کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، خێزانە هەژارەکان و ئەوانەی داهاتیان سنوردارە، سود لەو یەکانە وەرناگرن، جا چ حکومی بێت یان وەبەرهێنان.
بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری لە فەرمانگەی نیشتمانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق سەرمەد بەدری، رایگەیاند، قەیرانی نیشتەجێبون کە وڵات توشی بووە، بە بەغدایشەوە، پێویستە حکومەت بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات بۆ دابینکردنی خانوبەرە بەنرخی گونجاو، بە تایبەت بۆ کەسانی کەم دەرامەت، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی کەم تێچون یان تەنانەت کۆمەڵگەی وەبەرهێنانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی مەیدانی بۆ سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە بەتایبەت وەزارەتی بیناسازیی و نیشتەجێکردن، شارەوانی بەغداد و دەستەی وەبەرهێنان، بەمەبەستی زانینی ڕێکارەکانی بەتایبەت بە سندوقی نیشتەجێبون، بۆئەوەی قەرزی درێژخایەن و بەبێ سود بە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت بدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ هۆشداریدا لەوەی هۆکاری سەرەکیی سودمەندنەبونی هەژاران و ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە لەو یەکانە بۆ گرانی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبون و قیستی مانگانەیان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی وەبەرهێنان، جگە لە بونی پڕۆژە کە بڕیارە بەپێی هەندێک کوالێتی و مەرجی ستاندارد دروستبکرێن، بەڵام ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.