تابۆ لەگەڵ ئازادی نامۆیە

 عادل عوسمان

 

کاتێک دیاردەیەک دەبێتە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئیتر ھێڵی سورو بڤە جێگەی نابێتەوە. بۆنمونە دوو دیاردەی دژ بەیەک و پێکەوە! ھەڵدانە خوارەوەی مێزەری مەلاکانی دەسەڵات لە ئێرانی ئیسلامی و فڕێدانی سەرپۆشی سەری ژنانی بەزۆر سەپێنراو بەسەریاندا.
تابۆکانی دەسەڵات، تەنیا بزوتنەوە ئازادیخوازیە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن بیشکێنن. دەسەڵات بۆ سەپاندنی تابۆکانی بەسەر کۆمەڵگەدا، دەیان و سەدان تەنافی جاڵجاڵۆچکەی فەرھەنگی و دواکەوتویی، دامودەزگای سەرکوت و یاساو بەندی یاسایی بۆ دەھۆنێتەوە.
مەلا و مێزەرەکەی لە سیستەمی ئیسلامی ئێرانی و وڵاتانی تری وەک ئەواندا ئەو تابۆو ھێڵەسورەبوون کەنەدەبوایەت، نەک دەستی بۆببرێت، بەڵکو نەدەبوو لەدژی درۆو ڕەجەزخوانیەکانیشیان دەنگت ھەڵبڕیایەت. ئەم تابۆو نەوێرانی دەست بۆبردن بۆ درۆو ھەڵدانەوەی کڵاوی وێرانگەری سەریان بەقوڵایی کۆمەڵگەو ھێزگەل و کەسایەتی ناوچەیەکی فراوانی جیھانیدا بڵاوبوبوەوە. بۆئەو مەبەستە دەیان گروپی چەقۆکێش، بانگخوازی بێ ئەدەب و ھێرشکەر بۆسەر کەرامەت، حورمەت و ئازادیەکانی خەڵکیان دروست و پەروەردەکردبوو. لەکوێی دونیا ببوایەت مێزەرێکی مەلا کە نوێنەرایەتی ( مەلای ئایینی و ڕاستەقینەی وەک مەلای گەورە، پێنجوێنی، چروستانی و زەڵمی ناڵێین) کۆنەپەرستی و سوکایەتی بە کەسایەتی ئازادو کۆمەڵگە دەکات دەستی بۆ ببردرایەت وەک خێڵی ئاجوجو ماجوج دەکەوتنە ھێرش بۆی و پەلاماریان دەدا.
بەڵام لە دوای مەرگی ژیناو کەڵەکەبوونی ئەو ھەموو نادادی و ھێرش و پالامارەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کۆمەڵگەو بەتایبەت بۆسەر ژنان. دۆخەکە وا گۆڕاوەو تەقیوەتەوە، کە تەواوی کۆمەڵگەی ژنانی ئێران و ناوچەکە لەدژی ئەو ھێرش و دەست بۆبردنە ڕابون و بە ئاستی شۆڕشێکی گەورەی زھنی و ژنانە گەیشتوە. کەنەک کاریگەری بۆسەر ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ھەیە، بەڵکو کاریگەری بۆسەر تەواوی ناوچەکەو جیھانیش ھەیە. ئەگەر وای ناوبنێین، شۆڕشی ژینا، بوە شۆڕشی گۆڕینی زھنیەتی ژنێکی کەوتوی بەکۆیلە کراو و ڕابون و سەرڵەنوێ لەدایکبوونەوەی ژنی ئازاد. ئەو شۆڕشە کاریگەری گەورەی لە ئازادی و ڕزگاری کۆمەڵگە دەکات و دەستپێک و بەردەوامی شۆڕشی ژنی ئازادە. ژنی ئازاد، واتە ھەبونێک کە بە جەستە و ئەندامەکانی پێناسە ناکرێت، بەڵکو ھەبونێکە کە بەزھن و کەسایەتی خودی پێناسە دەکرێت. ڕێگە لە خراپ بەکارھێنانی پێگەو ناسنامەو جەستەی ژن وەک کۆیلە، کاڵای بەبازاڕبوو دەگرێت!. شۆڕشی ژن مانای پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ژن، ژیان، ئازادی. واتە پێناسە کردنەوەی ژیان بەمانە کۆمەڵایەتی، سروشتی و گەردونیەکەی.
ژنی ئازاد، واتە کۆمەڵگەی ئازاد. ڕزگارکردنی پیاو لە ھەزارەھا بەندو باوی باڵادەستی، پاوانخوازی، کۆیلەبونێکی ڕەزامەندبوو بەو دۆخەی بۆی خوڵقێنراوەو تێفڕێدراوە. شۆڕشی ژن، واتە شۆڕشی گۆڕینی زھنیەت و لێدان لە پاوانخوازی، واتە ڵێدان لە سەروەری مرۆڤ، لەناویشیدا سەروەری پیاوو لەناو پیاویشدا، پیاوی پاوانخوازی دەسەڵاتداری ھێرشبەر.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی واتە ئاڵوگۆڕێک، کە ھێزو بەڵتەجیەکانی سیستەمەکەی بە ئاسانی نەوێرن دەست بۆ ئاڵوگۆڕەکان ببەن و زمانی زبرو توندوتیژ بەکاربێنن لەدژی. واتە بێدەنگ کردن، یان لانی کەم لەقۆناغی سەرەتادا خۆحەشاردان و سەیرکردن تابزانن دۆخ بەرەو کوێ و بۆ کوێ دەچێت!. ئەو شۆڕشە لە گۆڕەپانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، مێزۆپۆتامیاو کەوانەی زێڕین مژدەی ھەڵھاتنی خۆری ئازادی دەدات و سەرلەنوێ لەشەڕێکی بەردەوام و بێ پسانەوەدا، پێناسەی ژیان، پەیوەندیەکان، سیاسەت، کۆمەڵگە، ئەخلاق و ئەدەب بەشێوەیەکی جوان، بەگوێرەی کۆمەڵگەی ئازادو سیستەمی خۆبەڕێوەبەر، کەسێتی ئازادو بەپرسیار خاوەن ئەدەب و خزمەتکار، ئابوری پێکەوەیی و کۆمەڵگەیەکی سیاسی ئەخلاقی کە ھەرتاکێک بە بەرپرسیارەتیەوە جێگەی خۆی تێدا دەگرێت.
ئەو کۆمەڵگەی ژنی ئازاد پێشەنگی دەکات، ئیتر کۆمەڵگەی ھەموان و گوزارشت گەر لە خواست، ھیواو خەون و داواکانی ھەموان دەکات. کۆمەڵگەیەکی ئاوا ئیتر سەپاندن، تابۆ، کەسایەتی دڕندەو ھێرشبەر، یاساو دامودەزگای پەستێورانی تێدانیە. فشار پێگەی خۆی بۆ گوزارشتی ئازادی بەمانا ئەخلاقی سیاسی کۆمەڵایەتیەکەی چۆڵ دەکات و شوێنێک بۆ بێ حورمەتی، ئیھانەو کەرامەت شکاندن تێدانابێتەوە.
لێدان لە مێزەری مەلا لێدانە لەو کۆنەپەرستیە قۆرخکراوە، سەپێنراوە، پیاوانەییە!.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *