تەڤگەری ئازادیی: تا دواسات خاوەنداری لە خوێنی شەھیدان دەکەین

‎ئەمڕۆ 34 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شاڵاوی ئەنفالی گەلی کورد، لەسەر دەستی رژێمی لە ناوچوی بەعس، شاڵاوی ئەنفال 1988/2/23 دەستی پێکردو لە 1988/9/6 کۆتایی پێهات و بە هەشت قۆناغ ئەنجامدرا.

‎ئامانج لەم شاڵاوە بەدناوە لەناو بردن و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو، لە کاتی ئەو شاڵاوەدا دەست لە هیچ شتێک نەپارێزرا هەر لە مرۆڤ لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج تا گیانلەبەران و شار و گوند و کێو و دۆڵ. بەوپەڕی دڕندانەوە هێرشی سەر خاک و گەلی کورد کرا، کەتێدا دەیان هەزار مرۆڤی بێ تاوان زیندەبەچاڵ کرا و سەدان گوند و چەندین شاریان خاپوری و کرد تەختی زەویان کرد، ‎بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە دوای 34 ساڵ هێشتا نەتوانراوە تەرمی هەموو ئەنفال کراوان بهێنرێتەوە بۆ زێدی خۆیان، جاش و مستەشاران بەسزای خۆیان بگەیەنرێت، ‎هەروەها پێویست بوو کەس و کاری ئەنفال کراوان ژیانێکی بەواتا و شایستەیان هەبووایە، ئەم قەوارەیە لەسایەی خوێنی کەس و کاری ئەواندا دروست بووە، بەڵام لە ژیانێکی سەخت و کولەمەرگیدا دەژین تەنانەت مووچەیەکی شایستەیان نییە کە هاوتای مووچەی شەهیدانی حکومەتی عێراق بێت.

‎ تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی کورد نەیتوانیوە ئەم پرسە بە جیهانی بکات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێنرێت، دەکرا ھەوڵدانی جدی بکرێت بۆ بە ئەندامبوونی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و ئەگەری دووبارە نەبونەوەی جینۆسایدێکی تر، گەلی کورد تا ئەمڕۆش جگە لە خۆی و ئیرادەی گەلەکەی ھیچ دڵسۆز و پاڵپشتێکی نییە، بەداخەوە ئەو ڕاستیەش دەبینرێت، لە باشوری کوردستاندا دەسەڵاتداران نەک دڵسۆزنی،ن بەڵکو بوون بە داردەستی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان، ئەوەش لە ئەنجامدا کارەساتی تری لێکەوتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤بە ھاوکاری تورکیا و بە چۆڵکردن و بێ خاوەن ھێشتنەوەی لەلایەن پەدەکەوە لە شەنگالدا، کۆمەڵکوژی ئێزدییان لەسەر دەستی داعش دووبارە بووەوە، داگیرکاران ھێشتا لە سیاسەتی داگیرکاری نەوەستاون و لە ھەوڵی خۆیان بەردەوامن، بەڵام ئەوەی جێگەی شەرمە ھێزە سیاسیەکانی کورد لە باشووری کوردستان لە بری وەڵامدانەوەی کەسوکاری قوربانیان وخزمەت کردنیان و پێشخستنی سیستمێکی دیموکراتی کە ئەم گەلە قوربانیدەرە تیایدا حەساوەبێت، ئێستاش وەکو چینێکی مشەخۆر لە سەر ڕۆح و ڕەنج و گیانی ھاووڵاتیان، ژیانێکی شاھانەیان بۆ خۆیان و بنەماڵە و مستەشار و ئەنفالچییەکان دابین کردووە و کۆمەڵگەش لەوپەڕی دۆخی خراپیدا ژیان بەسەر دەبات.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تا دوا سات خاوەنداری لە خوێنی شەھیدەکان دەکات و پاڵپشتی تەواوی داواو خواستەکانی کەسوکاری قوربانیان دەکەین، دەڵێین با ھەمووان پێکەوە لە بری دانانی تاجە گوڵینە ھەموو ساڵێک داوای جێبەجێکردنی داواکانی گەلەکەمان بین و پێکەوە دژ بە داگیرکاران بوەستینەوە بۆ ئەوەی ئەنفالێکی تر و کۆمەڵکوژیەکی تر دوبارە نەبێتەوە.

 

 

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

دەستەی بەڕێوبەرایەتی

١٤/٤/٢٠٢٢

هەروەها چێکی بکە

تەڤگەری ئازادیی لە بارەی پیلانگێڕیی ١٥ شوباتەوە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

لە  ٢٥  مین ساڵ وەگەڕی پیلانگێڕیی شومی 15 شوباتدا لە ٢٥ مین ساڵ وەگەڕی پیلانگێڕیی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *