شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لەنێوان رەوتە شۆڕشگێڕییەکان و دژەشۆڕشییەکاندا

 

دیار سیروان بیلال

-١-

دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئازادیی گەلی کورد و گەلان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، لەناوەخۆ و دەرەوەدا، تەنانەت لەئاستی کوردستان، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانیشدا، هەڵوێست و کاردانەوە، گفتوگۆ و رەخنەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە، چ بە لایەنگیری و پشتیوانی لە شۆڕشەکە و چ بە دژایەتیکردن و رەشکردنی ئەم شۆڕشە. لەهەردوو باردا ئەمە سەرچاوەی خۆی لە راستینەی ئەم شۆڕشەدا وەردەگرێت، کە شۆڕشێکی نوێیە و بە درووشم و پارادایم(جیهانبینی)ێکی نوێ و بە بەرنامە و ئامانجێکی نوێوە سەریهەڵداوە. بۆیە دەبێت ئەم هەڵوێست و کاردانەوە دژ بەیەکانە لەسەرەتای ئەم شۆڕشەوە بە ئاسایی و “دیالیکتیکی شۆڕش” ببینرێت. چونکە گفتوگۆ سەبارەت بە راستینەی ئەم شۆڕشە بەشێکە لە خودی ئەرکی شۆڕشگێڕییانەی شۆڕشەکە خۆی. ئەگەر شۆڕشێک پانتاییەک بۆ هەڵوێست و کاردانەوەی دژبەیەک، گفتوگۆ و رەخنەی هەمەلایەنە پێشنەخات، ئەوا دیارە خودی شۆڕشەکە نە نوێیە و نە خاوەن کاریگەرییشە و نە شۆڕشیشە.

لەم ماوەیەدا؛ لەدەرەوەی خودی شۆڕشگێڕان و رەوتە شۆڕشگێڕییەکەدا، هەڵوێست و کاردانەوە و گفتوگۆ و رەخنەگەلێک سەبارەت بە خودی درووشمە بنچینەییەکەی شۆڕشەکە “ژن، ژیان، ئازادی” لەئارا دایە. هەم سەبارەت بە سەرچاوەی ئەم درووشمە و هەمیش ناواخن و ناوەڕۆکی درووشمەکە بۆتە رۆژەڤی سەرەکییان. هەندێک دژ بەو درووشمەن و خوازیارن بێناوەڕۆکی بکەن یان بیگۆڕن یاخود چەواشەی بکەن، هەندێکیش پەسندی دەکەن و بە درووشمی هەرەگونجاوی شۆڕشگێڕیی دەبینن. هەندێکی تریش بەهی خۆیانی دەزانن – وەک لەم ماوەیەدا خالید عەزیزی لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە ئەم درووشمە هی حزبەکەیانە- و بێ ئەوەی پێشتر ئەم درووشمەیان گووتبێتەوە و بەرزکردبێتەوە، تەنانەت یەک دێڕیشیان لەسەر ئەم درووشمە نووسیبێت یان گووتبێت، یاخود بە کرداریی کاریان بۆ کردبێت. بێگومان، ئەمە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتن و داڕێژەری ئەم  درووشمە دیارە و لە ساڵانێکی زۆردا کاری بۆ کراوە تا فۆرمیلی کۆتایی خۆی لە سێ دەستەواژەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا وەرگرتووە و بۆتە پارادایم و بەرنامە و ئامانجی رەوتێکی شۆڕشگێڕیی کوردستانی و جیهانی. هەروەها بەر لەوەی لە رۆژهەڵات و ئێراندا ببێتە درووشم و پارادایم و بەرنامە و ئامانجی شۆڕش، پێشتر لە نێو ئەدەبیاتی فیکری رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەڤگەری ئازادی پەکەکەدا بووە بە درووشم و پارادایم و بەرنامە و ئامانجی تێکۆشان. زۆر بە ڕوونیش وەک درووشمێک لە باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا، زیاتر لە سی ساڵە لە ئەدەبیاتی ئەم تەڤگەرە و لە بۆنە و چالاکییەکانی گەلدا بەرزکراوەتەوە و کاری لەسەر کراوە. بۆیە سەرچاوەکەی و مێژووی سەرهەڵدانی ئەم درووشمە زۆر روونە. بەڵام ئەوەی روون نییە و دەبێت رەخنە و گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت، ئەوەیە کە؛ هەڵوێست و کاردانەوە و گفتوگۆ و رەخنەکانی دژ بەم درووشمە، بۆچی و چۆن و لەکوێوە سەرچاوە دەگرن؟ بۆچی دەخوازرێت نکۆڵی لە سەرچاوەی لەدایکبوونی درووشمەکە بکرێت؟ کێن ئەوانەی ئەم نکۆڵیکارییە دەکەن؟ بە چ مەبەستێک دەیکەن؟

لەم وتارەدا؛ هەوڵدەدەین سەبارەت بەم پرسیارانە و خودی شۆڕشەکە بۆچوون و شرۆڤەکارییەک بکەین.

 

-٢-

هەر شۆڕشێک کە لەبەرامبەر بە هەر سیستەم و رژێمێک بەرپا دەبێت، لەگەڵ خۆیدا دژەشۆڕشی خۆیشی دەردەخات. رەنگبێ زۆر جار دژەشۆڕش وەک رەوتێک یان چەند رەوتێک خۆی نمایش بکات. ئەمە دیالیکتیکی شۆڕشە. هەر شۆڕشێک پارادیمێکی خۆی هەیە و بەو پارادایمە بەرنامەی کاری شۆڕشگێڕیی خۆی دادەڕێژێت و بەرەو ئامانجەکانی دەڕوات. رەوتەکانی دژەشۆڕشیش رێک بەپێچەوانەی رەوتی شۆڕشگێڕییەوە خاوەن پارادایمێک و بەرنامە و ئامانجگەلێکی جیاوازی خۆیانن دژ بەو شۆڕشە. زۆر جار ئەو سیستەمەی شۆڕشی لەبەرامبەردا بەرپاکراوە، رەوتەکانی دژەشۆڕش بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچنەوە سەنگەری ئەو سیستەمە شۆڕش لەسەرکراوەدا و لە بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمەدا سەنگەر لە رەوتە شۆڕشگێڕییەکە دەگرن. ئەمەش بەچەند قۆناخێکی بەناویەکداچوودا ئەنجام دەدرێت؛ سەرەتا، کە بەرپابوونی شۆڕشەکە لە قۆناخی سەرەتایی دایە، رەوتە دژەشۆڕشییەکان خۆیان وەک نوێنەری رەوتە شۆڕشگێڕییەکە نیشان دەدەن و بۆ نمایشکردنی ئەمەش یەکسەر دەست بۆ ئامرازە قەباکانی توندوتیژییەکان و زەبروزەنگ دەبەن، ئەمە لەکاتێکدا شۆڕشی بەرپابوو، زەبروزەنگ و توندوتیژیی نەخستۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لەپارادایمەکەیشدا شوێنی پێنەداوە. بەڵام رەوتە دژەشۆڕشییەکان لەپێناو زوو گرتنەدەستی دەسەڵات و باڵادەستبوون بەسەر رەوتە شۆڕشگێڕییەکەدا، پەنا وەبەر ئاسانترین و بەردەستترین ئامراز دەبەن، کە زەبروزەنگ و توندوتیژییە، بەم شێوەیە دەیانەوێت سواری شەپۆڵە شۆڕشگێڕییەکەی گەل و کۆمەڵگەکان ببن و پێشەنگایەتی رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و خۆیان بەخاوەنی شۆڕشەکە و درووشم و پارادایم و بەرنامەی شۆڕشەکە دەبینن.

بەڵام کاتێک ئەمەیان بۆ نەچووە سەر، هەوڵدەدەن، لە رێگای جۆرێک لە “شەڕی تایبەت”ەوە پڕوپاگەندە دژ بە رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بکەن، هەوڵدەدەن درووشمەکانی شۆڕشەکە بگۆڕن، یان چەواشەی بکەن و بیشێوێنن، سوکایەتی و تەشهیر بە پێشەنگەکان و هێزەکانی نێو رەوتە شۆڕشگێڕییەکە بکەن. دواجار کە ئەمەیشیان بۆ نەچووەسەر، ئەوا بە ئاشکرایی سەنگەر لە شۆڕشە بەرپابووەکە دەگرن و لەهەوڵی شکستپێهێنانی شۆڕشەکەدا، یان بەلاڕێدابردنیدا دەبن.

ئەوەی جێی تێڕامانە؛ کاتێک کە شۆڕشەکە بەرەو سەرکەوتن دەڕوات و سیستەمە باڵادەستەکەی رووخاندووە، بەڵام هێشتا سیستەمی خۆیشی ئاوانەکردووە، واتا لە دۆخی بێ سیستەمیدا کە دۆخێکی گێژاودارە، ئەو رەوتە دژەشۆڕشیانە هەوڵدەدەن شۆڕشەکە بدزن و دەستەکەوتەکانی قۆرخ بکەن. واتا لەهەوڵی زەوتکردنی بەرهەمەکانی شۆڕشدا دەبن. یەکەم هەنگاویشیان دژ بە هەموو پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکان رادەوەستن و هەوڵدەدەن، بێکاریگەریان بکەن، بیانکڕن، بیانکوژن، دەربەدەر و وڵاتبەدەریان بکەن و بە دووژمنی شۆڕشە بەرپابووەکە ناوزەدیان بکەن.

ئەمەی لەسەرەوە باسم کرد، لە زۆربەی شۆڕشە مەزنەکانی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا روویداوە، جا لەم ململانێیەدا؛ یان رەوتە شۆڕشگێرییەکان سەردەکەون، یاخود رەوتە دژە شۆڕشییەکان، سەردەکەون. لە شۆڕشە ئایینییەکاندا، لە شۆڕشە چینایەتی و رزگاریخوازییەکاندا، لە شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکاندا، گەلێک نموونەمان لەم رووەوە هەیە، بەمەش یان شۆڕشەکان ئەنجامی ئەرێنی زۆر مەزن بەدەستدەهێنن و دونیایەکی نوێ و باشتر، سیستەمێکی نوێ بونیاد دەنێن، یاخود رەوتە دژە شۆڕشییەکان مەرگەسات و کارەساتی زۆر خوێناوی و جەرگبڕ بەسەر شۆڕشگێڕان و گەل و کۆمەڵگە راپەڕیوەکەدا دێنن. رەنگبێ لە نموونەی ئەمەدا؛ لە زۆربەی شۆڕشە ئایینییەکاندا ببینین. هەروەها لە شۆڕشی فەڕەنسای ساڵانی 1789-1799 ، لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیای ١٩١٧دا و لە سەرجەم شۆڕشە سۆسیالیستییە چینایەتییەکان و رزگاریخوازەکانی گەلاندا، ببینین. بەرچاوترین نموونەش لە خۆرهەڵاتی ناویندا؛ شۆڕشی گەلانی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ بوو، کە لەلایەن رەوتی کۆنسەرڤاتیڤی مەزهەبگەرای شیعەگەرای نەتەوەپەرستەوە خۆی بەسەر رەوتە شۆڕشگێڕییەکانی گەلانی ئێراندا زاڵ کرد و شۆڕشەکەی دزی و زەوتی کرد و هەموو رەوتە شۆڕشگێڕییەکانی ئەوکاتەی لەناوبرد و وڵاتبەدەر و پەرشوبڵاوەی پێکردن و کۆمارێکی ستەمکاری تیۆکراتی توندوتیژکاری دامەزراند. هەروەها دەکرێ نموونەی تریش بێنینەوە، راپەڕینی گەلانی باکوور و خۆرهەڵاتی ناوین لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ی ئەو وڵاتانە ببینین کە بەناوی “بەهاری عەرەبی”یەوە بوو و هەر زوو بەرهەمی ئەو راپەڕینانەیان لە گەلان دزی و هەمان سیستەم بە دەموچاوی جیاوازترەوە هاتنەوە سەر دەسەڵات…

 

-٣-

ئێستا کە شۆڕشێکی ئازادی تری گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، بەرپا بووە، بە پارادایم و بەرنامەیەکی پووختی شۆڕشگێڕیی و بە ئامانجی گۆڕینی ریشەییانەی ئەقڵییەت و سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کولتووری و رەهەندەکانی تری ژیانی ئەو گەلانە، لەسەرپێیە و رۆژ بە رۆژ و هەنگاو بە هەنگاو فراوانتر و قووڵتر دەبێتەوە و تەنگی بە سیستەمە دەسەڵاتدارەکەی ئێران هەڵچنیوە، رێک لە دۆخێکی وەهادا؛ رەوتەکانی دژە شۆڕشیش، چ لەناو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، چ لەدەرەوەیدا، خەریکن بەو هەنگاوانەی باسمان لێیانەوە کرد، هەوڵدەدەن، خۆ بەخاوەنی ئەو شۆڕشە بزانن، لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن ئاراستە راستەقینەکەی شۆڕشەکە بگۆڕن و بەلاڕێیدا ببەن، دەستیان بە تەشهیرکردن و ناوزڕاندنی پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکانی کردووە. لەهەمووی سەرنجڕاکێشتر؛ هەوڵدەدەن درووشمی بنچینەیی شۆڕشەکە کە “ژن، ژیان، ئازادی”یە، بێواتای بکەن و لەناوەڕۆکی خۆی بەتاڵبکەنەوە، بیگۆڕن و درووشمگەلێکی دیکەی بخەنە شوێنی، یان چەواشەی بکەن و واتای دیکەی لێباربکەن. هەروەها هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای دەمارگیری ئایینی، ئایینزایی، نەتەوەپەرستی، شۆڕشەکە پارچە بکەن و وای نیشان بدەن کە ئەم شۆڕشە تەنیا هی یەک گەلە، دژ بە گەلانی تر..!!

بێگومان؛ ئەم درووشمە “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمێکی رووت و رووکەشی و بێ ناوەڕۆک و بێ بنەما و بێ سەرچاوە نییە، بەڵکو لە بنچینەدا درووشمێکی فەلسەفی، فیکری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی و سیاسییە. لە ناواخنی فەلسەفەی پارادایمێکدا لەدایکبووە، گوزارشتێکی پووخت و جەوهەریانەی ئەو پارادایمەیە کە لێیەوە دەرهاتووە. ئەم درووشمە دژەتێز(ئانتی تێز)ی سەرجەم ئەو درووشمانەیە کە پێشتر لە شۆڕشەکانی پێشخۆی هاتوون و بەرزکراونەتەوە.

با سەرەتا بزانین پارادایمی ئەم شۆڕشە چییە و چ بەرنامەیەکی هەیە و بە چ ئامانجێک بەرپا بووە:

لە درووشمە بنچینەییەکەیەوە “ژن، ژیان، ئازادی” تێدەگەین کە ئەم شۆڕشە بەرپابووەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە پارادایمێکی نوێوە دەستی بۆ دێرینیترین، قورستترین و بنچینەییترین کێشە بردووە کە کێشەی ماف و ئازادیی ژنە و سەرچاوەی بنەڕەتی کۆی کێشەکانی تری مرۆڤایەتییە. ژن لەم درووشمەدا، ئۆبژەیەک نییە، بەڵکو سۆبژەیە، هەم لەدۆخی ئۆبژەییکراویدا رزگارکراوە، کارەکتەرێکی کارا و چالاکە و کاڵا و ئامڕازێک نییە، هەمیش وەک سۆبژەیەک گەوهەری شۆڕشەکەی پێکهێناوە، کە ئەگەر “ژن” وەک سۆبژەیەک نەبێت، واتا بە ناسنامە، ئیرادە، کەسێتی، سەرچاوەی ئافراندن و داهێنان و بوونی کۆمەڵگە نەبێت، ئەوا نە “ژیان” واتای هەیە و نە “ئازادی”یش. بۆیە ژن لەم درووشمەدا هەم سۆبژەی بنچینەیی پارادایمەکەیە و هەمیش پێشەنگی بەجێهێنانی ئەو پارادایمەی شۆڕشە، کە لەگەڵ خۆیدا بەرنامە و ئامانجەکانی ئەو پارادایمە شۆڕشگێڕییەش دادەڕێژرێت.

کێشەی ماف و ئازادیی ژن کێشەی بنچینەیی و هەرەدێرینی خودی کۆمەڵگەیە، بۆیە تا ژن ئازاد نەبێت و بە مافەکانی نەگات، کۆمەڵگەش بە ماف و ئازادییەکانی ناگات. بەهۆی دەرکەوتن و باڵادەستبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوە، کە لەگەڵ خۆیدا سیستەمی پلەداریی، بەدوایشیدا سیستەمی دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی لێیەوە پەیدا بووە، زیاتر لە پێنج تا حەوت هەزار ساڵە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خستۆتە ناو کێشە و قەیران و گێژاوەوە. بۆیە تا کێشەی ماف و ئازادییەکانی ژن چارەسەر نەبێت، هیچ کێشە و قەیران و گێژاوێکی کۆمەڵگەش چارەسەر نابن، واتا کێشەکانی تری ژیان و ئازادییش چارەسەر نابن. بۆیە ژن لەم شۆڕشەدا خودی پێشەنگ و کارەکتەرە شۆڕشگێڕییەکە و رەوتە شۆڕشگێڕییەکەیە.

لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی دیالیکتیکی ناوخۆیی لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکەی درووشمی شۆڕشەکە “ژن، ژیان، ئازادی”دا هەیە، بەبێ یەکتر واتادار نابن و تەواوکاریی یەکترن. بۆیە لەمیانەی ئەو پەیوەندییە دیالیکتیکییە ناوخۆییەوە تێدەگەین کە؛ ژیان و ئازادی بەهەموو رەهەندەکانیانەوە، پابەندە بە خودی ماف و ئازادییەکانی ژنەوە. بەبێ هەبوونی ماف، ناسنامە، ئیرادە و ئازادییەکانی ژنان، هیچ واتایەک بۆ چەمکەکانی ژیان و ئازادییش نامێنێتەوە. بەبێ ئازادیی ژن هیچ کێشەیەکی چینایەتی، نەتەوایەتی، ئیکۆلۆژیی و کێشەکانی تری کۆمەڵگە چارەسەر نابن. دەوڵەت و هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەت-ئایینگەرا و مەزەهەبگەراکانی خۆرهەڵاتی ناوین لەبەر ئەوەی خاوەنی ئەقڵییەت و پارادایمی پیاوسالاریین و دەسەڵاتخوازی پاوانکار و دەوڵەتگەرای ستەمکارن، لەمیانەی بێناسنامەکردن و بێمافکردن و بێئیرادەکردنی ژنەوە، هەم ژیانیان بێ واتاکردووە و کردوویانەتە دۆزەخێکی سەر رووی زەمین بۆ مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان، هەمیش ئازادییان لەناواخن و جەوهەری خۆی دەرخستووە و بێ ناوەڕۆکیان کردووە. بەمەش توانیویانە بەسەر کۆمەڵگە و گەلاندا زاڵ و باڵادەست بن. کەواتە هەر شۆڕشێک کە دژ بەو سیستەمانە و پارادایمە دژەژن و دژەژیان و دژە ئازادییە بەرپاببێت، ناچارە و دەبێت بە دژەپارادایمێکی ئەو سیستەمانەوە شۆڕش بەرپا بکات، لێرەوە، تێدەگەین کە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” گەوهەر و ناوەڕۆکی گوزارشتبوونی ئەو پارادایمەیە کە دژە سیستەمی باڵادەستە لە کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهانیشدا. ئەم پارادایمەش پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە، کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئیکۆلۆژی و ئابووریی هەرەوەزکاریی، خۆی بونیادناوە. بۆیە دەبینین کە ئەم درووشمە وەک تۆپەڵێکی ئاگرین، بە کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا تا دێت فراوانتر و گەورەتر دەبێت و هەڵگرانی ئەم درووشمە بە پارادایمێکی نوێوە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە دەبەن. چونکە مۆدێرنیتەی دیموکراتی هەم دژ بە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، هەمیش دژ بە دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەت-ئایینگەرا و دەوڵەت-ئایینزاگەراکانە. بۆیە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمێکی دژەتێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە و ئایینگەرا و ئایینزاگەراکانە.

ئەم درووشمە؛ کە لەلایەکەوە بەرهەمی پەنجا ساڵ تێکۆشانی فەلسەفی، فیکری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و گەریلایی و شەڕڤانانی تەڤگەری ئازادیی پەکەکە و رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانە- بەتایبەتی بەرهەمی تێکۆشانی خودی ژنانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە- تا دوا فۆرمیلی خۆی وەرگرتووە، بە چەندین قۆناخی یەکتر تەواوکاردا تێپەڕیوە، دواجار لە فۆرمیلەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا گوزارشتی لە خۆی کردووە. لەلایەکی تریشەوە رەگ و ریشەیەکی مێژوویی زۆر قووڵتر لەو پەنجا ساڵەی تێکۆشاندا هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بەکۆمەڵگەبوونی رەوەمرۆڤەکان لەسەردەمی چاخی بەردینی نوێ (نیۆلۆتیک)، بەدوایدا تێکۆشانی بەردەوامی هەزاران ساڵەی ژن و کۆمەڵگە سرووشتییەکان دژ بە ئەقڵییەتی پیاوسالاری-دەسەڵاتگەرا-دەوڵەتگەراکانەوە، بۆ ئەوەی جەوهەری کۆمەڵگەبوونی خۆیان لەدەست نەدەن، کە ئافرێنەرێتی و پیرۆزی ژن، ژیان و ئازادییە، خۆیان پاراستووە و بەرگرییان لە خۆیان کردووە. بەڵام لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، بەتایبەتتر لەو سی ساڵەی رابردوودا، ئەم تێکۆشان و بەرگرییکردنە لە ژن و ژیان و ئازادی- بە پێشەنگایەتی خودی ژنان- گەیشتۆتە ئاستی پارادایمێکی ئازادیی ژن و کۆمەڵگە و گەلان، کە ژنی کورد و گەلی کورد تێیدا رۆڵی پێشەنگایەتییان بینیوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روودەدات، گوزارشتێکی قووڵ و بەردەوامیی ئەم تێکۆشانەیە.

 

-٤-

ئەگەر بەراوردێکی پانۆڕامایی ئەم درووشمە شۆڕشگێڕییە “ژن، ژیان، ئازادی” بکەین لەگەڵ چەند درووشمێکی تری شۆڕشە مەزنەکانی تری مێژوو، ئەوا بەڕوونی دەبینین کە چەندە درووشمێکی هەمەلایەن و گشتگیر و جیهانییانەیە، خۆی بە هیچ ئایینێک، ئایینزایەک، چینێک، گەل و نەتەوەیەکەوە سنووردار نەکردووە، بەڵکو سەرجەم رەهەندە فراوانەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکانی لەخۆوە گرتووە. درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە بەراورد لەگەڵ درووشمی “برایەتی، یەکسانی، ئازادی”ی شۆڕشی فەڕەنسا، کە تەنیا سێ رەهەندی وەرگرتووە کە برایەتی و یەکسانی و ئازادی نێوان کۆمەڵگەی فەڕەنسی بوو، کە دواتر کاریگەری بەسەر کۆی مرۆڤایەتیش دادەنێت، بەڵام شوێن و پێگەی ژن لەم درووشمەدا بوونی نییە، رەهەندەکانی تری ژیان کە دادپەروەری و ئاشتی و بەیەکەوەژیانی ناسنامە جیاوازەکان و ئیکۆلۆژیایە پشتگوێخستووە. هەڵبەتە هەر زوو شۆڕشی فەڕەنسا لەلایەن بۆرژواکانەوە، کە خاوەن ئەقڵییەتێکی پیاوسالار و دەسەڵاتگەرا و دەوڵەتگەرا بوون،  بەلاڕێدا بردرا و شۆڕشگێڕانی خەڵتانی خوێن کران و ئیمپراتۆرییەتی فەڕەنسی- ناپلیۆنی لێکەوتەوە و ئەمەش داگیرکردنی وڵاتانی تری لە ئەوروپا و ئەفریقیای بەدوادا هات.

هەرچی درووشمی “کرێکارانی جیهان یەکبگرن”ی شۆڕش و جوڵانەوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و کۆی سەدەی بیستەمیشە، دەبینین کە تەنیا رەهەندە چینایەتییەکەی ململانێی نێوان چینی دەسەڵاتداری بۆرژوا و کۆی چینە ژێردەست و چەوساوەکانی بە بنەما وەرگرتووە. لەکاتێکدا رەگی چەوسانەوە و ژێردەستەیی چینەکان، سەرەتا بە چەوسانەوە و ژێردەستەکردنی ژن دەستیپێکردووە، وەک رێبەر ئۆجەلان دەڵێت؛ “ژن دێرینترین نەتەوەی کۆلۆنیاڵیکراوە”. هەروەها ئەم درووشمە و درووشمە پەیوەستدارەکانی تری، وەک “نان، کار، ئازادی” زیاتر درووشمگەلێکی دەستەبەرکردنی لایەنی ماددیی و ئابووریین، نەک مەعنەوی و رەهەندەکانی تری ژیان.

بێگومان لەمێژوودا؛ گەلێک درووشمی تری شۆڕشەکان هەن، کە دەکرێ درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەگەڵ ئەو درووشمانەدا بەراوردکاریی بکرێن و دەرئەنجامی گرنگی لێیەوە دەربخرێت.

 

-٥-

لێرەدا گرنگە کە سەبارەت بە سرووشت و راستینەی ئەم شۆڕشە شرۆڤەیەک بکەین، تا بتوانین لە سرووشت و راستینەی درووشمەکەیشی تێبگەین.

شۆڕشی ئازادیی”ژن، ژیان، ئازادی” شۆڕشێکی نوێیە، نوێیە لە درووشمەکەی، پارادایمەکەی، بەرنامە و ئامانجەکەی، هەروەها لە پێشەنگەکانی و لە شێوازی بەکرداریکردنیدا، بەمەش  جیای دەکاتەوە لە سەرجەم شۆڕشەکانی تری پێشخۆی لە ئێران و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا. ئەم شۆڕشە، بلێسەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بووە و سەرجەم ئێرانی گرتۆتەوە. پێش ئەوەی لە رۆژهەڵات کڵپە بسەنێت، پێشتر لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانەوە سەریهەڵداوە و تا ئێستاش بەردەوامە. بە واتایەکی تر؛ ئەم شۆڕشە هەم درێژکراوە و هەمیش تەواوکاریی شۆڕشە فراوانەکەی کوردستانە کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا بەرپابووە و فراوان بووە و بەکاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی باکوور و رۆژئاوا، رۆژهەڵاتیش شۆڕشی خۆی بەرپا کردووە و کاریگەریی بەسەر هەموو گەلانی ئێراندا کردووە. بەڵام لەهەمانکاتدا ئەم شۆڕشە خاوەن تایبەتمەندێتی خۆشیەتی و راستینە و سرووشتی خۆی هەیە. واتە کۆپیکراو نییە، بەڵکو درێژەپێدەر و تەواوکارە، لەهەمانکاتیشدا خۆی شۆڕشێکە و بەهۆی ئەوەی لە جوگرافیا و کۆمەڵگەگەلێکی جیاوازدا، سەریهەڵداوە، راستینە و سرووشتی خۆیشی هەیە و دەبێت ببینرێت.

ئەم شۆڕشە لەمیانەی درووشمەکەیەوە، هەروەها بەشداربوونی ژنان و سەرجەم گەلان لەم شۆڕشەدا، ئەوەمان پێدەڵێت کە؛ لەسەر هەمان پارادایمی ئازادیی و بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانەی شۆڕشی ئازادیی لە باکوور و رۆژئاوی کوردستان و باکوور-رۆژهەڵاتی سوریا بەرپا بووە. بێگومان ئەم پارادایمە ئازادیخوازییە وەک جولانەوەیەکی شۆڕشگێڕییش لە باشووری کوردستاندا لەنێو تێکۆشانی سەخت و دژواردایە. واتا لەرووی زیهنی و رۆحی چالاکوانێتیدا ئیلهام بەخش بووە بۆ شۆڕشی ئازادیی رۆژهەڵات و ئێران. ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئەم شۆڕشە راستەوخۆ و بە ئۆرگانی لەلایەن باکوور یان رۆژئاواوە بەڕێوەدەچێت، بەڵکو رەوتە شۆڕشگێڕییەکەی ئەم شۆڕشە خۆی شۆڕشەکەی خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوانەی رۆژانە لە گۆڕەپانەکە دان و لەبەرەنگاربوونەوەی سەخت و دژواردان و سات بە سات گیان و ژیان دەبەخشن ئەوانەن کە پێشەنگی راستەقینەی خودی شۆڕشەکەن. بەڵام بەهەمان ئەقڵییەت و پارادایمی شۆڕشگێڕانەوە. بۆیە ئەم شۆڕشە چەندە لەرووی درووشم، ناوەرۆک، پارادایم، بەرنامە و ئامانجەکانی خۆی لە شۆڕشی باکوور-رۆژئاوا دەچێت، بەهەمان شێوەش خۆی تایبەتمەندێتی و راستینەی خۆی هەیە و لەڕووی تێکۆشانی کرداریی و شێوازی چالاکییەکانیەوە تەواو مۆرکی خۆی و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە. واتە ئەگەر سەرچاوەی ئەم شۆڕشە لە “باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات” لەڕووی زیهنی و پارادایمییەوە یەکیش بن، بەڵام هەر یەکێک لەو رەوتە شۆڕشگێڕییانە بەگوێرەی جوگرافیا و مێژووی وڵاتەکەیان، کۆمەڵگەکانیان، واقیعی سیستەمی دەسەڵاتدار و سیستەمی کۆمەڵایەتی باوی سەر وڵات و کۆمەڵگەکەی خۆیاندا، بوونەتە خاوەن تایبەتمەندێتی و سرووشتی خۆیان. ئەمە راستینەیەکی بەرچاوی شۆڕشەکەی ئێستای رۆژهەڵات و ئێرانە.

لەوانەیە بۆچوونێکی وەهاش هەبێت کە چۆن و کوا کاریگەرییەکانی شۆڕشەکانی باکوور و رۆژئاوا بەسەر ئەم شۆڕشەی رۆژهەڵات و ئێرانەوە هەیە؟ لێرەدا، ئەگەر چەند نموونەیەک لە رووداوە مێژووییەکانەوە لەو بیست و چوار ساڵەی رابردوودا بێنینەوە رەنگبێ باشتر لەو بەریەککەوتن و کاریگەرییەی رۆژهەڵات لەگەڵ باکوور و رۆژئاوا ببینن. لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا کاتێک کە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دژ بە رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە و گەلی کورد بەڕێوەچوو، دەیانهەزار لە خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت لە زانکۆکانی تارانیشەوە، دژ بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە راپەڕین و خۆپیشاندانی زۆر مەزن و شکۆمەندانەیان کرد، هەر بەهۆی ئەم راپەڕین و خۆپیشاندانانەوە دەیان شەهیدیان بەخشی و سەدان و هەزارانیان بریندار بوون و دەستگیر کران، هەر بەمەش نەوەستا لەوکاتەوە تا ئێستا هەزاران کچ و کوڕی رۆژهەڵات بەشداریی ریزەکانی پەکەکە بوون، ئێستاش بوونەتە خاوەن رێکخستنی فراوانی خۆیان (پژاک و کۆدار) لە رۆژهەڵات و ئێراندا. هەروەها لە زیندانە دۆزەخییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتدا چەندین شۆڕشگێڕی چالاکوان بەهەمان پارادایم و درووشمەوە بەرخۆدانیان کرد و تا دوا هەناسەیان بچووکترین سازشیان لە باوەڕیی و پارادایمەکەی خۆیان نەکرد.

هەروەها لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و بەدوایشیدا هێرشکردنی داعش و تورکیا بۆ سەر کۆبانێ و عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە تارانیش بەدەیان هەزاریان خۆپیشاندانی زۆر بە شکۆیان بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوا و خەڵکەکەی و شۆڕشەکەی کرد. ئەمەو دەیان و سەدان نموونەی تر پێمان دەڵێن کە؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاڕادەیەکیش لە کۆی ئێرانیش، بەتایبەتی لەنێو خوێندکاران، گەنجان و ژناندا کاریگەرییەکی بەرچاوی شۆڕشی ئازادی کوردستان لە باکوور-رۆژئاوا هەیە و بە ئیلهام وەرگرتن لەم شۆڕشە ئەوانیش شۆڕشی خۆیان بەرپاکردووە و بەهەمان درووشم و پارادایمەوە لە شۆڕش دان. بێگومان کاریگەرییەکانی کەناڵە تیڤییە ئازادیخوازەکان، میدیای دیژیتاڵ رۆڵێکی گرنگیان لەم هۆشیاربوونەوەیەی گەلی کورد و گەلانی ئێران و تێگەیشتن و کاریگەربوون بەو پارادایم و شۆڕشەی ئازادی لە باکوور-رۆژئاوا هەیە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی راستینە و سرووشتی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە تەنیا شۆڕشێکی سیاسی رووت نییە و تەنیا بەرامبەر خودی دەسەڵاتە ستەمکارەکەی ئێرانیش نییە، بەڵکو ئەم شۆڕشە، هەرچەندە هێشتا هەموو تایبەتمەندێتی و سرووشتەکەی بەتەواوی دەرنەکەوتووە، بەڵام لە درووشمە بنچینەییەکە و درووشمەکانی تریدا دەردەکەوێت کە ئەم شۆڕشە لەبنەمادا:

  • شۆڕشێکی زیهنی-فیکرییە، رێنیسانس و رۆشنگەرییەکی نوێیە دژ بەو زیهنییەتە باڵادەستەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا باڵادەستە و دژەژن و دژەژیان و دژەئازادییە. واتا دژ بە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، دەوڵەت-ئایینگەرا-مەزهەبگەرایە.
  • شۆڕشێکی کولتوورییە، دژ بەو کولتوورە باڵادەستەیە کەوا هەزاران ساڵە بەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵات و ئێران و خۆرهەڵاتی ناویندا داسەپێنراوە، ئەو کولتوورە باڵادەستە کولتوورێکی دژەژن، دژە ژیان، دژە ئازادییە.
  • شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە، دژ بەو دۆخە کۆمەڵایەتییەی کەوا تاک و کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵات و ئێرانی تێدا چەپێندراوە و سەرکوتکراوە، کە تێیدا زەمینەی ئازادی، یەکسانی، کار، دادپەروەری، ژیانێکی بەشکۆی دادپەروەر و یەکسان و ئازاد، بەیەکەوەژیانی دیموکراتیانە و ئاشتەوایانەی تا دواڕادە نەهێشتووە.
  • شۆڕشێکی ئیکۆلۆژییە، کە دژ بەو دۆخە داسەپێنراوەیە کە ژینگەی سرووشتی و کۆمەڵایەتی وێران کردووە و زەمینەی ژیانی نەهێشتووە.
  • شۆڕشێکی سیاسییە، دژ بەو سیستەمە سیاسییەی کەوا زیاتر لە چل ساڵە، لەمیانەی دزین و زەوتکردنی شۆڕشی ئازادی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا بەرپاببوو، هاتۆتە سەر دەسەڵات و بە ئاگر و ئاسن سەرکوتی ژنان و گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی کردووە. دژ بەو گەندەڵییەی دەسەڵاتە ستەمکارەیە کە رۆڵەکانی ئەم گەلانە، لەسەر دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی ژنان، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەسەڵاتە، بەناوی خوا و ویلایەتی فەقیهی خۆکردنە جێگری خواوە، دەکوژرێن، لەسێدارە دەدرێن، دەخرێنە کونجی زیندانەکانەوە. ئەم دەسەڵاتە تیۆکراتە خۆسەپێنە، گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی غەرقی هەژاری، بێکاری، ئاڵوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، تەشەنەپێدانی دەمارگیریی ئایینی، ئایینزایی، نەتەوەپەرستی کردووە.

بۆیە ئەم شۆڕشە کە زیاتر لە مانگێکە بەرپابووە، رۆژ بە رۆژ سرووشت و تایبەتمەندێتییەکانی دەردەکەوێتەڕوو، بەر لەهەموو شتێک شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی، ئینجا سیاسییە. هەرچەندە ئێستا زیاتر لایەنە سیاسییەکەی بەرچاوە، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە سیستەمی دەسەڵاتداریی ئێران، لەخۆیدا گوزارشت و نوێنەرایەتی لە هەموو ئەو سیستەمە زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژی و سیاسییە دەکات کە گەلی کورد و گەلانی ئێران لەدژیدا راپەڕیون و شۆڕشیان بەرپا کردووە. ئەمەش راستە و هەڵە نییە، چونکە رووخاندنی ئەم سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدارەی ئێستای ئێران، رێگە لەبەردەم رووخاندنی کۆی سیستەمە زیهنی و کولتووری و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکە دەکاتەوە و قۆناخێکی نوێ و زەمینەیەکی نوێ لەبەردەم ئاواکردن و بونیادنانی سیستەمێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژی و سیاسی نوێ و ئازاد و دیموکراتیانە دەکاتەوە و دەکرێ لەمیانەی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی دیموکراتییدا گەلی کورد و گەلانی تری ئێران، ببنە خاوەن خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتیانەی خۆیان و لەسەر بنەمای بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەدا لەسەردەمێکی نوێدا شکۆمەندانە بژین.

یەکێک لە تایبەتمەندێتییەکانی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە لەهیچ شۆڕشێکی تری مێژوویی گەلان ناچێت. بەڵام لەسرووشت و تایبەتمەندێتی و ئاستی کاریگەرییەکانیدا لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکە و جیهاندا، زۆر لە شۆڕشی پاریسی ١٩٦٨ی خوێندکاران دەچێت. چونکە شۆڕشی پاریسیش ئەوەندەی شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی بوو، ئەوەندە سیاسی نەبوو. هەرچەندە دواتر کاریگەریی سیاسیی زۆریشی بەسەر سیستەمی سیاسی ئەوروپا و جیهانیشدا هەبوو. ئەم شۆڕشەش کە تەنیا  شۆڕشێکی خوێندکاران نییە، بەڵکو شۆڕشی ژنان و گەنجان و گەلان و خەڵکە هەژار و بێکارەکەیە، لەنزیک مەودا و دوورمەودادا، کاریگەرییەکی چۆنایەتی زۆر بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا دەکات. هەر لە ئێستاوە ئاماژە گرنگەکانی ئەم کاریگەرییە دەبینین.

کەواتە ئەم شۆڕشە، شۆڕشێکی دژە دەسەڵاتی، دژە دەوڵەتگەراییە. واتە ئەم شۆڕشە لەوەدا ناوەستێت کە تەنیا سیستەمە سیاسییە دەسەڵاتدارە باڵادەستەکە بگۆڕێت، بەڵکو بەئامانجی گۆڕین و وەرچەرخاندنی کۆی سیستەمی زیهنی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی باڵادەستی سەر رۆژهەڵات و ئێران بەرپابووە و بەڕێوە دەچێت.

لەکاتێکدا، کە ژنان و گەنجانی کورد و گەلان پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن و بە درووشمی هاوبەش لە مەیدانەکان دان، ئەمە بۆخۆی بەڵگە و سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە لەبنچینەدا بژاری بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەی گەلانی کردۆتە بژاری خۆی بۆ داهاتوو، تا ئێستا گەلانی راپەڕیو نەک هەر دژ بەیەکتر نین، بەڵکو بەیەکەوەن و خەونی بەیەکەوەژیانی ئازاد و دیموکراتیانەیان هەیە و خۆ بەدوور دەگرن لە هەموو جۆرە دەمارگیرییەکی ئایینی، ئایینزایی، ئەتنیکی و نەتەوەیی. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە هەرە درەوشاوە جیاوازەکانی ئەم شۆڕشە.

 

-٦-

وەکو باسمان کرد؛ لەبەرامبەر ئەم شۆڕشەدا کۆمەڵێک رەوتی دژە شۆڕشەکەش هەر لە ئێستاوە ئاماژەکانی دەبینرێن. وەکو دەبینین؛ هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنی رژێمی ئێران بۆ ئەم شۆڕشە، لەدەرەوەی رژێمیش رەوتگەلێکی دژەشۆڕشیش کاران و لەهەوڵی دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشەن، بەو رێگا و رێبازانەی کە لەسەرەوە باسمان کردن. وەکو دەبینین؛ هۆکاری دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە دیارە کە بۆ مەرگی ئەم رژێمە بەرپابووە، بۆیە بەئاگر و ئاسن، بەهەموو شێوازێکی سەرکوتکردن لەهەوڵی سەرکوتکردنی ئەم شۆڕشە دایە. بەڵام دیارە ناتوانێت لەم سەرکوتکردنەیدا سەربکەوێت. ئیدی رژێمی ئێران، هەروەها ژنان و گەلانیش ناچنەوە دۆخی پێش ئەم شۆڕشە. لەنزیک مەودا، یان ماوەیەکی کەمخایەندا ئەو رژێمە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت و وەکو رابردوو پاوانی دەسەڵات، ژن و ژیان و ئازادیی گەلی کورد و گەلان بکات.

بەڵام لەدەرەوەی رژێم، ئەو رەوتانە کێن و چین کە دژەشۆڕشن و هەر لە ئێستاوە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەستیان بە دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشی ئازادییە کردووە؟. دەکرێ ئەو رەوتانە لەچەند خاڵێکدا پۆلین بکەین:

  • سەرجەم رەوتە ئیسلامییەکان- بە رەوتی سەلەفی و ئیخوانییەوە- بە بیانووی لەچک فڕێدان و لەئایین دەرچوون، پەراوێزخستنی دەسەڵاتی پیاوسالاری بەسەر ژنەوە، دژ بەم شۆڕشی ئازادییەن. ئێستا تەنیا لە قۆناخی دژەپڕوپاگەندە دان دژ بەو شۆڕشە، فەتوا دەدەن و هەڕەشە دەکەن. بەڵام لەوانەیە لە قۆناخەکانی تردا راستەوخۆ بکەونە دژایەتیکردنی ئەم شۆڕشە و بەکردارییش لە جموجۆڵ دابن. ئەمە هەر تەنیا لە رۆژهەڵات و ئێران نا، تەنانەت لە باشووریشدا ئەو رەوتانە دژایەتی و ترسی خۆیان لەم شۆڕشە نەشاردۆتەوە.
  • سەرجەم هێز و لایەنە نەتەوەپەرستەکان و پانئێرانیستەکان و شاپەرستەکان، دژ بەو شۆڕشە لە نێو دژەپڕوپاگەندە و لێدوانی سەیر دان لەسەر درووشمی شۆڕشەکە و هەر لە ئێستاوە لەهەوڵی دزین و زەوتکردنی شۆڕشەکە دان. ئەوانە هەوڵدەدەن لەرێگەی زلدەوڵەتەکانی رۆژئاواوە، پشتیوانی بەدەستبێنن و لەدوای رووخانی رژێمی ئێستادا، ئەوان دەسەڵات بگرنە دەست. ئەمە لەکاتێکدا، ئەو هێز و لایەنانە، لەڕووی ئەقڵییەت و سیاسەتەوە، بەقەد یەک گەرد، جیاوازییان لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێراندا نییە.
  • هێز و لایەنە میللیگەرا و نەتەوەپەرستە سەرەتایی و کلاسیکییەکانی کوردیش، هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات، هەر لە ئێستاوە لەرێگەی دژایەتیکردنی درووشمە سەرەکییەکەی شۆڕشەکەوە، یان چەواشەکردن و بێواتاکردنی درووشمەکەوە، لەهەوڵی بەلاڕێدابردن و پارچەکردنی شۆڕشەکە دان. لەمەش سەرنجڕاکێشتر؛ دەیانەوێت ئەم شۆڕشە سەرتاپاگیرییەی ئێران تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا قەتیس بهێڵنەوە و سنوورداری بکەن. هەوڵدەدەن لەرێگەی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژییەوە دەستوەردان لە شۆڕشەکە بکەن. بێ ئەوەی بتوانن کەمترین بەرگری رەوای ئەم گەلە راپەڕیوە بکەن. ئەم هێز و لایەنە کوردیانە، هەوڵدەدەن ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە تەنیا لە ئامانجە سیاسییە دەسەڵاتخوازییەکەی خۆیاندا بخنکێنن. ئەمە لەکاتێکدا، ئەم شۆڕشە تەنیا بە ئامانجی سیاسی و زۆر بەتایبەتیش بە ئامانجی دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی بەرپا نەبووە. وەکو باسمان کرد شۆڕشێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئینجا سیاسیی سەرجەم ژنان و گەلانی ئێرانە. ئەگەرنا ئەوا ژنان و گەلانی تری دەرەوەی کورد بەشداریان تێدا نەدەکرد. بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت هێزە کوردییەکان لەم شۆڕشەدا بەشدار نین، یان خاوەن بەرنامەی تایبەتی هاوبەش و ستراتیژی هاوبەش نەبن بۆ گەلەکەی خۆیان، بەڵام دەبێت بۆ گەلانی تریش و سەرجەم ئێرانیش بەرنامە و ستراتیژیان هەبێت. چونکە نە گەلی کورد بەبێ گەلانی تر بە ماف و ئازادییە نەتەوەییەکانی دەگات، نە گەلانی تریش بەبێ کورد بە ماف و ئازادییەکانیان دەگەن. بۆیە، پێویست دەکات هێز و لایەنە کوردییەکان، بەرچاو روون بن و زەبر لە رۆح و فیکر و پارادایم و بەرنامە و ئامانجە گشتییەکانی ئەم شۆڕشە نەدەن. لەهەمانکاتدا، پێویست دەکات ببنە خاوەن ستراتیژ و بەرنامەیەکی دیموکراتیخوازیی و ئازادیخوازی روون و کۆنکرێتی ئەوتۆ کە لەگەڵ رۆح و فیکری شۆڕشەکەدا تەبا و یەکانگیر بێت. ئەگەرنا، بەم ئەقڵییەت و بۆچوونە سیاسییە بەرتەسکەی خۆیانەوە، بەر لەهەموو شتێک شۆڕشەکە پارچە پارچە دەکەن و دواجار گەلی کورد بەتەنیا لە گۆڕەپانەکەدا دەهێڵنەوە. بەمەش رژێمی ئێران بە ئاسانی دەتوانێت بەسەر گەلانی شۆڕشگێڕ و راپەڕیودا زاڵ ببێت و ئینجا بکەوێتە سەرکوتکردنی گەلی کوردیش.
  • گروپە چەپە دۆگما و کلاسیکییەکانیش هەوڵدەدەن ئەم شۆڕشە لە بۆتەی چینایەتیدا لە قاڵپ بدەن. بەمەش هەوڵ دەدەن، لەبری درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” درووشمگەلێکی وەک “نان، کار، ئازادی، یان حکومەتی بەرابەری” ببێتە درووشمی شۆڕشەکە. ئەمە لەکاتێکدا ژنان، گەنجان و گەلی کورد و گەلانی تری راپەڕیو، خۆیان و بە فیکر و ئیرادە و خواستی خۆیان درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یان هەڵبژاردووە، نەک لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، بە پژاکیشەوە. ئەمە لەکاتێکدا ئەم شۆڕشە زۆر لە شۆڕشێکی چینایەتی فراوانتر و گەورەترە. چونکە ژنان و گەلان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کێشەی نان و کار و ئازادییان هەیە، بەڵام لەم کێشانە قووڵتر کێشەی ماف و ئازادیی و ژیانی ئازاد و بەکەرامەتیان هەیە، بێبەریکراون لە هەموو دەرفەتێکی ژیانی ئازاد، لەسەرووی هەموویانەوە ژنان و گەنجان و گەلانی کورد و بەلوچ و ئازەری و عەرەب و گەلانی تری ئێران. واتە ئەم شۆڕشە تەنیا شۆڕشی چینی کرێکار نییە، بەڵکو هی هەموو چین و گەلە ژێردەستەکان و بەتایبەتیش رەگەزی چەوساوەی ژنە. بۆیە بەرلەهەموویان، ژنان راپەڕین و پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەیان کرد، لەنێو گەلانیشدا گەلی کورد پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشەی کردووە، بێگومان چینە هەژار و بێکار و کرێکارەکەش لەنێو شەپۆڵەکانی ئەم شۆڕشەدا جێگە و پێگەیەکی گرنگیان گرتووە، بەڵام هەر ژنانن کە پێشەنگی ئەم شۆڕشەن. بۆیە پێویست دەکات ئەم گروپ و رەوتە چەپ و سۆسیالیست و کۆمۆنیستانە، ئەقڵییەت و بەرنامەی کاری سیاسیی خۆیان لەگەڵ راستینەی ئەم شۆڕشە، لەگەڵ رۆح و فیکری ئەم شۆڕشەدا تەبا و یەکانگیر بکەن، بەمەش دەتوانن رۆڵێکی زۆر کارا و مەزن ببینن لە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەدا.
  • دەوڵەتانی ناوچەکە (بەتایبەتی تورکیا و ئێراق و حکومەتی هەرێمیش) و دەوڵەتانی رۆژئاوا (ئەمریکا و ئەوروپا)ش هەر لە ئێستاوە، بە سەرسوڕمانی و شۆکەوە لە گەورەیی و رادیکاڵبوونی ئەم شۆڕشە دەڕوانن. تورکیا سەرکوتی ئەو خۆپیشاندانانەی کرد کە بۆ پشتیوانی لە شۆڕشەکە کران. هەڵبەتە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی رۆژئاوا، کێشە و ناکۆکیان لەگەڵ رژێمی ئێراندا هەیە، بۆیە رووکەشانە پشتیوانی لەم شۆڕشەی گەلان دەکەن، بەڵام لە دوور مەودادا، رەنگبێ هەوڵبدەن، هاوشێوەی دزینی بەرهەمی راپەڕینی بەهاری عەرەبی، بەرهەمی ئەم شۆڕشەش بدزن و رادەستی ئەو هێز و لایەنانەیان بکەن کە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت. بۆیە هەر لە ئێستاوە، پێویستە، ئیرادەی ئازاد و سەربەخۆی شۆڕشەکە هەر لەدەست ژنان و گەلی کورد و گەلانی تردا بمێنێتەوە و رادەستی هیچ هێز و لایەن و دەوڵەتێکی نەکات و بەرژەوەندیی خۆیان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تری هێز و لایەن و دەوڵەتەکاندا دابنێن.

رەنگبێ رەوتی تریش هەبن، ئێستا یان لە داهاتوودا دژبەرێتی خۆیان بۆ ئەم شۆڕشە بخەنەڕوو. بەڵام ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن، سەرەکیترین ئەو رەوتانەن کە هەر لە ئێستاوە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دژ بە درووشمەکەن، کە گوزارشت لە رۆح و فیکر و پارادایم و بەرنامە و ئامانجەکانی شۆڕشەکە دەکات.

 

-٧-

لەکۆتاییدا؛ دەخوازم بڵێم؛ ئەم شۆڕشە لەیەککاتدا لەهەناوی خۆیدا رێنیسانس و رۆشنگەرییەکی مەزنی بۆ کوردستان، ئێران، خۆرهەڵاتی ناوین و جیهان هەڵگرتووە، کە بەهیچ شێوەیەک قۆناخی پێش ئەم شۆڕشە و قۆناخی دوای ئەم شۆڕشە هەرگیز وەک یەک نابن. ئەمە سەرەتای وەرچەرخانێکی زیهنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی مەزنە لە کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی ناوین و جیهاندا. کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە هەر لە ئێستاوە بەدیار کەوتووە و گەلێک بیرمەند و فەیلەسوف و رۆشنبیر و چالاکوان و هونەرمەند لەئاستی کوردستان و ئێران و ناوچەکە و جیهانیشدا بەم شۆڕشە کاریگەر بوون و دەڵێن؛ “دەبێت لە ئێوەوە، واتا لە ژنانی پێشەنگ و گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە فێر ببین و لێتان تێبگەین”. ئەمە بۆخۆی جیهانیبوونی ئەم درووشمە و خودی شۆڕشەکە دەخاتەڕوو.

ئەم شۆڕشە هەر لە ئێستاوە سەرکەوتووە لەوەی چ درووشمێکی بنچینەیی هەڵبژێرێت بۆخۆی و بە چ پارادایم و بەرنامە و ئامانجێکەوە دەستپێبکات و فراوان ببێت. ئەوەی ماوەتەوە چۆن بتوانێت لەسەر راستەڕێی خۆی بەردەوام ببێت و بە ئامانجە نزیک مەودا و دوور مەوداکانی بگات. بۆیە پشتیوانیکردنی ئەم شۆڕشە تا سەردەکەوێت، ئەرکێکی بنچینەیی ئەخلاقی، مەبدەئی و ئینسانی هەموو ئازادیخوازێکە. بەڕادەی گرنگیی ناسین و تێگەیشتن لە رۆح و فیکری ئەم شۆڕشە، ناسین و تێگەیشتن لە رەوتە دژەشۆڕشەکانی ئەم شۆڕشەش گرنگ و پێویستە. بێگومان هەموو شۆڕشێک بە لە بەرپابوونیدا سەردەکەوێت. واتا چۆن و کەی و کێ و بەچ شێوازێک دەستپێدەکات و بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت و تا بە سەرکەوتن دەگات لەسەر راستەڕێی خۆی دەڕوات. شۆڕشیش وەک مانگەو سەرلەئێوارەکەیەوە دیارە، واتا هەر لە سەرەتاکەیەوە دیارە کە بەرەو کوێ دەچێت و چیدەکات و چۆنی دەکات و کێ دەیکات.

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *