پارچەیەکم بۆتە کتێبێکی عەشق

تەڵعەت تاھیر

ئەوسا گەنج بووم، برازایەکی بچووکم ھەڵدەدایە ئاسمان و دەمگرتەوە، پێدەکەنی و بەپێکەنینی پێدەکەنیم.. باوکم لەگەڵ ئەوەی زۆر کەمدووە، گوتی: تۆش بە منداڵیی حەزت لەوە بوو ھەڵتدەم و بتگرمەوە.
لەو ساتەوە ھەستم کرد جارێک لەو جارانە ھەڵیداوم و نەیگرتوومەتەوە:
ڕۆیشتووم، پارچەیەکم بۆتە ئەو کوڕە ئەنفالکراوەی سی ساڵە ھەموو شەوێک پیرێژنێکی گەرمیانی جێگایەکی بەتاڵ لە تەنیشت خۆی ڕادەخات و چاوەڕێی ھاتنەوەی دەکات.
پارچەیەکم بۆتە ڕوخساری ئەو یارەی پیرەمێردێک لەبەر دەرگای مزگەوتێکدا بە دیار فرۆشتنی پاکەتی مووسەوە لەبەرخۆیەوە سەدویەک جار ناوی دەھێنێت، بێئاگا لەوەی ئێستا لەم جیھانەدا ناوک نا، باو باوی سەربڕینە.
پارچەیەکم بۆتە کتێبێکی عەشق لە دەستی ئەو ژنەی لە ماڵەوە بەناوی ھێلانەوە کەوتۆتە ناو تەڵەی ھاوسەرگیریەوە و دەیەوێت لەوە بگات بۆچی کونی دەرگا لە شێوەی دڵۆپێک فرمێسک دروستکراوە؟
پەراسووەکانم بوونەتە شیشی ئەو پردەی لە چواڕیانێکدا بە سۆزی باپیرەیەک بەسەر منداڵە کلێنس فرۆشەکاندا چەماوەتەوە.
پارچەیەکم بۆتە پشیلەیەک، کەروێشکێک، بێچووە سەگێک لە حەوشەی ماڵی ئەو ھەتیوانەی باوکیان لەشەڕەکان،لەخەستەخانەکان نەگەڕانەوە،
لە حەوشەی ئەو ماڵانەی منداڵیان نابێت و وەک قەرەبوو لەسەرباندا کۆتر و مریشک بەخێو دەکەن.
تا لەکۆتایی تەمەندا تۆم ناسی و خۆشمویستی و پارچە پارچە بەسەر تۆدا دەباریم و دەتگرتمەوە، بیرتە کەدەتگوت ئەو پەڵانەی سەر مەچەک و برینی سەر دەستت ھی پڕووشکی ڕۆنی قرچاو و ئیشی ناوماڵن گاڵتەم پێدەھات و توڕەدەبووی؟
ئاخر خۆم دەمزانی ماک و برینی گرتنەوەی پارچەکانی منن.
دەتگرتمەوە و کۆتکردمەوە و بوومەوە گەنجەکەی جاران…
ئایی، بۆچی لە سەردەمێکدا گەنجت کردمەوە
کە ھەڵدان و گرتنەوە نا،
تەنیا بە کەڵکی تێھەڵدان دێ ؟

هەروەها چێکی بکە

سلێمانی: ئێوارەخوانێک ڕێکخرا

  لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، ئێوارە خوانێک چەندین خێزان و ماڵباتی کۆکردەوە. ئێوارەی دووشەممە ٢٥/٤/٢٠٢٢بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *