ئەنفال هەوڵێکی تری دووژمن بوو بۆ قڕکردنی گەلی کورد.

ئەمڕۆ ٣٤ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شاڵاوی ئەنفال دژ بە گەلەکەمان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس کە بەهەشت قۆناغ ئەنجام درا. دووژمنانی گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەموو هەوڵێکی خۆیان داوە بۆ ئەوەی ناسنامەی گەلی کورد بسڕنەوە، بۆ ئەمەش بەچەندین ڕێ و ڕێباز کاریان کردووە، هەر لە قڕکردنی کولتوری و شوناس و زمان و مێژوو تاوەکو قڕکردنی جەستەیی وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ لە پرۆسەیەکدا بەناوی ئەنفالەوە دەرهەق بەگەلی کورد ئەنجامیان دا، کە تێدا بە دەیان هەزار مرۆڤی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج زیندە بەچاڵ کران و نزیکەی هەزاران گوند خاپور و تەختی زەوی کران. داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان سەدان ساڵە لە کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. دیکتاتۆرەکان ئێستاش سیاسەتى سڕینەوە بەرامبەر بەگەلی کورد بەڕێوەدەبەن. کۆمەڵکوژیى ئەنفال، کە وەک پەڵەیەکى رەشە بە نێوچاوانى مرۆڤایەتییەوە کە ئەمڕۆ ٣٤ ساڵی بەسەردا تێپەڕی. کۆمەڵکوژیى ئەنفال نە یەکەم کۆمەڵکوژى بوو و نە دوا کۆمەڵکوژیش بوو، کە دەوڵەت و داگیرکەرانى کوردستان لە دژی گەلی کورد ئەنجامیان داوە. کۆمەڵکوژییەکانى هەڵەبجە، شەنگال، قامیشلۆ، زیلان، دێرسیم، عەفرین. و چەندین کۆمەڵکوژیى تریان ئەنجامداوە. دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەو کۆمەڵکوژییانەیان بە پشتیوانى و هاوکاریى هێزە ئیمپریالیستەکان ئەنجامداوە، بۆیە هێزە نێونەتەوەییەکان هاوبەشی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەن، بەڵام راستییەک هەیە کە گەلەکەمان گەلی بەرخودێر و خۆڕاگر بووە هەرگیز بەرامبەر بە داگیرکەری و زۆرداری ملیان نەچەماندووە و خۆیان رادەست نەکردووە، بەڵکو هەموو کات خۆڕاگری و داکۆکییان کردووە. باجەکەشی هەر چییەک بوو بێت، بەڵام دەستبەرداری ئازادیى خۆیان نەبوون. لێرە دیکتاتۆرەکان و زۆردارەکان بەرامبەر بە مرۆڤایەتى رووڕەش و شەرمەزار بوون. بەرخودان و هەڵوێستى شکۆمەندانەى گەلی کوردستان، ئومێد و بڕوا و ئازایەتیى بە هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەخشیووە و دەستبەرداری ژیانى ئازاد و سەربەخۆییان نەبوون. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە دوای ٣٤ ساڵ هێشتا نەتوانراوە تەرمی هەموو ئەنفال کراوان بهێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان، جاش و مستەشاران بەسزای خۆیان بگەیەنرێت، هەروەها پێویست بوو کەس و کاری ئەنفال کراوان ژیانێکی بەواتا و شایستەیان هەبووایە، کە ئەم قەوارەیە لەسایەی خوێنی کەس و کاری ئەوان بەرهەم هاتووە، بەڵام لە ژیانێکی سەخت و کوله مەرگیدا دەژین تەنانەت مووچەیەکی شایستەشیان نیە. تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەم پرسە بە جیهانی بکرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنرێت، پێویستە بە زووترین کات ئەوانەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراون بەسزای خۆیان بگەیەنرێن، و پەلە بکرێت لە هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفال کراوان لە بیابانەکانی باشوری عێراق، لەگەڵ دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەس و کاری ئەنفال کراوان.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان

هەرێمی گەرمیان

١٤/٤/٢٠٢٢

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی لە یادی رۆژنامەگەریی کوردییدا بڵاوکردەوە

یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیی پییرۆزبێت لە یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییدا، پییرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *