شاخەکانیشمان شەرمەزار کرد

ناسر حەفید

 

(دوژمنی کورد هەر ئەوانە نین کە بە زمانێکی دی قسە دەکەن.)

زەکی چەلەبی پیاوێکی بەڕیزو هێمن. خۆدەرنەخەرو چالاک. تۆزێک بە شەرمەوە قسەی دەکرد. لە تورکیا نازانم چەند ساڵ پێشتر بەند کرابوو. بەڵام ئەو کاتە روی کردبووە باشورو شاری سلێمانی فرۆشراو. هات بۆ لای ئێمە کە هۆڵێکی بدەینێ کە بۆ رێستورانت دانرابوو. ئاوەدانی کردەوە. ماوەیەک ئیشی باش دەڕۆشت. لە پڕ بومەلەرزە لە شاری “وان”ی دا. کەسوکارێکی زۆری ئەوی تیادا چو. خانوو بینای بازرگانیشیان هەبوو ئەوانیش روخان. ئێمە کارئاسانیمان بۆ کرد. یارمەتیمان ئەدا کە کارەکەی بڕوات بە رێووە.

تا ماوەیەک گومانم لێی هەبوو ئاخۆ زەکی کێ بێت و بۆچی کەوتبێتە باشورەوە. تا رادەیەک لە سەرەتادا حەزم دەکرد بیناکە چۆڵ بکات نەبا سەر بە وڵاتان بێت. بەڵام دوایی دەر کەوت کە کوردێکی وڵاتپارێزو لە مێرولەئاساکانە. دوای بومەلەرزەکەی وان ناچار بوو ماڵ و منداڵ و ئەوەی مابوو لە کەسوکار بهێنێتە ئەم دیو بۆ سلێمانی. رۆژێک هات و وتی ئاسایش داوایان لێ کردووم ناوی رێستورانتەکە بگۆڕم. من پێم سەیر بوو. بە ئەقڵمدا نە چو. خۆ شار پڕە لە ناوی ئەستەنبوڵ. بەڵام کاتێک قسەم لەگەڵ پارێزەرەکەی کرد لە وەڵامدا وتی بەڵێ وایە دەبێت ئەو ناوی “ئامەد”ە لا ببات. من لە بەر ئەوەی سەریەشە دروست نەبێت بۆ زەکی خۆم نەخستە بابەتەکەوە. هەرچەندە من ئەو ناوەم زۆر لە لا خۆش بوو کە لە بازاڕی “ئاوباریک”دا بوو. لە کاتێکدا کە کوردەکە خۆی جەوهەری بێ جەوهەریی خۆی لەم بوارەشدا دەر خستووە. ناوی سەیر سەیر لە کۆمپانیا، دوکان، بازاڕو پڕۆژە دەنێن کە هەر هەموویان لاوازیی کارەکتەرو دەرخستنی ئەو سوکایەتییەیە کە داگیرکەرانی پێی کردوون. کوردێکی تری باکور دوکانێکی لێ گرتین. کاتێک لێم پرسی چی تیادا دەکات وەڵامەکەی فرۆشتنی کاڵایەک بوو کە من پێم وت برام ئەو فرۆشییە سەر ناگرێت. ئەو لە وەڵامدا وتی: “گرنگ نیە چەند زەرەر دەکەم. من لەگەڵ خۆم پەیمانم داوە کە بۆ رۆژێکیش بێت دەبێت دوکانێک دا بنێم ناوێکی کوردیی هەبێت.” دوکانی داناو چەند مانگێک لە سەر حسابی بێ کرێیی ئێمە ئەو کرمەی لە دڵی خۆی دەر کرد. کوردێکی دی خۆی برا بچوکەکەی لای زەکی کاریان دەکرد. پیاوێکی هەتا بڵێیت بە رێزو دەم بە پێکەنین بوو. تا رادەیەک بە ساڵاچوو بوو. چووەوە بۆ سەردان بۆ تورکیا. بەڵام پاش ماوەیەک هەواڵی هات کە لە گوندەکەی خۆی کەسێک کوشتوویەتی. برا بچوکەکەشی رۆشت و نەهاتەوە.

زەکی رێستورانتەکەی فرۆشت و چووە بەختیاری. ناوبەناو سەردانمان دەکردو لای ئەو نانمان دەخوارد. لۆکاڵی رێستورانتەکەی رازانبۆوە بە وێنەی ناوداران و ئەدیبانی کورد، کاڵای فۆڵکلۆریی کورد. رۆژی سێشەمە ١٧/٠٥/٢٠٢٢ ماتۆڕسوارێک چوار گولـلە دەنێت بە زەکییەوە لە بەردەمی رێستورانتەکەی خۆیدا لە بەختیاری. زەکی رۆژی چوارشەمە گیان لە دەست دەدات.

جاران کوردان دەیان وت: “هەر شاخەکان دۆستمانن” کوردان بۆڵەیان بوو کە کەس باسیان ناکات، لەسەریان هەڵ ناداتێ و داڵدەیان نادات. ئێستا پیسترین چەک کە دوژمن دروستی کردبێت بۆ گیانی کورد لە کوردەکە خۆیەتی. پێش ٢٤ ساڵ ١٩٩٨ لە گۆڤاری “کۆنتراکت”دا ئەم راستییەم بڵاو کردەوە: “حیزبەکان ئەو ئەنفالەی سەددام خستیە سەر سکە، خستیانەوە گەڕ، ئەنفالی نۆ هی حیزبەکانە.” دوژمنی کورد دەستێکی کوردیی دروست کردووە کە دەتوانێت قووڵتر لە کوردی پێ بدات. گەلی کوردیش تا ئێستا وا دەزانێت دوژمنی کورد ئەوانەن کە بە زمانێکی دی قسە دەکەن.

بە بڕوای من ئەم قسەیە کە تەنها شاخەکان دۆستمانن، بێ مانایە ئێستا. ئیتر لەمەو دوا دەبێت بوترێت: شاخەکانیشمان شەرمەزار کرد.

 

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *