پشتیوانیکردن کلیلی چاره‌سه‌ره‌ !!

کنێر عه‌بدوڵڵا
مه‌سه‌له‌ی ژنان ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌کی گشتگیرو جیهانییه‌، و به‌ربه‌ست و رێگرییه‌کانی به‌رده‌می کارکردنیشی جۆراوجۆره‌و له‌ شوێنێکه‌وه‌ بۆ شوێنێکی دیکه‌ گۆڕانکاری و جیاوازی به‌خۆوه‌ده‌بینێت، به‌ڵام خه‌باتکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان به‌رده‌وامییه‌تی هه‌یه‌ و میکانیزم و رێگه‌ی جیاوازیش ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ گه‌یشتن پێی؛ له‌پێناو هێنانه‌دی کۆمه‌ڵێکی مرۆڤدۆست و مه‌ده‌نیی و دوور له‌ جیاکاری.
به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ژنان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک نییه‌؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک گوزارشتی لێده‌که‌ن که‌ کێشه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ناوی ژنان؛ ئه‌وه‌نده‌ی گرێدراوی جیاکارییه‌کانه‌ که‌ به‌هۆی جیاوازی ره‌گه‌زییه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ژنان ئه‌نجامده‌درێت؛ بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موو ژنانێکه‌ بێ جیاوازی ته‌مه‌ن و ئایدۆلۆجی و شوێنی جوگرافی له‌ شوێنی و پێگه‌و ناوه‌ندی رێکخراوه‌یی و هتد له‌هه‌وڵ و کارکردندا بێت بۆ گه‌یشتن به‌و زه‌مینه‌ مرۆییه‌ی که‌ له‌ سایه‌یدا نه‌ک ژنان ؛ به‌ڵکو کاریگه‌ریشی بۆ پیاوانیش هه‌یه‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ خۆیان و ره‌گه‌زه‌که‌ی تریش زیاتر وه‌ک مرۆڤ بناسن .
راسته‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان له‌ئاستی جیهان به‌گشت و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌کدا به‌به‌راوورد له‌ رابردوو ده‌ستکه‌وتی زۆری به‌خۆوه‌ دیوه‌، ژن بۆته‌ سه‌رۆکی (ووڵات، په‌رله‌مان، پارتی سیاسی، رێکخراو، که‌ناڵی راگه‌یاندن، زانکۆ و فراکسیۆنی حزب له‌ په‌رله‌مان) و چه‌ندین پۆستی جیاجیا به‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ رابردوو، به‌ڵام به‌ به‌راوورد له‌ گه‌ڵ مێژووی کارکردن و خه‌باتی ژناندا ده‌ستکه‌وته‌کان له‌ئاست ئامانجه‌کاندا نییه‌و تێگه‌یشتن و هۆشیاری و لایه‌نی هزری و فکری له‌ئاست گشت و خودی پیاوان و ژنانیشدا زۆری ماوه‌ بۆ کارکردن .
بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان پشتیوانی و پاڵپشتی خودی ژنان بۆ خۆیان کلیلی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ره‌کانه‌، که‌ له‌ واقعی کۆمه‌ڵدا به‌تایبه‌ت له‌ ووڵاتانی رۆژهه‌ڵات بوونی ئه‌و که‌لێنه‌ زیاتر درکی پێده‌کر‌ێت، ئیره‌ییبردنی ژنان به‌ یه‌کتری، چاوهه‌ڵنه‌هێنان به‌ تواناو ده‌ستکه‌وتی ژن له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌، ده‌ستگیرۆیی و پشتیوانینه‌کردنی له‌کاتی پێویست و هه‌ڵوێسته‌کاندا، لاوازی بوونی یه‌کهه‌ڵوێستی ژنان به‌هۆکاری جیاوازو دروستکردنی گرفت و تێکشکان و ئاره‌زووکردن به‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ نه‌رێنیییه‌کان و شاردنه‌وه‌و ده‌رنه‌خستنی لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌کانی یه‌کتری هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کین له‌ چه‌قبه‌ستووی دۆخی ژنان و سستی هه‌نگاوه‌کانی خه‌بات و نه‌گه‌یشتنی ژنان به‌ ئامانجه‌ گشتییه‌کان ، بێگومان له‌م نێوه‌نده‌دا سیاسه‌تی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ هزری بڕیارده‌ران و حوکمڕانان له‌م دۆخه‌دا به‌رپرس و هۆکارێکی تره‌ که‌ ده‌رئه‌نجام بوونی ئه‌و دۆخه‌ له‌ سوودو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پیاواندا ده‌شکێته‌وه‌ و دواتر نه‌ مه‌سه‌له‌ی ژنان هه‌نگاو رووه‌و گه‌شه‌کردن ده‌نێت و نه‌ کۆمه‌ڵیش گۆڕانکاری ریشه‌یی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت رووه‌و پێشکه‌وتن و حوکمڕانی دروست که‌ ئه‌مه‌ش راکێشی نه‌وه‌یه‌کی سه‌رلێشێواو نادروست ده‌کات و درێژه‌ به‌و ره‌وره‌وه‌ رابردووه‌ ده‌هێنێ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا خۆی نابینێته‌وه‌.
گرنگی گه‌یشتنی خه‌باتی ژنان به‌ ئامانجه‌کانیان له‌ یه‌کگرتوویی و پاڵپشتی و کۆده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی ژناندا به‌دیده‌کرێت پێش هه‌ر کارو هه‌نگاوێکی تر؛ ئه‌مه‌ش ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی تاک به‌تاکی ژنانه‌.

هەروەها چێکی بکە

ژنانی تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە

سەدەی ٢١ سەدەی ژنە، داگیرکاریی رەتدەکەیەنەوە وەکو ژنانی باشوری کوردستان، درێژە پێدەری رێوڕێبازی ڤیان سۆران …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *