بۆ سێ هەڤاڵەکەی باشوورم “شۆڕش و باکوور و کەمال”

سەردار ستار

 

لە ماوەی ئەو دوو مانگە هەواڵی سێ کەسی دلێر و ئازا و ڕەنجدەرم پێگەشت، لە پرسەی هەرسێکیان ئامادەبووم و مەراسیمی بە شکۆیان لەلایەن شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزانی بزووتنەوەی ئاپۆیی بۆ کرا، ئامادەبوونی هەزارن خەڵکی تێکۆشەر و ماندوونەناسی کوردستان لەم پرسە و مەراسیمانە پاکی و قارەمانیەتی ئەو دڵسۆزانە دووبارە دەسەلمێنێتەوە.

شۆڕش مستەفای ڕۆژنامەوان و کوڕی خێزانێکی ڕەنجدەر و تێکۆشەر و خاکی، خۆشی خاوەن تایبەتمەندی بەرزی ڕەنجدان و تێکۆشان، وای کردبوو هەموو مرۆڤەکان بەبێ جیاوازی خۆشیان بوێت، شۆڕش دەرچووی هیچ زانکۆ و پەیمانگەیەکی ڕاگەیاندنی نەبوو، ئەوەی شۆڕشی کردبوو بە ڕۆژنامەوان دڵسۆزی و پاکی و ڕەنج و خەباتی بوو بۆ ئازادی و دیموکراتی و گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان لە بەجێهێنانی سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، چونکە خۆی و خێزانە خنجیلانەکەی بۆ ئەمە ئامادە کردبوو، بۆ ئەمەش سەرسەختانە پاڵپشتی هاوژینە ئازیزەکەی هەڤاڵ سنوور بوو، هەڤاڵ سنووریش لە چلەی ماتەمینی هەڤاڵ شۆڕشدا، پابەندبوونی جارێکی تری بە ڕێباز و خەباتی هەڤاڵ شۆڕشدا و گووتی ”تێکۆشەرێکی تا کۆتایی ئامانجەکانت دەبم”.

کوڕە دلێر و چاونەترسەکەی دایە درەخشان و مامۆستا جەمالی نەمر و برای دوو شەهیدی تر” قانع و شاهین” هەڤاڵ باکوور لە شێخ مەقسودی حەلەب لەبەرامبەر چەتە و ستەمکاری سەردەم” نەسرە و داعش و ئەردۆغان و…..” ئەوانەی تر، گیانی پیرۆزی دوای ٢٠ ساڵ لە تێکۆشان سپاردە ئازادیی و وڵات و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانە و فیدراڵی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، باوەڕم وایە مرۆڤە خاوەن ویژدان و تێکۆشەر و وڵاتپارێزەکان گوێیان لە پەیامی دایە درەخشان بوو چۆن گووتی” ئێمە هەموومان تێکۆشەری ڕێگای ئەوانین و بۆمان نییە بگرین، چونکە ئێمە هێشتا ئەرکمان لەبەرامبەر شەهیدان جێبەجێ نەکردووە” دایە درەخشان هەزار جار دایکی مەکسیم گۆڕکێی تێ پەڕاند و لە شۆڕشدا خۆی کردە دایکی شۆڕشگێڕان. دەکرێت لای زۆر کەس سەخت بێ لە تەمەنی ١١ ساڵی چەکی شۆڕش بخەیتە شان، شایەتی بۆ شەهید بوونی دوو برا و مردنی باوکت بدەیت لەناو ڕووداوێکی تەماوی و ئەشکەنجەی دەسەڵاتی کوردیدا، هەمانکات تەمەنی مێرمنداڵی و هەرزەکاری و لاویەتی بیست و چوار سەعاتی ژیانت بێ ئەوەی چرکەیەک لە تێکۆشان داببڕێت پێشکەشی شۆڕشی ئازادیخوازانی بکەیت، دەبێت ئەوە بزانین مێرمنداڵ و گەنج و لاوانی تر لە ماوەی ئەو بیست ساڵە خەریکی چی بوون، باکوورە لاوەکە بروسک ئاسا لە شۆڕشدا ڕۆڵی بینی و سەری دوو برا شەهیدەکەی و باوک و دایکە شۆڕشگێڕەکەی و باشوورە ماندووەکەی و باکوورە بریندارەکەی و ڕۆژئاوا فیدراڵییەکەی بەرز کردووە.

چەند ستەمە باوەڕ بکەیت کەمال شێخ سادەت شەهید ببێت، لە ساڵی ١٩٨٣وە چەکی شۆڕش خستنە شان، زیندانەکانی بەعس و چوون بۆ بەردەم پەتی سێدارە، هەمان ئەوانەی لەگەڵیاندا دەستت بە شۆڕش کرد و مەدالیای پارتیزانیان پێدایت دووبارە لەسەر بیروباوەڕی جیاواز بتخەنەوە زیندان، لە شۆڕشدا بەردەوام بوویت، ئەمجارە بزووتنەوەی ئاپۆیی و چوار پارچەی کوردستانت تێشووی ڕێگاکەت بوو، کەمالی دلێر و چاونەترس و پشوودرێژ، چاک لە بیرمە کاتێک بۆ جاری یەکەم ساڵی ڕابردوو چوومە لای بۆ ئەوەی بزانین چۆن ویستوویانە تەقەی لێ بکەن، گووتی هەڤاڵ ئەوانە هێشتا منیان نەناسیوە نازانن کەمال تەنیا بە شەهیدبوون دەوەستێت شەهیدبوونیش سەرکەوتنە، گووتی بڕیارم داوە نابێت لەناو جێگا بمرم دەبێت بە پێوە شەهید ببم، کەمال لەدوای خۆی خێزانێکی شۆڕشگێڕی جێ هێشتووە، پەیامی ژنە تەوارەکەی سەرچیامان لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی پیرۆزی شەهید کەمال بیست، هاوژیانی سەلماندن بۆ هاوسەری شەهید، ئەو سۆزە بوو کە دایک و کوڕ پێکەوە لەسەر تەرمی هەڵۆ شەهیدەکە دایان و شەهیدبوونیان لە باوک و هاوژینەکەیان کرد، دوژمن هەموو ڕق و قینی خۆی بەرامبەر بە هەڤاڵ کەمال نیشاندا و لە شەڕێکی دەستە و یەخە و نە بەرامبەردا بە پیلانگێڕییەکی دوژمنانە کەمالیان شەهید کرد، بەڵام ڕێبوارانی ڕێگای کەمال و شەهیدانی کوردستان ئەوەندە زۆر نەترسن و ڕۆژانە چەندیان لێ شەهید دەخەن دە ئەوەندە شوێنیان پڕ دەکەنەوە. ڕوانتان شاد شۆڕە سوارانی کوردستانم، کوڕانی باشوور و خەمخۆر و چەک هەڵگرانی باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای، شۆڕشی ڕەنجدەر و باکووری ئازا و کەمالی دلێرم.

 

تێبینی: ئەم وتارە ساڵی 2016 بڵاو بووەتەوە.

هەروەها چێکی بکە

حەماس  و لیكود: لێكچوونی تاوان و  بیروباوەڕ 

عەلی مەحمود  محەمەد هەرچی پارت و كەسایەتی فاشیستی جوو هەیە، لە كابینێتەكەی ئێستای لیكۆد بەسەركردایەتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *