ژینگەی بازیان لە مەترسییدایە

راپۆرت و بەدواداچوون: ساکار عەبدوڵا

 

دۆڵی بازیان، ئەو ناوچەیەی سەدان ساڵ بوو بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و ئاوی زۆر و ژینگە خاوێنەکەی بەناوبانگ بوو، بەڵام ئێستاکە ساڵانێکە بەهۆی چاوچنۆکی سەرمایەدار و بەشێک لە بەرپرسانەوە، سەدان کارگەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تێدا دروستکراوە و ژینگە و ژیانی خەڵکەکەی لەژێر هەڕەشەدایە.

شارەزایان و رێکخراوە ژینگەییەکان باس لەوە دەکەن، مەترسیی لە سەر كوالێتی هەوای ژینگەی بازیان و ناوچەكە هەیە،  دۆخی بازیان و خەڵکەکەی زۆر خراپە، بەهۆی زۆری کۆمپانیا و کارگەکانەوە کە بە فیلتەری ژینگەییدا کارناکەن. جەختیش لەوە دەکەنەوە: دۆخی ژینگەی هاوڵاتیان لە مەترسیداییە و نزیکەی دە ١٠ هەزار کەس توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە.

بازیان قەزایەکی سەر بە پارێزگای سلێمانییە و دەکەوێتە باشوری پارێزگاکەوە، بە زۆری کارگەکان لە هەرێمی کوردستان ناسراوە، کە لە ٣٢٪ی پیشەسازی عێراق دەکەوێتە حەوزەی بازیان، کە زیاتر لە ٢٠٠ کارگە و کۆمپانیا تێدایە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵکی ئەو قەزایە و دەورووبەری، بە هۆی پاشەڕۆی کارگەکانەوە کێشەی تەندروستیی و ژینگەیی بۆ دانیشتوان و ژینگەکەی درووست بووە. ئەمەش وایکردوە جۆرەها نەخۆشی مەترسییدار تووشی دانیشتوانەکەی ببێت.

محەمەد مەحوی، ئەندازیاری کیمیاویی و شارەزا لە بواری ژینگەدا، سەبارەت بە ژینگەی بازیان  لە ڕووی زانستیەوە بۆمان شیدەکاتەوە و باسی کوالێتی هەوای بازیان دەکات کە تا چەند گونجاوە بۆ ژیان و دەڵێت: لە ڕووی زانستیەوە چ مەترسیەك لە سەر ژینگەی ناوچەی بازیانە ئەوا وەڵامەكەی دیارە كە ئەویش برییتییە لە مەترسی لە سەر كوالتی هەوای ژینگەی بازیان و ناوچەكە و هەرووەها دابەزینیی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەكەدا، ئەویش بەهۆی پشت بەستنی سەرجەم كارگەكانی ناوچەكە بە ئاوی ژێر زەوی هەوروەها بوونی چەندین كاریگەری ترە، لەسەر خاك و دیمەنی سروشتی ناوچەكە و هەرووەها  بەرزبوونەوەی ئاستی ژاوەژاو بەهۆی كارگەكانەوە كە زۆربەیان كارگەی گەورەن و سەرچاوەی ژاوەژاون .

لە سەر کاریگەریی و مەترسییەکان لە سەر پیسبوونی هەوا و ئاو و خاکی  بازیان  و زیانەکانی بۆ دانیشتوانەکەی، محەمەد مەحوی، ئەوەشی خستەڕوو و وتی: كارگەكان بە تایبەت كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن سەرچاوەی سەرەكی پیسبوونی ژینگەن لە ناوچەی بازیان وە بە تایبەتیش لە سەر هەوا و  ئاوی ژێر زەوی كە دەڵێین، ئاوی ژێر زەوی زیاتر مەبەست لە بڕی ئاوی ژێر زەویە و بەهۆی ژمارەی زۆری كارگەكان و نزیكی كارگەكان لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوونەوە ئەوا چاوەڕوانی بوونی كاریگەری بەرچاو لە سەر دانیشتوان دەكرێت.

ئەو ئەندازیارە باس لە چارەسەرییەکان دەکات وهەروەها پێویستە چی بکرێت، ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: چارەسەرەكان بریتیین لە چاودێری چڕ و  بەردەوامی كارگەكان بکرێت،  ئەویش لە ڕێگەی كەسانی شارەزا و دابینكردنی ئامێری جێگیر و جوڵاو بۆ زانینی كوالتی هەوای ناوچەكە و جەختكردنەوە لە دابینكردنی فلتەری گونجاو وصیانەی بەردەوام.

شارەزایەکی ژینگەییش  رایدەگەیەنێت، بە پێی بەڵگەکان و راپۆرتەکان لە بازیان ژیان و تەندرووستیی هاوڵاتیانی لە بار نییە بۆ ژیان و ناشێت.

ملکۆ بازیانی سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، لە بارەی دۆخی ژینگەی بازیان و نەخۆشییە مەترسییدارەکانەوە  ئەدوێت، کە بەهۆی پاشەڕۆی کارگەکانەوە توشی دانیشتوانی ناوچەکە بوون.

ملکۆ بازیانی باسی  دۆخی بازیانی کرد و وتی: دۆخی بازیان و دۆخی خەڵکی بازیان زۆر خراپە، بە هۆی زۆری کۆمپانیا و کارگەکانەوە. کە کاری وەبەر هێنان دەکەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بە فیلتەری ژینگەیدا کارناکەن،  بە تایبەتیش کارگەی چیمنتۆی لاڤارچی فەڕەنسی.  سەبارەت بەمە،  ئێمە لە داواکاری گشتی  سکاڵای یاساییمان تۆمارکردووە. کە ئەم کۆمپانیایە هیچ  ڕەچاوی ژینگەی گشتی و خەڵکی بازیان ناکات، تەنانەت ژینگەی ناوچەکەشی  زۆر پیس کردووە، لە هەواو و ئاو، لە خاکیش، لە ئێستاشدا دۆخی هاوڵاتیان و ژینگەی هاڵاتیان لە مەترسیداییە.  زۆرێک لە هاوڵاتیانی بازیان توشی نە خۆشی درێژ خایەن بوونە، بە تایبەتیش توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هۆکاری ئەم  نەخۆشیەش بۆ کارگەکان دەگەڕێتەوە، ئێمە ئامارێکمان وەرگرتووە کە ڕێژەی توشبوون بەم نەخۆشییە،  لە ساڵی ٢٠١٢ هەتا ٢٠٢٢ نزیکەی  دە هەزار کەس توشی نەخۆشی شێرپەنجەبوونە، واتە بە نزیکەیی لە ٪٣٠ بۆ ٤٠٪ دانیشتوانەکە، ئەمەش بە پشت بەستن بە نەخۆشخانەی هیوا و هەر پێنج بنکە تەندروستییەکەی بازیان، هەروەها ئەمەش سەبەبی  ئەو کارگەیەیە.

سەرۆکی پارتی سەوز ئەوەشی خستەڕوو و وتی: ئەو کارگانەی کە کاردەکەن لە سنوری بازیاندا پێکهاتوون لە ٢٠٥کۆمپانیا  و کارگە، کە کاری وەبەرهێنانن دەکەن. بەداخەوە کە یەکێک لە کارگەکان بە تایبەتی کارگەی لاڤارچ کە بەشەواندا فلتەرەکەی لادەبات و ئەمەش زیانی زۆری بۆ تەندرووستی هەیە، وە لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کارگەی چیمەنتۆ و شیشمان، هەیە  کە بە پێی ستاندارتی جیهانی کاردەکەن و هیچ کێشەیان نیە و ژینگەی ناوچەکەشی پاراستووە. وە لەگەڵ ئەوەشدا پشتێنەی سەوزاییشی درووست کردووە. هەروەها هەندێک کارگەش هەیە کە ئەسڵەن مۆڵەتی فەرمانگەی ژینگەی هەرنییە و مۆڵەتی پێنەدراوە و لەگەڵ ئەوشدا دانراوە.

ملکۆ بازیانی، باس لە ژمارەی کارگەکان دەکات  و ڕایدەگەیەنێت: لە بازیان ٢٠٥ کارگە و کۆمپانیا کاری وەبەرهێنانن دەکەن، کە لە ڕووبەرێکی بچوکدا. ئەمەش کە  بۆ ژیان گونجاو نییە، ئێمە بە پەرلەمان و حکومەتمان وتووە. کە قەرەبوو (تەعویز)ی خەڵکی بازیان بکەن با شوێنی نیشتەجێ بوون بگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر، هەندێک خەڵکیش هەیە لەوانەیە کە ئارەزوو ئەمە نەکەن، لە ئێستادا بە پێی بەڵگەکان و ڕاپۆرتەکان ژیان و تەندرووستی هاوڵاتیان لەبار نیە، بە گشتی لە بەر ئەوەی ناوچەی بازیان ناوچەیەکی پیشەسازییە بۆ ژیان نابێت.

هاوڵاتیانیش، لە بارەی کاریگەریی و مەترسییەکانی پاشەڕۆی کارگەکانی سنوری بازیان بۆ سەر ژنیگە و هاوڵاتیان بە نیگەرانییەوە قسەئەکەن.

هۆشمەند مەولود، هاوڵاتییەکی دانیشتوی حەوزەی بازیانە، لە وەڵامی چەند پرسیارێکدا سەبارەت بە ژینگەی بازیان و هەڵوێستی خەڵکی حەوزەی بازیان سەبارەت بە پیسکردن و تێکدانی ژینگەی بازیان  دەڵێت: هەڵوێستی ئێمە وەک خەڵکی ناوچەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە هەر لە دامەزراندنی تا ئێستا ئەو ناڕەزایەتییانە، هەر بەردەوامی هەیە کە ئەویش خۆی لە دەربڕینی ناڕەزایی و ئاگادارکردنەوەی دام و دەزگا حکومییەکانی پەیوەست بە کارگەکانەوە و خودی کۆمپانیاکان خۆیشیان ئاگادارکراونەتەوە، هەتا زۆرجار ڕێپوانی مەدەنیی بۆ بەردەم کارگەکان ئەنجامدراوە،  ئەوناڕازییانە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.

ئەو هاوڵاتییەی دانیشتوی سنوری بازیان وتیشی: پێویستە لەسەر دام و دەزگا حکومییەکانی پەیوەست بەم کارگانەوە، کە فشار بخەنەسەر کارگەکان تا فلتەری تایبەت بە دوکەڵی کارگەکانیان دابین بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی زیان بەر سروشتی ناوچەکە و خەڵکەکەی نەکەوێت.

ئەو هاوڵاتیە،  باس لە تێکچونی ژینگەی بازیان  و گیان لە دەستدانی گیان لەبەرانی سنورەکەی کردو وتی: بێگومان زیانێکی زۆر بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە، کە بووەتە هۆی پیسبونی ئاو و هەواکەی و زیان گەیاندن بە هاوڵاتییان و  گیان لەبەران و سروشتی ناوچەکە. ئەویش بە گشتی خۆی لە چەندین دیاردەدا دەبینێتەوە، وەک دەرکەوتنی چەندین جۆری نەخۆشی لە هاوڵاتییانی دانیشتوی ناوچەکە، هەروەها مرداربونەوەی چەندین گیانلەبەری گوندەکانی دەوروبەری ناوچەکە. بۆ ڕێگری کردن  لە مەترسییەکان و کەم کردنەوەی زیانەکان پێویستە لە سەر کارگەکان هەستن  بەدابین کردنی فلتەری پاڵاوتن و درووست کردنی پشتێنەی سەوزای بە دەووری کارگەکاندا و زیاد کردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەی حەوزی بازیان.

شایی ئاوات عبدالقادر، لێپرسراوی هۆشیاریی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات کە  ئەوان بەوردیی چاودێریی کارگەکان ئەکەن و لاشیوایە “ژینگەی بازیان گونجاوە بۆ ژیان.”

لێپرسراوی هۆشیاریی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، رایگەیاند: وەک جیهەتێکی فەرمی دەڵێم ژینگەی بازیان گونجاوە بۆ ژیان، بێگومان لە هەرکوێ کارگە هەبێت کەم تا زۆر کاریگەریی دەبێت لە سەر ژینگە، ئێمە وەکو فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی چاودێرێکی وردین بەسەر ئەو کارگانەوە.

وتیشی: هەروەها هەر کارگەیەکیش  سەرپێچی لە یاسا و ڕینماییە ژنگەیەکان بکات،  ئەوا ئێمە سزای دەدەین.  لە ئایندەشدا هیچ سڵەمینەوەیەکمان نابێت، لە سزادانی ئەو کارگانە کە زیانیان هەبێت بۆ ئەو ناوچەیە.

هەر لە سەر ئەو دۆخە و پیسبوونی ژینگەی بازیان، چەندین جار پەیوەندیمان کرد بە قایمقامی قەزای بازیانەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

هەر چۆنێک بێت، بە پێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، ئەو ناوچە کشتوکاڵییە، کە ئێستا کراوەتە ناوچەیەکی پیشەسازیی، ژینگەکەی پیس بووە و مەترسی لە سەر ژیانی دانیشتوانەکەی هەیە، لە ڕابردوودا بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بەناوبانگ بوو، برنج و تەماتەی بازیان ڕەوانەی باشوری عێراق دەکران، بەڵام ئێستا ئەوانە نەماون و ڕوبار و کانیاوەکانیشی وشکبوون بەهۆی بەکارهێنانی بێسنوری ئاوی ژێرزەوی لەلایەن کارگەکانەوە.

شارەزایان دەڵێن، ئەرکی دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکانە ڕێوشوێنی پێویست و بەپەلە بگرنەبەر، بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر پیسبوونی  ژینگەی ئەو ناوچەیە و زیاتر توش نەبوونی هاوڵاتیان بە نەخۆشیە مەترسیدارەکان، وەک شێرپەنجە، نەخۆشیەکانی پێست و ڕەبوە(هەناسە تەنگی)، نەخۆشیە کشتوکاڵیەکان لەگەڵ چەندین نەخۆشی لەناو ئاژەڵان و پەلەوەردا.

هەروەها چێکی بکە

“ژن هۆگری سروشتە و پارێزگاری لە ژینگە دەکات”

یەریڤان شاسوار، چالاکوانی ژینگەیی باسی لەوەکرد، کە چۆنیەتی بەکارهێنان و پارێزگاریکردن لە ژینگە و سروست …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *