گەواهیییەك بۆ مێژوو

 محمد ئەمین پێنجوێنی
ژن ژیان ئازادی
لێرەدا نامەوێ داکۆکی لە کەسێك بکەم، یان وای لێ بخوێندرێتەوە کە ڕیکڵام بۆ هێزێکی سیاسی دەکەم. بەڵکو شاهیدییەکی مێژوویی دەدەم، کە بەچاوی خۆم دیتوومە و بەگوێی خۆم بیستومە. ناشمەوێ (ڕەدی) فەرەح پەهلەویش بدەمەوە، بەڵکوو وا خۆم دەبینم، کە لە بەردەم دادگایەکدا وەڵامە ڕاستەکان دەدەمەوە ..!
ئێمە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ۱۹۹۲دا، کە دەکاتە سی ساڵ بەر لە ئێستا، گروپێك بووین چووین بۆ بیقاعی لوبنانی، چووینە ئەو جێگەیەی کە بەڕێز (ئۆچ ئالان)ی، لێ بوو، لە سەر لووتکەی شاخێکی بڵند، کە بەرانبەر ئەو ئۆردوگایە بوو کە جێگەی بەڕێز (یاسر عەرەفات)، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بوو، بەرانبەر (جەبەل ئەلشێخ)، کە زۆربەی وەرزەکان سەری بە بەفر داپۆشراوە .
ئەو کاتە ئەکادیمیای سەربازی (مەعسوم قۆرقماس) لەوێ بوو، نۆسەد هەتا هەزار گەنجی کوڕ و کچ لەوێ پەروەردە دەکران و فێری مەشقی سەربازی دەبوون، بەیانیان کە دەهاتنە مەیدانەکە ڕیز ڕیز بە سیستەمێکی سەربازی سروودی شۆڕشگێڕی و ئەنتەرناسێۆنالیان دەچڕی، ئینجا گروپ گروپ کوڕ بە جیاو ژن بەجیا مەشقی سەربازییان دەکرد، ئەوەی جیێ سەرنج بوو ڕیزەکانی پێشەوە ژنە سەربازەکان بوون و بە دەنگێکی زوڵاڵ و نەعرەتەئاسا هاواریان دەکرد (ژن ژیان ئازادی) کە لە چیاو نەواڵەکاندا بەرەو بۆشایی ئاسمان دەنگی دەدایەوە و بەدەست و مەچەك و پەنچە بلوورینە کانیان هێمای سەرکەوتنیان دەکێشا، کە بەرانبەر پرشنگی تازە هەڵهاتووی ڕۆژ وەستابوون، ئەو دیمەنە وەکوو ئەوە دەهاتە پێش چاو کە پۆلێ پەری لە ئاسمانەوە هاتوونەتە خوار.
وا من ئەو گەواهییە بە نووسین بڵاو دەکەمەوە، چونکە وەکو لە وێنەکەدا دیارە ڕۆژی ماڵاوایمان لە بیقاع لە مەراسیمکەدا بەندە بەم جۆرە سۆێندم خوارد (بەخوێنی شەهیدان ،بەخاکی کوردستان بە پیرۆزیی زمانی کوردی ) ئەم تەمەنە کورتەی کە ماومە بیخەمە خزمەتی شۆڕشی باکوور و شۆڕشگێڕانەوە.
بۆیە ئێستا ئەو گەواهییە مێژووییە دەدەم، چونکە ویژدانم داوام لێ دەکات ئیتر لەو کاتەوە هەر کۆڕ و کۆمەڵ و فیستڤاڵێکی ژنانی ئەو تەڤگەرە بەسترابێ لە ژێر دروشمی ژن ژیان ئازادیدا بووە .
ڕاستە پێش (ئۆچ ئالان) زۆر سەرکردەی جیهانی و بیرمەند و شۆڕشگێڕی ئازادیخواز باسی سەربەستی ژنانیان کردووە و لەسەری دواون، وەکوو: لینین، گاندی، ماو، نەهرۆ و سەدانی تر. لینین دەڵێت هەر شۆڕشگێڕێکی سۆسیالیستی باوەڕی ڕەهای بە سەربەستی و وزەی لە بن نەهاتووی ژن نەبێت، نە سۆسیالستە و نە شۆڕشگێڕە، بەڵام ئۆچ ئالان مەسەلەی ژنی لە سێ وشەدا فۆرمۆلەیەکی فەلسەفی و سیاسی کرد و خستیە قاڵبێکی پراکتیکیەوە، وەکوو سەرکردایەتی کردن، ئیدارە کردن، شۆڕش بەرپا کردن و بەرهەمهێنان. ئەوەتا بە چاوی خۆتان دەبینن، ئەم دروشمە،ژن ژیان ئازادی چ شعرێکی ئەفسوون ئامێز و چ شۆڕشێکی بەرپا کردووە، ئەوەتا
سەرانسەری ئێرانی خستە ئەو حاڵەتەوە، تەبرێزیەکان بڵێن ئازەربایجان و کوردستان چەشم و چراغی ئێران، بلوجستان بڵێن بلوج پەنای کوردستان. سنە بڵێ ژن ژیان ئازادی، زانکۆکانی تاران و کرماشان و قوم بڵێن ژینا ئەمینی سەقزی سومبولی ئازادی ژنانە
تێبینی
یەك ـ ئەو دروشمەی ژن ژیان ئازادی وەکوو دروشمەکەی کارل مارکس وایە کە گووتی ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن! ئەوەتا زیاتر لە سەدەیەکە بۆتە هەوێنی خەباتی چەوساوەکان و سەدان سەرهەڵدان و بزاڤی شۆڕشگێڕی لەم مەیدانەدا جەنگاون هەتا ئێستاش بەردەوامە
دووەم ـ من لەسەر داوای ویژدانی خۆم ئەم گەواهییە دەدەم
سێیەم ـ ئەوانەی هاوڕێی سەفەرم بوون لەژیاندا ماون
چوارەم ـ ئایا ئەم دروشمە ئەبێتە کوانوی شۆڕشی ئازادی ژنانی کوردستان و جیهان ..؟

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *