داگیركردنی شەنگال، یا ئابڵووقەدانی كوردستان؟

د. كامەران مەنتك

پڕۆسەی داگیركردنی شەنگال لە ئان وساتدایە، ئەو پڕۆسەیە تەواوكەری پرۆسەی سوپای توركیا (قوفلی چنگ) ە، كە چەند ناوچەیەكی تری ستراتیژی لەباشووری كوردستان داگیركرد، پاشان وەزارەتی بەرگری توركیا بە كۆتاهاتنی قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆسەیەی راگەیاند، هەرچەندە ئەو پڕۆسەیە تا ئێستا بەردەوامەوەو هێرشەكانی توركیا نەك نەوەستاوە، بەڵكو چڕتربۆتەوە، واپێدەچێت ئەو پرۆسەی سوپای ئێراقیش بەشێك بێت لەو پڕۆسەیەی توركیا و دەیانەوێت شەنگالیش لەدەست كورد دەربهێنن، جگە لەشەڕی داعش ورووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، لەدوای روخانی (رژێمی سەدام حوسێن) یەكەم جارە سوپای ئێراق بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەلاماری ناوچەیەكی ئارام بدات، ئەمەش دەستپێكی قۆناغێكی مەترسیدارە لەبەهێزبوونەوەی ئێراقو گەڕانەوەی بۆ سەر گۆڕەپانی هەرێمی، سەرباری ئەوەی باڵی جیاوازو هێزی جیاوازو بەرژەوەندی جیاواز لە ئێراقدا لە ململانێدان وتەنانەت بۆتە هۆی پەكخستنی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەموو هێزە جیاوازانە كۆكن لەسەر داگیركردنەوەی شەنگال وسەرخستنی مەنزومەی هەریمی نوێ لەسەر حیسابی بەرژەوەندیەكانی كورد!
پێدەچێت ئێراق كەوتبێتە ژێر كاریگەری فشارەكانی توركیا ، لەداگیركردنی راستەوخۆی شەنگال، وەك بەكارهێنانی كارتی ئاو و پەڕینەوە بۆ ناو قووڵایی هەرێمی كوردستان وداگیركردنی موسڵ، لەگەڵ ئەوەشدا كۆی پڕۆسەكە وەك ماراسۆنێك لەسەر داگیركرنەوەو دابەشكردنەوەی كوردستان دێتە بەرچاو، گرتنی شەنگال زەبرێكی كوشندە بە رۆژئاوای كوردستان دەگەیەنێت وزیانێكی گەورەش بەو نمونە سیستەمە سیاسیەی رۆژئاوا دەگەیەنێت، كە دەیانویست بیگوازنەوە بۆ باشووری كوردستان. جێگەی سەرنجە فاكتەری كوردی لەو شەڕو ململانێیەدا بەتەوای بێكاریگەر كراوە، سەدان هەزار پێشمەرگە بەناوی بەرگریكردن لەكوردستانەوە، لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان بەخیودەكرێن، كەچی بێدەنگ كراون ولەبەرزەقەی چاوانی ئەوان وا هەرێمی كوردستان پارچە پارچە دەكرێتەوە، ئەگەر توركیا لەرێگەی ئەو زنجیرە پڕۆسە سەربازیەی لە (2016) لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیپێكردووەو ئێستا لەقووڵایی باشووری كوردستانە، بەمەبەستی وەك خۆیان دەڵێن دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام، ئەوا هێرشی سەر شەنگال، كشاوەتە قووڵایی سنوورەكانی ئێراق -سوریا، ئەمەش پێشكەوتنێكی مەترسیدارە وئابڵووقەدانی هەردوو قەوارەی كوردی لە رۆژئاواو باشووری كوردستان دەگەیەنێت، سەرباری ئەمەش ناوچەیەكی تری ستراتیژی لەبەردەست كورد دەردەهێنرێت، ئەگەر لەرووداوەكانی ئۆكتۆبەر وەك دەڵێن 51% خاكی باشووری كوردستان لە دەست درا، ئەوە بە لەدەستدانی شەنگال نزیكەی 2928 كیلۆمەتری چوارگۆشەی تر لەدەست كورد دەردەهێنرێت، بەمەش ئاسایشی سنوورەكانی تەلەعفەرو ئەنبارو موسڵ بەهێزتر دەبێت وزیاتر لە دەستی كوردی دووردەخرێتەوە. ئەوەی مەترسیەكان زیاتر دەكات، وەك ئاماژەی پێكرا پێدەچێت گەلەكۆمەكیەكی هەرێمی لەئارادا بێت، بۆیە بێدەنگیەكی ترسناكی میدیایی بەدیدەكرێت وهیچ هێزێكی هەرێمی ونێودەوڵەتیش هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشە روون نەكردۆتەوە، ئەمەش ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە، جارێكی تر رۆڵێكی هاوسەنگیكار بۆ سوپای ئێراق دەگەڕێنرێتەوە وبەمەش زیانی گەورە بەر قەوارەی رۆژئاواو هەرێمی كوردستان دەكەوێت.

هەروەها چێکی بکە

تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە؟

هۆمەر محەمەد زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *