بەشی دووەم
نەجیبە قەرەداغی وتی، بۆ ئەوەی ژن بگەنە مافی خۆیان لە ژێر چەتری فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا تێکۆشانیان کرد و قوربانی گەورەیاندا. وتیشی: “ژن لە سوتماکی خۆیان جارێکی دیکە ئاگری تێکۆشانیان گەش کرد”.
نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە بەشی دوومی ڕێپۆرتاژەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) سەرنجی ڕاکێشایە سەر بونیاتنانی درووشمی’ ژن، ژیان، ئازادی’ی ڕێبەری گەلی کورد، کە جاری یەکەم کەی و لە کوێ ئەو درووشمە بەکارهێنراوە، هەروەها باسی لە بەشێک لە بزووتنەوەکانی فێمینیزم کرد لە تیۆر و پراکتیکی ئازادی ژن و کۆمەڵگەدا کەمیان هێنا و باسیش لەسەر شۆڕشی ئێستای ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات.
‘ژن سەربەخۆیە، بەشداری هەموو بوارەکانی ژیان دەکات’
نەجیبە قەرەداغی ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لە ڕۆڵی ژن لە سیستەمی کۆنفیدراڵیزی دیموکراتیک دا کردن کە ئۆجالان پێشنیار کرد و وتی: “لە ناو کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک دا و لە کۆنفیدارڵیزمی گشتی دا ژن خاوەن پێگەی خۆسەری خۆیەتی. ژن لە بوارەکانی ژیان و میکانیزمەکانی بڕیارداندا بەشداری سەرەکیین. ئێستا کاتێک دەبینین ژنان لە ئێران لە هەموو مەیدانەکان خۆپێشاندان دەکەن هەمان ژیانی خۆیان و هەم سیستەمی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیش دەگۆڕێت. دەبێت کۆمەڵگاش پشتگیری ئەو گۆڕانکارییە بکات و خاوەنداری لێبکەن. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا ئێستا بە هێزی گەنجان و ژنان بەشداری ئەو قۆناغە دەبن. دەوڵەت لەو شوێنانەی، کە ئایدۆلۆژیای خۆی سەپاندووە دەیەوێت سیستەمی خۆی بەسەر ژنان دا بسەپێنێت و لە شەخسی ژندا کۆمەڵگاش کۆیلە بکات. ژنان لە دژی ئەو سەپاندنانە ڕادەپەڕن. ڕاپەڕینی ژنانیش تەنها بۆ حیجاب نییە، بەڵکو حیجاب بیانویەكە بۆ ڕاپەڕین. دەوڵەت کاتێک دەیەوێت شکڵ بداتە ژن، هەوڵ دەداتە شکڵ بداتە فکر، جەستە، جل و بەرگی ،ئەوەش بە هەموو شێوەیەک دژی کارەکتەری ئەخلاقی و سیاسیانەی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگا ئەو کراسەی دەوڵەت و دەسەڵاتداری قەبووڵ ناکات. بۆچی دەوڵەت زیاتر هێرش دەکاتە سەر ژنان، لەبەر ئەوەیە، کە دەزانێت ژن هەم خاڵێکی لاوازە و هەم خاڵێکی بە هێزە، لە هەمان کاتدا دەتوانی لە کەسایەتیی ژندا هەموو کۆمەڵگا کۆیلە بکات، بەڵام کاتێک ژن سەرهەڵدان دەکات خاڵێکی هەرە بە هێزی کۆمەڵگایە، چونکە پۆنتاسیلی گۆڕانکاری لە گەڵ خۆیدا بۆ کۆمەڵگا دەهێنێت.
ئۆجالان: نوێنەرایەتی فەلسەفەی ‘ژن،ژیان ئازادی’ بکەن
قەرەداغی بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: “درووشمی’ ژن، ژیان، ئازادی’ وەک فۆرمیلێکی ئەفسوناویە، فۆرمیلێکە کە ڕێىەر ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٣ لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکانی بەکاری هێنا و پێشتر لە بەرگرینامەکانی دا ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت؛ ‘داوا لە ژنان دەکەم درووشمی’ ژن، ژیان، ئازادی’ فێربکەن و نوێنەرایەتی بکەن” ئەوە بەڵگە و ڕاستییەکە. دەبێ لە کوێ دەسەڵاتداری و پیاوسالاری هەبێت دەبێت ئێمە پێشەنگایەتیی ڕاست بکەین. کۆمەڵگا و ژن بە ڕەنگی خۆیان خۆیان ڕێکخستن بکەن. ئێمە کاتێک باسی قۆناغی تیۆری و پراکتیکی دەکەین بە هەزاران ژن ژیانی خۆیان بەخشیوە لە پێناوەدا، بە تێکۆشان و ژیانی خۆیان قوربانیان دا. دەتوانین وەک سیمبوڵ باسی هەندێک لەو قارەمانانە بکەین، نموویان بیریتانە، کە لەبەرامبەر خەتی خیانەت تەسلیم نەبوو، یان زیلان کە لەبەرامبەر پیلانگێری لەسەر ڕێبەری گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی چالاکیی گیانبازیی کرد، ڤیان جاف، ڕەهشان، زەکیە، بێریڤان، ڕووناهی، ئارین میرکان، شیرین عەلەمهولی، کە تەسلیمی ڕژێمی ئێران نەبوو. بە دەیان و هەزارانی تر، کە قوربانیی زۆر گەورەیان داوە لە پێناو هێڵی ژنی ئازاد.
بە پێی وتارێک کە لەماڵپەڕی فاریسی بی بی سی بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە جاری یەکەم درووشمی ‘ ژن، ژیان، ئازادی” یان لە شیرن عەلەمهولی لە زیندانی ئەوینی تاران بیستووە. ئەوەش بەڵگەیەکی گرنگە. لە هەمان کاتدا لەم ڕۆژانە دوایدا مەحمەد ئەمین پێنجووێنی، کە پێشتر چەندین جار چووەتە لای ڕێبەر ئۆجالان لە سوریا و دۆڵی بیقاع وتارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:’ لە ساڵی ١٩٩١ بۆ جاری یەکەم کاتێک چومە بیقاع، کە زیاتر لە هەزار گەریلای لێ بوو، ئۆجالان وتارێکی پێشکەش کردن درووشمی ‘ ژن، ژیان، ئازادیی’ وترایەوە و ئەوەم بە چاوی خۆم دیت”.
‘دەیانەوێت ناوەڕۆکی درووشـمەکە بەتاڵ بکەن و لە ڕاستی دووری بخەنەوە’
قەرەداغی سەرنجی ڕاکێشایە سەر مەترسیەکانی زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی کە دەیانەوێت بۆ پووچڵکردنەوەی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕؤژهەڵاتی کوردستان ناوەڕۆکی درووشمەکە بەتاڵ بکەن و لە ڕاستی دووری بخەنەوە و لەو بارەیەوە وتی، “خیانەتی گەورە هەیە، داگیرکەر دەیانەوێت هۆشمەندی نەتەوەپەرستی، پیاوسالاری درێژە پێ بدەن، بۆیە دەیانەوێت پێش لەو درووشمە بگرن. لە مێژوودا نموونەی ئاوا زۆرە. دڕووشمەکە دەگرن و دەستکاریی دەکەن و پێچەوانەوە دەکەنەوە. لە ناوەڕۆکی خۆی دووری دەخەنەوە و بەتاڵی دەکەنەوە. لە لایەکی تریش هەندێکی تر دەیانەوێت ئەو درووشمە بەلاڕێدا بەرن، یان نکوڵی لێبکەن یان یان بڵێن پێشتر بەکارهاتووە. دەڵێن پێشتریش بزوتنەوەی ژن هەر هەبووە، ڕاستە هەبووە، بەڵام لە راستیدا دەبێت پرسیار بکەین ئایە ئەو بزاڤانە ئاستی بە ئیرادە بوونی ژنان و ئێرادەبوونی کۆمەڵگایان لە چ ئاستێکدا بووە؟ بەشداربوونی ژنان لە چی ئاستێکدا بووە؟ لە هەموو بەشەکانی ژیاندا ژنان تا چەندە بوونیان هەبووە؟ لەبەرامبەر داگیرکاری ناوخۆ و دەرەکی ئاستی تێکۆشانیان چەندە بوو لە ڕووی پراکتیک و تیۆرییەوە؟
بزاڤی فێمێنیزم نەیتوانی ئازادیی ژن لە دەسەڵاتداری و دەوڵەت دابڕێنێ
پێشتریش هەندێک درووشم بونیان هەبوو. لە شۆڕشی فەرەنسا درووشمی’ برایەتی، یەکسانی، ئازادی’ ئەوە درووشمی شۆڕشی فەرنسا بوو، بەڵام بینیمان لە قۆناغی دوای ئەوە ژن چەندە توانیی بە ئیرادە ببێت. بە پێچەوانە قۆناغەکە دەوڵەت زیاتر خۆی بە ڕێكخستن دەکات. ئیرادەی کۆمەڵگا لە دامەزراوە و دەستور و یاساکانی دا بووە قۆناغێک کە تەنانەت ئەو ژنانەی داوای یەکسانیان دەکرد لە سێدارە دران. لە بنەڕەتدا بزوتنەوەکانی فێمینیزم لەبەرامبەر ئەو چەوسانەوەیە هاتنەئاراوە. دواتر بزوتنەوە کرێکارییەکان لە دژی جیاوازی چینایەتی دروشمەکانی ‘نان، کار، ئازادی’ و درووشمی چەپی مارکسیزم ‘کریکارانی جیهان یەک بگرن’ بەرز کرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ژن وەک بوون و بەشدارێکی سەرەکی نەبینرا. دەیان گوت سەرەتا با بچینە دەسەڵات، دواتر مەسەلەی ژن چارەسەر دەکەین، لەو قۆناغانەدا بزوتنەوەکانی فێمینست پەرەیان سەند. هەموویان قۆناغی جیاجیان بە خۆیانەوە بینی. ناکرێت هەموویان وەک یەک بنرخێنین، بەڵام ئەوانیش بابەتی ژنیان وەک بابەتی ئازادی تاکە کەسی گرتە دەست نەک وەک پرسێکی بونیادیی سەرتاپای سیستەم. لەبەر ئەوەش هیوا ئەوە بوو، کە لە ناو دەوڵەت و دەسەلاتداریدا ئازادیی کۆمەڵگا و ئازادیی ژن بەدەستبخرێت. ئەوەش جۆرێکە لە هەڵخەڵتاندن. دەوڵەت و دەسەڵاتداری دژی ژن، ژیان و ئازادین. چۆن دەکرێت مرۆڤ چاوەروانییەکی وای هەبێت، کە دەسەڵاتداری و دەوڵەت مافەکانی پێ بدات، ئەو چاوەڕوانیەی کە تەنیا لە بازنەی سیستەمی دەوڵەت و بە یاسا مافەکان بەدەست بخرێت خۆی لە خۆی دا کەمی هێنا لە دیدی بەشێکی زۆر لەو بزوتنەوانە.
بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییە
ئەوە شتانەی ئێمە لە مەیدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەیبینین، بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕییە، شۆڕشێكی کۆمەڵایەتییە. گومانی تێدا نیە کە هێزی دەرەکیش دەستێوەردان دەکات، زۆر جیاواز نین لەو دەسەڵاتەی هەیە کە زهنیەتی کۆنەپەرستی و نەتەوەپەرستە و هەوڵی دزە کردن دەدات بۆ ناو ئەو شۆڕشە. ئێمە دەبێت لەبیری نەکەین، لە قۆناغەکانی پێشووتر زۆر هەوڵ هەبوون بۆ دزەکردنە ناو شۆڕشەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شاهیدی شۆڕشی گەلانین لە ساڵی ٢٠١١، کە چۆن گروپە ڕادیکاڵە ئیسلامییە توندڕەوەکان سەریان هەڵدا و بەرهەمی شۆڕشی گەلانیان دزی و بەلاڕێیاندا برد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مەترسی دۆخێکی وەها هەیە، ئەو ئیرادەیە لە کۆڵان و مەیدانەکان دەیبینی باش دەستی پێکردووە و گەورە بووە و ئەگەری گۆڕانکاری گەورە هەیە، بۆیە گرنگ داکۆکیی لێ بکرێت و ناوەرۆک و دروشم و ئامانجەکانی بپارێزرێت.