شەممە  ٢/٢/٢٠٢٣ کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ لە شاری سلیمانی و لە هۆڵی خاک ساڵیادی شەهید بوونی شەهید لەیلا والی حسێن ناسراو بە هەڤاڵ ڤیان بەڕیوەبچێت.

لەیلا والی حسێن ناسراو بە (ڤیان جاف) لە هەندێک نووسینەکانی خۆشیدا بە(ڤیان کاروخ) و (ڤیان سۆران) ناسراو بوو، لەساڵی ١٩٨١ لەشاری سلێمانی چاوی بەژیان هەڵهێنا، هەر لەو شارەدا قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لەخوێندکارە دیار و هەڵکەوتووەکان، لە ساڵی ١٩٩٧ی بەشداری لە شۆڕشی ئازادی کوردستان دەکات.

ڤیان جاف، پێش ئەنجامدانی چالاکییە فیداییەکەی نامەیەکی چوار بەشیی نووسی، کە دوای شەهیدبوونی دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکرد و هۆکارێکیش بوو بەشداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی باشووری کوردستان بۆنێو ڕیزەکانی گەریلا.

یەکەم بەشی نامەکەی ڤیان جاف بۆ هەڤاڵەکانی بوو، بەشی دووەم ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەشی سێیەم بۆ گەلی باشووری کوردستان و کۆتابەش-یش بۆ خانەوادەکەی.

ئەمەی خوارەوە کورتەیەکە لە دەقی بەشی یەکەمی نامەکەی شەهید ڤیان، کە ئاڕاستەی ژنانی چەوساوە و ستەمدیدەی گەلی کوردیی کردووە.

هەڤاڵان، دۆستان، هاوڕێیان، ژنە ئازار چەشتووەکان منیش ئەمەوێ‌ شتێکتان بۆ بدرکێنم، بەڵام ئامان سەد ئامان زویر مەبن و زەماوەند بگێڕن زەماوەند، چونکە دەزانن منیش زۆرم حەز لەزەماوەندە کاتێ‌ هەڵدەپەڕم وادەزانم لەوکاتەدا باڵ دەگرم و دەفڕم، ئەڵێم منیش وەک رۆڵەیەکی دایکە سرووشت و پارچەیەکی بچووکی گەردوون دەبێ‌ یاسای پیرۆزی ژیانێکی شەرەفمەندانە پەیڕەوبکەم و واتایەک بدەمە سووڕی ژیانم، ئیدی دڵنیام لەوەی منیش وەک داری میوەیەک کاتی ئەوە هاتووە کە بەرهەمێک بدەمە گەلە ستەمدیدەکەم و ببمە هیوایەک بۆ خەیاڵە خنکێنراو و دەستڕێژکراوەکانی منداڵان و کەمیش بێت ببمە وزەیەک بۆ پێشخستنی خولیای ئازادیی ژنە ئازارچەشتووەکان و لەهەمووشی گرنگتر ببمە مۆمێک لەنێو مۆمە گەشەکانی دەوروبەری دوورگەی ئیمرالی.

بەڵام ئەوەشتان پێبڵێم بۆ کارێکی وەها کاتی ئەوەش هاتووە کەسزای دەوڵەت و دەسەڵاتە گەندەڵەکان و پیاوە زۆردارو درۆزنەکانیش بدەمەوە، بۆ ئەمەش شەوی ١٥ی شووبات دەکەمە شەوی سزادانیان و بورکان ئاسا کین و نەفرینی نێو دڵی خۆم دەتەقێنم، شەوی ١٥ی شووبات دڵی “مەزڵوم دۆغان، زەکیە ئەلکان، بێریڤان و رووناهی، رەهشان و سەما”، تادەگاتە “فیکری بایگەلدی” و دوایین هەڵقەی ئاگرینی ئازادی لاشەی “سەردار” ئاسای لەدڵی مندا لێدەدەن و گوێم بەدەنگی رێگەی ئەوان و دروشمەکانی “یان ئازادی یان مردنێکی بەشەرەف” و “بژی رێبەر ئاپۆ” دەزرینگێتەوە.

مێشکم تەنیا زەنگێکی تێدایە و لەسەر یەک بانگی جیهاد دەکات و ئەو زەنگە کلیلبوونە بەئامانجەکەمەوە و ٪١٠٠ سەرکەوتنی ئامانج، پێکهێنانی چالاکی گەرەنتی دەکات، بڵێسەی ئاگری “سەما” و “سەردار” ئاسا لەلاشەی منیشدا گەشتر دەبێ‌ و نایەڵم ئۆجاخی وارگەی ئاپۆکەمان ساردبێتەوە، لەناوەڕاستی زستانی زۆر زەحمەتدا بەتینی ئاگری لەشم دەمەوێ‌ پەیامێک بدەم و بانگێک بکەم، ئەم پەیامەش پەیامی ئازادییە و بانگی منیش بانگی پاراستنی سەرۆک ئاپۆ و بڵندکردنی چالاکی و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن.

لەگەڵا ڕێزو سڵاومدا

١٥/١/٢٠٠٦

 

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لەبارەی ٨ی مارسەوە بڵاوکردەوە

هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانی تێكۆشەر و ڕەنجدەر پیڕۆزبێت ‎بە درێژای مێژوویەكی هەزاران ساڵە، ژنان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *