لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ـی مارسدا، ئەمڕۆ، لە شوێنی تیرۆرکردنی شەهید ناگیهان ئاکارسەل بە ئامادە بوونی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی تاجە گوڵینە دانرا.
ئەمڕۆ یەک شەممە، لە شاری سلێمانی – گەڕەکی بەختیاریی ژنانی ئازادییخواز لەو شوێنەی ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە زیلان تیرۆرکرا تاجە گوڵینەی وەفا دانرا.
بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بەرەو شۆڕشی ژنان هەنگاو دەنێین” و بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تارا حسێن، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی چرۆ شوانیی و ژنانی تەڤگەری ئازادیی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆنگرەستار و دایکانی لەچک سپیی، تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا، لەو شوێنەی، کە ژنە چالاکوان ناگیهان ئاکارسەلى تێدا تیرۆر کرا، دانرا.
لە چالاکییەکەدا هەریەک لە دروشمەکانی “شەهید نامرێت، زیلان نامرێت” وترایە و مۆم داگیرسێندرا.
ناگیهان ئاکارسەل، ژنە لێکۆڵەر نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایکبووە، ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا.