لە چوارچێوەی کەمپینی ” ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی بۆ پرسی کورد”، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان هەرێمی گەرمیان لە شاری کەلار پانێڵێکی سازدا و تیایدا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی و ئەندامانی تەڤگەر ئامادەبوون.
پانێلەکە لە شاری کەلار-هۆڵی “لەندەن ئای”، لەلایەن هەریەک لە جومعە کەریم بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، مامۆستا عەبدولخالق مامۆستای ئایینیی، حەکیم عەبدولکەریم ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان و چرۆ شوانیی پارێزەر بابەتی خۆیان پێشکەشکرد، هاوڕێ جەبار پانێلکەی بەڕێوەبرد، لە پانێکەکەدا سەلام عەبدوڵا هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئامادەبوو.
دکتۆر حەکیم، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان وتی: ئەمڕۆ هەموومان دەبینین شەڕ لە زۆرینەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە ئاراوە و ئێستاش شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین لە ئارادایە، هەموو ئەمانەش ئەو تێڕوانینانەی بەڕێز ئۆجالان دووپات دەکاتەوە، کە لە ئەنجامی سیاسەتی جیهانییەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بە گۆڕەپانی جەنگ.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەرکەوتنی پەکەکە وەک هێزێکی گەریلایی شەڕکەر، بە سەرکردایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیای بێ گاریکەر کرد، هەر لێرەشەوە زەنگی مەترسیی بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزم لێدرا.
جومعە کەریم – بەرپرسی دەستەی دیبلۆماسی تەڤگەری ئازادیی ق: زیاتر لە ٣٢ مانگە گۆشەگیرییەکی توند لە سەر ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکرێت، لە ئیمڕاڵی یاسای هیوا جێ بەجێ نەکراوە گۆشەگیرییەکەش نێودەوڵەتییە، ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان زۆر گرنگە بۆ پرسی چارەسەریی، چونکە بەم گۆشەگیرییە پرسی چارەسەریش کراوەتە ئامانج، شەڕی غەزە و ئیسرائیل و هەموو کێشەکانی تری ناوچەکە بە بێ چارەسەری ئاشتی و نەتەوەی دیموکرات کۆتایی نایەت.
جومعە کەریم، بە گرنگییەوە باسی پێشبینییەکانی ڕێبەر ئاپۆی کرد و ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ زۆر زوو وریای کردینەوە لە دۆخی شەنگال و عەفرین، دواییش دۆخی ئەو دوو ناوچەیەمان بینی، کە پێشتر رێبەر ئاپۆ وتی “زۆر وریای عەفرین و شەنگال بن.”
چرۆ شوانیی بەشداربوویەکی تری پانێلەکە، باسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی (سی پی تی) کرد، کە ڕێکخراوێکە تایبەت بە زیندانیانی سیاسی، ئاماژەی بەوەدا، بەداخەوە ئەو ڕێکخراوە بەشێکە لەو پیلانگێڕییە و بەهۆی فشاری دەوڵەتی تورکەوە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە.
وتیشی: هۆکاری گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر ئاپۆش بۆ ئەوەیە چارەسەر یەکانی نەگاتە کۆمەڵگە، ئەم پێشێلکارییەش بەرامبەر هەموو ئازادیخوازان ئەنجام دەدرێت و پێچەوانەی یاسایە، پێویستە گەلی کورد هەڵمەت بکەن دژی ئەم گۆشەگیرییە، دەبێت ژنانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هیچ کەس وەک ڕێبەر ئاپۆ باسی ڕۆڵی ژنی نەکردووە، ئازادی ژن ئازادیی هەموو کۆمەڵگایە، یەکەم لێدان لە ئازادیی کۆمەڵگە درا، لێدان بوو لە ئازادیی ژن لە لایەن عەقڵیەتی نێر سالارییەوە.
لە کۆتایی پانێڵەکەش مامۆستا عەبدولخالق، مامۆستای ئایینی ئاماژەی بەوەدا، لە ئیسلامدا ئازادیی هەیە و هەموو کەس ئازادە، ئازادیی لە ئیسلامدا دڵ فراوانی یە لە نێو مرۆڤایەتی، ئێستا کێشە لە بیر و باوەڕیی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو کێشە لە ئەخلاقی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی ئازادیی، لە ئایینی ئیسلامدا ڕێز لە هەموو بیروبۆچوونێک دەگیرێت.