لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا

زانای گەلەی کورد مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لە بەهاری ساڵی 1901دا لە گوندی تەکیەی سەر بەشارۆچکەی خورماڵ هاتووەتە دنیاوە و ناوی تەواویشی عەبدولکەریم محەمەد فەتاحە و سەرەتای خوێندنیشی بە قورئان و پەرتوکە ئایینییەکان دەستپێکردووە و ساڵی 1913یش سەرەتاکانی نەحو سەرفی خوێندووە، لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیشدا لەمزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێبووەو دەستی بەخوێندنی پەرتووکی شەرحی جامی کردووە و دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەمەد ئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی 1924یشدا لە ئاهەنگێکی فراواندا لەشاری سلێمانی مۆڵەی مەلایەتی وەرگرتووه.
لەساڵی 1960یشدا لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەبەغدا بەناونیشانی مودەریس دامەزراوە، زیاتر لە 50 فەقێ لەسەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووه، هەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەی و عەرەبییەکاندا. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرهەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرهات و شیعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و شێخ عوسمان و سەراجەدینی بڵاوکردووتەوه، هەروەها چەندین شیعریشی لەژێر نازناوی نامی بڵاوکردووەتەوه، هەروەها رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەکوردیکردنی فیقهی ئیسلامی و تەفیسری قورئانی پیرۆز و تەجویدەکەیدا.
بڵاوکراوەکان
نموونەی ژمارەیەک لە پەرتووکە بەنرخەکانی بەزمانی کوردی ئەمانەن: یادی مەردان و دووبەرگ، بنەماڵەی زانیاران، ژمارەیەک پەرتووک لە بارەی شەریعەت و ئیسلامەوه، کۆمەڵە شیعری فەقێ قادری هەمەوەند، تەفسیری نامی حەوت بەرگ، مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ چوار بەرگ، عەقیدەی مەرزیەی مەولەوی، دیوانی نالی، دیوانی مەولەوی، دیوانی مەحوی و چەندین پەرتووکی دیکە بەزمانی کوردی و عەرەبی و فارسی نووسیوەو بڵاویکردۆتەوه.
دیارە جەنابی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش بە زانایەکی گەورە ناسرابوو و خاوەن فتوای ئایینی بووه، بۆیە چەندین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی رابطە علما و العراقی بەدەستەوە گرتبوو، لەوەش گرنگتر لەم ساڵانەی دوایی 3 هەزار زانای ئایینی سوننی رێڕەو کە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق هاتبوون و لە بەغدا کۆبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداری خۆی جەنابی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس بە سەرۆکی (الامانە العلیا للافتا و و التدریس و البحوث و التصوف) هەڵبژێراو، بەڵام لەبەر ئەوەی باری تەندروستی نالەباربووە رەتیکردبۆوه. سەرەڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق – دەستەی کورد – بووه، هەروەها باوەڕپێکراوی کۆڕی زانیاری وڵاتی ئوردون بووه.[1] کەسایەتی گەورەی ئایینی و ئەدیب و زانای گەلەی کورد مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەتەمەنی 104 ساڵیدا لە کاژمێر 12ی شەوی 29 لەسەر 30-08-2005 لە شاری بەغدای پایتەختی وڵاتی ئێراق کۆچی داوییکرد.

هەروەها چێکی بکە

زیندانەكانی سروشت و ژینگە لە هەرێمی كوردستان

ئەبوبەكر مەجید چەند ناشیرین و جێگەی داخە! ئەو هەموو دار و گوڵ و گەڵا و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *