شكاندنی زیندانی حەسەكە و گەمارۆی ئابوری هەرێم لەسەر ڕۆژاڤا تەواوكەری یەكترن

د.محەمەد كیانی

‎داخستنی سنووری هەرێم بەسەر ڕۆژاڤادا، لەم كاتەدا، بە ڕونی دەردەكەوێ بەشێك بوە لە پیلانی شكاندنی زیندانی حەسەكە لەلایەن داعشەوە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی توركیا.

‎ئەگەر شكاندنی زیندانی حەسەكە سەریبگرتبا هێرش دەكرا سەر زیندانی هۆڵیش. ئامانجی توركیا لەو هەوڵانەی زیندوكردنەوەی داعشە لە ڕۆژاڤا و لە عێراق.
‎بێگومان، هێرشكردنە سەر شەنگاڵ لە هەمان كاتدا و بێدەنگی حوكمەتی عێراق لەو هێرشە بەردەوامانەی توركیا ئاماژەیە لە بونی پیلانێكی نێودەوڵەتی چەند ڕەهەند بە بەشداری توركیا و ئیمارات و حوكمەتی زۆرینەی داهاتوی عێراق، ئەگەر دورست ببێت. لە پاش پێكهێنانی حوكمەتی سەدر-بارزانی-سونە بە پشتگیری توركیا و ئیمارات و قەتەر گێژاوێكی تری شەڕ و پێكدادانی چڕ دەستپێدەكات لە عێراق و سوریا، بەدیاریكراوی لە ڕۆژاڤا. ئەگەر بمێنێتەوە، كازمی سیاسەتی دژی شەنگاڵ و ڕۆژئاڤا دەگرێتەبەر و یارمەتیدەری توركیا دەبێت لە جێبەجێكردنی پیلانگێریەكانی دژی كورد لە باشور و ڕۆژاڤا و باكور.

‎توركیا بە دورخستنەوەی مالیكی لە پێكهاتەی حكومەتی دادێی عێراق ڕێگای بۆ تەخت دەبێت زیاتر هەژمونی لە عێراق زیاتر ببێ و دەستكەوتی سیاسی و ئابوری زیاتر ببێت، وە پشكی باشی هەبێت لە وەبەرهەمهێنان لە بەندەری فاو.

‎لە هەمان كات، شەڕی ناوخۆی شیعە-شیعە هەڵدەگیرسێ بە سپۆنسەری ئێران. سەدر بە پێكهێنانی حوكمەتی زۆرینە لە عێراق، تەنها چاوی لەوە نییە ببێتە باوكی ڕوحی شیعەی عێراق، بەڵكو دەیەوێ ململانێی قوم و تاران بكات لەسەر بەدەستهێنانی مەرجەعیەتی شیعە بۆ نەجەف، بەدیاریكراوی بۆ خۆی و بنەماڵەی سەدر و لە ڕێگەشیەوە دەستەبەركردنی سەركردایەتی سیاسی زۆرینەی شیعەی جیهانی غەیرە فارس. كەرتكردنی مەرجەعیەتی شیعە و پەرتەوازەیی سیاسی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە ڕەواجی زۆرە و پشتگیری دەوڵەتیشی دەبێت، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژاوا و ئیسڕائیل، جگە لە توركیا و ئیمارات و سعودیە. ئەگەر بتوانێ حوكمەتی زۆرینە بە سەرۆكایەتی كازمی پێكبێنێت، ئەم پڕۆژەی سەدر ڕۆڵی ئێران زۆر لاواز دەكات بە مەرجی لایەنە زانستیە دینیەكە ئەگەر یارمەتیدەری بێت یان هەندێ لە عالمی دینی گەورە پشتگیری بن، بەتایبەت لەناو شیعە عەرەبەكان.

‎دەستكەوتی بارزانی لەم پڕۆژەیە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ هۆشیار زێباری دەبێت. بەدەستهێنانی ئەم پۆستە بۆ زێباری گرنگیەكی تایبەتی هەیە كە بۆ بارزانی ئەوە دێنێ هەمو قومارێكی لەسەر بكات بە چەند هۆكارێك: ١-فەرزكردنی كەسایەتی خۆی وەك مەرجەعی كورد. ٢-پاككردنەوەی هوشیار زێباری لە تاوانی گەندوڵی بەوەی بە دەنگی هەمان پەڕلەمان دەكرێتە سەرۆككۆمار كە پێشتر بە تاوانی گەندەڵی لە وەزیری دارایی عێراق دەریكردبو. ٣-بەم كردەیە پەڕلەمانی عێراق دەكاتە گاڵتەجار، پەڕلەمانێك متمانەی لە وەزیرك وەرگرتەوە و ئیستیقالەی پێكرد لەسەر گەندەڵێ كەچی هەمان كەس بە دەنگی هەمان پەڕلەمان دەكرێتە سەرۆككۆمار بێ ئەوەی دادگا بێبەریبونی لە تاوانی گەندەڵی سەلماندبێت.

‎لە ڕۆژاڤا، توركیا یەكێك لە گرنگترین ئامانجەكانی جێبەجێ دەكات بە یارمەتی عێراق و سوریا و پارتی كە خنكاندنی ئابوری دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژاڤایە، بە گەلەكۆمەی سەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەریدا. ئەمە حكومداری ڕۆژاڤا توشی كێشەی ناوخۆ دەكات لە ئەنجامی دورستكردنی كێشەی ئابوری دورستكراو، كەمی شتومەك، بڵاوبونەوەی بێكاری و هەژاری، دورستبونی ئابوری بازاڕی ڕەش و گەندەڵی.
‎جێكەوتەی ڕۆژاڤا لە نێوان چوارگۆشەی فشاری توركیا، سوریا بە پاڵپشتی ئێران، حوكمەتی عێراق و پارتی و دورستكردنی قەیرانی ئابوری و دەستتێوەردان لە ناوخۆی ڕۆژاڤا لەلایەن هەمولایەنەكان بە پارتی و موڕتەزەقەكانیەوە، مەترسی جددی دەكەوێتە سەر ئەو قەوارەیە.

‎بە كۆنتڕۆلكردنەوە زیندانی حەسەكە، بە یارمەتی هێزەكانی ئەمریكا و نێودەوڵەتی، شكاندنی یەكەم ئاڵقەی ئەو پێلانگێڕیەی توركیاییە لە دژی گەلی كورد لە باشور و رۆژاڤا و باكور.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *