تەڤگەری ئازادیی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادیی لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگە لە زەنگێكی مەترسییدار ئاگادار دەكاتەوە

 

پەرلەمانتاران، سەۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ،  لەبەردەم تاقی کردنەوەیەکی گەورەدان، چۆن وەڵامی ئەو داگیرکاریی و دەست درێژەیەی سوپای تورکیا ئەدەنەوە؟

 

پێویستە کوردستانییان و گەلانی عێراق، لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان، بێدەنگ نەبن و خاوەن ھەڵوێستی نیشتمانیی و ئەخلاقیی بن.

لەمێژووی گەلانی عێراقدا، نەبووە داگیرکاریی قبوڵ بکرێت، ھاتنەناوەوەی سەدان تانک و زرێپۆش و ھەزاران  سەربازی سوپای تورکیا، بەبیانوی ھەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان،  لە رۆژانی ٢٢ و ٢٣ حوزەیران بۆ ناو خاکی ھەرێمی کورستان و عێراق، لە سنوری پارێزگای دھۆک، پێشھاتێکی مەترسییدارە و لە ناوەڕۆکدا پیلانێکە بۆ داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی خاکی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی ھەمیشەیی.

ھێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و گەلانی عێراق، دەبێت ئەو بێ ھەڵوێستییەی حکومەتی فیدراڵ و ھاوکارییەکانی «پارتی-بنەماڵەی بارزانیی» بۆ سوپای داگیرکەر رەتبکەنەوە و شەرمەزاری بکەن. ئەوەی رووئەدات، پێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و  پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە و  ژیان و ئاسایشی  ھاووڵاتییانی  بەتەواوی خستووەتە ژێر ھەڕەشەو مەترسییەوە، پەرلەمانتارانی عێراق دەبێت خاوەنداریی لەو سوێند خواردن و بەڵێنە بکەن کە خوێندویانە داویانە بەگەلی عراق،  چۆن و بەچ شێوەیەک بەرگریی لەخاک و سەروەریی وڵاتەکەیان و ھاووڵاتییانیان دەکەن؟ سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراق،  لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان،  چۆن وەڵامی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی دەوڵەتی تورکیا ئەدەنەوە، ئەو داگیرکارییەی سوپای تورک ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت. ئەوەی بەرەوروی ئەو داگیرکارییە وەستاوەتەوە و بەرگریی دەکات، ھێزی پاراستنی گەلانە، ھەر ئەو گەریلایانە بوون  فریای شەنگال و ئێزدییەکان کەوتن و لە کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنی یەکجاریی رزگاریانکردن.

نابێت حکومەت و گەلانی عێراق، ئەو رۆژانەیان لە بیر بچێتەوە،  کە حکومەتەکەی ئەردۆغان  و  تیرۆریستەکان و ھێزە وابەستەکانی بۆ پارچەکردنی خاک و گەلانی عێراق، ھاوکار و پشتیوانیی داعشیان دەکرد، بەسەدان ھەزار ھاووڵاتیی لەھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی گەلانی عێراقی کردنە قوربانیی؛ موسڵ و ئەنبارو نیوەی شار و  شارۆچکەو خاکی عێراقیان پێ خاپورکرد. لە جیاتی ئەوەی حکومەتی فیدراڵ لە رێگەی رێوشوێنە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، داوای یاسایی لەسەر دەوڵەتی تورکیا و ھاوکارەکانی و داعش تۆمار بکات، کە بەسەدان بەڵگە سەلمێنراوە، بە پێچەوانەوە بەو بێدەنگیی و بێ ھەڵوێستییەی دەبێتە بەشێک لەو وێرانیی و داگیرکارییە لەسەر خاکی  خۆی!

ئێمە وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقیی، وێڕای شەرمەزارکردنی بێ ھەڵوێستیی حکومەتی عێراق و  ھاوکارییەکانی پارتی بۆ سوپای تورکیا، بە ئەرکی ئەخلاقیی و مێژوویی  خۆمانی دەزانیین،  لە ھەموو ئاستێکدا کار بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو داگیرکارییە بکەین. لەسەر ئەو بنەمایە، بانگەواز لە تەواوی ئەو لایەنانەدەکەین کە ناخوازن لەژێر سێبەر و رەحمەتی سوپای داگیرکەراندا بژین، دەبێت خاوەنداریی لە سەروەریی و شکۆی گەل بکەین و بەیەک ریز  لەگەڵ گەلەکەمان بوەستین و داگیرکاریی و خیانەت تێک بشکێنیین. گەلی ئێمە بە کورد و عەرەب و تەواوی پێکھاتەکانیەوە، لەبەرامبەر داگیرکاریی و پێشێلکردنی سەروەرییە نیشتمانییەکانیی، ھەرگیز لایەن و ھێز  و حکومەتێک پەسند ناکات کە بێھەڵوێست بێت.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٢٠٢٤/٦/٢٧

 

هەروەها چێکی بکە

لە سێ وڵاتی دیکەی ئەوروپا تەڤگەری ئازادیی یاداشتی ناڕەزایی دابە بەڵوێزخانەکانی عێراق

 شاندەکانی تەڤگەری ئازادیی لە ئەوروپا، یاداشتی ناڕەزایی لە بارەی داخستی تەڤگەری ئازادیی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە …