رۆژی ٢٠ ی تەممووز دادگای کەتنی ھەولێر، لەژێر فشاردا بڕیارێکی ستەمکارانە و نادادپەروەرانەی دا، بەدرێژکردنەوەی چوار ساڵ زیندانیی بۆ چالاکوان و رۆژنامەنووسی ئازا و بوێر شیروان شێروانیی، کە بۆ ماوەی سێ ساڵە بەناحەق زیندانی کراوە.
بەو بریارە جارێکی تر دەسەڵاتدارانی حکومەتی ماوە بەسەرچوو، لە رێگەی دادگا دەستەمۆکەیانەوە لە ھەولێر، لە کەسایەتیی شیروان شێراوانیی دا دژایەتیی خۆیان بۆ رۆژنامەنووسانی ئازاد و رای ئازاد نیشاندایەوە و شەرمەزارییەکی دیکەیان خستە سەر خەرمانی کارەنایاسایی و حوکمرانییە گەندەڵەکەیان. ئاشکرایە دەستوەردان لە دادگان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتدارانەوە، پێگە و متمانەی ھەرێمی کوردستانی لە ھەموو ئاستێکی ناوخۆیی و دەرەوەدا لاواز و ناشیرین کردوە، سازکردنی سیناریۆ و دۆسییەی ناڕەوا بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕیی. ئاشکرایە چەندیین جار لەلایەن رێکخراوە کانی مافی مرۆڤ و یۆنامیی و کۆنسوڵی وڵاتانەوە لەسەر ئەو دەستێوەردان و پێشێلکارییانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازییەکان رەخنەیان لێگیراوە و ئاگادار کراونەتەوە، لەسایەی ئەو دەسەڵاتە دا کە ئێستا ھیچ شەرعیەتێکی نەماوە، تەنھا کار و کات بەرێدەکات، بە رۆژی رووناک تیرۆری ئازادییخوازن ئەکرێت! قاچاخچییەتیی و گەندەڵیی و خیانەت و خاک فرۆشیی دەکرێت! کەسێک نادرێت بە دادگا، بەڵکو ئەپارێزرێن و ئازادانە دێن و ئەچن. ئەو زھنیەتە خۆسەپێن و دەسەڵاتدارییە باشووری کوردستانی رووبەڕووی قەیرانی یاسایی و سیاسیی و ژیان کردوەتەوە، ئەگەر نەوەستێنرێت، دۆخەکە رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر و خراپترئەبێت! بۆیە لەپەیوەست بەدۆسییەی شێروان شێروانیی و ھاوڕێیانی لەزیندانی ھەولێر، وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی و یاسایی پێویستە لە دادگای تێھەڵچونەوەدا ئەو بڕیارە ناداد پەروەرانەیە ھەڵبوەشێنرێتەوە، بەوەش دەتوانرێت لانیکەم ئەو شەرمەزارییە کەم بکرێتەوە، کە دادگاکان بەسەریاندا سەپێنراوە. هەر بۆ ئەوەش داوا لەداد پەروەران و پارێزەرانی خاوەن ھەڵوێست و ئازادییخوازان دەکەین رۆڵی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان بگێڕن و نابێت رێگەبدرێت ئەو ستەم و ملھوڕییە بەردەوامبێت کە ھیچ سەر بەخۆیی و سەرەوەرییەکی بۆ دادگاکان نەھێشتووەتەوە، بەڵکو کراونەتە ئامرازی سزادانی مرۆڤە بەھەڵوێست و ئازادییخوازەکان.
سەربەرزیی و ئازادیی بۆ شێراوان شێروانیی و ھاوڕێیانی زیندانی
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
٢٠٢٣/٧/٢١