محمد امین پێنجوێنی
پەروەردە بەردی بناغەی بەڕێکخستنکردن و بەرخۆدانە!
بەشداریمان لە کۆنگرەی سێی تەڤگەری ئازادیدا، هیوایەکی پێبە خشین و چەکەرەی ئومێدێکی نۆێی لە ویژدانماندا سەوز کرد .
کۆنگرەکە لەشاری سلێمانی گرێ درا، نۆێنەر و شاندی هەموو ڕێکخستنەکانی باشوور بەشدار بوون، کە هەزار کەس زیاتر دەبوون، ئەمەجگە لە نۆێنەر و شاندی حیزبە سیاسیەکانی باشوور و پارچەکانی تر ،
لەزاخۆ هەتا خانەقین، گەرمیان، پێنجوێن، ماوەت، کفری و خورماتوو .کۆنگرەکە ئەوەی نیشان دا کە ئەم بزاڤە بەگیانێکی شۆڕشگێڕی و لە خۆ بردووەوە هاتووەتە مەیدان، بۆیە لە زۆر بەی گوند و شار و شارۆچکەی باشوور ڕێکخستنیان هەیە، بنجی خۆی لە باشووردا قایم داکوتاوە وەکوو هێزێکی ئایدۆلۆجی و پەروەردە کراو بەدیسپلینی تایبەتی .!
هەرچەندە ئەبێ دان بەو ڕاستییەیانەدا بنێین کەئەم تەڤگەرە بەرهەمی درێژکراوەی خەباتی پارتی ئازادی کوردستان (پاك)ە. پارتی چارەسەر ڕەنج و ئەرکی ئەو کەسە تێکۆشەرە ئازایانەیە، کە هەندێکیان گیانیان بەخت کرد و هەندێکی تریش دەربەدەر ئاوارەو ماڵ وێران بون.
ئەوەی ئەم تەڤگەرە جیادەکاتەوە لەو ڕێکخراوانەی کەباسمان کرد تەڤگەر، لەیەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە هەستا بە پەروەردە کردنی ئەندامانی بە ئایدۆلۆجیەکی شۆڕشگێڕی سیاسی و پەیڕەوکردنی ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی باکوور، بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندێتی باشوور و پێگەیاندنی کادری باشووری.
گرنگیدانێکی ڕەها بە ڕۆڵی کاریگەریەتی ژن لەسەرکردایەتی و بەڕێوەبردن و کارگێڕی تەڤگەردا .
سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگی و کۆسپانەی هێنرانە بەردەم ئەم بزاڤە، وەکوو کوشتن، گرتن، ئازاردان و ڕاو نان . لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی زۆری هێزە سیاسییە کانی باشوور وە داوو دەزگەی حکومی و میدیا و بەشێکیش لەئەهلی قەڵەم بەشدار بوون لە ڕێگری دامەزراندی ئەم تەڤگەرەدا.
من ئەرکی ئەم قۆناغەی تەڤگەر لەم خاڵانەدا دەبینمەوە
یەکەم ـ پاراستنی پرۆسەی سیاسی هەرێم سەرەڕای ئەو هەموو گەندەڵی و ناداد پەروەرییانەی کە هەیە.
دووەم ـ هەوڵدان بۆ پەیوەندی و پێكهێنانی پردی دیالۆگ لەگەڵ هەموو پارت و هێزە سیاسیەکانی باشوور
سێیەم ـ پێویستە جیاوازی بکرێت لە هەڵۆێستی سیاسی کەسێك یان هێزێك لەگەڵ پرۆسەی سیاسی هەرێم!
چوارەم ـ بەهێزکردنی پێوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و مەرکەز (بەغداد) لەسەربناغەی پەرژەوەندی گەلی کوردستان.
پێنجەم ـ فراوانکردنی تۆڕی پەروەردە و ڕۆشنگەرکردنی گەنجان بەگیانی نەتەوەیی و کوردستان خۆشەویستی
شەشەم ـ بە بەرچاو گرتنی ئەو گۆڕانکارییە خێراییەی کە لەعێراق و ناوچەکەدا ڕوو دەدەن کە ئەگەری شەڕ و داگیرکاری لەلایەن دەوڵەتانی هەرێمی و زلهێزەوە هەیە بۆ کوردستان و عێراق.
ئێستا ویژدانم ئاسوودەیە کە ڕەنجمان بەزایە نەچوو، بزاڤێکی چەپی شۆڕشگێڕ لەباشووردا خەریکی نەشونما کردنە.