لە ڕانیە کەسوکاری شەهیدان و تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان کرد

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین کەسوکاری شەهیدان و تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گۆڕستانی شەهید هەڵوێست پارتیزانیان کرد لە شارۆچکەکە.

بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، وەک نەریتێکی ساڵانە، بە بەشداری خانەوادەی شەهیدان و ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و کەسایەتی وڵاتپارێز لە هەرێمی ڕاپەڕین، سەردانی مەزاری شەهیدانی ڕێی ئازادیی کوردستان کرا، مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهید هەڵوێست بۆ بەرز ڕاگرتن و بیرهێنانەوەی شەهیدان ڕێکخرا، سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. دواتر گوتاری بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن هەڤاڵ حەسەن ئاوارە خوێنرایەوە، وێرای پیرۆزکردنی جەژن لە تەواوی گەلی کورد، سڵاو و پیرۆزبایی جەژنیان بۆ گەریلاکانی کوردستان و تەواوی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان نارد، سۆز و بەڵێن دووپاتکرایەوە کە درێژە پێدەری ڕێبازی شەهیدان بن، دواتر پەیامی تەڤگەری ئازادیی ئەنجوومەنی هەرێمی ڕاپەڕین لەلایەن سەید خالیدەوە خوێنرایەوە.

دوای کۆتایی هاتنی مەراسیمەکە سەردانی گۆڕستانی گشتی ڕانیە کرا و سەردانی شەهیدانی کورتەک و گڵکۆی شەهید بڵێسە و شەهیدانی ئەو گۆڕستانە کرا.

دەقی بەیاننامەکە:

شەهیدان چرای ڕووناکی ڕێگەی تێکۆشانمانن

بنەماڵەی سەر بەرزی شەهیدان جەژنی ڕەمەزان تان پیرۆز بێت بەناوی ئێوەوە سڵاو پیرۆزکردنی جەژن لە تەواوی گەلی وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان دەیەن سڵاو دەنێرین بۆ ئیمرالی و بۆ تەواوی زیندانیانی سیاسی زیندانی داگیرکەران –

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە شکۆدارکردن و بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدان تایبەت مەندی و خەسڵەتی بزووتنەوەی ئازادی و شۆڕشگێڕی گەلی کورد بووە کە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لە گۆڕەپانی کردار و گوتاردا بووە بە ئیلهام بەخشی شۆڕشگێڕان و وڵات پارێزان –

تەڤگەری شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی گەلی کورد کە بنیاتنەر و پەرەپێدەری فەرهەنگی بەرخۆدان و فیداکارییە لە پانتایی و بەرینایی خاکی کوردستاندا لەلایەن دوژمنان و خائینانەوە دەکرێتە ئامانج بە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا و چەکی پێشکەوتوو بەڵام ئەوە نیو سەدەیە ئەو شۆڕشە هەر دەگەشێتەوە و سەرفرازانە خۆڕاگری دەکات و زەبری کوشندە لە دوژمن دەدات. گەریلای سەدەی بیست و یەک هێمای داهێنان و سەرکەوتنە و خەونی داگیرکەرانی پووچەڵ و ناکام هێشتووەتەوە، لە ئێستاشدا لەلایەن فاشیزمی دەوڵەتی تورک و بە هاوکاری هێڵی خیانەت هێرش و پیلانگێڕییەکی بەرفراوان دەستی پێکردووە بۆسەر تەواوی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هێرشەکانی ئەم دوایەی ناوچەی بادینان لە ئاڤاشین و مەتینا و زاپ و شیلادزێ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دوژمن ئامانجی داگیرکردن و لەناوبردنی هێڵی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردە بە هاوکاری خیانەتکارانی بەرژەوەندیخواز – گەریلای ئازادی کە داهێنەری بەرخۆدان و سەرکەوتنە ئەم جارە ش داگیرکەرانی بە چۆکدا هێنا و ڕووبەڕووی شکستی کردن – بەڵام بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە و ڕاوەستاندنی ئەو هێرش و کۆنسێپتە هەمەلایەنە پێویست بە هەڵوێستی خێرا و بە کاریگەری هەموو گەلەکەمان هەیە بەتایبەت لەبەرامبەر خەتی خیانەت و خۆفرۆشی. چونکە بێ بنە بڕکردنی خیانەت سەرکەوتن لە کوردستاندا مسۆگەر نابێت –

گەلی کورد و وڵاتی کوردستان یەک لەو گەل و وڵاتانەی جیهانە کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی زۆرترین هێرش و داگیرکاری بووەتەوە، بەڵام هیچ کات کۆڵی نەداوە و دەستبەرداری تێکۆشان و خواستی ئازادی نەبووە. ڕاستییەک هەیە دەبێت بیزانین هەوڵ و هێرشی داگیرکەران تەنیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاک و سەرچاوەکانی مادی و وزەی کوردستان نییە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی یان نەهێشتن و لەناوبردنی بیر و هزری ئازادیخوازی وڵاتپارێزی یە لەناو گەلی کورددا – ئاشکرایە وڵاتی کوردستان لانەکەی مرۆڤایەتی بووە و زۆرێک لە نرخ و بەها مەعنەوییەکانی مرۆڤایەتی هەڵقوڵاوی ناخی ئەم گەل و خاکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە خواست و خەیاڵی ژیانی ئازاد لەناو گەلی کورددا خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی وەها قووڵ و پتەو بێت کە لەبەرامبەر ئەم هەموو زوڵم و زۆرداری و هێرشانە هێز و ئیرادەی خۆڕاگری هەبێت و درێژە بە ژیان و بوونی خۆی بدات. بە دەرکەوتنی بزووتنەوەی نوێی ئازادیخوازی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی «ڕێبەر ئاپۆ» نەریتی بەرخۆدان و تێکۆشان لەپێناو سەرفرازی و ئازادیدا، لە نێو گەلی کورد و گەلانی دیکەی چەوساوە لە ناوچەکەدا تێپەڕی قۆناخێکی جیاوازتر درەوشاوەتر بوو. ئێستاش وەک دەبینن و دەزانن لەسایەی نیو سەدە تێکۆشان و خەباتی بێوچانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی. گەلی کورد بووەتە خاوەن ئیرادە و هێز و سیستەمێکی جێگرەوەی کاریگەر کە ئازادیخوازان و هەوادارانی ژیانی ئازاد و عەدالەتخوازی لە هەر لایەکی جیهانەوە ڕوویان تێ کردووە و ئیلهامی لێ وەردەگرن.

ئامادەبووانی هێژا کەس و کاری شەهیدان ئەو ڕێباز و شۆڕشە ئەو تەڤگەرە نوێیەیە کە ڕۆڵەکانی ئێوە جێ یان تێدا گرتووە لەپێناویدا شەهید بوون و بەردەوامیان پێ داوە، هەر شەهیدێک هێز و مۆڕاڵێکی دیکەیە بۆ بەگوڕتر کردنی ڕێبازی تێکۆشان و خۆڕاگری، ئەگەر ئەمڕۆ گەلی کورد کوردستان بووەتە خاوەن هێز و بەئیرادەی خۆی خۆی دەیپارێزێت، ئەوا بەرهەم و ئاکامی گیانبازی و فیداکاری هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان و ئەو شەهیدانەیە کە لەپێناو دەستبەر کردنی ماف و ئازادی گەلەکەیاندا گیانی خۆیان بەخشی و پەیوەست بوون بە کاروانی شەهیدانەوە-

شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و بۆ دەڤەرە کەشمان کە گڵکۆی پۆلێک لەو شەهیدانە لێرە ئارامیان گرتووە

بێگومان لە سایەی تێکۆشان و خۆڕاگری ئەم شەهیدانە و هەزاران شەهیدی دیکەی قارەمانانی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی گەیشتووەتە ئەم قۆناخە. هەر بۆیە زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییان ئەرکی سەرەکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردە، بەتایبەت تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و دیموکراسی. لەسەر ئەم بنەمایە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین. بێگومان باشترین ڕێزگرتن و بیر هێنانەوەش درێژەدانە بە ڕێ بازە پیرۆزەکەیان. لەو بۆ نە پیرۆزەدا جارێکی تر سۆز و بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا پێکهێنانی خەیاڵ و خواستی ئەوان کە وڵات و ژیانێکی ئازادە درێژە بە تێکۆشان دەدەین. هەروەها داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان و ژنان و گەنجان دەکەین کە بە شێوازی جیاواز و گونجاو، بەردەوام یادی شەهیدان بەرز و پیرۆز ڕابگرن و هێڵی تێکۆشان و بەرخۆدان بەهێزتر بکەن و بە هەڵوێست و بەشداربوون سەنگەری بەرخۆدان و تێکۆشان پتەوتر و بەهێزتر بکەن – ئەوەش ڕاستترین و پیرۆزترین خاوەندارێتی کردنە لە ڕێبازی شەهیدان..

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

ئەنجوومەنی هەرێمی ڕاپەڕین

01/05/2022

هەروەها چێکی بکە

تۆڕی پشتیوانی نێونەتەوەیی نامەی ئاڕاستەی سی پی تی کرد

تۆڕی پشتیوانی نێونەتەوەیی، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی سی پی تی (ئالان میچێل) کرد، تیایدا داوای کرد …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *