پارلمانتارانی عێراق رایدەگەیەنن، پێویستە حکومەتی عێراق کارتی ئابووریی بەرامبەر تورکیا بەکار بهێنێت و “کار بۆ بەنێودەوڵەتییکردنی دۆسیەی ئاو دژی تورکیا بکات”.
رەفیق هاشم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پارلمانی عێراق بە ئاژانسی مەعلومەی رایگەیاند، “پێویستە حکومەت وەڵامی سیاسەتی تورکیا و بەردەوامیی بڕینی ئاوی عێراق بداتەوە، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ڕێگرییکردن، لەنێو ئەو ڕێکارانەدا بڕینی ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی کە ساڵانە بڕی زیاتر لە 20 میلیارد دۆلارە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری چوونە دادگا نێودەوڵەتییەکان و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەنقەرە، لە ئەنجامی بەردەوامیی بڕینی ئاوی عێراق لەلایەن تورکیاوە بە شێوازی جۆراوجۆر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو هەوڵە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی مەلەفی قەیرانی ئاو لەگەڵ تورکیا هیچ سوودێکی نە بووە، سەرەڕای بانگەواز و دانوستانەکان”.
تایر موخیف ئەندامێکی تر پارلمانی عێراقە لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و بە مەعولومەی ڕاگەیاندوە، “عێراق کەوتووەتە ناو کێشەیەکی گەورەوە کە پەیوەندیی بە دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە، بەو پێیەی هێشتا ئاو زۆر لە خوار ئاستی پێویستەوەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم بابەتە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆدای ئەو حکومەتانەدایە کە چارەسەریی ئەم دۆسیە مەترسییدارەیان نەکرد؛ عێراق سەرەڕای ئەو بارانانەی کە باریووە، بەس نابێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “جوتیاران بەهۆی وشکەساڵیی و نەبوونی ئاست و نەبوونی چارەسەریی ریشەیی، تووشی ڕۆژانی سەخت دەبن”.
کەریم سارای پارلمانتاری سەربەخۆ لە پارلمانی عێراق، داوای لە حکومەت کرد “کار بۆ بەنێودەوڵەتییکردنی دۆسیەی ئاو دژی تورکیا بکات بە مەبەستی فشارخستنە سەر تورکیا بۆ بەدەستهێنانی پشکی ئاوی عێراق”.
ساڕای وتیشی: دوای دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، تورکیا پابەند نەبوو بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەستە بە ئاوەوە.