ئیدریس سدیق
(کاتێ پشت ناچەمێنیتەوە ، کەس بوێری سواربوونی سەر ملت ناکات و ئەو دەسەڵاتە فاشیلانەی ناتوانن نیشتیمان بنیاتبنێن، دەستی دەرەکی تاوانبار دەکەن بە تێکدانی )
عێراقی دۆڵی نێوان دوو زێیەکان، زەوی و زارێکی بە پیت و ئاژەڵداری بە بەرەکەت، مێژووی شارستانێتی چەندین گەل و نەتەوە و هۆز و رووچووە لە قۆڵایی مێژووی سەرجەم قۆناغە جیا جیاکانی بەر لەزایین، لە شارستانێتی ئەکەدی، ئاشووری، بابلی ( مەسەللەی حاموڕابی )، سۆمەری ( خەتی بزماری )، یۆنانی، فارسی و.
مێژووی عێراق، سەخت و دژوار، نوقومبوو لە دەریای خوێن، پاکتاوکردن، لە رەگ و ریشەوە هەڵکێشان، خاپوورکردن و، لە سەردەمی ئیسلامەتیش، وەك دکتۆر تەها حوسێن لە هەردوو بەرگەکەی ( ألفتنة الكبرى ) باسی لێوە دەکات درێژبوونەوەی ئەو خوەیە وەك دەڵێت ( وعادت حليمة إلى عادتها القديمة ) لە کوشتن ، پەرێز پاککردن ، هەتککردن، سەبیکردن ، سەربڕین ، کەوڵکردن و …….. .
لە مێژووی گەلانی عێراق ، شۆڕشی ١٤ ی / تەمموزی / ١٩٥٨ ، بە سەرکردایەتی رۆڵەی نیشتیمانپەروەری عێراقی عبدالكريم قاسم ، لاپەڕەیەکی پڕشنگدارە لە وەدیهێنانی دەسکەوت و گۆڕانکاری گرنگ و مێژوویی چ لە ئاستی ناوەوە و چ لەئاستی دەرەوە ، لە پێشەوەیان هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی بەغدا ( بۆ رێگەگرتن لە شەپۆڵی کۆمۆنیزم بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلان ) ، مۆنۆپۆڵکردنی سامانی نیشتمانی کە گۆزێکی کوشندەبوو لە بەرژەوەنییە ستراتیجییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا ، لەرزیانگرت و کەوتنە پەلەقاژە بۆ لەباربردنی ، گۆڤاری ( لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) ژمارە ٣ ی ساڵی ١٩٩٩ ، وتارێکی هەواڵگری بەناوی ( کارکردن بە دەسەڵات گەیشتنی کۆمۆنیستەکان لە عێراق ) دا ، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ ی / شوپاتی / ١٩٥٩ ، تیایدا هاتووە کە چۆن ئەمریکا ، بەریتانیا ، تورکیا ، ئێران و ئیسرائیل بە یەکەوە هێڕش بکەنە سەر عێراق و دەسەڵاتەکەی راماڵن ، بەڵام لەبەر یەکێتی سۆڤییەت ئەنجام نەدرا ، ئەڵتەرناتیڤەکەی نانەوەی بشێوی سەرهەڵدانی یاخیبوونەکان بوو ، دیارترینیان لە ٧ ی / تشرینی یەکەمی / ١٩٥٩ کاتژمێر ٣٠ : ٦ ی بەیانی و لەشەقامی رەشید عبدالكريم قاسم درایە بەر دەستڕێژی گوللەی بەعسییەکان و بریندار کرا ، کە صدام حسين لە دەستەکەدا بوو و رایکردە سوریا و کەوتە ناو تۆڕی هەواڵگری CIA ، بۆیەش علي صالح السعدي ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣ دەڵێت : ( بە شەمەندەفەرێکی ئەمریکی هاتووین بۆ دەسەڵات ) ، ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە لە پشتگیریکردنی هەواڵگری بەریتانیا و CIA ی ئەمریکی لە هەریەك لە حسن البنا ی ئیخوانییەکانی میسر و ألحاج أمين الحسيني فەلەستینی ، رەوتە ئیسلامییە توندڕۆکان ، لە ناوەڕاستی پەنجاکان ، بۆ لەمپەر دروستکردن لە بەردەم شەپۆڵی مارکسی و بەرپەچدانەوەی بزاڤی رزگاریخواز و ئازادیخوازی گەلان .
کودەتا شوومەکەی ٨ ی شوباتی ١٩٦٣ ، عێراقی نوقمی خوێن کرد ، رەشەکوژی هۆڤیانە بەڕێوەچوو ، بەعسییەکان و نوێنەرانی بارەگای بارزانی ، لە بارەگای ئێستگەی کودەتا چییەکان ، برووسکەی پشتگیریی و پیرۆزباییان له کودەتاکە کرد ، لە دوای ئەمەش هەر کودەتا لەدوای کودەتا ، هەریەکە لە ئاوازێکی ناساز و نەشیاو دەیانخوێند لە سەربوردەیەکی شکستخواردوو و نا نیشتیمانی ، تا کودەتاکەی بەعسییەکانی ١٧ ی / تەمموزی / ١٩٦٨ ، هەنگاو بە هەنگاو و دوای پاکتاوکردنی خوێناوی دۆستانی دوێنێ و نەیارانی ئەمڕۆ ، صدام حسين ی کەسی یەکەمی عێراق ، جلەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و ئەگەر صدام چی وتبا ، ئەوا گەلانی عێراق وتوویانە ، مێژوویەك لە تاکڕەوی خوێناوی ، پەت و سێدارە ، راونانی ئازادیخوازان ، شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران ( بەفیتی CIA دژی ئاخوندەکان ) ، شەڕی کورد ، جینۆساید ، ئەنفال ، کیمیاباران ، راگواستن و ……. ، داگیرکردنی کوێت و ……. .
بۆ تۆڵە سەندنەوە لە گەلانی عێراق لەو هەموو چەپڵەی لێیانداوە ، لەو هوتافانەی کێشاویانە بۆ زعيم الأوحد عبدالكريم قاسم و ئەو دروشمانەی دژی ئیمپریالیزمی جیهانی و مەرگ بەر ئەمریکا بەرزکرانەوە ، لە ٩ ی / نیسانی / ٢٠٠٣ پاش خاپوورکردنی ژێرخانی ئابووری ، بە سیاسەتی ( الفوضى الخلاقة ) ، بە بەکارهێنانی چەکی کوشندە و تێکنۆلۆجیای نوێ ، عەلی باباکە گەڕێنرایەوە سەر ساجی عەلی .
نۆزدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لادانی سەرە مەنهۆڵی زێرابی دیکتاتۆرێکی دڕندە ، کە هەندێ لە گۆڕەپانی عێراقی دڵخۆش کرد ، بەڵام خوێندنەوەکە هەڵە بوو و هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوە ، بەڵام دەیان مەڵۆی بۆگەن ، گەندەڵ ، پاشەڵپیس ، خیانەتکار ، دەیان شارای قێزەون و بەڵتەچی و …….. بوون بە بەچکە دیکتاتۆری قەسابی کوشتارگەی گەلانی عێراقی کۆماری ترس و تۆقاندن .
حکومەت رووخا ، هەواڵگرییە هەرێمییەکان کەوتنە خۆ ، گۆڕەپانی عێراقی بوو بە زانکۆی هارڤارد بۆ بەرهەمهێنانی چەتە ، دز ، مافیا ، شڕەخۆر و …… تێکدانی دام و دەزگا ، کورد راکە راکەی پارە و داڵدەدانی تاوانباران ، شیعەکان بۆ هەڵپەی دەسەڵات و تۆڵەکردنەوە و سوننەکانیش کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن ، کوشتن و ریشەکێشکردنیان ، گۆڕەپانی سیاسیش بووە جەنگەڵێکی پاوانکراو بە میلیشیای چەکدار بەهێز بێهێزی قووتدەدا و کەلتووری قوتابخانەی دیکتاتۆرییەت چاڵاکتربوو .
بانگەشەی دیموکراسی ، ئازادی ، مافی مرۆڤ و …… ، درۆیەکی شاخداری قەبە و زلی سەرمایەداری جیهانییە ، ئەمریکا رۆڵی بەرچاوی هەبوو لەو پاشاگەردانییە ، لە فەرامۆشکردنی هێزە نیشتیمانییەکان و لە گۆشەگیرکردنیان لە بڕیارە چارەنووسسازەکان ، لە قۆرخکردنی دەسەڵات لە رێنمایی و چاودێری خۆیەوە ، کە ئەمەش سووکایەتییەکی گەورەیە بەو هەموو قوربانییانەی بزووتنەوە نیشتیمانییە تێکۆشەرەکەی .
ئەمڕۆ عێراق بە قۆناغێکی هەستیار و ترسناك گوزەر دەکات و لە لێواری مەرگدایە ، هێزە سیاسییەکان لەبەردەم ئەرکێکی مێژوویی مەزنی نیشتیمانیدان ، هێز و توانایان بخەنە گەڕ لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی شارستانی ، هێمنانە و بەدەر لە بەرژەوەندی حیزبی ، خێڵەکی ، مەزهەبی و دەستی دەرەکی ، بەرەو حکومەتێکی هاوپەیمانی ئیئتیلافی دیموکراسی هەنگاوی جدی پێویستە و بەرپرسیارێتی گەلانی عێراقە نەك ئەنقەرە و تاران .
سوود لە هەندێ سەرچاوەی دۆکۆمێنتاری مێژوویی وەرگیراوە