سوپای تورک لە برادۆست بارەگای نوێ دروستدەکات

دوای چوونی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوێستانەکانی برادۆست و جێگیربوونیان و دەرکردنی کۆچەرییەکانی ناوچەکە، سوپای تورک ١٠ کیلۆمەتری تر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و لە برادۆست بنکەی سەربازیی نوێ دروستدەکات.

راگەیاندنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویان کردەوە، سوپای تورک بنکەیەکی سەربازیی نوێی لە سنووری برادۆست کردووەتەوە، بەمەش نزیکەی ١٠ کیلۆمەتری دیکە خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە، زیاتر لە ١٠٠ سەربازیشی لە ڕێگەی ھێلیکۆپتەرەوە لە بنکەکە دابەزاندووە.

ئەمەش لە دوای ئەوەوە دێت، کە لە ١٣ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی، بە زیاتر لە ٢٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و زیاتر لە هەزار چەکدارەوە چوونە کوێستانەکانی برادۆست، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ناوچەکەیان بە کۆچەرییەکان چۆڵکرد و ئاوارە بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنیوز لە کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست نزیکەی ١٢٨٦ خێزان کە لە جوتیاران و کۆچەرییەکان پێکدێن، بەهۆی فشار و هەڕەشەکانی پەدەکەوە ناوچەکەیان چۆڵکردووە و دەستیان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان هەڵگرت و ئاژەڵدارانیش بە ناچاری بەرەو ناوچە گەرمەکان کۆچیان دەست پێ کرد.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم بنکە سەربازییە ناوچەی دوریە بە تەواوەتی لە ناوچەی خواکورک دادەبڕێت و ناوچەی تارستان و کەم کۆڕا و سنین و لۆلان بە تەواوی دەخاتە ژێر قەڵەمڕەوی سوپای داگیرکەریی تورک.

هاوکات لە ماوەی ھەفتەیەکدا چوارجار فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی ناوچەی برادۆستی کردووە، جگە لەوەش سوپای تورک بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی تۆبپارانی ناوچە سنوورییەکانی برادۆست دەکات.

 

هەروەها چێکی بکە

“دەبێت سی پی تی ئاشکرای بکات کە لە ئیمراڵی چی روودەدات”

پارێزەر ژان پرۆسپێر رایگەیاند، کە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپایە و …